دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین ـ گه‌رمیان:
سه‌ر له ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه به‌رواری 14/3/2011 شاندێكی باڵای ئیداره‌ی گه‌رمیانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان سه‌ڵاحه‌دین موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و شێخ عبدالله قائیمقامی مه‌ركه‌زی گه‌رمیان و، حاكم هه‌ڤاڵ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی گه‌رمیان، سه‌ردانی باره‌گای لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، به گه‌رمی له‌لایه‌ن به‌رپرس و كارگێڕانی لقه‌وه پێشوازییان لێكرا.
له دانیشتنێكدا به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و به‌رپرسی لق، دوای به‌خێرهێنان، هاتنی شاندی ئیداره‌ی گه‌رمیانی بهرزنرخاندو، به‌كورتی تیشكی خسته سه‌ر كاروچاڵاكییه‌كانی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایان، به‌تایبه‌تی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی زانایان به‌گشتی و لقی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی، له هێوركردنه‌وه‌ی باری ئارامی و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.
دواتر له میانه‌ی وته‌كانیدا لێپرسراوی لق پشتیوانی زانایانی ئاینی و لقی گه‌رمیانی بۆئیداره‌ی خۆماڵی كوردی ده‌ربڕی و، پێویستبوونی گوێگرتن له خه‌ڵكیشی له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه جه‌خت لێ كرده‌وه.
پاشان به‌ڕێز سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له به‌رامبه‌ردا سوپاسی زانایانی ئاینی كرد له سنوره‌كه‌دا و، هه‌وڵ و ماندوبون و كۆششی زانایانی ئاینی به‌رز نرخاند‌و، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه زانایانی ئاینی له ناوكۆمهڵانی خه‌ڵكدا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه داوای له لق و زانایانی ئاینی كرد هاوكاری‌و یارمه‌تیده‌ریان بن بۆ باشتركردنی كاره‌كانیان له سنوره‌كه‌دا.
دواتریش كۆبونه‌وه‌كه به سه‌رنج و به‌شداری و پێشنیاره‌كان زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كرا‌و، له لایه‌ن هه‌ردو لاوه به ڵێنی هاوكاری هه‌ماهه‌نگی زیاتر درا له پێناو گه‌یاندنی خزمه‌تی زیاتر‌و باشتر به دانشتوانی سنوره‌كه.
|