ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧/ ١٠/ ٢٠٢١ بەرامبەر بە ۱/ربيع الاول/۱٤٤۳ ی کۆچی لە هۆڵی مزگەوتی گەورەی چەمچەماڵ کۆبونەوەی زانایانی ئایینی چەمچەماڵ و وتاربێژ و پێشنوێژەکان بەڕێوەچوو سەبارەت پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی مامۆستا شێخ وەهاب بەرزنجی لێپرسراوی لقی چەمچەماڵی یەکێتی زانایان و حاکم ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ.
لەکۆبونەوەکەدا کە نوێنەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پۆلیس ئامادەی بوون، قائیمقامی چەمچەماڵ لەوتەیەکدا تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا و داوایکرد زانایانی ئاینی لەڕێگای مینبەری مزگەوتەکانەوە ڕێنوێنی هاوڵاتیان بکەن بۆبەشداری کردن لە دەنگدان و دیاری کردنی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، چونکە ئەوە مافی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگەدا.
دواتر مامۆستا شێخ وەهاب وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوان و نرخاندنی ڕۆڵی زانایان و گرنگی و مافی دەنگدان ، هەڵوێست و بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی زانایانی ڕونکردەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و داواشی کرد هەمووان بەشداری پرۆسەکەبکەن و داوا لە موسڵمانان و هاوڵاتیانی بەڕێزیش بکەن کە دەنگ بدەن تاکو پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان بەهێزتربێت لە ناوپەرلەمانی عێراقدا ، هەروەها باسی گرنگی دەنگدانی پارێزگای کەرکوکی کرد بۆ کورد و داهاتووی شاری کەرکوک چونکە زۆرێک لەدانیشتوانی چەمچەماڵ دەگدەری پارێزگای کەرکوکن .
دواتر زانایانی ئایینی پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو دانیشتنەکەیان ڕازاندەوە بە بیروڕا جوانەکانیان.
ڕاگەیاندنی لقی چەمچەماڵ