د.عبدالله شێرکاوەیی* نەورۆز وەک دەستپێکی سەری ساڵی نوێی کوردی، رۆژێکی تایبەت و مانادارە؛ کە لە فەرهەنگی کوردەواری رەگ و ریشەی داکوتاوەو بۆتە سیمبول و هێمای شوناس و هەستی نەتەوەپەروەری لە هزرو هەڵوێستی کوردانەی گەلەکەمان، بە واتایەکی تر نەورۆز نیشانەی کۆتایی هاتنی ستەم و زۆرداری و پیشاندانی سەرکەوتنە بەسەر نەیاراندا، وەک بۆنەیەکی مێژوویی لەوە دەرچووە بە قیل و قالێک لەواقعی نەتەوەیی دوور بخرێتەوە، کە زۆر جار مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرێت ئایا نەورۆزو یادکردنەوەی دروستە یاخود نا؟ پەیوەندی بە ئاگرپەرستی و مەجوسیەتەوە هەیە يان هیچ رەهەندێکی ئایینی هەڵنەگرتووە؟ هەڵوێستی ئیسلام و زانایانی کورد لەم بارەوە چیە؟ بەداخەوە هەندێ جار لێکدانەوەو هەڵە تێگەیشتن لە پرسێک سەردەکێشێ بۆ لێکەوتەی نەخوازراو، جاری وایە لە پەنای بیرکردنەوەی تەسک و فەتوای سەقەت و نازانستییەوە لە شوناس دەدرێت و بەمەبەست خەڵک لەهەستی کوردپەروەری دووردەخرێتەوە، ئەم وروژاندن و تێڕوانینە؛ سەرهەڵدان و پێشهاتێکی باش نیەو ناچێتە چوارچێوەی خزمەتی ئایین و بەرزبوونەوەی ئاستی باوەڕدارێتی، چونکە رێسایەکی فیقهیی هەیە دەڵێت: "ئەسڵ و بنەرەت لە هەموو شتێكدا رێ پێدان و درووست بوونە مادام دەقێك نەبێت قەدەغەی بكات". دەی ئێمە بەڵگەیەکی راشکاومان نیە تا یادی نەورۆز نادیدەو قەدەغە بکات، لەسەر ئەو بنچینەیە بە بەرداکردنی بەرگی ناشەرعی بە بۆنەیەکی نەتەوەیی وەک جەژنی نەورۆز بێ گەڕانەوە بۆ هەڵوێستی دروست شتێکی بێ ماناو بێ بنەمایە. لە ئێستادا نەورۆز هێندەی پەیوەستە بە نوێبوونەوەی سروشت و رۆژژمێری ساڵی کوردی وەک تەقویمێکی نەتەوەیی و ئاهەنگێک بۆ ئازادی و یەکگرتنی گەل، هێندە پەیوەندی بە پرسی عەقیدەو ئایینەوە نیە، لەبەر ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی دینی هەڵنەگرتووە تا بابەتەکە ببەسترێتەوە بە پرسی ئیمان و کوفر، لەهەمان کات هیچ دژیەکییەک لە نێوان باوەڕی ئیسلامی و ناسنامەی نەتەوەیی کوردیدا نییە، ئیدی دژایەتی کردنی نەورۆز بە بیانووی ئایین ئاماژەیە بۆ لێکترازاندنی هەردوو ئاراستەی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری و لاوازکردنی رۆحی کوردایەتی تاکی کوردو بێ بەهاکردنی شوناسی نەتەوەییە. لە کاتێکدا رێزگرتن لە شوناس و هەستی نەتەوەیی بەواتای تەنازولکردن نیە لە ئایین، بەڵکو جێبەجێ کردنی پێوەرو بنەما پەیوەندیدارەکانی نەتەوەییە کە ئایین جەختی لەسەر دەکاتەوە، رێزگرتن لە فەرهەنگ و کلتورو شوناسی نەتەوە خواستێکی ئایینیەو پارێزگاریکردن لە نەریتی رەسەن و خاک و نەتەوەو نیشتمان ئەرکێکی پیرۆزە لە چوارچێوەی دیندا، بۆیە گرنگەو پێویستە بە ئەندازەی قەناعەت هەبوون بەرامبەر بە ئایین، قەناعەتمان هەبێت بەو پرسە نەتەوەییانەی ئیسلام رێنماییمان دەکات بایەخیان پێ بدەین، دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاوو بێت گرنگیدان بە ئایین و پەراوێزخستنی ئەو بۆنانەی رەگ و ریشەی هەستی نەتەوایەتیان نەخشاندووە، جۆرێکە لە ناهاوسەنگی بیرکردنەوەو تێڕوانینی کورتبینانە، ناکرێ دیندارێکی راستەقینەبین و خەمی کیان و کۆمەڵگەو هەستی نەتەوایەتیمان فەرامۆش بکەین، لەکاتێکدا ئایین بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی ژیان هاتووە، یەکێ لە رێساو بنچینەکانی فیقهی ئیسلامی بریتیە لە بایەخدان بە نەریت و کلتورو پرسە عورفییەکان، کە ئەگەر پێچەوانەو دژایەتی نەبێت لە گەڵ بنەما جێگیرەکان ئەوە دانی پێدا دەنێت و پەسندی دەکات، نەریتی کردنەوەی ئاگر لەناو گەلی کورد بۆ پەرستن نەبووە بەڵکو رەهەندێکی سیاسی هەبووە وەک هێمایەک بۆ گەیاندنی هەواڵی سەرکەوتن، ئیدی لە پەنای ئەجێنداو ئایدۆلۆژیاو تێگەیشتنی عاتیفی ناکرێ حوکمێک بە رەهایی بدەین و شروڤەی وردی پرسەکان بخەینە دەرەوەی بازنە. نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی پەیوەندی بە بابەتی بیروباوەڕو پەرستشەکانەوە نیە، ئەوەی پەیوەندی بە فەرمودەی (لكل قوم عيد وهذا عيدنا) هەیە، ئەمە لەرووی ئایینیەوەیە نەک بۆنەی نەتەوەیی و نیشتمانی، واتە لەرووی ئایینیەوە تەنها دوو جەژن هەن- قوربان و رەمەزان- ئەمە بەواتای ئەوە نیە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) بۆنەکانی تری رەتکردۆتەوە، بەڵکو جێگیرکردن و ئیعلانکردنی جەژنی ئایینیە، چونکە بڕگەی یەکەم لە فەرموودەکە (لكل قوم عيد) داننانە بەوەی بۆنەو جەژنی تری نەتەوەیی هەن، بەڵام لەسەر ئاستی ئایینی و جیهانی ئیسلامی تەنها دوو جەژن پەیوەستن بە ئایینەوە، هەبوونی جەژن و بۆنەی نەتەوەیی تر هیچ دژایەتیەک لە نێوان جەژنی ئایینی و بۆنەیەکی نەتەوەیی کە عادەت و نەریتە دروست ناکات و نابێتە شتێکی حەرام! لەم بارەوەیە زانای ناودار مامۆستا عەبدولکەریم دەببان لە گۆڤاری (التربية الاسلامية) لە وەڵامی ناونانی بۆنەی نەورۆز بە جەژن فەرمویەتی: "أما تسميته عيدا فليست حراما ولا مكروهة إلا إذا اعتقده أن ذلك اليوم عيد وضعه الشارع" واتە: ناوبردنی بە جەژن حەرام نیە و مەكروهیش نیە، بەڵكو لەو كاتە حەرام دەبێت كە ئەو جەژنە بە جەژنێكی ئاینی بزانێت و باوەری وابێت كە لە لایەن خواوە دەست نیشان كراوەو دانراوە. مەلای گەورەی کۆیە بە پشت بەستن بە تێگەیشتنە قووڵەکەی لە ئیسلام و هەستی خۆشەویستی بۆ گەلەکەی، نەورۆزی لە چوارچێوەی دژایەتی ئایینی دەرهێناو، کردی بە موڵکی گەل و هێمایەکی درەوشاوە بۆ نوێبوونەوەی سروشت و ژیانی نەتەوەیی، لەوتارێکی تایبەت لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێت: بەڵێ ئەمڕۆ ڕۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، حەقە، ڕۆژی زۆر موبارەکە. ئەوەڵی بەهارە، یەکی ئیعتیدالی لەیل و نەهارە، جەژنە جەژنی ئۆممەتە، جەژنی