لقی سلێمانی زانایان داوا ده‌كات: راگه‌یاندنه‌كان زمانی گوڵ به‌كار بهێنن

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

[ واعتصموا بحبل الله جميعا ولا تفرقوا . . . . . . ]

جه‌ماوه‌ری گه‌له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان
حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان
ڕێكخراوه‌ مرۆڤــ دۆسته‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی

سڵاوی خواتان لێبێت . . .

به‌ڕێزان ئێمه‌ی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، وه‌كو هاووڵاتیه‌كی ئه‌م كوردستانه‌ و له‌ سـۆنگه‌ی هه‌ستكردنمان به‌ به‌رپرسیارێتی ئایینی و نیشتمانیمان كه‌ به‌درێژایی مێژوو له‌مه‌یدانی چاكسازی و ئاشته‌وایی و پشتگیرییكردن له‌مافی لانه‌واز و زه‌حمه‌تكێشاندا پێشه‌نگ و جێ‌ ده‌ستمان دیاربووه‌ و له‌هه‌موو گۆڕانكارییه‌ ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌وێنی چاكه‌ و به‌ئاقاربردنی گه‌ل و وڵاتدا بووین به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی ئاشتی و سه‌قامگیریی، به‌تایبه‌تی له‌م گۆڕانكارییانه‌ی دواییدا كه‌له‌شاری سلێمانی ڕویاندا، كه‌سه‌ره‌تا له‌خۆپیشاندانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ مافی هاوڵاتیانه‌ و هۆكارێكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواكارییه‌كانیان، گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ گرژی لێكه‌وته‌وه‌ و چه‌ند هاووڵاتیه‌كی ئه‌م شـاره‌ شه‌هید و برینداربون.
بۆیه‌ به‌پێویست و ئه‌ركی ئایینی و نیشتمانی خۆمانی ده‌زانین كه‌له‌هه‌وڵی خۆمان به‌رده‌وام بین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه‌ و له‌خه‌ما بونی ڕه‌نجی چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان كه‌به‌هه‌وڵی هه‌موومان هاتۆته‌ بوون. هه‌ر بۆیه‌ داخوازین كه‌:

1. خۆپیشاندان ڕێڕه‌وی ئاشتیانه‌ی خۆی له‌ده‌ست نه‌دا و به‌و هۆیه‌وه‌ ســه‌رجه‌م داواكاری خه‌ڵكی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت سه‌رجه‌م داخوازییه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت.

2. به‌نه‌رمونیانی مامه‌ڵه‌كردنی ده‌زگا به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كان له‌گه‌ڵا هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی شـار و بنكه‌ و باره‌گا و ده‌زاگاكانی ڕاگه‌یاندن.

3. به‌رده‌وام نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و دانه‌بڕانیان له‌یه‌كتری، به‌مه‌به‌ستی زیاتر له‌یه‌ك تێگه‌یشتن و گرژنه‌بونی نێوانیان.

4. داخوازی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان له‌چوارچێوه‌ی یاسـادا جێبه‌جێ‌ بكرێ‌.

5. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر له‌ زووترین كات و له‌ سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریكراودا.

6. كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی ئاشتی ببینن و زبانی گوڵا به‌كاربهێنن به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو لایه‌ك.



یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
لقی سلێمانی
22 / 2 / 2011