الحمد لله رب العالمين والعاقبة للمتقين ولا عدوان إلا على الظالمين والصلاة والسلام على المبعوث رحمة للعالمين وعلى آله وصحبه أجمعين
له‌نزیكه‌وه چاودێری خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سنوری پارێزگاری سلێمانی ده‌كه‌م و زۆر نیگه‌ران بووم به‌و رووداوانه‌ی له‌كوشتنی چه‌ند گه‌نجێك و برینداربونی ده‌یانی تر و زیان گه‌یاندن به‌هه‌ندێك شوێنی تر ڕوویدا.
له‌م روانگه‌یه‌وه له‌ئاستی هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتی خۆم به‌رامبه‌ر بهگهلهكهم ده‌مه‌وێت له‌رووی ئامۆژگارییه‌وه دوو په‌یام ئاڕاسته بكه‌م، یه‌كه‌میان بۆ بهرپرسانو ئه‌و تریان بۆ گه‌نجانی خۆپیشانده‌ر.
په‌یامی یه‌كه‌مم بۆبهرپرسان:-
پێویسته به‌ر پرسان له‌كوردستان بزانن كه‌جیهان گۆڕاوه، ئیتر هیچ شتێك نه‌ماوه كهلهگهنجان بشاردرێته‌وه له سامان وداراییو جۆره‌ها شتی تر، ئێستا شتێك نه‌ماوه كه‌گه‌نجان لێی بترسن، ئه‌ویش به‌هۆی ئازادی و ته‌كنیكی راگه‌یاندنی هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتوو، گه‌نجان ده‌یانه‌وێت به‌هره‌مه‌ند بن له‌ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی كه له‌وڵاته‌كه‌یاندا هه‌یه و به‌شداربن له‌چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنیدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی من داوا له‌به‌رپرسان ده‌كه‌م كه‌به‌وپه‌ڕی رێز و خۆشه‌ویستیه‌وه گوێ بۆ داواكارییه‌كانی گه‌نجان بگرن و به‌وپه‌ڕی جدیه‌وه بۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له‌به‌رپرسان ده‌كه‌م كهپلانێكی ستراتیجی ورد دابڕێژن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌هه‌یه به‌م شێوه‌یه‌یی خواره‌وه:-
1- چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌موو ده‌نگ و شێوه‌كانی و كۆتایی هێنان به‌ده‌ست وه‌ردان له كاروباری حكومه‌ت له لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی سامانی گه‌ل بۆ گه‌ل بێت و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ش به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌شبكرێت.
2- دانانی پلانێكی ستراتیجی و قۆناغبه‌ندی بۆ گه‌شه‌پێدانێكی سه‌رتاپاگیری، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی پلانی راپه‌ڕینێكی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و بازرگانی و گه‌شت و گوزاری ده‌ست پێ بكه‌ین ، بۆ پێش خستنی كوردستان و، دابین كردنی خۆش گوزه‌رانی بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
3- جیاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری، هه‌روه‌ها بنیات نانی ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندنی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ.
4- كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌هه‌موو توانا زانستیه‌كان و ئه‌زمونه سه‌ركه‌وتوه‌كان ، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌ینه مێرگی ئارامی‌و ئاسایش‌و گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌ینه ئه‌زمونێك كه‌خه‌ڵكی تر چاوی لێ بكات له‌هه‌موو بوارێكدا.
په‌یامی دووه‌مم بۆ گه‌نجان:
من پشتیوانی له‌داوا ره‌واكانتان ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵتاندام له‌خۆپیشاندان به‌شێوه‌ی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیانه و شارستانیانه. خۆپیشاندان مافێكی شه‌رعی و رێگه‌پێدراوه. به‌ڵكو جۆرێكه له‌بانگه‌واز و فه‌رمان كردن به‌چاكه ، به‌مه‌رجێك له‌چوارچێوه‌ی ئاشتیانه ده‌رنه‌چێت.
به‌ڵام داواشتان لێ ده‌كه‌م كه ئێوه پێشه‌نگ بن لهرێپێوانێكی شارستانیانه‌دا، پارێزگاری له‌ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و پارێزگاری له‌موڵك و سامانی گشتی و تایبه‌تی بكه‌ن.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا له‌ده‌سه‌ڵات و خۆپیشانده‌ران ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه. كه‌خۆیان له‌توندوتیژی و رشتنی خوێنی یه‌كتر بپارێزن. چونكه مه‌ترسیدارترین شت له‌ئیسلامدا رشتنی خوێنی كه‌سێكه به‌ناهه‌ق. له‌ئیسلامدا مرۆڤ به‌نرخترین شته له‌بونه‌وه‌ردا، كوشتنی مسوڵمانێك له‌لای خوای گه‌وره گه‌وره‌تره له‌تێكدانی كه‌عبه‌ی پیرۆز. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت{مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا } (32) سورة المائدة
واته هه‌ركه‌سێك به‌ناهه‌ق كه‌سێك بكوژێت یان گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر زه‌ویدا بڵاوبكاته‌وه وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌موو دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی كوشتبێت.
هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت:{وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَآؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا} (93) سورة النساء
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خوا له‌فه‌رموده‌یه‌كدا ده‌فه‌رموێت (له‌ناو چونی هه‌موو جیهان به‌لای خواوه ئاسانتره له‌وه‌ی خوێنی كه‌سێكی مسوڵمان بڕێژیت).
له‌كۆتایدا داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كه‌پارێزگاری له‌ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه بكه‌ن كه‌گه‌لی كوردمان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستی هێناوه. پارێزگاری كردن له‌م ده‌ستكه‌وتانه و به‌ره‌وپێش بردنیان ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی هه‌موو لایه‌كه، هه‌روه‌ها گوێ پێنه‌دان و زیان گه‌یاندن پێیان مه‌ترسیه بۆ ئاینده‌یی هه‌مومان.
له‌به‌رئه‌وه داوا لهگهنجانو به‌رپرسان ده‌كه‌م كهگفتوگۆیهكی جدی و بنیاتنه‌ر ئه‌نجام بده‌ن، چونكه ته‌نها گفتوگۆ و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی شارستانیانه رێگه‌ی چاره‌سه‌ری گرفت و كێشه‌كانه، له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین‌و بگه‌ینه ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌خزمه‌ت به‌گه‌لی كوردمان ده‌كات له‌ئێستاو ئاینده‌دا.
داوا له‌خوای گه‌وره ده‌كه‌م كه‌گه‌لی كوردمان بپارێزێت له‌هه‌موو ناخۆشی و قه‌یران و به‌ڵایه‌ك و خۆشی و ئارامی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ گشت لایه‌ك و پشتیوانتان بێت بۆ گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی و گێڕانه‌وه‌ی سهربهرزیو كه‌رامه‌ت بۆ گه‌لی كوردمان له هه‌رێمی كوردستان.
السلام عليكم ورحمة الله وبركاتة
برای دڵسۆزتان
پڕۆفیسۆر دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی
23/2/2011 |