محەبەت و ئولفەتە. لە سەرەتای ساڵی حەفتایەکان گەورە زانایانی کورد لەوانە: شێخ محمدی خاڵ و مامۆستا مەلا مستەفای قەرەداغی و مامۆستا عەبدولحەمیدی ئەتروشی و شێخ محمدی قەرەداغی و مامۆستا سید حسن ی کەرکوکی و شێخی چروستانی و مامۆستای عەبدولرەحیمی پەرخی و چەندانی تر، فەتوایان داوە کە نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردەو ئاگری نەورۆزیش ئاماژەی سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەیە بەسەر ستەم و زۆرداری و سەری ساڵی کوردییە. هەروەها زانای پایەداری کورد مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس لە دەیەی کۆتای سەدەی رابردوو لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی -العراق- ئەم بابەتەی گەنگەشە کدرووەو وڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە، ئەو دەڵێت: "نوروز لم يكن شعاراً لأي فساد أو ضلل في الدين الإسلامي". هەروەها ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێم لەم بارەوە دەڵێت: "نەورۆز سەری ساڵی کوردییە خۆی لە خۆیدا بۆنەیەكی رەوایە، ئەگەر شتی نا ئاسایی و نا پەسەندیش – خوا نەخواستە – لە هەر بۆنەیەك رووبدات نابێت، بەم هۆیە بۆنە و جەژنێكی نەتەوەیی گەلەكەمان لەكەدار بكەین". راستیەکەی هەموو گەل و نەتەوەیەک بۆنەو جەژنی تایبەت بەخۆی هەیە، جەژنی کرێکاران، ئافرەتان، سەری ساڵ، دایک.. هتد، ئەمە نەک بۆ وڵاتانی بیانی بەڵکو بۆ جیهانی ئیسلامیش هەر راستە، کە هیچ دەقێک نابینیەوە رێگە نەدات خەڵک بۆنەو یادی تایبەت بە خۆی هەبێت و بۆنەیەک ناو بنێت جەژن، ئاسایە لە گەڵ جەژنی ئایینی جەژنی نیشتمانیش هەبێت، ئەمە تێکەڵکردنی پرسەکان نیە، بەڵکو تێڕوانینی فراوانی ئایینی بەرامبەر شارستانیەت و مرۆڤایەتی و نەتەوەکان پیشان دەدات، بەپێچەوانەوە هاوهەڵوێست نەبوونی پەیڕەوانی دینداری لەگەڵ بۆنە نەتەوەییەکات، خۆی لەخۆیدا پاشەکشەکردنی تێگەیشتنی دروست و شێواندنی راستیەکانە، ئەمەش زیاتر دەچێتە ژێر باری ئایدۆلۆژیاو هزری توندی شرۆڤەی ئایینی و خزمەت بە چوارچێوە گشتیەکە ناکات، بیرکردنەوەیەکی وا کە نەتوانی قەبوڵی بۆنە نەتەوەییەکان بکات و بەناوی دڵسۆزی بۆ دین لە هەستی نەتەوەیی بدات، ناتوانێ لە ئاست پرسە گرنگ و پەیوەندیدارەکانی سەردەم و نیشتمان بێت. بەکورتی؛ کورد لە بازنەی ئەو تێڕوانینە سەیری نەورۆزی نەکردووە، کە پێی وابێ جەژنێکەو خوای گەورە بۆ ئێمەی داناوەو پەرستش و دروشمێکی ئایینیە! هەروەها وەک پەرستن ئاگری نەورۆزی نەکردۆتەوە، بەڵکو وەک بۆنەو نەریت و مێژووی کوردەواری و جەژنێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و موڵکی نەتەوەی کوردە لێی ڕوانیوەو یادی کردۆتەوە، کەواتە جەژنی نەورۆز نەک حەرام نییە، بگرە جێی خۆیەتی هەموو کوردێک شانازی پێوە بکات.. *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. |