یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان: لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراق نین    *****    *****   یەکێتی زانایانی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئان بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان لە مەراسیمێکدا بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حەمەئەمین سەراوی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان ديدارێک ئەنجام دەدەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 58 زانایانی ئایینی ساز دەکەن    *****    *****   مامۆستا شێخ جەلال بەرزنجی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن دوگۆمانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   شاندێکی باڵای ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی لەسەر سوکایەتیەکانی قاسم شەشۆ سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   مامۆستا شێخ محمد خۆشکانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر قاسم شەشۆ تۆمار دەکات   
مەلا شێخ عەبدولجەبار شێخ حەمدی:  لای مەلا مستەفا بارزانی ئایین و نیشتمانپەروەری بەهایەكی گەورەی هەبوو، ئێمەش لە وتارەكانماندا بانگەشەمان بۆ كوردایەتی دەكرد
به‌رواری دابه‌زاندن: 25/10/2022 : 22:05:52
قه‌باره‌ی فۆنت

دیمانە: گوڵان


مەلا شێخ عەبدولجەبار شێخ حەمدی مامۆستا و زانایەكی هەڵكەوتووی شارەزایە لە بواری شەریعەت و فقهی ئیسلامی، بە درێژایی تەمەنی خزمەتی زانستە شەرعییەكانی كردووە و لە قوتابخانە ئایینیەكان وانەی وتووەتەوە و ژمارەیەكی بەرچاو مامۆستای ئایینی لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەی زانستیی مەلایەتییان وەرگرتووە. لە ئێستادا كەسێكی دیاری ئایینی و كۆمەڵایەتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و لەناو ئەهلی زانست و زانایانی ئایینی ڕێزلێگیراوە و لەناو ڕیزەكانی یەكێتی زانایانیش جێدەستی خزمەتی دیار بووە و، لە شۆڕشی ئەیلوولیش جگە لە ئەركە ئایینییەكەی پێشمەرگەش بووە و یادەوەری زۆری هەیە بە تایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و مەلا مستەفا بارزانی كە ڕێز و تەقدیرێكی زۆری بۆ زانا و مامۆستا و مەلای ئایینی هەبووە و بەردەوام هانی داون بۆ پێكەوە ژیان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.


* بەو پێیەی تەمەنێكی درێژت لە خوداپەرستی و وانەوتنەوە بەسەر بردووە و زانیارییەكی باشت لە فقهی و شەریعەتی ئیسلامی هەیە، سەرەتا حەز دەكەین باسێكی ئەو ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلاممان بۆ بكەیت كە لای مەلای كورد هەبووە؟


- زانا و مەلای ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێكی گەورەیان لە خزمەتكردنی ئایینەكەیان و پێگەیاندنی موسڵمانان هەبووە، لە مزگەوت و تەكیە و خانەقا و حوجرەكان بە دەیان كەسایەتیی بەناوبانگ و ڕۆشنبیر و شاعیر و سەركردەیان پێگەیاندووە، عشق و خۆشەویستیی خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرمان محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) لە دڵدا بووە، مەلای كورد تاكی كوردی بە شێوەیەك پەروەردە كردووە، ڕێز لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگرن و ڕێزی ئایین و ئایینزاكانی دیكەش بگرن، بە ڕاددەیەك كوردستان بووەتە نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی. مامۆستای ئایینی لە كوردستان وێڕای ڕۆڵیان لە پێگەیاندنی تاكی كورد، ڕۆڵێكی گەورەشیان لەناو شۆڕش و خەباتی كورد بینیوە، لە شۆڕشی ئەیلوول مامۆستایانی ئایینی زۆربەیان پێشمەرگەی شۆڕش و دۆستی نزیكی مەلا مستەفا بارزانی بوون، ئەوان لەبەر خۆشەویستی بۆ ئەو سەركردە گەورەیە كە لە پێناو ئایین و خاك و نیشتمان و نەتەوەكەیدا گەورەترین و فراوانترین شۆڕشی لەناو كورد بەڕێوە برد، هەربۆیە هەموو مامۆستاو مەلا لایەنگرانی مەلا مستەفا بارزانی بوون.


مەلای كورد شارەزاییەكی باشی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) هەبووە و هەیە، من باسی كەسانێك ناكەم بە بیری هەڵەی هێنراو بۆ ناو ئایینەكە و بۆ ناو كۆمەڵگەی كوردی لایان داوە لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، كە وایان كردووە فكری توندوتیژی و نامرۆڤانە تێكەڵ بە دینەكە بكەن. دەزانین ئایینی پیرۆزی ئیسلام خودای گەورە و میهرەبان بۆ هەموو بەشەرییەتی هێناوە. خودای گەورە و میهرەبان دەفەرموێت: «وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَيٰ كَثِيرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا». لە ئایەتێكی دیكەدا هاتووە پەروەردگار بە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەڵێت: «وَمَا أَرْسَلْنَكَ إِلاَّ رِحْمَةً لِّلْعَـلَمِينَ». مامۆستا و زانای ئایینی ئیسلامی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك دوای بیری توندوتیژی و تەكفیری نەكەوتوون و موسڵمانی كوردیان بەهەڵەدا نەبردووە و نایبەن.


