لە نوسراوێکدا بە ژمارە (1237) لە بەرواری 28ی10ی2025 یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان نوسراوێک ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە دەکات، سەبارەت بە کەمتەرخەمی بەشێک لە کۆمپانیاکان و عومرەکاران لە ئەنجامنەدانی تەوافی خواحافیزی (طواف الوداع) لە گەشتەکانی عومرەو، پابەندنەبوونی بەشێک لە خاوەن کۆمیانیاکان بەرامبەر گرێبەستی خۆیان لەگەڵ عومرەکان لە ماوەی گەشتی عومرەدا.
لە نوسراوەکە هاتووە: پێویستە سەرجەم عومرەکاران (طواف الوداع) ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە ئەنجام نەدانی ئەم تەوافە دەبێتە هۆی واجبوونی (فیدیە) بەپێی ئەوەی کە سەرجەم عومرەکارانی کوردستان شافیعی مەزهەبن.
هەروەها هاتووە: بە پێی زانیارییەکان هەندێک لە کۆمپانیاکان لە کۆی (10) رۆژ کە رێکەوتن لەگەڵ عومرەکاران ئەنجام دەدەن، تەنها (9) رۆژ دەمێننەوەو پێچەوانەی گرێبەستەکەیان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە ئەگەر رۆژێک لە مانەوەیان کەم بکەنەوە پێویستە بە رەزامەندی عومرەکاران بێت و بە شتێکی تر تەعویز بکەنەوە.
شایەنی باسە نوسراوەکە ئاماژەی بە کۆنوسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کردووە کە لە 28ی10ی2025 ئەم بابەتەی بە پێی بەڵگەی شەرعی و لە فەتوایەکی تایبەت روون کردۆتەوەو دەتوانن لە ماڵپەری زانایان بیخوێننەوە.