چی دیكه‌ مامۆستایانی ئایینی قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كتری ناكه‌ن


دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی وتاری هه‌ینی خوێندرایه‌وه‌‌و، نوێژی به‌ كۆمه‌ڵ ئه‌نجام درا، هه‌ندێك مامۆستای ئایینی ئه‌و نوێژه‌یان به‌ دروست زانی‌و، پێیان وابوو هیچ كه‌م‌و كوری تێدا نییه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێكی دیكه‌ پێیان وابوو، ئه‌م نوێژه‌ له‌ رووی شه‌رعییه‌وه‌ كه‌م‌و كوری تێدایه‌‌و، قه‌ت نوێژی به‌ر ده‌ركی سه‌را له‌گه‌ڵ نوێژی مزگه‌وت به‌راورد ناكرێت‌و، خێری ئه‌وی نییه‌.

ئه‌و گووتنانه‌ له‌ كۆتاییدا حزبه‌كان كردیانه‌ كارتێكی سیاسی‌و، هه‌ر یه‌كه‌‌و ده‌یه‌ویست بۆخۆی سوودی لێ‌ ببینێت، تا ئه‌وه‌ بوو له‌ دوا نووسیندا مامۆستا مه‌لا مه‌لحه‌م محه‌مه‌د ساڵح به‌ نووسینێك ره‌خنه‌ی له‌و نوێژه‌‌و وتاری هه‌ینی گرت‌و، مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سرولڵاش وه‌ڵامی دایه‌وه‌، تا خه‌ریك بوو بگاته‌ راده‌ی قسه‌پێكگووتن.

به‌ڵام له‌ كۆتاییدا یه‌كێتی زانایان داوای له‌ هه‌ردوولا‌و ته‌واوی زانایانی ئایینی كرد، رووی قسه‌ی زبر‌و قه‌له‌میان بۆ یه‌ك نه‌بێت، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ردوولا پێشنیازه‌كه‌یان قبوڵ كرد‌و، مامۆستا مه‌لا مه‌لحه‌م دیفاع له‌ مه‌فهومی بابه‌ته‌كه‌ی ده‌كات، كه‌ ناكرێ‌ نوێژی به‌رده‌ركی سه‌را به‌ باشتر دابندرێت له‌ نوێژی مزگه‌وت، ئه‌گه‌ر قسه‌ی لێ‌ نه‌كه‌ین دیاره‌ ئێمه‌ش به‌و قسه‌یه‌ رازین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مامۆستا محه‌مه‌د نه‌سروڵا دڵی زویر بووه‌ به‌ قسه‌كانی من‌و، پێى وابووه‌ قسه‌ی ره‌ق بوونه‌، یان هه‌ر شتێكی شه‌خسیم ده‌رهه‌قی مامۆستا گووت بێت داوای لێبووردنی لێده‌كه‌م، به‌ڵام وه‌كو ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌‌و، تێبینی‌و سه‌رنجم له‌سه‌ر وتار‌و نوێژی به‌رده‌ركی سه‌را ئه‌وه‌ دیفاع له‌ بیرۆكه‌ی خۆم ده‌كه‌م.

لێره‌دا یه‌كێتی زانایان سوپاسی هه‌ردوولا ده‌كات بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان، كه‌زمانی زبر دابخرێت‌و، یه‌كریزی زانایانی ئایینی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان بپارێزن، هه‌روه‌ها سوپاسی مامۆستا مه‌لا موسلیم مه‌لا ساڵحیش ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ماندوبوونی زۆری له‌و نێوه‌نده‌دا. داواش له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات قسه‌كانی مامۆستایانی ئایینی وه‌ك كارتی سیاسی به‌كار نه‌هێنن.