شه‌رعیه‌تی مه‌ولوود!

یه‌كێ‌ له‌و نه‌ریته‌ جوانانه‌ی هه‌ر له‌ زوه‌وه‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری پێی ناسراوه‌ به‌پیرۆزراگرتنی یادی له‌دایك بونی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ (درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ربێت) ته‌نانه‌ت پێشه‌نگی گه‌لانی تریش بوه‌ له‌ زیندوكردنه‌وه‌ی دا
 
من له‌م چه‌ند دێره‌دا نامه‌وێ‌ گفتوگۆ و لێكدانه‌وه‌ی زانایان بخه‌مه‌ ڕوو له‌باره‌ی دروست و نادروستی یادكردنه‌وه‌ی مه‌ولود، چونكی هه‌رخۆی یه‌كلانه‌بونه‌وه‌ و جیاوازی بون له‌م بابه‌ته‌ حیكمه‌ت و دیدگای تایبه‌تی هه‌یه‌ و پێویست ده‌كات به‌باشی لێی ڕامێنین. من ده‌مه‌وێ‌ له‌چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێكیان بده‌م: 1_ بۆ رێزگرتن و به‌رز ڕاگرتنی گه‌وره‌یی مرۆڤ له‌م ژیانه‌دا و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی لایه‌نی ژیریی وعه‌قلی، خوای گه‌وره‌ ویستویه‌تی زۆرێك له‌وبابه‌تگه‌لانه‌ی دێنه‌ پێش مرۆڤ به‌ئیجتهادو عه‌قلی خۆی ئه‌سپی خۆی تیادا تاو بدات و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی و ئه‌وحاڵ و زروفه‌ی تێیدایه‌ له‌ژێر ڕۆشنایی (ده‌ق و تێكسته‌ قورئانی و فه‌رمووده‌ییه‌كان) حوكمیان بۆ دیاری بكات. 2_ ئه‌م ئایینه‌ نه‌هاتوه‌ تا پیرۆزی و قودسیه‌ت بكا به‌ باڵای كه‌سێك. یا له‌دایك بوون و ڕووداو و مێژووی بنه‌ماڵه‌ و تیرێك ببێته‌ چه‌قی پێشكه‌وتن و بیركردنه‌وی هه‌موو مرۆڤه‌كان و ئیدی ئاین هه‌موی له‌بنه‌ماڵه‌و كه‌سێك یا ڕه‌نگێك كۆ بكرێته‌وه‌. دواتریش ئایین له‌قاڵبی خوابونه‌وه‌ ده‌رچێت و دین بۆ به‌پیرۆز راگرتنی بنه‌ماڵه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕێڕه‌و بگرێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد  ته‌قدیری خوا وابێ‌. پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای له‌سه‌ربێت) هه‌موو مه‌رگی منداڵه‌كانی له‌ته‌مه‌نی موباره‌كی خۆی بینی. ئه‌وا به‌مانه‌وه‌ی نه‌وه‌ به‌رێزه‌كانی گروپێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی ئیسلامی بۆ مه‌رامی سیاسی ومه‌زهه‌بیان ئوممه‌تی ئیسلامیان توشی چه‌نده‌ها ده‌ردی گه‌وره‌ی پرله‌ئێش و ئازار كرد
 
