ئەمرۆ 29ی10ی2025 بە ئامادەبوونی بەرێزان د.عبدالله مەلا وەسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا مەلا رسول گەزنەیی بەرپرسی لقی سۆران و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ لقی سۆرانی یەکێتی زانایان سیمینارێکی تایبەتی بەناونیشانی (رۆلی زانایان لە پرسە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکاندا) بۆ بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان ساز کرد.
وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لەسەر ناونیشانی سیمینارەکە بابەتێکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە رۆڵی زانایانی کورد لە بورای ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی کردو چەند وێستگەو لایەنێکی گرنگی کەڵە زانایانی کوردی هێنایەوە کە جێی شانازی گەلەکەمان و مایەی ئەزمون وەرگرتنی زانایانە لەم چەرخەدا.
لەبەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر هەڵوێستە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکانی مەلای کورد لە قوناغەکانی رابردوو، کە ئەگەر پاڵپشتی و هەڵوێستی و رابەرایەتی زانایان نەبوایە ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکی تر دەبوو، بەڵام ئەو کاریگەرییەی زانایان هەمیشە وزەو هێزی گەورەی لەبواری دەستەڵات و کلتورو کۆمەڵایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان دروست کردووەو، کۆمەڵگەیان هۆشیار کردۆتەوە لە دیاردە مەترسیدارەکان و پابەندی بە رێنمایی دروستی ئایینی و پەیامی میانڕەویەوە.
هەروەها تەوەرێکی تری سیمینارەکە پەیوەست بوو بە باسکردنی خۆگونجاندن لەگەڵ واقع و پێشهاتەکان، بۆ ئەوەی پەیامەکان کاریگەرتر جێی خۆیان بگرن، بەنمونە هەڵبژاردن وەک بەشێک لە شورای ئیسلامی بنەمای شەرعی هەیەو پێویستە خەڵک بەشداری لە پرۆسەکە بکات و لە چوارچێوەی بایەخدان بە هەستی نیشتمانپەروەری پەرە بە کوردستان بدرێت و ئەرکی زانایان لەم پرسانە هاوڵاتیان هۆشیار بکەنەوە.
هەر لە سیمینارەکەدا چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە رۆلی زانایان بە تێڕو تەسەلی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو و رۆڵی یەکێتی زانایانی لە پرسە هەستیارەکان بەراشکاوی بۆ ئامادەبووان روون کردەوە.
شایەنی باسە لەم سیمینارە مامۆستایانی بەشدار بوو بە پرسیارو سەرنج و پێشنیار سیمینارەکەیان دەوڵەمەند کردو سەرکەوتووانە کۆتایی پێ هات.