یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات   
مه‌لا مه‌لحه‌م محه‌مه‌د سالح/ سۆران
به‌رواری دابه‌زاندن: 08/05/2011 : 15:23:36
قه‌باره‌ی فۆنت
هەڵوەستەیەك لەسەر بەحزبی كردنی فەتوا/بەشی شەشەم/ خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییانەی كوردستان لە تەرازِووی شەرعدا
دوای ئەوەی ڕای هەردوو دەستە لە زانایانی ئایینیمان سەبارەت بە خۆپێشاندان خستەڕوو، دەگەڕێینەوە سەر ئەو خۆپێشاندانانەی كە لە 17/2/2011 و ڕۆژانی دوواتر لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ئەنجام دران و لەگەڵ بنەما شەرعیەكاندا بەراوردیان دەكەین، تاوەكو خوێنەری ئازیز بە هیچ فەتواو پڕوپاگەندەیێكی چەواشەكارانەی حزبی، بەناوی ئایینی ئیسلامەوە لە خشتە نەبرێت، ئێمە لێرەدا بۆ ئەو فەتوایانە ناگەڕێینەوە كە بە هەموو شێوەیێك خۆپێشاندان بە ناشەرعی دەزانن، بەڵكو بەپێی فەتوای ئەو زانایانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەین كە لەسەر چەند بنەمایێك خۆپێشاندان بەشەرعی دەزانن، ئەمەشیان لەچەند خاڵێكدا دەخەینەڕوو:

1- هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كە لەبەردەركی سەرای شاری سلێمانی فەتوایان دەبەشیەوە، مافی فەتوادانیان نییە، چونكە نە (مجتهد)ن و نە موفتی، بەڵكو چەند كادیرێكی حزبین، بۆیان هەیە بەناوی حزبەكانیانەوە قسە بكەن، نەك بەناوی خواو پێغەمبەرەوە، لە كوردستانیش ئەگەر كەس و لایەنێك شەرعیەتی فەتوا دانی هەبێت، ئەوا لیژنەی فەتوای باڵای هەرێمی كوردستانە_ سەرەڕای هەندێ تێبینی _ نەك حزب و لایەنی سیاسی. كەسیش داوای فەتوای لەو مامۆستا بەرێزانە نەكردووە، ئاخۆ بەشداری كردن لەو خۆپێشاندانەدا شەرعیە یان ناشەرعی، چونكە تاكە مەرجەعی ئەندام و كادیرانی حزب تەنیا مەكتەبی سیاسیە، جا ئیسلامی بێت یان عەلمانی.

2- یەكەم جار كە داوای مۆڵەت كراوە بۆ ڕێكخستنی ئەوخۆپێشاندانە، تەنیا بۆ پشتگیری كردنی گەلی تونس و میسر بووەو مۆڵەتەكەش هەر بەو ناوەوە دەرچووە، هەروەكو لیژنەی دەرخستنی ڕاستیەكان ئاماژەی پێداوە، بەڵام خەڵكەكە بەوە فرێودرا كە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و خۆشكردنی بارو گوزەرانی خەڵكە، ئەمەش دەچێتە خانەی فێڵ كردن و چەواشەكردنی خەڵك، نەك جیهادێك كە بەدرێژایی سەد ساڵ لەمەوبەر ئەم جیهادە نەكرا بێت. هەروەكو كادرێكی مێزەر بەسەر بەگوێی خەڵكیدا دەدا.

ئەم خۆپێشاندانە مۆڵەتی فەرمی وەرگرتبوو بۆ ماوەیێكی دیارو مەبەستێكی دیاریكراو، كەچی مۆڵەتەكە تەواو بوو، مەبەستەكەش گۆڕا، لەجیاتی چەند كاتژمێرێك ، لە چەند مانگێك تێپەڕی كرد، لەجیاتی پشتگیری گەلی تونس و میسر، گۆڕا بۆ داوای چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی، لەوەش گۆڕا بۆ ڕووخانی حكومەت و پەڕلەمان و درووشمی بڕووخێ و (ارحل، ارحل) بەرز دەكرایەوە، كە بە هەموو پێوانەیێك ئەمە دەچێتە خانەی فێڵ و چەواشەكردن، كە ئیسلام بە تووندی نەهی لێكردووەو پێغەمبەری خۆشەویستمان (د.خ) لەو بارەوە دەفەرموێت: (...من غشنا فلیس منا) رواه مسلم عن أبی هریرە.

