وشه‌ی (مه‌لا)‌و كاری بانگخواز!

له‌ دیرۆكی زانستی‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری‌و هونه‌ری كوردیدا، ره‌نگه‌ هیچ وشه‌یه‌ك به‌قه‌د وشه‌ی (مه‌لا) له‌ناو رسته‌ به‌كار نه‌هاتبێ‌‌و، كه‌سیش نیه‌ نه‌زانێ‌ ئه‌م وشه‌یه‌ چه‌نده‌ به‌هاداره‌‌و چه‌نده‌ش مانا به‌خشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ناوه‌یان هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ هێمایه‌ بۆ گرنگی‌و پێگه‌ی ئه‌و چه‌مكه‌ له‌ هزری تاكی كورد دا.

 

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌لا كه‌سێكی ساده‌‌و خاكی‌و ئاشتیخوازو دیندارو زانست دۆست‌و خه‌مخۆر بووه‌، وه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كانی له‌ خزمه‌تی شا رێگه‌ی ئیسلام‌و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌و په‌روه‌رده‌ كردنی رۆڵه‌كان كورت هه‌ڵێناوه‌‌و، قه‌ت نه‌یویستووه‌ رێگه‌یه‌ك بگرێته‌ به‌ر، كه‌ خزمه‌تی دین‌و ژینی میلله‌ت نه‌كات.

 

هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ی ریزی نوێژخوێنان ده‌وه‌ستێ‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی چۆته‌ سه‌ر مینبه‌رو وتارو ئامۆژگاری پێشكه‌ش كردووه‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی به‌كارێكی خێرو سوڵحێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵساوه‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌ مه‌ترسی دیارده‌‌و كارو هه‌نگاوه‌ نادروسته‌كان بێدار كردۆته‌وه‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی پێشڕه‌وی له‌ زۆرێك له‌شۆڕش‌و شیعرو ئه‌ده‌ب‌و زانست پێ بڕاوه‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ریزی هه‌ژارو نه‌دارو لێقه‌وما‌و و گه‌نج‌و پیره‌وه‌ وه‌ستاوه‌ (مه‌لا) بووه‌، ئه‌وه‌ی كاری بانگه‌وازیشی كردووه‌ هه‌ر (مه‌لا) بووه‌.

 

 

كه‌واته‌ وشه‌ی (مه‌لا) وشه‌یه‌كی گشتگیرو مانادارو پڕ بایه‌خه‌، له‌هه‌مان كات ئه‌وه‌ی ئه‌و نازناوه‌ش هه‌ڵده‌گرێ‌، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانێ‌ كه‌ پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی پێ‌ بڕاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌میشه‌ رێزو قه‌دری (مه‌لا) له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ بووه‌.

 

 

به‌ڵام جێی رامانه‌، كه‌سانێك هه‌بن پێیان وابێ‌، وشه‌ی بانگخواز له‌ وشه‌ی (مه‌لا) له‌پێشتره‌! راسته‌ هه‌ردوو چه‌مك دوانه‌ی یه‌كترن، به‌ڵام وشه‌ی (مه‌لا) گشتگیر تره‌، له‌ وشه‌ی (بانگخواز) ئه‌وه‌ی مه‌لا بێت بانگخوازه‌، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بێت.

 

 

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵگرانی ئه‌و نازناوه‌، بایه‌خی پتر بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی مانا‌و مه‌دلوولاتی ئه‌و چه‌مكه‌ بده‌ن‌و به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌نتیقیانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، چونكه‌ (مه‌لا) كه‌سایه‌تیه‌كی جێده‌ست دیاری نێو كۆڕی كورده‌واری بواری زانست‌و مه‌عریفه‌ بووه‌، له‌هه‌مان كات ناوه‌رۆكی ئه‌و نازناوه‌شه‌ كه‌سێتی كه‌سی (مه‌لا) دیار ده‌كات‌و هه‌میشه‌ له‌ناو دڵی جه‌ماوه‌رو لای خوا سه‌نگین ده‌مێنێته‌وه‌.

 

 

بانگخواز مه‌ودایه‌كه‌ی كه‌متره‌ له‌ مه‌ودای (مه‌لا) چونكه‌ شاره‌زایی‌و شه‌رعزانی‌و قه‌سه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ بابه‌ت، پێویستی به‌ كه‌سێتی (مه‌لا) هه‌یه‌ نه‌ك بانگخواز..!!