* ئەم ڕەسەنایەتی و تێگەیشتنەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە وای كردووە كورد كەلتوورێكی بەرزی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی هەبێت، ئایا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چییە لە دژایەتیكردنی توندوتیژی و چاندنی تۆوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی؟


- خودای گەورە ئایەتێكی بۆ پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) هێنایە خوارەوە و پێی وت: «لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ..»، واتا كۆتایی هاتووە خەڵكی بە زۆر بكرێنە ئیسلام، واتا ئەوە خودای گەورە و دلۆڤانە پێمان دەڵێت بە زۆر كەس نەكرێتە ئیسلام و ڕێز لە هەموو مرۆڤایەتی بگرن. ئەگەر بە قسەی خودای گەورە و پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) نەكەن، ئەوە گومڕان. ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی پێكەوە ژیان و لێبووردەییە. خودای گەورە و میهرەبان لە ئایەتێكدا كە بۆ پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) دابەزیوە وتوویەتی: «لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ». بۆ پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوەكانیش بە هەمان شێوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ هەموو مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هاتووەتە خوارەوە، لەم ڕووەوە خودای گەورەو میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا ئەمجارە بە ئێمەش دەڵێت: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ». ئەركی سەرەكیی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە لە ناو كورد ئەم جوانی و ڕەسەنایەتییەی ئیسلام بگەیەنن و لە ناو دڵی یەكە یەكەی تاكی كورد بیچێنن. مەلا مستەفا بارزانی سەركردەی گەورەو دیاری كوردیش هەر پەروەردەی مزگەوت و ئەهلی خوداپەرستی و ئەم قوتابخانە ڕەسەنایەتییەی ئایینی و كوردایەتی بووە. ئەوەتا مزگەوت و كەنیسە و پەرستگای زۆر لە كوردستان هەن، گوندەكانی كوردستان هەمووی دراوسێی یەكترن و موسڵمان و كریستیانی تێدایە، هیچ جوداكاری و جیاوازییەك لە نێوان مرۆڤەكان ناكەین، لە پارێزگای دهۆك بە تایبەتی تێكەڵەیەكی زۆری موسڵمان و كریستیان و ئێزدی هەن. داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر كار لەسەر ئەم ڕەسەنایەتییەی كورد بكات، كورد نەتەوەیەكی زوڵملێكراوە و بە زۆرینە موسڵمانە، بەڵام ئێزدی و كاكەیی و چەندین ئایین و مەزهەبی دیكەشمان تێدا هەیە و كریستیانەكانیش بە هەموو تائیفەكانیانەوە هەرگیز كورد زوڵم و ستەمیان بەرامبەر نەكردووە و ناشیكات، ئەمانە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ڕێگەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانەوە پێمان دەڵێن و هەروەها مەلا مستەفا بارزانی لەسەری ڕۆشتووە و پەیڕەوی كردووە.


* كورد وێڕای ئەوەی موسڵمانە نەتەوەیەكی ئاشتیخواز و میواندۆستیش بووە، لە هەموو سەردەم و قۆناغە مێژووییەكاندا هەرگیز بە دوای تۆڵە و توندوتیژی نەكەوتووە و باوەشی واڵا كردووە بۆ هەموو لێقەوماو ئاوارە و پەناهەندەیەك، دەوروبەریشمان میللەتی موسڵمانی عەرەب و فارس و توركی لێیە، بۆەڵام بەداخەوە حكومەت و ڕژێمەكانی ئەوان بە پێچەوانەوە بەردەوام هێرشیان كردووەتە سەرمان، ئایا تاچەند ئەمە دژی دەقی ئایتەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمانە ( د.خ)؟


- كورد گەلێكی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بووە و عشق و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمانەكەی زۆرە، گەلێكی خوداپەرست و گوێڕایەڵی كاری چاكە و باشەیە، هەمیشە وەكو برا سەیری نەتەوەكانی دیكەی عەرەب و فارس و توركی كردووە، لاپەرەكانی مێژوو هەڵبدەنەوە پڕیەتی لە چاكە و بە فریاكەوتنی بەرامبەر، بەداخەوە زوڵم و ستەمی دەوروبەر و لە لایەن حكومەت و ڕژێمەكانی عەرەب و تورك و فارس كە هەندێك جار ئەم قین و ڕقەیان بە ئەنقەست لە ناو نەتەوەكانی خۆیانیشدا چاندووە، زۆر جار بە كافر و لادەر وەسفیان كردووین، ئەوان زۆرینە و باڵادەستن و دەیانەوێت ڕۆڵی براگەورە نەگێڕن، بە پێچەوانەوە خوازیاری ئازاردان و داگیركردنی زەوی و خاكی كوردن، لە وتەكانی خوای گەورەو میهرەبان كە پێمان دەڵێت: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا * إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ * إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِير». هەروەكو چۆن پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: «المسلم من سلم الناس من لسانه ويده) لەفەرموودەیەكی دیكەش دەفەرمووێت: «المسلم أخو المسلم، لا يظلمه، ولا يسلمه». دەبێت مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زیاتر بچنە ناو نەتەوەكانی دیكەوە و ڕەسەنایەتی و موسڵمانێتی و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازیی گەلی كورد زیاتر بگەیەننە ئەو نەتەوانە بۆ ئەوەی ڕژێم و حكومەتەكانیان بە هەڵە ڕاستیەكانیان بۆ نەگوازنەوە و تووشی گوناحی گەورەیان بكەن، خودای گەورە و دلۆڤان لە سوورەتی مائیدەدا پێمان دەڵێت: «مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا». واتا هەر كەسێك كەسێك بكوژێت، یان خراپەكارییەك لەسەر زەوی بكات، وەكو ئەوە وایە هەموو مرۆڤەكانی كوشتبێت، هەر كەسێكیش بە فریای مرۆڤێك بكەوێت، وەكو ئەوە وایە بە فریای هەموو خەڵكی كەوتبێت.