3- دكتور یوسف قەرزاوی بەمەرجی داناوە كە مۆڵەتی خۆپێشاندان دەبێت لە حكومەت وەربگیرێت و لە ژێر چاودێری پۆلیسدا دابێت، یانیش ئەوانەی كە پێی هەڵدەستن پێویستە زەمانەتی ئەوە بكەن كە هیچ جۆرە توندوتیژی و كاری تێكدەرانەی لێ دروست نابێت.كەچی مۆڵەتەكە تەنیا بۆ چەند كاتژمێرێك وەرگیراوە، بەڵام دوو مانگی ڕەبەقی تەواوكرد، هەڵسووڕێنەرانی خۆپێشاندانەكەش لەجیاتی وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتی بۆ ڕوونەدانی توندوتیژی و پەلاماردان و خوێن ڕشتن و كاری تێكدەرانە، هاندەری سەرەكی بوون بۆ ئەو توندوتیژیەی كە لێی كەوتەوە. بەم پێیە ئەو خۆپێشاندانە لە چوارچێوەی یاساو شەرع دەرچووەو شەرعیەتی لەدەستداوە.

3- بەپێی فەتوای ئەو زانایانەش كە ڕێگەیان بە خۆپێشاندان داوەو بەكارێكی شەرعیان زانیوە، ئەو جۆرە خۆپێشاندانانە دەچنە خانەی حەرام و قەدەغەكراوەكان، نەك وەكو كادیری بەڕێز بە خۆپێشاندەرانی دەگووت: ئەوەی ئێوە دەیكەن جیهادێكە لەهەموو جیهادێك گەورەتر، چونكە بینیمان پەلاماری بنكەو بارەگاو دەزگا خزمەتگوزاریەكان درا، بینیمان لەسەر شەقام یەكێك لەكادیرانی حزب هاواری دەكرد: لێیان دەن، بیانكوژن، سەریان پان بكەنەوە، ئەوانە مورتەدن، لەكاتێكدا پێغەمبەری سەروەرمان دەفەرموێت: (من حمل علینا السلاح فلیس منا. رواه مسلم). بینیمان چۆن جنێو بەمردوو دەدرا، لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا (د.خ) دەفەرموێت: [لا تسبوا الَاموات، فإنهم قد أفضوا إلي ما قدموا. رواه البخاري]، بینیمان چۆن خوێن ڕشتن و توندو تیژی لێ كەوتەوە، بینیمان چۆن هاوڵاتی و پۆلیس و ئاساییش كرانە قوربانی، بینیمان...بینیمان. تەحەدا دەكەم یەك زانای ئایینی باوەڕپێكراو فەتوای شەرعی بوونی ئەو جۆرە خۆپێشاندانانەی دابێت.

4- لەو خۆپێشاندانەدا دروشمی بڕوخێ، بڕوخێ و (ارحل ، ارحل) بەرز دەكرایەوە، من لەو بەڕێزانە دەپرسم: بە چ پێوەرێك حكومەت و پەرلەمان بڕوخێن، پەرلەمانێك كە بەدەنگی زۆرینەی خەڵكی كوردستان شەرعیەتی وەرگرتووەو، دەریایێك خوێنی بۆ ڕژاوە؟ ئەگەر دەنگی زۆرینەی خەڵك پێوەر نەبێت بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات، پێمان بڵێن بەچی و لە كوێ دەسەڵات شەرعیەتی یاسایی وەردەگرێت؟ شتێكی بەڵگە نەویستە كە هیچ دەسەڵاتێك بەگوێرەی حەزو ئارەزووی سەرجەم دانیشتوانی وڵات نییەو نابێت، بەڵام خۆ ئەبێت پێوەرێك هەبێت ئەو كێشەیە یەكلایی بكاتەوە، ئایا ئەو پێوەرە بە ڕای ئەو بەڕێزانە چی یە، ئەگەر لەم سەردەمەدا هەڵبژاردن پێوەر نەبێت؟

5- تێكەڵ بوونی دەستی دەرەكی بۆ تێكدانی ئەمن و ئاساییشی كوردستان، دیارە چواردەورمان بە دووژمن دەورە دراوەو تاوان نەماوە دژ بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی نەدەن، پیلان نەماوە نەیگێڕن ، كەلێن نەماوە بۆ لەباربردنی حكومەت و پەرمانی كوردستان دەستی بۆ نەبەن. ئەو درووشمانەش كە لەلایەن هەندێ لەو خۆپێشاندەرانەوە بەرز دەكرانەوە، ئەم ڕاستیە پشت ڕاست دەكەنەوە، بۆیەش (هیئە علماء المسلمین فی العراق) كە دەستەیێكی شۆڤێنی عەرەبەو بەشێكە لە حزبی بەعسی سەدامی داڕوخاو، لە بەیاننامەێكدا بە ژمارە( 760) لە 19/2/2011 دەستخۆشی لەو خەڵكە دەكات و پشتگیری خۆی بۆیان دووپات دەكاتەوە.

