رۆژی 28ی2ی202 دوای تەواوبوونی پانێڵەکان و له ده‌ره‌نجامی كۆی ئه‌م توێژنهوهو بابه‌تانه‌ی کە لە گۆڤاری (پەیامی زانایان) بڵاو کراونەتەوەو له‌هەردوو رۆژی سیمپۆزیۆمی هاوبه‌شی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و، سه‌نته‌ری سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی بۆ توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه ئیسلامیه‌كان له كۆلێژی زانسته ئیسلامیه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین خرانە ڕوو؛ سیمپۆزیۆم بەوە گەیشت کە ئه‌م خاڵانەی خوارەوە وەک راسپارده‌و پێشنیار بخاتە روو:
یه‌ك: پێویسته ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا زیاتر گرنگی پێ بدرێت و ده‌سته‌ڵاته‌كانی زیاتر بكرێت و گرنگی به فه‌تواكانی بدرێت، تا شانبه‌شانی كۆڕبه‌نده فیقهیه‌كانی جیهانی ئیسلامی رۆڵی زیاتر بگێڕێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌نوكه‌ییه‌كان، كه ئێخه‌ی جیهانی ئیسلامی گرتووه، هه‌روه‌ها رووی رۆشنی زانایانی كوردی موسڵمانیش له رێگه‌ی فه‌توای ئه‌نجومه‌نی باڵاوه ده‌ربخات بۆ جیهانی ئیسلامی و رۆڵی میلله‌تی كوردی موسڵمان سه‌ر له‌نوێ به‌رجه‌سته بخاته‌وه، كه هه‌رده‌م پێشه‌نگ بوون له بواره‌كانی زانست و مه‌عریفه‌تدا.
دوو: فه‌توای نازانستی و خوارو خێچ كاریگه‌ریی خراپ و ئاسه‌واری كوشنده‌ی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه هه‌یه پێویسته خۆمانی لێ بپارێزین، وه خه‌ڵكی هۆشیاری موسڵمان زیاتر پابه‌ند بن به فه‌تواكانی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌تواوه.
سێ: هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌توای نازانستی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ جیاوازیی نه‌كردنی بابه‌تی خیلافی و بابه‌تی قه‌تعی، وه مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ بابه‌ته فیقهییه خیلافییهكان وه‌ك بابه‌تی عه‌قیده‌یی.
چوار: مینبه‌ری مزگه‌وت له ڕۆژانی هه‌ینی به‌كار نێت بۆ فه‌توای سه‌ربه‌خۆ، وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان فه‌توای تاكه كه‌سی نه‌درێت و رێی لێ بگیرێت، هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن سه‌ربه‌خۆ خه‌ڵكی ناشاره‌زا میوانداری نه‌كه‌ن بۆ فه‌توادان.
پێنج: دابڕانی فه‌توا له ئه‌خلاق و مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت، كاره‌سات ده‌نێته‌وه و، فه‌توای كوشنده‌ی لێ ده‌بێته‌وه، بۆیه هه‌ر فه‌توایه‌ك دژ بێت له‌گه‌ڵا ئه‌خلاق و مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت، دووره له شه‌رع با وه‌ك شه‌رعیش بناسێنرێت.
شه‌ش: له‌پێناو یه‌كڕیزی ویه‌كده‌نگی موسوڵمانان له‌كوردستانی ئازیزمان ده‌بێت هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو هه‌بێت له‌نێوان ده‌زگا زانستی و فه‌رمیه‌كان له‌بابه‌تی فه‌توا شه‌رعیه‌كان به مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن له‌ستافی ئه‌كادیمی پسپۆر و شاره‌زا له‌بابه‌ته زانستیه تازه‌و هاوچه‌رخه‌كان.
حه‌وت: كۆنگره‌و كۆنفراسی ساڵانه ئه‌نجام بدرێت زانایانی پسپۆر به‌شداری بكه‌ن به توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌بابه‌ته سه‌رده‌میه نوێیه‌كان و گفتوگۆكردنی تێر‌و ته‌واو بۆ توێژینه‌وه‌كان تاكو بهئیجتیهادی جه‌ماعی بڕیاروڕاسپاردهكان جێگیر بكرێن.
