• پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداغی
23-6-2012
لەكاتی هاتنی پشووی هاویندا دایكان و باوكان دەكەونە بەردەم دووبەرپرسیارێتی گرنگ بەرابمبەر بەمناڵەكانیان، كەئەمەش پێویستی بەوە هەیە پلانی وردی بۆ دابڕێژرێت هەتا بەرهەمێكی ئیجابی هەبێتو نەبێتە مایەی ئاڵۆزیو خراپەكاری یان ئاگاداری ئەوە نەبن كەئەم كاتانە سەرنەكێشێ بۆ لەدەست دانی مناڵەكەو لەڕێلادانی كەزۆرجار ئەمە بەهۆی بێ بەرنامەییان لەهاویندا ڕوودەدات، چونكە بەپێی چەند توێژینەوەیەك كەلەبواری تاواندا ئەنجام دراوە لەبنكەكانی پۆلیس دەركەوتووە كەزۆربەی تاوانەكانی كەلەنێوان گەنجان و تازە پێگەشتوواندا ڕوودەدات وەك خواردنەوە و دزی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و لادانە سێكسیەكان زۆربەی لەپشووی هاویندا فێربوون ئەویش بەهۆی هاوڕێی خراپ و سەردانی شوێنی خراپ كە زۆرجار بەناوی گەشت و سەیران ئەنجام دەدرێت لەگەڵ هاوڕێكانیاندا، ئەمەش بۆ كوڕان و كچان وەك یەكەو لەم بوارەشدا دایك و باوك مناڵەكانیان پشت گوێ خستوە و زۆرجار دایك و باوكەكە كەوتونەتە ژێر فەرمانی مناڵەكان و ئەوان پێیان دەڵێن چی دەكەن و چی ناكەن و ئەوانیش تەنها دەبنە سەرچاوەیەك بۆ پێدانی پارە و هیچی تر.
پێویستە دایك و باوك بزانن كەئەوان بەرپرسیارن لەبەرامبەر پەروەردەی مناڵەكانیاندا، سبەینێ لەڕۆژی دوایدا خوای گەورە پرسیارتان لێ دەكات و یەك یەك لەبەردەمیدا دەوستن وەك لەئایەتێكدا دەفەرموێت: {وَقِفُوهُمْ إِنَّهُم مَّسْئُولُونَ }الصافات24، پاش ئەوەی مرۆڤ پرسیاری دەكرێت لەسەر كردەوەكانی خۆی پاشان پرسیارت لێ دەكرێت لەهەموو ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی تۆ دان لەمناڵ و خێزان و خزم و كارمەند و.... هتد ئەمەش لەئایەتێكی قورئاندا باس دەكاتو دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ)، لەم ئایەتەدا خوای گەورە ڕوودەكاتە باوەڕداران بەژن و پیاوەوە، ئەم ئایەتە خوای گەورە لەبەشی (تغلیب) دا باسی دەكات، واتە مانایەكە بۆ هەردوو ڕەگەزەكە، خوای گەورە لەئایەتێكدا بەرامبەر بەحەزرەتی مەریەم دەفەرموێت:{وَكَانَتْ مِنَ الْقَانِتِينَ }التحريم12، لةكاتيَكدا (قانتين) جةمعي مذكري سالممە، بەڵام خوای گەورە لەبابی (تغلیب)دا بەكاری دەهێنێت لەبەر ئەوە لەهەرشوێنێكی قورئاندا كەووشەی مۆمنین هاتووە ژنیانیش دەگرێتەوە، بەڵام لەهەندێك شوێنی تریشدا بۆ زیاتر تایبەت مەندبوون و گرنگی پێدان باسی (مۆمنات)یش دەكات.
لەبەر ئەوە بەرپرسیارێتی ژن و پیاو ئەگەر دایك و باوك بن، یان براگەورە یان خوشكی گەورە بن، پێویستە سەرەتا كارێك بكات كەخۆی لەئاگری دۆزەخ بپارێزێت، دوربكەوێتەوە لێی و ببێتە پێشەنگ بۆ كردنی عیبادەت و چاكەكاری و كاری خێرخوازی، لەدوای ئەوە بەرپرسیاریًتیەكی تر ڕووی تێ دەكات كەئەویش ئەوەیە ژێر دەستەكانی لەمناڵ و خوشك و براو خزم و كەس و كار و هەروەها كارمەند و كرێكارەكانی بپارێزێت لەئاگری دۆزەخ ئەویش بەهاندان و ڕێنمایی كردنیان بۆ خواناسی و عیبادەت و چاكەكاری.