هەروەها (بزووتنەوەی رزگاریخوازی پارێزگای تەئمیم) كە بزووتنەوەیێكی بەعسیەو سەر بە باڵی (عزت دوری) یە، لە بەرواری 8/3/2011 لە بەیاننامەیێكدا بۆ شۆڕشگێڕانی گۆڕەپانی سەرا لە سلێمانی _ هەروەكو بەیاننامەكە ناوی لێناون_ پشتیوانی خۆی بۆیان دووپات دەكاتەوەو هانیان دەدات كە بەردەوام بن لەسەر خۆپێشاندانەكە تاوەكو شیمالی خۆشەویست دەگەڕێتەوە باوەشی عێراقی عەرەبی، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە:
ئەی شۆڕشگێڕە پاڵەوانەكانی بەردەركی سەرا..

بەردەوام بن لە ناڕەزاییەكانتان، دەنگتان بڵند بكەن بەرەو ئاسۆ، تین و تاو بدەنە چالاكییەكانتان، فراوانیان بكەن، چونكە ئازادكردنی باكوری خۆشەویستمان لە هەردوو حزبە بەكرێ گیراوەكەو، راكردن و هەڵهاتنی پێشمەرگە و ئاسایش، زۆر نزیكەو لەناوچوونیان گومانی تێدانەماوە.

ریزەكانتان یەكخەن، بەردەوام بن لە خەباتەكانتان لە پێناوی عیراقدا، لەپاش راوەدوونان و دەركردنی ئەوان، وڵاتەكەمان بنیات دەنێینەوە، سوپایەكی بەهێزیش بۆ عیراق دروست دەكەین، دەست لەناو دەست بۆ پارێزگاری هەربستە خاكێكی نیشتمان.

هەمان (بزووتنەوەی رزگاریخوازی پارێزگای تەئمیم) لە 22/4/2011 لە بەیاننامەیێكی تردا ڕووی دەمی لەو جەماوەرە دەكات و داوایان لێدەكات خۆڕاگربن و چۆك دانەدەن، چونكە هەڵهاتنی پێشمەرگەو ئاسایش و ڕووخانی هەردوو حزبی بەكرێگیراو زۆر نزیك بۆتەوە.

لەبەشێكی تردا ڕووی قسە لە شۆڕشگێڕانی بەردەركی سەرا دەكات و موژدەی هەڵاتنی خۆری سەركەوتنیان پێ دەدات ، چونكە تێكۆشەرانی ڕێگای خوداو پێشنوێژو وتارخوێنان گەیشتنە ڕیزی ڕۆڵەكانی شۆرش.

بەیاننامەكە هەڵوێستی پێشنوێژو وتارخوێن و چەند كەس و لایەنێك بەرز دەنرخێنێ و پاڵپشتی خۆی بۆیان دووپات دەكاتەوەو موژدەی ئەوەیان دەداتێ‌ كە كوژراوەكانی ئێوە لە بەهەشتن و كوژراوەكانی ئەوان لە دۆزەخ.

دواتر بەیاننامەكە دەڵێت: ئێمە بە بەكرێگیراوان دەڵێین: ڕێپێوانی پاڵپشتی بۆ داگیركاری ئەمریكی، ئێوە شوێن و دروشمەكانی دیاری دەكەن، بەڵام خۆپێشاندانەكانی گۆڕانكاری ئێمە كات و شوێن و دروشمەكانی دیاری دەكەین...ئێمە بە دەنگێكی بەرز دەڵێین: ئێمە لە گۆڕەپانی سەرای ئازادی لە سلێمانی و لەبەردەم تەلاری پارێزگا و گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە كەركوك و گۆڕەپانی ئازادی لە موسڵ و گۆڕەپانی ئازادی لە بەغداو لەهەموو پارێزگاو ناحیەكان خۆپێشاندان دەكەین ..هتد.

