لەگەڵ هاتنەوەی ساڵی نوێدا، بە تێڕامانو هەڵوەستەی تازەوە ئاوڕێك لەو یادە دەدەینەوە، بەتایبەتی ئێمە مسوڵمانان سێ ڕێگامان لەپێشە: یەکەم: چاولێکەری کوێرانە وەك هەڵستان بە بابەتو پرسە دینییەکان بەناوی یادی سەری ساڵەوە، لەوانە دانانی داری کریسماس بە هەموو پاشکۆکانی وەك: (ئەسترەو گڵۆپو پەتکی دەورو بەریو وێنەی دونیاو...)، ئەوە کەسانێك هۆشیاری ئایینیان هەبێت ئەنجامی نادەن، چونکە پەیوەستن بە بابەتی ئایینیو بیروباوەڕی عەقیدەوە، هەر لایەنەو بابەتە دینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەنو رێز لە هەمووشیان دەگرین. دووەم: دژایەتیکردن وەك ئەوەی ئەو یادە بکەینە دەرفەتی بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکانی کریستیانو قسەی ناشیرینکردن دەربارەی کەسایەتیو درووشمەکانیان، ئەمەش بە هەموو شێوەیەك ڕێگەپێنەدراوە، چونکە قسەگوتن بە پیرۆزییەکان هەتا ئەگەر بتیش بێت حەرامەو نابێ مسوڵمان توخنی بکەوێت، بە پێچەوانەوە پێویستە ڕێز لە هەستیان بگرینو بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیانو یەکترقبوڵکردن بکەین. سێیەم: تێڕامان کاتێك ڕووداوێك دێتە پێشەوە بە چاوی سوودبینین تەماشای بکەین، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَٱقۡصُصِ ٱلۡقَصَصَ لَعَلَّهُمۡ يَتَفَكَّرُونَ﴾ [الأعراف: 176]. واتە: "تۆ لەو جۆرە باسانەیان بۆ وەگێڕە، شایەتا بیر بکەنەوە". کەواتە ئەمە باشترین رێگای مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕووداوەکان، بەجۆرێك لایەنە باشو خراپەکانی جوێ بکەینەوەو، دەرسێکی ژیانی خۆمانی لێ هەڵێنجین.
ژنێکی مەزن یەکەم هەنگاو تێدەگەین مەریەم لە ئیسلامدا ژنێکی گەورە ڕێزدارە، بۆنموونە: 1. تاکە ژنە بەناوی خۆی (مەریەم) لە قورئاندا ناوی هاتووە، بانگکراوە، گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێتو باسیشی دەکرێت. 2. سوورەتێك وەکو ڕێزو گەورەیی بەناوی ئەوەوە کراوە. 3. لە مێژووی مسوڵمانان نازناوی (مەريەمی بەتول - پاکیزە)ی لێندراوە، واتە کەسێکی لێبڕاو بووە بۆ دینداریو خوداناسی، بە تەواوی لە خەڵکو بەتایبەتی پیاوان دابڕاوە. 4. لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەری خۆشەویستمان ناوی مەریەمی لە یەکەم باسکردووە لە ڕیزی ئەو چوار ژنەی باشترینی جیهانن: (باشترینی ژنانی دنیا (چوارن): مەريەمی کچی عیمران، خەديجەی کچی خوەيلید، فاتیمەی کچی موحەمەد (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، ئاسیەی ژنی فیرعەون). 5. خوای گەورە مەریەمو کوڕەکەی وەکو نیشانەو بەڵگەیەکی موعجیزەئاسا ناساندوون: ﴿وَجَعَلْنَا ٱبْنَ مَرْيَمَ وَأُمَّهُۥٓ آيَةً﴾. ئەمە بەڵگەیە، کە مەریەم وەکو ژنێکی ئاسایی تەماشا ناکرێت، بەڵکو دەبێ وردبوونەوە لە ژیانیدا بکرێت، چی ئەوی گەیاندە ئەو پێگە مەزنە، دیارترین ئاکارەکانی چی بوون. دیارە وانەگەلێکی زۆر لە سەرگوزەشتەکەی هەڵدەهێنجدرێن، لێرەدا هەڵوەستە تەنیا لەسەر یەکێکیان دەکەین، ئەویش پرسی مەردیو کۆڵنەدانیەتی بۆ پارێزگاریکردن لە کەڕامەتو شکۆمەندیو کەسایەتی مەزنی. هەرچەندە ئەوەی قسەی لەگەڵ دەکات فریشتەی خودایە، ئەو قسانەی بۆی دەهێن موژدەی خودان، بەڵام لەگەڵ تەسلیمبوونی تەواوی بۆ پەیامی خودا، تا سەرئێسقان بەرگری لە کەسایەتی خۆی دەکات، نایەوێ کەسێتییەکی لاوازو شکاوی هەبێت. ئەمەی خوارەوە شێوەی سیناریۆی نێوان ئەو ژنە سەربەرزو فریشتەکانە، لە ساتی ناسینی جوبڕەئیلەوە تا کاتی منداڵدانان.
