جێی خۆشحاڵییە لە بۆنە ئایینییەکانی وەک رۆژانی هەینی و جەژنەکان و تەڕاویحی مانگی رەمەزان مزگەوتەکان جمەیان دێ و، ئەو بە ئەویتر ئەڵێ جێگام بکە، بەڵام کاتێک تەماشای کۆمەڵگەو بازاڕ ئەکەی؛ واقیع و سەرزەمینەکە شتێکی ترە! هەمان ئەو خەڵکەی پەیوەست بە درۆشم و رێوەڕەسمەکان؛ بەشێکی زۆری هەمان ئەو خەڵکە: درۆ ئەکا، بوختان ئەکا، پاشملە بەخراپە باست ئەکا، سوێندی بە ناحەق ئەخوا، شاهێدی بە درۆ ئەدا، لەگەڵ جیران خراپە، بێ رێزە لەگەڵ دایک و باب و کەسە نزیکەکانی، جاسووسی ئەکا، پاشقووڵ لە برادەرەکانی ئەگری، دووزمانەو قسان دەینی و دەبا، غەش لە مامەڵە ئەکا، رێزی گەورەو گچکەیی [چ گەورەیی تەمەن بێ و، چش هی پلەو پایە] نازانێ، بێوەفایە، خۆپەرستە، لە نیوەی رێگا بەجێت دێڵی، دەستەڵاتی هەیەو لە ناحەق بێدەنگە، لە کاتی هەڵبژاردن؛ بۆ بڕە ماددەیەکی کەم حەشر بە تەزویرات ئەکا، ئامادەیە سەری نێزیکترین کەسی خۆی بە قوڕدا ببات..! بێئاگا لەوەی ئیسلام شتێکی ترە، ئیسلام مامەڵەیە، رەوشتە، هەڵسوکەوتە!! ئەو نوێژە لای خوا قبووڵە خاوەنەکەی لە خراپە بپارێزێت ﴿إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ﴾ (سورة العنكبوت،الآية 45)، ئەو رۆژووە خوا داوایکردووە رۆژووەوان واز لە کاری پڕوپووچ بێنێ «مَن لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالعَمَلَ بِهِ، فَلَيْسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ فِي أَنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ» رواه البخاري! زەکات پردی بەیەکگەیاندنی دوو چینی دەوڵەمەند و هەژارەو شۆڕکردنەوەی برایەتی و خۆشەویستییە لە کۆمەڵگا﴿خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا﴾ (سورة التوبة: 103) و «الزكاةُ قنطرةُ الإسلام» رواه الطبراني في معجمه؛ نەک سینگ دەرپەڕاندن و خۆ پێهەڵکێشان و بەچاودادانەوە! ئەرێ هەر بەڕاست؛ ئەو خەڵکەی لە مزگەوتەکان ئامادە ئەبن، هەمان ئەو خەڵکەن کە لە بازاڕ و کۆمەڵگادا هەن؟ ئەگەر وایە؛ ئەوە چ جۆرە ئیسلامێکە؟ ئەرێ خوای تاک و تەنیا بەو ئیسلامە رازییە؟ ئەرێ ئەو ئیسلامە کولتوورە؛ یانژی کۆتا ئایینی بەحەقی خوا؟ ئایا کە ئێستا لە مانگی پیرۆزی رەمەزانین؛ کاتی ئاشتبوونەوە نییە لەگەڵ خوامان؟ لەگەڵ ئیسلاممان؟ لەگەڵ خود و دەوروبەرمان؟؟ مەلا محمود خلیل زەرگەزەوی |