لەقورئانی پیرۆزدا ئایەتی زۆر هەیە كە رووداوی گرنگی لەخۆ گرتووە لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە نیگای تیادا وەستاندووە بۆ ماوەیەكی كاتی ئەمەش بەڵگەیەكی ڕوونو ئاشكرایە كە قورئان فەرموودەی خوای گەورەیە نەك پەیامبەرەكەی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) لەبەر ئەوەی ئەگەر قسەی پەیامبەر بوایە پێویستی بەو هەموو چاوەڕوانیو نارەحەتییە نەدەكرد چونكە چاوەڕوانی خۆی لەخۆیدا نارەحەتە بەڵام پەیوەست بێت بەكۆمەڵە رووداوێكی گرنگ ئەوا زیاتر نارەحەتو ناخۆش دەبێت بە تایبەتی تر ئەگەر ئەو چاوەڕوانییە لە لایەن پەیامبەری خۆشەویست بێت بەرامبەر هۆزەكەی بەڵكو بەرامبەر هەموو جیهان وەستابوو زۆر زیاترە. بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر ئەم بابەتە تەنها ئاماژە بە پێنج رووداو دەكەین انشاو الله:- 1- رووداوی گۆڕینی رووگە (قیبلە) لە بەیتولمەقدیس بۆ كەعبە كە فەرموودەی خوای گەورەی تیادا دابەزی لەسورەتی البقرە ئایەتی 144 (قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاء فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ وَحَيْثُ مَا كُنتُمْ فَوَلُّواْ وُجُوِهَكُمْ شَطْرَهُ). ئەوەی كە زۆر روونە لای هەمووان لەم فەرموودەدا ئەوەیە كە پەیامبەر(د.خ) بەدڵو بەگیان و شەوقەوە ئەم گۆڕینەی پێ خۆش بوو لەبەر ئەمەش بووە كە بەردەوام سەیری ئاسمانی كردووە چاوەڕوانی نیگاو فەرمانی خوای گەورەی دەكرد ئەو ماوەش ساڵو نیوێك درێژەی كێشا ئەگەر ئەم قورئانە لەلایەن پەیامبەرەوە نووسرابێت هیچ پێویستی بەم چاوەروانییە نەدەكرد لەكاتێكدا كارەكە واتا گۆڕینی قیبلە بۆ كەعبە خوازراو بووە لەلای هۆزەكەیو جێگەی شانازی باوباپیرانیان بووە. 2- رووداوی بوختان ( افك) كە ترسناكترین رووداو وناخۆشترینیانە نیگا دانەبەزی تاوەكو نزیكەی (40) رۆژ بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕی لە كاتێكدا ئەم رووداوە پەیوەندی بەناموسو شەرەفی پەیامبەرو ئەبوبەكری راستگۆوە بووە، وە تۆمەتباركردنی دایكی ئیمانداران بە پیسترین رووداو ئەویش كرداری زینایە ئەگەر ئەم قورئانە لەلایەن پەیامبەرەوە نووسراوبێت ئەم ئایەتانەی نەدەگوت كە پەیوەندی بەسومعەو كەسایەتی خۆیو خانەوادەكەیەوە هەیە وەك ئاشكرایە خوێندنی قورئان پاداشتی زۆرەو موسڵمانان بەردەوام دەیخوێننەوە ئیتر پەیامبەر ئایەتێك دەنووسێت موسڵمانانان بیخوێننەوەو پاداشتیان دەستكەوێت تاوەكو رۆژی دوای بیڵێنەوە! لەلایەكی ترەوە دوورووەكان بابەتەكەیان زۆر گەورە دەكرد سورەتی نور ئایەتی 11-26 بخوێنەوە پاشان بریاری خۆت بدە ئەگەر قورئان لەلایەن پەیامبەرەوە بووبێت بەم شێوەیە بریاری بێ تاوانی دوادەخات لەكاتێكدا خەڵكی خۆی دەدا بەكوشت لەسەر ناموس قسەهەڵبەستنی لەم جۆرە! 3- ئەوەی لە پەیامبەرەوە وەرگیراوە لەكاتێكدا پرسیاری لێكرا دەربارەی هاوەڵانی ئەشكەوتو ژی القرنین وە دەربارەی گیان (الروح) ئەویش لەوەڵامدا فەرمووی سبەینێ وەرنەوە وەڵامتان دەدەمەوە نەیفەرموو انشاو الله ئەگەر ویستی خوای لەسەر بێت ئەوە بوو نیگا بڕا لەپەیامبەری خۆشەویست وە قورەیشەكان پێیان دەگوت خوداكەی وازی لێ هێناوەو لێی توڕەیە پاشان خوای گەورە سورەتی (الضحى) ی دابەزاند بۆ وەڵام دانەوەیان وە لەئایەتی 23-24ی سورەتی كەهف دا پێی راگەیاند ویستی خوای