مرۆڤ ئه‌و بونه‌وه‌ره به‌نرخه‌یه كه سه‌نگی زۆری لای خوای په‌روه‌ردگار هه‌یه‌و هه‌موو ههڵسو كهوتو بیر‌و باوه‌ڕو بڕیاره‌كانیشی جێگای ڕێزه، به‌ڵام ئه‌ندازه‌ی ئه‌م ڕێزه په‌یوه‌سته به خودی مرۆڤه‌كان خۆیانه‌وه‌و هه‌ر تاكێك له ئاست كه‌سایه‌تی و سه‌نگی خۆیدا به‌رپرسی یه‌كه‌مه، بۆیه مرۆڤ چه‌نده بیر‌و باوه‌ڕو بڕیاره‌كانی جوان و له جێدابنو مه‌بده‌ئی له‌سه‌ر حه‌ق و ڕاستی نه‌گۆڕ بێت، ئه‌وه‌نده‌ش جێگای متمانه و خۆشه‌ویستییه لای خوا‌و لای خه‌ڵكی، هه‌ر بۆیه ده‌بێت ئاده‌می هه‌میشه پابه‌ند بێت به‌و مه‌بده‌ئه‌ی كه له سه‌ریه‌تی و قه‌ناعه‌تی پێیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی سهربهزو شكۆمه‌ند بێت و هه‌ست و ویژدان و ئه‌ندێشه‌ی نه‌كه‌وێته ژێر پرسیارگه‌لێكه‌وه كه سه‌ره‌نجام له وه‌ڵامیدا ئیحراج و ده‌سته‌وه‌ستان ببێت. ئێمه لێره‌دا گوزه‌رێك ده‌كه‌ین به‌نێو چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی ژیانی پڕ له سه‌روه‌ری زانا و كه‌ڵه‌پیاوی پایه بڵند (مه‌وله‌وی تاوگۆزی)، تاكو بزانین تا چه‌ند ئه‌م پیاوه مه‌بده‌ئـ پارێز و به هه‌ڵوێست بووه. چونكه (مه‌وله‌وی) سه‌ره‌ڕای بواری شیعر و ئه‌ده‌ب، زانایه‌كی مه‌زن و فه‌قیهێكی بلیمه‌ت بووه، مه‌لایه‌كی كه‌م وێنه‌و صۆفیهكی عاریف و دڵ پڕ له ئه‌وین بووه، قاڵبووی نێو زانستی ئایینی و ده‌قه شه‌رعییه‌كان بووه، حه‌ق بێژ‌و نه‌ترس بووه، قه‌ت سڵی له ده‌ربڕینی ڕاستیدا نه‌كردووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌توانین بڵێین هه‌ڵوێسته‌كانی زاده‌و هه‌ڵقوڵاوی نێو شه‌رعی خوابووهو باكگراوندێكی ئایینی‌یان له پشته‌وه هه‌بووه. سه‌ره‌تاش پێم باشه بۆ چڕكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی باسه‌كه‌مان بچینه خزمه‌ت چه‌ند هه‌ڵوێستێكی بوێرانه‌ی (مه‌وله‌وی)، نه‌ك له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانێكی ئاسایی و ساده، به‌ڵكو له به‌رامبه‌ر میر وپادشاكانی سه‌رده‌می خۆیدا، كه ڕه‌نگه ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئه‌م هه‌یبووه و ئه‌و قسانه‌ی ئه‌م كردوونی ـ ته‌نانه‌ت له پاشمهلهو به نهێنیش ـ به ده‌گمه‌ن وترابێت و دهربڕرابێت، به‌ڵام (مه‌وله‌وی) زۆر ڕاشكاوانه و ژیرانه ئه‌وه‌ی له ناخیدا هه‌بووه حه‌شاری نه‌داوه و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه. دواتریش دێینه سه‌ر شاهیدی پیاوانی (مه‌وله‌وی)ناس و توێژه‌رانی ژیانی، تاوه‌كو زیاتر بلیمه‌تی و چاونه‌ترسی ئه‌م زاته مه‌زنه‌مان بۆ ده‌ربكه‌وێت. له خزمه‌ت چه‌ند هه‌ڵوێستێكدا: ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی (مه‌وله‌وی) كه لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه ڕوو، له‌به‌رده‌م ئاغا و كوێخا و ده‌ره‌به‌گ و میره‌كاندا ده‌ری بڕیوه، كه بێگومان له به‌ره‌و ڕو وه‌ستانی ئه‌م كه‌سانه‌دا بوێری و خۆنه‌ویستی زۆری ده‌وێت. 1ـ جارێكیان میرزا (عبدالقادر) ئه‌چێت بۆ سه‌ردانی (مه‌وله‌وی)، سه‌یر ئه‌كا ماڵه‌كه‌ی (مه‌وله‌وی) په‌رش وبڵاو وچۆڵه، و كهلو په‌لێكی ئه‌وتۆی تێدا نییه، پێی ئه‌ڵێ: یانه‌ی چۆڵ و هۆڵ، كولینه و تووتا واته: ماڵی چۆڵ و هۆڵ، كولانه‌ی سه‌گان. به‌ڵام (مه‌وله‌وی) ناهێڵێ نیوه دێڕه‌كه‌ی تری ته‌واو بكات و خێرا له ده‌می وه‌رده‌گرێت، و به‌م چه‌شنه دێڕه شیعره‌كه ته‌واو ده‌كات: چون جاری جاران، یانه‌كه‌و وێتا. واته: وه‌ك جاری جاران و ماڵه‌كه‌ی خۆتان . 2ـ یه‌كێك له پادشاكانی هه‌ڵه‌بجه عابا كۆنێكی خۆی ئه‌نێرێ بۆ (مه‌وله‌وی)، ئه‌میش كه سه‌یر ئه‌كات ئه‌بینێ هه‌مووی ڕزیو و كون كونه، كه باران ئه‌بارێ هه‌موو جله‌كانی تهڕهبێ و ئه‌بێ به ئاو، به‌و بۆنه‌یه‌وه ئه‌ڵێ: بێ فه‌ڕ هه‌ی عابا خوێگ ته‌ڕی خۆ ووشك ونجڕ ونجڕبی وه دیانی مشك . 3ـ ده‌سه‌ڵاتدارێكی وه‌ك (میرزای قاجار) كه (مه‌وله‌وی) زۆر خۆشویستووه، داوای له (مه‌وله‌وی) كردووه بچێته لای، تاكو خزمه‌تێكی زۆری بكات، به‌ڵام (مه‌وله‌وی) به‌گوێی نه‌كردووه و نه‌یویستووه بچێته پاڵ ئه‌و بێگانه‌یه، ئه‌گه‌رچی له زێڕیشی بگرێت. هه‌روه‌ها (مه‌وله‌وی) له ئاستی ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا نهفسهیتی به‌رز بووه، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی (محمود پاشای جاف) پله‌ی پادشایه‌تی له (ئه‌سته‌مبول)ه‌وه بۆ دێ، ڕۆژێك (مه‌وله‌وی) دڵی لێی ئهئێشێت و نامه‌یه‌كی بۆ ئه‌نێرێت، تیایدا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر تۆ به‌وه‌وه ئه‌نازی كه له (محمود به‌گ)ه‌وه بوویت به (محمود پاشا)، منیش به‌وه ئه‌نازم كه (مه‌وله‌وی) بووم ئێستاش هه‌ر (مه‌وله‌ویم) . 4ـ جارێكیان (غولام شا خان)ی والی (سنه) كه (شیعه) ئه‌بێت له (مه‌وله‌وی) ئه‌پرسێت، وئه‌ڵێ: كه‌ی ڕه‌وابوو له‌گه‌ڵ بوونی (ئه‌میرولموئمنین)دا كه نزیكترین خزمی پێغه‌مبه‌ره "درودی خوای له‌سه‌ر" چۆن بێگانهیهكیان كرد به جێنشینی پێغه‌مبه‌ر ؟ (مه‌وله‌وی)ش كه سه‌رنج ده‌دات وه‌زیره‌كه‌ی (غولام شا) بێگانه‌یه، كه‌چی قلیان تێكهرهكهی مامی خۆیه‌تی! ئه‌ڵێ جه‌نابی والی له‌به‌ر خاتری ڕیشی سپی مامت پرسیاری وا مه‌كه . واته: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی (ئه‌میرولموئمینین) به ناڕه‌وا ده‌زانی، ئه‌مه‌ی خۆیشت به ناڕه‌وا بزانه، كه‌واته ڕه‌خنه له‌وانیش مه‌گره. 5ـ جوتیارێك سكاڵای خۆی له‌لای (ئه‌حمه‌د پاشای بابان) ئه‌كات، و ئه‌ڵێ: زه‌وییه‌كی بهراوم هه‌یه ئه‌مساڵ یه‌كێك له پیاوه‌كانی تۆ لێی داگیر كردووم و ئه‌شڵێ ئه‌بێ بۆیشم بكێڵیت و بیكه‌م به ته‌ڕه‌كاڵ بۆ پاشا، (مه‌وله‌وی) له كابرا توڕه ئه‌بێ و ئه‌ڵێ: بێ عه‌قڵ ئه‌ی تۆ نه‌تبیستووه دنیا مه‌زره‌عه‌ی ئاخیره‌ته؟! ئێستا ئه‌گه‌ر پاشا به جوتی بێگاری زه‌وی داگیر كرا‌و نه‌كێڵێ و نه‌یكا به ته‌ڕه‌كاڵ بۆ دیوه‌خان، ئیتر دنیای چۆن ئه‌بێ به مه‌زره‌عه‌ی قیامه‌تی! پاشا له‌م قسه‌یه‌ی (مه‌وله‌وی) شه‌رمه‌زار ئه‌بێ و فه‌رمان ئه‌دا زه‌وییه‌كه بده‌نه‌وه به كابرا . 6ـ جارێكیان (محمد پاشای جاف) له گه‌رمیان نه‌خۆش ئه‌بێ، مه‌وله‌وی ئه‌چێ بۆ لای بۆ هه‌واڵ پرسی، پاشا به مه‌وله‌وی ئه‌ڵێ دوعایه‌كی خیرم بۆ بكه و ئامۆژگارییهكیشم بكه مه‌وله‌ویش ئه‌ڵێ: بۆ دوعاكه درێغی ناكه‌م، ئامۆژگارییهكهشم ئه‌وه‌یه تۆ خاوه‌نی دوو شتیت: ماڵی دنیا و ئیمان، ماڵه‌كه‌ت هێشتا خۆت ساغی (محمود به‌گ) و ( عوسمان به‌گ) ومناڵهكانیتر دابه‌شیان كردووه له‌نێوان خۆیانا، ئیمانیشت شه‌یتان خۆی بۆ مه‌ڵاس داوه، ماڵه‌كه‌ت هه‌رچی لێدێ قه‌یدی نییه، چونكه ماڵی باوك هه‌ر بۆ ئه‌ولاده، به‌ڵام دهخیلتبم ئاگات له ئیمانتبێ شه‌یتان به تاڵان نه‌یبا . 7ـ جارێك (مه‌وله‌وی) ڕووبه‌ڕووی چه‌ند كه‌سێك ده‌بێته‌وه كه قوتابی و مامۆستای قوتابخانه‌ن، و ده‌یانه‌وێت ئازاری دڵی بده‌ن و ئاستی زانستی تاقی بكه‌نه‌وه، كه‌سێك ده‌نێرن ڕێگه به (مه‌وله‌وی) بگرێت، و پرسیاری لێ ده‌كات، كه ئاخۆ ئه‌م ڕسته‌یه چۆن شیته‌ڵ (ئیعراب) ده‌كرێت: (یاأحمق الحمار). كه به كوردی واته: ئه‌ی نه‌فامی گه‌مژه. مهولهیش به‌م شێوازه زۆر ئازایانه و زانستییانه وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه: (یا) حه‌رفی نیدا، (ئه‌حمه‌د) تهرخیمه مونادای موفره‌د مه‌عریفه‌ی میمه (قی) فیعل و فاعیل بۆچ وا مه‌جهوله مه‌كته‌ب لی و حیمار هه‌ردووك مه‌فعوله (حیمار) به هه‌رحاڵ ئه‌م ساڵه‌و ساڵه به‌ڵام مه‌كته‌ب لی دایم به فاڵه. (مه‌وله‌وی) به‌م وه‌ڵامه به‌پێزه‌ی بێ ده‌نگ و زمان بڕاویان ده‌كات، و ئه‌وانیش نا‌وێرن جارێكی‌تر بێنه‌وه ڕێگه‌ی . 