ئەمرۆ 12ی10ی2025 بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئاینی، بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان؛ مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر و دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژو وتارخوێنان بەڕێوە چوو.
لەم مەراسیمە گرنگەدا بەڕێز سەرۆكی حكومەتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد تێیدا پیرۆزبایی لەدەرچووان کردو ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لەبەرگری و پاراستنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پرسە نیشتمانیەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان بەگرنگ و بایەخەوە خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی لەنێوان کۆماری میسر و ئەزهەر و كوردستان كردو ئەوەی خستە ڕوو كە، لەسەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەییوبییەوە ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کردووەو لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە ناوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوتووە.
ھەر لەمەراسیمەکەدا د. پشتیوان سادق سوپاسی پاڵپشتی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامی پڕۆژەکانی وەزارەت و ئاماژەی بەژمارەی کاری گرنگی وەزارەت کرد، ھەروەھا پیرۆزبایی لەدەرچووان کرد دەستخۆشی لەمامۆستایان کرد، وێڕای سوپاسی بۆ خێرخوازان، کە بەھەنگاوەکانیان بەشدارن لەئاوەدانی و دروستکردنی شوێن و ناوەندی ئەکادیمی ئاینی .