فریشتەیەك موژدەی پێدەدات یەکەمجار فریشتەکە دەردەکەوێت موژدەی خودی خۆی دەداتێ، واتە کە ژنێکی مەزنو پاکیزەیەکی ناوازەیە، هەڵبژاردەیەکی خودایە، لە چاو هەموو ژنانی دونیا بەرزترە، بۆیە هەقە بەس خەریکی کڕنۆشی سوپاسگوزاری بیت. فریشتە دەکەوێت گفتوگۆو پێی دەڵێت: ﴿وَإِذۡ قَالَتِ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ يَٰمَرۡيَمُ إِنَّ ٱللَّهَ ٱصۡطَفَىٰكِ وَطَهَّرَكِ وَٱصۡطَفَىٰكِ عَلَىٰ نِسَآءِ ٱلۡعَٰلَمِينَ 42 يَٰمَرۡيَمُ ٱقۡنُتِي لِرَبِّكِ وَٱسۡجُدِي وَٱرۡكَعِي مَعَ ٱلرَّٰكِعِينَ﴾ [آل عمران: 42-43] واتە: "ئەی مەریەم، خودا تۆی هەڵبژاردووە و پاک و خاوێنی ڕاگرتووی؛ تۆی لە چاو ژنانی دنیا بەرێزتر گرت * ئەی مەریەم! تۆ لە فەرمانی پەروەرندەی خۆت دەرمەچۆ؛ بۆی بچۆرە سەر سوژدە و تۆش دەگەڵ کڕنۆش بەراندا کڕنۆش بەرە". ئینجا دەچێتە هەنگاوی دووەم، موژدەی کوڕێکی باشو پاکی دەداتێ. ﴿يَٰمَرۡيَمُ إِنَّ ٱللَّهَ يُبَشِّرُكِ بِكَلِمَةٖ مِّنۡهُ ٱسۡمُهُ ٱلۡمَسِيحُ عِيسَى ٱبۡنُ مَرۡيَمَ وَجِيهٗا فِي ٱلدُّنۡيَا وَٱلۡأٓخِرَةِ وَمِنَ ٱلۡمُقَرَّبِينَ﴾ [آل عمران: 45] واتە: "مریەم! خودا مژدەی بەڵێنێکی خۆت پێدەدا، کوڕت دەبێ و بە ناو مەسیحی کوڕ مەریەم ناو دەردەکا و لە دنیاش و لە قیامەتیش قەدری هەیە و یەکێک دەبێ لە نزیکانی خودا". باسەکە لێرە ناوەستێت کۆمەڵە سیفەتو داهاتووی گەشی مەسیح باس دەکات، کە دڵی هەموو دایکێك خۆش دەکات، بەڵام مەریەم بیری لەلای پاراستنی کەسایەتی خۆیەتی، ئەو نەزرکراوی دایکییەتی، هەموو ژیانی خۆی بۆ خوداپەرستی تەرخان کردووە، ڕۆژێك لەو کاروانەی بەندایەتی دانەبڕاوە، ناخێکی هێندە مەزنی هەیە، هەرچەندە دڵی بە موژدەکە خۆش بێت، بەڵام شەوو ڕۆژ ئیسڕاحەتی نییە، دەبێ چی بەسەر کەڕامەتو شکۆمەندییەکەی بێت، بۆیە دەرەنجام خاڵ بە خاڵ لەگەڵ فریشتەکە دەکەوێتە گفتوگۆ.