8ـ (مه‌وله‌وی) ئه‌چێ بۆ لای سه‌ید (فه‌ره‌ج) سه‌رگه‌وره‌ی سه‌یده‌كانی به‌رزنجه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌جه‌ره‌ی سهیدییهكهی بۆ مۆر بكات، سه‌ید (فه‌ره‌ج) ئه‌یه‌وێ مه‌وله‌وی توڕه بكات، و ئه‌ڵێ: حاشا ئێوه سه‌ید نین! مه‌وله‌ویش ئه‌ڵێ: فه‌ره‌ج ... فه‌ره‌ج... ئه‌گه‌ر به شه‌رع ئه‌یكه‌ی ئه‌وه (خاتیمه‌ی ئبینوحهجهر)، ئه‌گه‌ر به شه‌ڕ ئه‌یكه‌ی ئه‌مه مه‌چه‌كی (ئیبنوخهنجهر)، ئیتر ئارامبه ئه‌گینا له حه‌ره‌كه‌ت ئه‌خه‌م و ساكنت ئه‌كه‌م، واته: (فه‌ره‌ج) ئه‌كه‌م به (فه‌رج) ، ئه‌ویش ده‌ست ده‌كات به پێكه‌نین و ئه‌ڵێ: خۆم بۆ قسه‌یه‌كی وا ڕاگرتبوو، دواتر شهرجهرهكهی بۆ مۆر ده‌كات . ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له كاتێكدا (مه‌وله‌وی) ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی نواندووه كه ئیشی به كابرا هه‌بووه، كه‌چی له‌بری ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكات كه دڵی سه‌ید (فه‌ره‌ج) نه‌رم ببێ و ڕازی بكات بۆ به‌جێگه‌یاندنی كاره‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌كات و سڵ له هیچ ناكاته‌وه. 9ـ (فه‌رهاد میرزای قاجاری) كه یه‌كێك بووه له شازاده‌كانی ئێران و مامی (ناصر ا‌لدین)ی شای (قاجار) بووه، و له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی (شیعه‌ی جه‌عفه‌ری) بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاوێكی ژیر و دانا و دادگه‌ر و ڕاستگۆ بووه، به‌ڵام بۆچون و ڕێبازه‌كه‌ی خۆی سه‌رانسه‌ر به حه‌ق زانیوه، و ویستویه‌تی له په‌نای دادگه‌ری و فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌یدا و له ڕێگه‌ی زانایانه‌وه مه‌زهه‌به‌كه‌ی خۆی به سه‌ر كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بسه‌پێنێت، و بیانكات به (شیعه‌ی جه‌عفه‌ری). بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نامه‌یه‌ك بۆ (مه‌وله‌وی) ده‌نوسێت، و تێیدا ده‌ڵێت: (ئیمامی "عه‌لی ـ صلوات الله علیه و سلامه ـ" به ده‌قی قورئان و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر "درودی خوای له‌سه‌ر" له هه‌موو یار و یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ر گه‌وره‌تره و له‌لایه‌ن حه‌زره‌ته‌وه "درودی خوای له‌سه‌ر" به جێنشینی یه‌كه‌م دانراوه، ئه‌م ڕاستییه‌ش له سه‌رده‌مێكی تایبه‌تدا به هێز و زۆری خێڵایه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه كراوه به ژێره‌وه، له ترسی ئیمام و له‌به‌ر ڕێگرتن له خوێن ڕشتن و ئاژاوه، له ژێر په‌رده‌ی "توقیه"دا بێ ده‌نگ بووه...). (فه‌رهاد میرزا) بۆ بته‌وكردنی بۆچونه‌كه‌ی به ناوی دیارییه‌وه به پیاوێكی تایبه‌تدا كتێبێكیش بۆ (مه‌وله‌وی) ده‌نێرێت، و ده‌ڵێت: (دانه‌ری ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر ڕێبازی "سونه"یه و یه‌كێكه له په‌یڕه‌وانی ئیمامی "شافیعی ـ ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت ـ". له پاش خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه له "ئه‌لیف"ه‌وه تاكو "یائـ"ی ئه‌بینێ پڕه له قسه‌ی ناپه‌سه‌ند و نه‌شیاو، تیایدا ئاراسته‌ی جوێن و تانه و ته‌شه‌رێكی زۆر كراوه به یارانی پێغه‌مبه‌ر "درودی خوای له‌سه‌ر"، له‌به‌ر ئه‌مه "مه‌وله‌وی" كتێبه‌كه‌ی بۆ ده‌نێرێته‌وه، خیانه‌ت له عیلم و ئایینه‌كه‌ی ناكات، و به بێ ترس و ڕا ڕا و به توندی وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌نوسێته‌وه، وه‌ك لێره‌دا چه‌ند بڕگه‌یه‌كی نامه‌كانی ده‌خه‌ینه ڕوو، "مه‌وله‌وی" له وه‌ڵامدا ده‌نوسێ و ده‌ڵێ: (... ئه‌گه‌ر نامه‌كه‌م گه‌ییشتووه و به ده‌ست ئه‌نقه‌ست وه‌ڵامه‌كه‌یتان خستۆته پشت گوێ، ئه‌وه له‌م كاته‌دا دوو وێنه هه‌یه و سێیه‌میان نییه: یه‌كه‌م: گوایه وه‌ڵامی نه‌زان چاره‌ی بێ ده‌نگیی و خامۆشییه، جا ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته ئه‌وه‌تان نیازه ئه‌وه له‌م كاته‌دا په‌نا ئه‌گرم به‌خوا، كه من نه‌زان و ده‌سته وسانبم!! با پرسیارم ئاراسته بكرێ، تا منیش بۆ نه‌هێشتنی گومان و به نیازی گه‌ییشتن به "الحق الیقین" به وه‌ڵامی پڕ له به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرا بێمه مه‌یدانه‌وه. دووه‌م: سكوت و بێ ده‌نگیتان كرده پیشه‌ی خۆتان، له كاتێكدا كه كاتی گۆڕینه‌وه‌ی بیر و ڕا بوو، ئه‌مه‌یان بۆ من به مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری و پیرۆزی و سه‌ركه‌وتنه، و دڵ شنه‌ی پێ ده‌كا و خه‌نده له‌سه‌ر لێوانی ده‌ڕوێ، به مانای ئه‌وه نوسینه‌كه‌م بۆنی ئیلزام و خۆ به دهستهوهدانتان ئه‌دا به ده‌ماخی كه‌سانی خاوه‌ن زانست و خاوه‌ن هۆش و گۆشدا.. گریمان زانایه‌كی سه‌ر به "شافیعی" ئه‌و كتێبه‌ی دانابێ، به‌ڵام بێ گومان ئه‌و دانه‌ره باش و خراپ و حه‌رام و حه‌ڵاڵ و درۆ و بوختانی تێكه‌ڵ كردووه، و لێكی جیا نه‌كردوونه‌ته‌وه، له كتێبه‌كه‌یدا په‌نای بردووته به‌ر قسه‌ی لاواز و پوچه‌ڵ، كه زۆر له یه‌قینه‌وه دووره، و داوای هیچ خاوه‌ن داوایه‌ك ناچه‌سپێنێت... ئێوه‌ی به‌ڕێز ، ـ خوا بتانپارێزێت ـ سه‌رگه‌رمی داد و دادپه‌روه‌ری بن، هه‌ر چینێك به پێی شایسته‌ی خۆی و له سنوری تایبه‌تی خۆیاندا ئاووڕیان لێ بده‌نه‌وه، و جیاوازی له نێوان "مێشوله" و "عه‌نقا"یه‌كدا مه‌خه... ئێستا به‌ڕێزتان به ناوی فهرماندانتان به چاكه و قه‌ده‌غه‌كردن له خراپه و له كارانی ناڕه‌وا، جل و به‌رگی ئیجتیهادتان له‌به‌ر كردووه، به‌و په‌ڕی لێبوردن وبه گه‌رمی خه‌ڵك