هه‌شت: دانانی بابه‌تی (بنه‌ماكانی فه‌توادان– أصول الافتاء) له پرۆگرامی خوێندن له‌قۆناغی گونجاو له كۆلێژ‌و په‌یمانگا ئیسلامیه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی فه‌توای ناوه‌نده‌كانی فه‌توادان له‌جیهان وه‌ك خزمه‌تێك بۆ قوتابیان و توێژه‌رانی زانستی.
نۆ: پێویسته كۆی فه‌تواكانی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له كتێبێك به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی به چاپ بگه‌یه‌ندرێت، به‌مه‌به‌ستی سوودو گه‌یشتنی به ته‌واوی زانایانی ئایینی له كوردستان.
ده: ئاسانكاری پێویسته له فه‌توا په‌یڕه‌و بكرێت له‌و بوارانه‌ی كه ڕێگه‌ی شه‌رعی تێدا بێت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێدا جێ به جێ ئه‌كرێت، له‌گه‌ڵ پابه‌ند بوون به چوار مه‌زهه‌به فه‌رمیه‌كان.
یازده: فه‌توای به‌كۆمه‌ڵ ڕوحی جێبجێكردنی چه‌مكی شورایه له‌م بواره‌دا، كه‌یه‌كێكه له مه‌به‌سته گشتی و باڵاكانی شه‌ریعه‌ت، پێویسته له‌هه‌موو بواره‌كاندا جێبه‌جێ بكرێت، وهپشتبهستن به فه‌توای به‌كۆمه‌ڵ زۆر نزیكه له پێكانی حوكمی خودا له‌هه‌ر پێشهات و بابه‌تێكی ئیجتیهادیدا.
دوانزه: گرنگیی دان به زانسته عه‌قڵیه‌كان له‌ناو زانایانی كورددا‌و فراوانی زانست‌و دانه‌بڕان له پێداویستیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و باوه‌ڕ بوون به پاراستنی بابه‌تی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌موو ده‌مێكدا. بۆ زیاتر دامه‌زراوه‌یی و پاراستنی كۆمه‌ڵگه له كێشه‌و دروست بوونی ئاریشه‌ی زانستی و ده‌رگا داخستن له كه‌سانی نا ئه‌هل بۆ تێكدانی ئه‌و ئاشتیه كۆمه‌ڵایه‌تیه.
سێزده: كورد‌و نیشتیمانه‌كه‌یان به‌درێژایی مێژوو لانكه‌ی فره ڕایی و ڕا جیایی بووه، به‌ڵام ئه‌بێت له‌م كاته‌دا ئه‌وه له یاد نه‌كه‌ین كه پیاوه كامڵه‌كانی كورد له زانایان و ده‌روون ڕووناكان پێشه‌نگ بوون له ڕه‌نگ ڕێژی بۆ ئه‌م پله به‌رزه‌ی قبوڵكردن، بۆیه پێویسته ئه‌و ڕۆحیه‌ته بكرێته خاڵی گرنگ بۆ ئێستاشمان و نه‌وه‌ی ئێستای لێ ئاگادار بكرێته‌وه.
له كۆتاییدا: به هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌یڕه‌وی فیقهی ئیمامی شافیعی زۆر په‌یڕه‌وێكی گشتگیر و میانڕه‌وه و وه‌ره‌ع ئامێزه، هه‌روه‌ها كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌ر دوو مه‌دره‌سه‌ی راو فه‌رموده‌یه وه له پێناو مانه‌وه‌ی یه‌كڕیزی فیقهی میلله‌تی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانی گه‌وره‌دا كه له دێر زه‌مانه‌وه زانایانی كورد شافیعی مه‌زهه‌ب بوون و ئه‌و پابه‌ندییه‌یان بووه‌ته هۆی یه‌كڕیزیان و پابه‌ند بوونیان به شه‌ریعه‌ته‌وه، داواكارین له‌سه‌ر ئه‌و مه‌نهه‌جه جوانه متمانه‌داره بمێننه‌وه به پێچه‌وانه‌وه په‌رته‌وازه‌یی له فه‌تواو پابه‌ند نه‌بوون به شه‌ریعه‌ته‌وه جێگره‌وه‌ی ئه‌و پابه‌ند بوون و یه‌كڕیزیه ده‌بێت و دوژمنان له‌و ده‌رگاوه عه‌قیده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان په‌رته‌وازه ده‌كه‌ن به‌و هۆیه‌شه‌وه میلله‌ت به تێكڕا پارچه پارچه ده‌بێت..