مەریەم بەرگری دەکات کاتێك فریشتەکە لە شێوەی مرۆڤێك لەپێشی دەردەکەوێتو خۆی پێ دەناسێنێت، مەریەم پەنابەخوا دەگرێت، دەفەرمووێت: ﴿إِنِّيٓ أَعُوذُ بِٱلرَّحۡمَٰنِ مِنكَ إِن كُنتَ تَقِيّٗا﴾ [مريم: 18]. واتە: "ئەمن پەنا دەبەمە بەر خودا لە دەستی تۆ [سا] ئەگەر تۆ لەخواترسو خۆپارێزی [لێم مەیە پێش]". ئینجا فریشتەکە باشتر خۆی پێدەناسێنێو دەیەوێ موژدەکەی بداتێ، ﴿إِنَّمَآ أَنَا۠ رَسُولُ رَبِّكِ لِأَهَبَ لَكِ غُلَٰمٗا زَكِيّٗا﴾ [مريم: 19]، واتە: "ئەمن لەلای پەروەرندەی تۆوە ڕاسپێراوم فرزەندێکی پاک و خاوێنت پێ ببەخشم". مەریەمی پاکیزە خۆی بەدەستەوە ناداتو ڕاستەوخۆ وەڵام دەداتەوە: ﴿أَنَّىٰ يَكُونُ لِي غُلَٰمٞ وَلَمۡ يَمۡسَسۡنِي بَشَرٞ وَلَمۡ أَكُ بَغِيّٗا﴾ [مريم: 20] واتە: "چۆن مناڵم دەبێ، کە هیچ مرۆیەک لە پێشدا منی بە دەست نەگرتووە و هەرگیز داوێنپیسیش نەبووم". فریشتەکەش وەڵامی دەداتەوەو دەڵێ: فەرمان هەر ئەمەیە و پەروەرندەی تۆ گوتوویەتی: ئەوە لە لای من هاسانە و دەمانەوێ چاکەیەک بێ لە ئێمەوە و نیشانەیەک بێ بۆ مەردم. ئەم فەرمانەش هەر دێتە جێ. دوای ئەمە، کە دەزانێ ئیدی بابەتەکە مسۆگەر دێتەجیو خوای گەورە بەو موعجیزە گەورەیە دەیکاتە بەڵگەیەك لەسەر تەوحیدو دەسەڵاتی خوا، ﴿فَحَمَلَتۡهُ فَٱنتَبَذَتۡ بِهِۦ مَكَانٗا قَصِيّٗا﴾ [مريم: 22]، ئیدی منداڵەکە وە ڕەحمی دەکەوێ، ئەویش خۆی لە خەڵکی تەریك دەکاتو دەچێتە شوێنێکی دوور. مەریەم لەم دوورەپەرێزییە دەمێنێتەوە تا کاتی منداڵبوونەکەی دێت، ﴿فَأَجَآءَهَا ٱلۡمَخَاضُ إِلَىٰ جِذۡعِ ٱلنَّخۡلَةِ﴾ [مريم: 23] واتە: "ژانی منداڵبوونەکەی، ئەوی بردە لای دار خورمایێ". لەو کاتە هەستیارە ناسکەدا، وێڕای ئەو هەموو گفتوگۆ جوانەو ئەو هەموو موژدانەو ئەو هەموو پەیامە مەزنانە، بەڵام مەریەم کە دێتەگۆ، بە زمانی ناڕەزایی قسە ناکات، بە زمانی ترس لە خەڵك نادوێ، کەسێك خوا بیکاتە موعجیزە دەشیپارێزێت، مەگەر خۆی بیەوێت، بەڵام مەریەم ترسی پاراستنی کەڕامەتو کەسایەتی خۆی هەیە، بۆیە کە منداڵەکەی دەبێ، بە هەناسەیەکی قووڵەوە دەبێژێت: ﴿يَٰلَيۡتَنِي مِتُّ قَبۡلَ هَٰذَا وَكُنتُ نَسۡيٗا مَّنسِيّٗا﴾ [مريم: 23]. واتە: "خۆزیا هەر بەر لە ئێستا دەمردم و یەک جێ لە بیر دەچوومەوە". واتە ئەمە خۆزیای ترس نییە، خۆزیای بێفەرمانی نییە، خەمی کەسایەتییەتی، خەمی پاراستنی شکەمەندییەکەیەتی. لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر ئایەتەکەی قورئانی پیرۆز، کە فەرمووی: ئەو جۆرە بەسەرهاتانەیان بۆ بگێڕەوە تا بیربکەنەوە. خوێنەرانو شەیدایانی مەریەم فێردەبن، پێویستە مرۆڤ هەمیشە بەرگری لە کەسایەتیو کەڕامەتی خۆی بکات، کەسێك یادی مەریەم دەکاتەوە پاکو خاوەن کەسایەتی بێت، یان هەوڵ بۆ هێنانەدی ئەو جۆرە کەسایەتییە بدات. بەڕاستی ناماقولە کەسێك یادی مەریەم بکاتەوە گوێ نەداتە داوێنپیسی، هاوڕەگەزبازی، دزیو جەردەیی.
