ئەمرۆ 17ی11ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان؛ بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی، سەردانی بەرێز د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد.
ئامانج لە سەردانەکە گفتوگو و باسکردنی پرسی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی قوتابخانەکانی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بوو لە زانکۆ بەتایبەت کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، کە تا ئێستا لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراون.
لە دیدارەکەدا بە تێرو تەسەلی باس لە پرسەکە کراو سەرۆکی یەکێتی زانایان بە وردی و پێداگیری زۆرەوە باسی لەوە کرد، پێویستە دەرچوانی ئامادەیی ئیسلامی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو وەربگیرێن و مافی خوێندنیان نەفەوتێت، هەر وەک سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە 12149 لە بەرواری 1ی10ی2025 وەزارەتی خوێندنی باڵای ئاگادار کردۆتەوە، کە رەزامەند بێت لەسەر وەرگرتنی قوتابیانی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو.
لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وێڕای خۆشحاڵی و پێزانینی زۆری بۆ رۆڵی یەکێتی زانایان و بایەخدانیان بە بابەتەکەو شرۆڤەکردنی چەند رەهەندو رێنماییەکی پەیوەست بەم پرسە، تەئکیدی لەوە کردەوە، کە داوای یەکێتی زانایان بە هەند وەردەگرێت و دوای راوێژو پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بە جددی کاری لەسەر دەکەن و ئەوەی بکرێ دەیکەن.
خۆشبەختانە لێکتێگەیشتن و پێشوەچوونی زۆر لەم بابەتە لە دانیشتنەکە بەدی کراو ئومێدی زۆر هەیە لە ئایندەیەکی نزیک ئەم گرفتە چارەسەر ببێت و قوتابیان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان وەربگیرێن.
پێشتر لەسەر ئەم پرسە یەکێتی زانایان نوسراوێکی فەرمی و تایبەتی لەبەرواری 17ی10ی2025 بە ژمارە (1225) ئاراستە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کردبوو، سەبارەت بە دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی داوای کرد وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوشێوەی ساڵانی رابردوو رەزامەندی بدات بە وەرگرتنیان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.
شایەنی باسە ئێستا 20 ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەیەو ساڵانە بێ کێشە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان وەردەگیران، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمانێک نارازیبوونی خۆی لە وەرگرتنی ئەم قوتابیانە راگەیاندووە بە بیانووی ئەوەی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین، ئەمەش وای کردووە تا ئێستا چارەنووسی ئەم قوتابیانە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.