ئەم بەرپرسیارێتیە لەماوەی پشووی هاویندا زۆرترە چونكە كاتێكی زۆرهەیە مناڵ نازانێت بەچی پڕی بكاتەوە، لەم كاتەدا قوتابی ئەو دەرس و دەورەی نییە كەخۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن، هەموویان لەماڵەوە بێكارن و لەبەردەم تەلەفزیۆن و بەدیار ئینتەرنێتەوە كاتەكانیان بەسەردەبەن، خۆشتان دەزانن كەئێستا كەناڵە ئاسمانیەكان و ئینتەرنێت لەناوخۆیدا چ هۆكارێكی وێرانكاری ڕەوشتیان حەشارداوە.
من ناڵێم ئینتەرنێت و تەلەفزیۆن حەرامە، بەڵكو دەڵێم دەبێت ئەم هۆكارانە لەڕێگەی هۆشیاری و ڕێنمایی و خۆپاراستن لەلایەنە خراپەكان بەكاربهێنرێت.
پڕۆسەی پارێزگاری گەنجەكان بەوە دەبێت كەبتوانین بەها بەرزەكان و عەقیدە و ڕەوشتی جوان لەدەرونی ئەو گەنجانەدا لەكوڕان و كچان بڕوێنین ، پێویستە وایان لێ بكەین كەلەخوابترسن و هەست بەچاودێری خوابكەن، وەك پێغەمبەر یوسفیان لێبێت لەكاتێكدا كەژنێك بەئەوپەڕی جوانی و دەسەڵاتەوە خۆی دەخاتە بەردەستی بڵێت: ( وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ ۚ قَالَ مَعَاذَ اللَّهِ ۖ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ) ئەمە پڕۆسەی پارێزگارییە بەعەقیدە و ئەخلاق.
ئێمە دەتوانین لەڕێگەی جۆرەها بەرنامەی زانستیەوە ووشیاری بەگەنجان بدەین و پیشانیان بدەین چونكە گەنجان حەز لە بینینی ئەزمونی سەركەوتوو دەكەن، حەزدەكەن خۆیان ئەزموونەكان ئەنجام بدەن و دووبارەی بكەنەوە، بۆنموونە تازە پێگەشتویەك هەیە حەزدەكات ماددەی هۆشبەر تاقی بكاتەوە، تابزانێ ئەنجامەكەی چییە؟، ئێمە پێویستە ئەزمونێكی نیشان بدەین لەسەر كەسێك كە ئەو مادەیەی بەكارهێناوە، پاشان توشی چی بووە، سەرەنجامی بەكوێ گەیشتووە، لەبەر ئەوە نابێت لە ئامۆژگاریدا تەنها پشت بەقسە ببەستین بەڵكو دەبێت بەڵگەی زانستیمان هەبێت.
مناڵەكانمان گەورەترین سەرمایەی ئێمەن لەبەر ئەوە دەبێ بزانین چۆن دەیان خەینە بواری وەبەرهێنانەوە، پێویستە كاتێكی تایبەتی بۆ ئەوان تەرخان بكەین چونكە ئەوانە پاشەڕۆژی ووڵاتەكەمان دیاری دەكەن و ئەوان دەبنە بەرپرس و بەڕێوبەری ووڵات.
دەبێت بزانین كەپاشەڕۆژی گەلەكەمان دەكەوێتە دەستی ئەم گەنجانە، ئەمانیش یان بەشێوەی گەنجێگی چاكەكار و دڵسۆز و داهێنەر و هۆشیار دەبن یان دەبنە نەوەیەكی تەمبەڵی تەوەزەلی بێ كار و لەڕێ لادراو و نەفام كەدواجار پاشەڕۆژێكی وێران و ووڵاتێكی پەڕاوێز و پاشكۆی دەرەوەمان بۆ بنیات دەبێت.
