هه‌ژده‌ هاولاَتی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگری ڤایرۆسی كه‌می به‌رگری له‌ش و ئایدزن

له‌ڕاگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوائاماری هه‌ڵگرانی ڤایرۆسی كه‌می به‌رگری له‌ش و ئایدز له‌هه‌رێمی كوردستان بلاَوده‌كاته‌وه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێن تا ئێستا (3) هاولاَتی گیانی له‌ده‌ست داوه‌.


هه‌ربه‌پێی ئه‌و ئاماره‌ له‌ساڵی 1986 تاوه‌كو 1991 (2) حاله‌ت تۆماركرابوون، ئه‌وانیش (1) هاولاَتی كورد و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش بیانی بووه‌ به‌ڵام له‌ئێستادا (89) حاله‌ت تۆماركراوه‌ كه‌(18) یان له‌ناوهه‌رێمی كوردستانن (71) ی تریش بیانی بوونه‌ دوای پشكنین و به‌دواداچوون ره‌وانه‌ی وولاَتانی خۆیان كراونه‌ته‌وه‌.


ڕاشیگه‌یاند: 3 هاولاَتی له‌ساڵه‌كانی 2007 و 2009 و2010دا گیانی له‌ده‌ست داوه‌.


له‌پێناوبه‌هێزكردنی رێوشوێنه‌كانی پێشگیری له‌نه‌خۆشی ئایدز، جگه‌له‌ پرۆگرامی نیشتمانی به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هاوكاری پسپۆرێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری خۆپارێزی له‌نه‌خۆشی ئه‌یدز پرۆگرامێكی تایبه‌ت جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌تیایدا ئه‌نجومه‌نی بالاَ و لێژنه‌ی تایبه‌ت له‌پارێزگاكان دروستكراوه‌ و كار ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین خولی ووشیاركردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی له‌هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری زیاتر بۆهاولاَتیان و به‌شداری پێكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌لی مه‌ده‌نی له‌وپرۆگرامه‌دا.