ئیتر پێویست ناكات خۆپێشاندانەكە بەجیهادێكی گەورەتر لە هەموو جیهادێك بەگوێی خەڵكدا بدرێت. خەڵك چاوی كراوەیەو تێدەگات چی لەچوار دەوری دەگوزەرێت، ئەوكاتە بەسەرچوو بەناوی خواو پێغەمبەرو كوردایەتی، كۆمەڵگایێكی سەراپا موسوڵمان چەواشە بكرێت. ئەو پرسیارەش ئاراستەی ئەو بەڕێزانە دەكەم كە فەتوایان بەسەر جەماوەردا دەبەشیەوە : چ جیاوازیێك لە نێوان فەتواكانی ئێوەو هەردوو بەیاننامەی شۆڤینیە عەرەبەكان و سەرانی حزبی بەعس بەدی دەكرێت؟

6- ئەگەر ئەو خۆپێشاندانە جیهادێك بێت لەهەموو جیهادێك گەورەترو لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا جیهادی وا گەورە نەكرابێت، بۆچی سەركردەو بەرپرسە باڵاكان بەشداریان لەو جیهادەدا نەدەكرد و بۆ خەڵكی تریان بەجێ دەهێشت؟ ئەومیزەر بە سەرانەی كە ڕۆژانی هەینی وتاریان دەداو نوێژێكی سەراپا حزبی و سیاسیان بۆ ئەو خەڵكە دەكرد، بۆچی خۆیان لەنێو خەڵكەكەدا نەدەمانەوە؟ ئەگەر خۆیان بڕوایان بە فەتواكانیان هەبوایەو مەبەست لێی چەواشەكردنی خەڵك نەبووە، با خۆیان و سەركردەو بەرپرسە باڵاكانیان لە نێو جەماوەردا بوونایە، نەك لە شوێنی گەرم و نەرمی خۆیان پاڵ كەون و خەڵكی ڕەش و ڕووتی میللەتەكەشیان لە شەقام بهێڵنەوە.

بەلای كادیری مێزەر بەسەرەوە، لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا جیهادێكی ئەوەندە گەورە نەكراوە، واتە: شۆڕەشە یەك لەدوا یەكەكانی میللەتی كورد لەدژی ستەمكارو داگیركەرانی كوردستان، كە هەر هەموویان بە سەركردایەتی شێخ و زاناو مەلای كورد ڕێبەرایەتی كراون، نا شەرعی بوونەو پێچەوانەی دین و شەرعی خوا بوونە، هەموو ئەو شەهیدانەی كە لەو پێناوەشدا گیانیان بەخت كردووە، لە ڕێگایێكی نا شەرعی گیانیان بەخت كردووە، بەلای ئەو كادیرە مێزەر بەسەرە، تەنیا ئەو بەردە فڕكێ و چەقۆ وەشاندن و كارە تێكدەرانەی خۆی لەدژی دەسكەوتەكانی میللەتی كورد كە شان بەشانی كەسانی فاشیل و ناحەز بە خواو پێغەمبەرو ئایینی ئیسلام ئەنجامی دەدا، جیهادەو تێكۆشانی ڕێگای خودایە!!

ئەم قسە فڕێدانە كە لە قینێكی قوڵی دوژمنكارانە بەرامبەر بە كوردو شۆرەش و شەهیدەكانی سەرچاوەی گرتووە، تەنیا لەوكەسانە دەوەشێتەوە كە فرچكیان بەچڵكاوخۆری و نۆكەرایەتی دووژمنان گرتووەو بەتاڵان بردنی ژن و منداڵی كوردو بەكەنیزە گرتن و ئەتك كردنیان لەلایەن بەعس و داگیركەرانی كوردستانەوە بە ڕەوا دەزانن.

7- لەهەموو ئەو خۆپێشاندانە جەماوەریانەی كە لەجیهاندا دەكرێن، هەمیشە قوربانیەكان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە زیاتر بوون، بەڵام لە خۆپێشاندانەكانی ئەم دوواییەی پارێزگای سلێمانی، قوربانیانی پۆلیس و ئاساییش و بەرگری مەدەنی چەند ئەوەندەی خۆ پێشاندەران بوون، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ كە مەبەست لەو خۆپێشاندانە، نەچاكسازی بووەو نە بنبڕكردنی گەندەڵی، بەڵكو بە لاڕێدا بردراوەو مەبەستی سیاسی خراوەتە سەر داواو داخوازیەكانی جەماوەر. لەهەموو ئەو حاڵەتانەشدا خۆپێشاندان شەرعیەت لەدەست دەدات.