 
ئه‌ی گه‌ر كوره‌كانی له‌دوای خۆی له‌ژیان بوان ئه‌بێ‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل كرابوایه‌؟؟ 3_ هه‌ر كه‌ ته‌ماشای چیرۆك و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت) ده‌كه‌یت له‌قورئانی پیرۆزدا. بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ویستویه‌تی بنه‌ما گرنگه‌كان و ڕه‌هه‌نده‌ پێویسته‌كانی ژیانیان ئاشكرا بكات نه‌وه‌ك سه‌راپای باسه‌كه‌ . ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ كه‌شوێن وكات و كه‌سه‌كان له‌ قورئان ئه‌مه‌نده‌ گرنگ نین به‌قه‌د گرنگی ئه‌و په‌یامه‌ی خوای گه‌وره‌ ویستویه‌تی بیگه‌یه‌نێت به‌به‌نده‌كانی.  بۆیه‌ش پێغه‌مبه‌ری خوا كه‌ی له‌دایك بوو؟ چۆن له‌دایك بوو؟ له‌كوێ‌ له‌دایك بوو؟ گرنگ نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی موباره‌كی هه‌مووی خێرو ره‌حمه‌ت بوه‌ وپێویست ده‌كات ئێمه‌ شوێنكه‌وتن وگوێڕایه‌ڵی بكه‌ینه‌ هه‌وێنی خۆشه‌ویستی وزیندووكردنه‌وه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێ‌ (قل إنْ كنتم تحبون الله فاتبعونی یحببكم الله). پێویست ده‌كات جه‌وهه‌روكاكڵی ئیسلام بكه‌ینه‌ هێلی ڕاسته‌قینه‌ی موسوڵمان بونمان نه‌وه‌ك هه‌ندێ‌ عاداته‌و داب ونه‌ریتی شكلی بێ‌ ناوه‌ڕۆك.  4_ چونكه‌ ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو ته‌نانه‌ت شیكردنه‌وه‌و به‌عه‌مه‌لی كردنی ده‌قه‌كان ده‌كات. بۆیه‌ش ئاینه‌كانیش توشی جۆرێك له‌قۆرخ بون له‌لایه‌ن ده‌سته‌و تاقمێكی دیاری كراو بۆته‌وه‌. دیارترین نمونه‌ش جوله‌كه‌كانن كه‌ كاریان بۆ خۆ ده‌وله‌مه‌ندكردن وقۆرخكردنی ئاین وده‌قه‌كان كردوه‌ بۆ مه‌به‌ست ومه‌رامه‌كانیان (إشتروا بێ‌یات الله پمنا قلیلا). ئیسلامیش كه‌هات یه‌كێ‌ له‌ ئامانجه‌كانی (جئنا لنخرج الناس من جور الادیان إلی عدل الإسلام). بۆیه‌ش به‌فه‌رزنه‌كردنی یادی له‌دایك بونیش خۆی بۆبه‌كارنه‌هێنانیه‌تی له‌لایه‌ن گروپ وده‌سته‌وتاقمێك بۆهه‌مان مه‌به‌ست. كه‌به‌داخه‌وه‌ زۆر جار به‌شێك له‌ده‌سه‌لات دارانی ئیمرۆ ودوێنێش له‌پای مامه‌ڵه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌و سته‌م نه‌كردن به‌پیرۆز راگرتنی مه‌ولودیان كردۆته‌ هۆكاری خۆل له‌چاوكردنی خه‌ڵك وپه‌رده‌پۆشكردنی كاره‌ ناڕه‌واكانیان. 5_ پێغه‌مبه‌ری خوا پێویستی به‌یاد كردنه‌وه‌ نیه‌ (له‌بیریش نه‌كراوه‌ تا یادی بكرێته‌وه‌). به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ئێمه‌ین گه‌ره‌كمانه‌ وپێویستیمانه‌ به‌باشی و به‌چاكی پێغه‌مبه‌ری خوا بناسین وشوێن پێی ڕێبازو په‌یامه‌كه‌ی كه‌وین
 
 
خۆمان له‌سه‌رگه‌ردانی وێڵی ڕزگاركه‌ین وجارێكی تربه‌ زیندوكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشت وئاكاره‌كانی له‌دایك ببینه‌وه‌. خوای گه‌وره‌ سوێندی به‌ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ری خوا(درودی خوای لێ‌ بێ‌) خواردوه‌ چونكه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی مرۆڤی له‌كۆیله‌یی وهه‌ژاری ونه‌داری و زینده‌به‌چاڵ كردن ڕزگاركرد. بۆیه‌ش ناكرێ‌ موسوڵمان به‌ته‌نها یه‌ك ڕۆژ وله‌یه‌ك سات پێغه‌مبه‌ری خوای له‌یاد بێت دواتر له‌بیری بكات . له‌كۆتای خوازیارین هه‌موو ئه‌وانه‌ی باس له‌دروستی و نادروستی ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ڕێز وپایه‌وئاكاری پێغه‌مبه‌ری خوا له‌یاد نه‌كه‌ن وبه‌وپه‌ری حیكمه‌ت و لێزانی وحیوارو گفتوگۆی جوان بابه‌ته‌كه‌ شی كه‌نه‌وه‌ نه‌وك به‌ جوێن وتانه‌وته‌شه‌رو ده‌چون له‌ ئادابی قسه‌كردن. چونكه‌ هه‌مومان پێغه‌مبه‌ری خوامان خۆش ده‌وێت و گفتوگۆكانیشمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌ت به‌په‌یامی ئه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ره‌ ئازیزه‌كه‌ین.