*  زاناو مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناو كورد بەردەوام ئەركی پاراستنی ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و خوداپەرستی و پاراستنی خاك و نیشتمانەكەیان بووە، ئایا تا چەند پاڵپشتیی پێشمەرگە و شۆڕشیان كردووە؟


- پێش وەڵامی پرسیارەكە دەمەوێت بڵێم من زۆر گلەییم لەو ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرانە هەیە كە وشەی «مەلا» لە مەلا مستەفا بارزانی دەكەنەوە. دەزانیت بۆچی مەلای كورد دوای مەلا مستەفا بارزانی كەوتبوون، چونكە لە ئایین و نیشتمانپەروەری و خزمەتی كورد لای نەدەدا، ئایین و نیشتمانپەروەری لای مەلا مستەفا بارزانی بەهایەكی گەورەی هەبوو، ئێمەش جگە لە ئەركە دینییەكەمان لە وتارەكانماندا بانگەشەمان بۆ كوردایەتی دەكرد. خودای گەورە و پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) هانمان دەدەن بەرگری لە خاك و نەتەوە و مرۆڤایەتی بكەین، پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) كە مەككەی بەجێهێشت بە هۆی زوڵمی كافرەكانەوە وتی: «ما أطيبك من بلد، وأحبّك إليّ ولولا أن قومك أخرجوني منكِ ما سكنتُ غيرك». مەلا مستەفا بارزانی لەسەر ئەو بیروباوەڕە پیرۆزەی ئیسلام و كوردایەتی كوردستانی خۆش ویستووە و كاتێكیش هەموو مەلاكانی لەناو یەكێتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی كوردستاندا كۆیانی كردەوە، تەنیا بۆ بەهێزكردنیان و پاڵپشتیكردنیان بوو بۆ خزمەتكردنی ئایین و نەتەوە و خاكەكەیان بوو، هەر خۆی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنەر و ئەندامی ڕەمزیی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بووە و مەلاكان لە دەوری كۆدەبوونەوە و ڕێنمایی دەكردن، ئەو دەمەش لێرە و لەوێ هەندێك مەلای لادەر هەبوون كە خزمەتیان بە داگیركەر دەكرد، بەڵام ژمارەیان زۆر كەم بوون. مەلا مستەفا بارزانی زۆر ئامۆژگاری دەكردین بەوەی ڕێگا نەدەین لە ناو خەڵك و میللەتدا تەفرەقە و پشێوی و فیتنە هەبێت، چونكە دەیزانی دوژمنە زۆرەكانی ئەم گەلە تەنیا بە تەفرەقە و پشێوی ئازاریان داوین و مەرام و ویستی خۆیان بە دەست هێناوە، لە ئێستاشدا دەبێت كورد هەروەكو چۆن گوێڕایەڵ و گوێبیستی مەلا مستەفا بارزانی بوو، هەروا لە دەوری سەرۆك (مسعود بارزانی) كۆ ببینەوە و وەكو مەرجەع و كەسێكی ڕێزدار و خۆشەویست گوێڕایەڵی ئامۆژگاری و قسەكانی بین، هەروەكو چۆن نابێت خێزان شیرازەی تێك بچێت و باوك پارێزەر و خزمەتكار و بەخێوكەری بێت، هەرواش ئێمەش ڕێز و خۆشەویستیمان دەبێت بۆ سەرۆك هەبێت، كورد دەبێت لە دەوری مسعود بارزانی كۆببێتەوە، چونكە دوژمنی كورد زۆر و بەهێز و زاڵمن و پێویستیمان بەو بانگەشەی یەكگرتوویی و پێكەوە ژیان و لێبووردەییە هەیە كە بەڕێزیان بانگەشەی بۆ دەكات، نابێت بهێڵین بە هۆی فیتنەكارانەوە پشێوی و نائارامی بكەوێتە نێوماڵی كورد و موسڵمانان و ئایین و ئایینزاكان و نەتەوەكانی دیكەش لەگەڵماندا هەمووان زیانمەند بین.


 


https://gulanmedia.com/so/story/290957/