ئەمرۆ13ى6ى2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانايان بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. دلشاد گەڵاڵی و مەلا عبداللە شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، لە دەڤەری راپەرین هەردوو لقی رانیەو پشدەری یەکێتی زانایانی بەسەر کردەوەو لە لایەن بەرپرس و کارگێڕو ئەندامانی هەردوو لق بەگەرمیەوە پێشوازی کران.
لەم سەردانە سەرەتا شاندەکە لەگەڵ بەرپرس و کارگێڕی لق و ستافی ناوچەکانی لقی رانیە کۆبوویەوەو لەلایەن بەڕێز د.عبدالله دەرەکۆتری بەرپرسی لق بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندەکە کراو سەردانەکەی بەگرنگ وەسف کردو کورتەیەکی لە رەوشی ئایینی و زانایانی سنورەکە خستە ڕوو.
پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ شاندەکە لەگەڵ ستافی لقی پشدەری یەکێتی زانایان کۆبویەوەو لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا ئەحمەدی خانەقا بەرپرسی لق و ستافی لقەوە بەگەرمیەوە پێشوازی و بەخێرهاتنی شاندەکە کراو وێڕای باس کردنی چەند پێشنیارێک باسێکی خزمەت و هەوڵەکانی سنوورەکەی باس کردو دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کرد.
لە هەردوو کۆبونەوەدا بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی بەدیداری زانایانی رانیەو پشدەر، باسی قۆناغی ئێستاو ئەرکە هەنوکەییەکان و دوا کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و چۆنیەتی ئەکتیڤترکردنی کارو هەنگاوەکان و چڕکردنەوەی پتری وزەو تواناکان بۆ خزمەتی پتری زانایانی ئایینی و رەوشی دینداری و پەیامی رەسەنی ئایینی ئیسلام و پاراستنی پێگەی زانایان کرد.
هەروەها سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک پەیام و رێنمایی گرنگ و پیشەیی گەیاندە ئامادەبووان و ئامانجی دیدارەکەی روون کردەوە، کە مەبەست لێی زیاتر توندوتۆڵکردنی نێوخۆی یەکێتی زانایان و بەرچاو ڕوونی لە پرس و پێشهاتەکان بەتایبەت لەبواری خزمەتکردنی زانایان و لێک نزیکی و هەماهەنگی نێوان دەزگا ئایینیەکان و بایەخدان بە هەنگاوی زانستی و رۆشنبیری و تەدریس و ئاگاداربوون لە بابەتی فەتواو پابەندبوون بە فەتواکانی ئەنجومەنی باڵاو لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پیشەیی و پاراستنی پێگەی مەلایەتی.
سەرۆکی یەکێتی زانایان لە درێژەی قسەکانی چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە نێوخۆی یەکێتی زانایان و رەوشی ئایینی و زانایانی ئایینی و کاروباری لقەکان باس کردو دەستخۆشیشی لەکارو هەنگاوە باشەکانی زانایانی ئایینی دەڤەرەکە کرد.
هەروەها دواتر بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک لەوتەیەکدا کۆمەڵێک تەوەرو باسی دیکەی خستە بەرچاوو و ئاماژەی بەوەدا ئامانج لە دیدارەکە بۆ پاڵپشتی و باشترکردنی رەوشی پیشەیی و کاری رێکخراوەیی و هۆشیار بوونە لە پرسە گرنگەکان.
شایەنی باسە مامۆستایانی بەشدار لە دیدارەکە بەخستنەڕووی سەرنج و پەیام و بۆچوونەکانیان دیدارەکەیان دەوڵەمەنتر کردو لە گفتوگۆیەکی کراوەدا چەندین بابەتی ناوخۆیی و گشتی تاوتوێ کرا.