کەسایەتیت بپارێزە لە ژێر تیشکی ئەو فەرموودەیە، پێویستە مرۆڤی مسوڵمان هەمیشە وریایانە مامەڵە بکات، نزیکی شوێنێك نەکەوی کەسایەتییەکەی خەوشدار بکات، یان شتێكی لەوشێوە بکات. پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت بە کرداری فێرمان دەکات چۆن کەسایەتیمان بپارێزین. صەفیەى کچى حویەى خوا لێی ڕازی بێت خێزانى پێغەمبەر ﷺ دەگێڕێتەوە: سەردانى پێغەمبەرى خواى ﷺ کرد لە کاتێکدا کە پێغەمبەر ﷺ لەنێو مزگەوتدا لە دە ڕۆژى کۆتایی ڕەمەزاندا لە خەڵوەکێشاندا بوو، جا ماوەیەک لە شەو قسەى لەگەڵ کرد، پاشان هەڵسا کە بگەڕێتەوە، ئینجا پێغەمبەرى خوا ﷺ هەڵسا بۆ ئەوەى بیگەڕێنێتەوە ماڵەوە، تا گەیشتە ئەو دەرگایەى مزگەوت کە کەوتبووە لاى شوێنى مانەوەى ئوم سەلەمەى (خوا لێی ڕازی بێت) خێزانى پێغەمبەر ﷺ، لەو کاتەدا دوو پیاو لە ئەنصاڕ بەلایاندا تێپەڕین و سەلامیان لە پێغەمبەرى خوا ﷺ کرد، پاشان بەخێرایی تێپەڕین، ئینجا پێغەمبەرى خوا ﷺ پێى فەرموون: «هێواش بن بوەستن ئەوە صەفیەى کچى حویەیە (لەگەڵمدایە)»، گوتیان: پاکى و بێگەردى بۆ خوا، ئەى پێغەمبەرى خوا ئەو قسەیان بەلاوە قورس بوو (چونکە وایان زانى کە پێغەمبەر ﷺ پێى وایە کە گومانى خراپى پێ دەبەن)، ئینجا پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمووى: «بێگومان شەیتان بەنێو لاشەى مرۆڤدا هاتوچۆ دەکات وەک هاتن و چوونى خوێن، منیش ترسام کە شتێک لە ناختاندا دروست ببێت». ئەبوداود لێرەدا پێغەمبەر فێرمان دەکات، کارێك نەکەین دەرفەتی گومانی خراپمان پێ ببرێتو کەڕامەتمان لەکەدار بیت. پێویستە مرۆڤی مسوڵمان مەریەم ئاسا وریا بێت (بە وێنەگرتنێك، بە بەشداری ئاهەنگێکی نەشیاو، بە چوونە شوێنێکی جێگومان، بە ڕاوەستان لەگەڵ جۆرە کەسێك، بە ماستاوساردکردنەوەیەك، بە دزینو گەندەڵییەك) کەسایەتی خۆی لەکەدار نەکات. فێربووین مەریەم ژنێکی مەزنە، مەزنییەکەشی لە ئاکارەکانی رەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی بەرگریکردن لە کەسایەتی، بۆیە پێتڤییە مەریەمئاسا بەرگری لە کەڕامەتو شکۆمان بکەین، مل نەدەینە هیچ کارێك کە کەسایەتیمان لەکەدار بکات. *مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان . ز. سەڵاحەدین |