8- هەموو ئەو زانا ئایینیانەی كە خۆپێشاندان بەشەر عی دەزانن، كۆكن لەسەر ئەوەی كە نابێت داواكاریەكان حەرام و ناشەرعی بن، كەچی لەو خۆپێشاندانەدا داوای یەكسانی جێندەری دەكرا، وەك لە بڕگەی (12)ی داواكاری خۆپێشاندەراندا هاتووە، ئەو جێندەریەی كە ماوەیێك لەمەوبەر كوفرو حەرام بوو، حزبە ئیسلامیەكانیش، حكومەت و پەڕلەمانیان پێ تاوانبار دەكردو بەخەڵكیان دەگوت: حكومەت دەیەوێت مارە كردنی پیاو لە پیاوو ژن لە ژن بكاتە یاسا. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئەوكات كوفرو حەرام بوو، بەڵام ئێستا حەلال و شەرعیە؟

دیارە لە ئەدەبیاتی ئەواندا ئەم جۆرە بادانەوانە شتێكی ئاسایین، بۆنموونە: چەند ساڵێك لەمەوبەر سازدانی ئاهەنگی لەدایك بوونی پێغەمبەر(د.خ) بیدعەو حەرام بوو، تەنانەت هەندێ جار دەگەیشتە ڕادەی تەكفیری ئەوكەسانەی كە ئەو جۆرە مەراسیمانە ساز دەكەن، تەنانەت ناویان لێنا بوو (پڵاونامە)، كەچی ئێستا پێشبڕكێی خەڵكی تری لەسەر دەكەن. دەنگی مۆسیقا زوڕنای شەیتان بوو، كەچی ئێستا ڕادیۆو تەلەفزیۆن و كۆڕو كۆبوونەوەكانی خۆیانيان لێ پڕ كردووە، ڕدێن تاشین هەر كوفر بوو چونكە تەشبیهكردنه به موشریكەكان، كەچی ئێستا زۆرێكیان سمێڵیش دەتاشن، هاوڕێیەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ كەسانی فاسق و بێ دین، كوفرێكی ئاشكرابوو، كەچی ئێستا لەپاشكۆیی كەسانێك كە بانگی نوێژ بەكارەسات دەزانن، بوونی دوگردی نوێژ لەهەر ماڵێكی كوردا بەهۆی پاشكەوتن وەسف دەكەن، شان بەشانی كەسانێك كە لە ڕابردوودا لەسەر دیواری مزگەوتەكانیان دەنوووسی: (ئەگەر گەڕاینەوە دەتڕوخێنین)، خۆپێشاندان دەكەن و، بەیەك دڵ و بە یەك زمان داواو داواكاریەكانیان ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكەن و بەقەد كاڵە موویێك جیازازی لەنێوان داواكاریەكانیان بەدی ناكەی، كەچی ناویان لێناوە جیهادو تێكۆشانی ڕێگای خودا.

بەڵام ئەمەیان حزبایەتی و سیاسەتە، بۆ بۆ بەرژەوەندی حزب و بە دەستهێنانی دەسەڵات و پلەو كورسی، هەموو شتێك حەڵالە. چونكە ( الغایە تبرر الوسیلە). ئەمەیان مەبدەئێكی نەگۆڕەو هیچ حزبێك لێی بەدەر نییە، با ناوەكانیشیان جیاواز بن.

9- مەرجێكی تری زانایان بۆ شەرعی بوونی خۆپێشاندان بریتیە لە دروست نەبوونی تێكەڵی ناشەرعیانە لە نێوان ژن و پیاودا، كە بەداخەوە لە نێو خودی نوێژیشدا بە ئاشكرا ئەو حاڵەتە دەبینرا، بەتایبەتی لەیەكەم نوێژی هەینی بەردەركی سەرا.

10- ئەم خۆپێشاندانانە گورزێكی گەورەیان لە خودی پرۆسەكەدا، چونكە لەمەو دووا هەر دەسەڵاتێك لەسەر حوكم بێت، ئەوا بە گومانەوە سەیری داواو داخوازیەكانی جەماوەر دەكات، دووریش نییە بە پاساوی ڕێگەگرتن لە توندوتیژی و كاری تێكدەرانە، مۆڵەت بە هیچ خۆپێشاندانێت نەدات، ئۆباڵی ئەمەشیان لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە پرۆسەكەیان بەو ئاقارەدا برد.

ئەمە بەكورتی ئەو خاڵانە بوون كە بوونی تەنیا یەكێكیان لەهەر خۆپێشاندان و ڕێپێوانێكدا بەدی كرا، لەلایەن زانایانی ئایینیەوە بە كۆدەنگی حەرام كراوەو بەكارێكی پێچەوانەی شەرع دەسنیشان كراوە. هەر مامۆستایێكی ئایینیش ئەگەر گومانی لەو ڕاستیەدا هەبێت، دەتوانێ بۆ فەتواو ڕای زانایانی ئایینی باوەرپێكراو بگەڕێتەوەوبەچاوی خۆی ڕاستیەكان ببینێ.