ئەمە بەرپرسیارێتیەكی ئاینی و نیشتیمانی و ئەخلاقیە، پێویستە هەموومان بەباشترین شێوە هەستی پێبكەین. هەریەكەمان بەباشترین شێوە جێبەجێی بكات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پشت ببەستێت بەهەندێك لە كەسایەتی پسپۆڕ لەبواری پەروەردە و سەنتەری لاوان ، بۆ ئەوەی پەروەردەی نەوەكانمان بەشێوازێكی نوێ بێت و بەوشێوەیە نەبێت كەلەكۆندا هەبووە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەگەڵ مناڵەكانمان دابنیشین گرنگی پەروەردەیان بۆ ڕوون بكەینەوە، پلانێكی باش دابڕێژین، بەڕەزامەندی خۆیان لەلایەك گرنگی بەبواری عەقیدە و لەبەركردنی قورئان و فەرمودە بدات، لەلایەكی ترەوە گرنگی بەلایەنی زانستی و تەرفیهی و وەرزشی بدات، پەروەردە دەبێت لەسەر بنەمای مافەكانی بێت، خوای گەورە بۆ هەر ئەندامێكی جەستە و گیان مافێكی داناوە، لەبەر ئەوە پێویستە هەریەكەیان لەسنوری شەرعدا مافی خۆی پێ بدرێت، مناڵەكانیش بەهەمان شێوە دەبێت پەروەردەیەكی هاوسەنگ بكرێن كەمافەكانی دنیاو دوا ڕۆژی بۆ دیاری بكات و هیچیان لەسەر حسابی ئەوی تریان نەبێت، دووەمین بابەتی گرنگ لەكاتی پشووی هاویندا كە پێویستە گرنگی پێ بدرێت بریتیە لەبابەتی گەشت كردن، بێگومان كەلەبنچینەدا گەشت كردن شتێكی حەڵاڵ و ڕێگە پێدراوە.
بەڵام ئەویش وەك هەموو شتەكانی تر، دەكەوێتە ژێر پێنج ئەحكامە تەكلیفیەكە بەم پێیەش گەشت بكرێت (یان حەرامە یان باشە یان سونەتە، یان تەنها حەڵاڵە یان باش نیە) بكرێت.
گەشت كردن حەڵاڵە ئەگەر تەنها بۆ خۆشی بێت، هیچ ڕێگرێك بۆ ئەم مەبەستە لەئیسلامدا نیە چونكە لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ دڵی خۆش دەبێت، چونكە دڵ ئەگەر تەنگ بوو كوێر دەبێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ پێویستی بەجۆرێك لەپشوو خۆشی و حەسانەوە هەیە خوای گەورە بۆخۆی ڕێنمایی كردوین بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژەكانی هەفتەی كردووە بە 7 ڕۆَژ، خوای گەورە لەشەش ڕۆژی یەكەمدا هەموو بوونەوەری دروست كردووە و لەڕۆژی حەوتەمدا هیچی نەكردووە، خوای گەورە هەرگیز هیلاك نابێت، بەڵام ئەمە بۆئەوەیە كە ئێمە فێری ئەمە بكات كەبە و شێوەیە مامەڵە بكەین هەروەها پێویستە لەساڵدا ماوەیەك هەبێت بۆ پشوو حەسانەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كەبتوانین مافەكانی جەستە بدەین، گەشت و گوزار دوو شتی ڕێگە پێدراوون، وە ئەگەر مەبەست لەم گەشتە بینینی شوێنەوارەكانی دەستی خوا بێت و ئاشنابوون بێت بەشارستانیەت و كلتوری گەلان و ئاینە جیاوازەكان و كەڵك وەرگرتن بێت لەمێژوو ڕووداوەكان ئەوە سوننەت ەو مرۆڤ لەئەنجامدا پاداشتی چاكە وەردەگرێت وەك خوای گەورە دەفەرموێت (قُلْ سِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانْظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ ۚ ثُمَّ اللَّهُ يُنْشِئُ النَّشْأَةَ الْآخِرَةَ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)، خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كەبەسەر زەویدا بگەڕێین و گەشت بكەین، بەمەرجی ئەوەی بیر بكەینەوە و توێژینەوەی لەسەر بكەین و تەوزیعی بكەین بۆ خزمەت و چاكەكاری.