گەورە لەبیر نەكا لە هیچ كارێكی تردا. 4- لە پاش دابەزینی فەرموودەی خوای گەورە لەسورەتی البقرە ئایەتی 284 (وَإِن تُبْدُواْ مَا فِي أَنفُسِكُمْ أَوْ تُخْفُوهُ يُحَاسِبْكُم بِه اللّهُ) هاوەڵان زۆر دڵگرانو ناڕەحەت بوون لەبەر ئەوەی وا لە ئایەتەكە وا تێگەیشتبوون كە خوای گەورە لەسەر شتە نهێنیو شاراوەكانیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكات پاشان چوونە خزمەتی خۆشەویستو پێیان گوت جێبەجێ كردنی ئەم ئایەتە لەتوانای ئێمەدا نییە؟ پەیامبەر فەرمووی ئێوە ئەتانەوێ وەكو خاوەنی دوو پەرتووكەكەی پێشوو بڵێم گوێ دەگرینو جێبەجێی ناكەین بەڵكو بڵێین گوێمان لێ بوو لەهەمان كاتیش ملكەچی فەرمانی تۆین ئەی پەروەردگار لەسەر ئەم وتنەوەیە بەردەوام بوونو داوایان لەپەروەردگار دەكرد تاوەكو ئایەتی كۆتای سورەتی البقرە دابەزی (لا یكلف الله نفساً إلا وسعها) بەم شێوەیە دڵو گیانیان ئاسوودە بوو ئێستا بەچاوی خۆت دەبینیت پەیامبەر هیچ روونكردنەوەو بەڵێنێكی نەدەدا تاوەكو كاتی نیگا واتا ئەگەر ئەم قورئانە لەلایەن پەیامبەرەوە نووسرابێت پێویستی بەم دواخستنە نەدەكرد لەكاتێكدا خاوەنی پرسیارەكە هەمووی هاوەڵی خۆی بوون ئەویش پەیامبەری ئەوان بوو وە هیچ قازانجیش لە دروستكردنی دڵەراوكێو بێ تاقەت كردنی اوەڵانیدا نییە. 5- روودوای مردنی گەورەی دوو رووەكان (عبدالله كوری ئوبەی) بوو كە پەیامبەر هەڵسا بە كفن كردنی بەجلەكانییەوە لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێ خۆشبوونی بۆ بكات بەڵام پێشەوا (عومەری كوڕی خەتاب) (ر.خ) بەپەیامبەری فەرموو داوای لێخۆشبوونو نوێژی لەسەر دەكەی لەكاتێكدا خوا فەرمانی نەكردنی كردووە پەیامبەر (درودی خوای لەسەر بێت) فەرمووی خوای گەورە سەرپشكی كردووم تەماشای سورەتی التوبە بكە ئایەتی 80 [اسْتَغْفِرْ لَهُمْ أَوْ لاَ تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ إِن تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ سَبْعِينَ مَرَّةً فَلَن يَغْفِرَ اللّهُ لَهُمْ]. سأزيدة على السبعين: واتا زیاتر لەحەفتا جار داوای لێ خۆشبوونی بۆ دەكەم پاشان نوێژی لەسەر كرد لەم كاتەدا خوای گەورە ئایەتی 84 لەسورەتی التوبەی دابەزاند [وَلاَ تُصَلِّ عَلَى أَحَدٍ مِّنْهُم مَّاتَ أَبَداً وَلاَ تَقُمْ عَلَىَ قَبْرِهِ] پاشان وازی لە نوێژكردنەكە هێنا دەتوانی ئەم گێڕانەوەیە لە هەردوو پەرتووكی فەرموودە راستەكانی (مسلم و بخاری) بخوێنیتەوە ئایە ئەمە ژیریە بڵێن قورئان قسەی پەیامبەرە لەگەڵ ئەوەدا دەبینین تێگەیشتنی پەیامبەر لەئایەتی یەكەمدا پێچەوانەی پێەوا عومەر بوو وە ئایەتی دووەم پشتگیری تێگەیشتنەكەی پێشەوا عومەر دەكات ئەگەر ئەو قرئانە قسەی پەیامبەر بێت خۆی زیاتر لەماناو واتاكانی تێدەگات نەك كەسانی تر وە شتێك ناڵێك پێچەوانەی بۆچوونەكانی خۆی بێت. لەكۆتاییدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە لەم پێنج رووداوەدا نیگا لەپاش چاوەڕوانییەكی زۆر دابەزیووە بەو هۆكارانەی كە روونمانكردەوە لە هەمان كاتیشدا موعجیزەیەكی ئاشكرایە كە قورئان لە لایەن پەروەردگارەوەیە نەك خودی پەیامبەر (درودی خوای لەسەر بێت) . سەرچاوە/ وەرگیراوە بەدەستكارییەوە لە پەرتووكی (مناهل العرفان فی علوم القرێن) هی زانای رێزدار مامۆستا (محمد عبدالعظیم الزرقانی) رحمە الله علیە. |