هەندێك گەڕان و سەردان سوننەتە وەك سەردان بۆ غەیری دایك و باوك لەخزمەكان و هاوڕێ و كەسانی تر هەروەها گەشت سوننەتە ئەگەر بۆ فێربوونی زانست و زانیاری و پیشەیەك بێت كەسودی هەبێت بۆ گەل و نیشتیمانەكەت، زۆرجار ئەمە دەبێتە پێویستییەكی (كیفایە) یان پێویستیەكی (عین) گەشت و گوزار لەكاتێكدا حەرام دەبێت ئەگەر مرۆڤ لەو ڕێگەیەوە توشی تاوان و خراپەكاری و زینا و بینینی ئافرەتی رووت ببێتەوە لەقەراغ دەریاكان، چونكە گەشت كردن لەڕوویەكەوە مەترسییەكەی لەوەدایە كە ئەو كەسە لەچاوی دایك و باوك و خزم و كەس و كار بەدوور دەكەوێتەوە ئەگەر هەست بەچاودێری خوا نەكات ئەوا توشی خراپەكاری دەبێت.
لەبەر ئەوە دەبێت زۆر گرنگی بەم لایەنە بدرێت و بەبێ بەرنامە ڕێگە نەدرێت مناڵەكان و گەنجەكان بچن بۆ گەشتی دەرەوە چونكە لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕەوشت فرۆشی بووەتە جۆرێك لەبازرگانی و ئێمەش نابێت بەئاسانی ڕەوشتی گەنجەكان هەرزان فرۆش بكەین و لەدەستی بدەین ، ئەو جۆرە گەشتانە بۆ مناڵەكانمان حەرامە ئەگەر مەترسی توش بوون بە زیناو خراپەكاری لێ بكەوێتەوە، چونكە ئەوكاتە لەبابی (سد الذرائع) وە دەبێت ڕێگەیان لێ بگیرێت، بۆئەم مەبەستە پێویستە دایكان و باوكان بۆخۆیان لەگەڵیاندابن، سەردانی ئەو شوێنانە بكەن كەدەبێتە مایەی خۆشی و شادی و چاكەكاری و دووربون لەتاوان و سەرپێچی خوای گەورە، بۆ مەبەستەش چەندان شوێنی گەشت و گوزاری باش هەیە لەتوركیا و مالیزیا و ئێران و تونس و چەندان ووڵاتی تر كەمسڵمان دەتوانێت سەردانیان بكات و ئامانجی گەشتەكەش بێتەدی و توشی تاوانیش نەبێت.
مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ دایك و باوك و هاوڕێی باش سەردانی هەرشوێنێك بكات كەبیەوێت بەڵام بەو مەرجەی كەتوشی خراپە و تاوان نەبێت.
ئەمە ئەو بەرپرسیارێتی یەیە كەخوا فەرمانمان پێدەكات، ئێمەش دەبێت بەجۆرێك مامەڵە بكەین كەخۆمان ئامادەبكەین بۆ لێپرسینەوە، لەبەرامبەر خوای گەورەدا، چونكە ئەگەر بەباشی ئەركی سەرشانمان جێ بەجێ نەكەین توشی پەشیمان بوونەوە دەبین، لەبەرئەوە با لەئێستاوە خۆمان و ماڵ و مناڵەكانمان لەئاگر بپارێزین، ئەمەش پەڕاوێز دەبێت لەگەڵیاندا، نابێت ئێمە بەشێوەی فەرمانی سەربازی مامەڵە بكەین چونكە پەروەردە سەرچاوەكەی خۆشەویستیە و دەبێت كارەكانمان لەخێزاندا جیاوازبێت لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تردا، لەگەڵ ژن و مناڵەكان وەك خوای گەورە دەفەرموێت (عن تراض منهما وتشاور) بۆ ئەوەی سوود لەپشووەكە وەربگرین.
• • ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان.
• • سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامی كورد. |