بانگ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانخه‌نه سه‌ر ڕێگه‌ی "ته‌شه‌یوع"، ئه‌مه‌تان به‌لای منه‌وه ته‌واو نییه و به ناڕه‌وا وه‌رئه‌گیرێ... پێویسته له‌سه‌ر ئێمه‌ی زانایان ڕای خۆمان به ئاشكرا ده‌ربڕین و بۆ ڕوونكردنه‌وه و جوێكردنه‌وه‌ی كاری ڕه‌وا له ناڕه‌وا خۆمان بڕه‌نجێنین وله كه‌س نه‌ترسین و له‌به‌رده‌م هه‌موو كۆسپێك و هه‌موو كه‌سێكدا پێویسته خۆمان ڕابگرین. له كۆتاییدا تكایه به‌رامبه‌ر به‌م نامه‌یه‌م ئاوێنه‌ی دڵت گه‌رد نه‌گرێت، و به وه‌ڵامدانه‌وه‌ت شادمانم بكه‌یت، تا منیش له‌لایه‌ن خۆمه‌وه به "سَلّمنا" وه یان به "مَنعْنا" بێمه‌وه مه‌یدان...) . هه‌روه‌ها (مه‌وله‌وی) له نامهكهیتریدا بۆ هه‌مان میرزا، كه له ڕێگه‌ی (فخر العلما‌ء)ه‌وه بۆی نوسیوه، زۆر ڕاشكاوانه ڕاستی به‌یان ده‌كات، ئه‌م نامه‌یه حه‌قویستی و به هه‌ڵوێستی (مه‌وله‌وی) ده‌رده‌خات، مه‌وله‌وی له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: (ئێمه به خه‌یاڵ به رانبه‌ر به خۆشه‌ویستی دنیا به‌ڵگه‌ی بێ ده‌نگی بۆ خۆمان دائه‌تاشین و له ڕاستی لائه‌ده‌ین، و زانست و زانیاریمان فه‌رامۆش ئه‌كه‌ین، دیاره به‌م كاره‌مان له لایه‌كه‌وه ماوه ئه‌ده‌ین فه‌رمانڕه‌وا له هێڵ لابدا، و خۆیشمان له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌شین، له‌لایه‌كیتره‌وه به‌م لادانهمان به‌ر نهفرینهكهی پێغه‌مبه‌ر "درودی خوای له‌سه‌ر" ده‌كه‌وین. كه‌سێك به‌ڕاستی ڕێگه‌ی خوا بگرێ و لێی بترسێت، بێگومان فه‌رمانڕه‌وای ڕۆژیش لێی ئه‌ترسێ و شه‌رمی لێ ده‌كات، له‌وانه‌یه واز له تاوانه‌كه‌ی بهێنێت و ڕوو بكاته خوا، ئه‌گه‌ر زانایان ترسی خوایان له دڵدا نه‌بێ، فه‌رمانڕه‌وای ڕۆژیش نرخیان بۆ دانانێت و به سوكی سه‌یریان ئه‌كات.... ئێمه‌ی ده‌روێشان هه‌میشه مه‌ست و سه‌رخۆشی باده‌ی خۆشه‌ویستی خواین، و بۆ به‌جێهێنانی هه‌موو كارانی دنیاییمان جگه له په‌یڕه‌ویكردنی شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی، سه‌رچاوه‌یه‌كی ترمان نییه، و له دائیره‌ی فه‌رمان به چاكه و قه‌ده‌غه‌كردن له خراپه ناچینه ده‌ره‌وه.. جوێندان به پیاوی گه‌وره و پایه‌دار له پیشه‌ی ئینسانی شه‌ریف نییه، شه‌ره‌ف و پلهبهرزێنی به ڕه‌ووشته، نه‌ك به ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و بنه‌ماڵه... ئاشكرایه پیاوانی خاوه‌ن پله وپایه‌ی به‌رز نه‌ك بڵێم به ته نیا ئامۆژگاری وه‌رناگرن، به‌ڵكو به دڵ فراوانی و به سوپاسه‌وه وه‌ری ئه‌گرن و پێ ئه‌گه‌شێنه‌وه، نابینی "سوله‌یمان" پێغه‌مبه‌ر "درودی خوای لێبێت" به‌و هه‌مووه توانایه‌یه‌وه مێروله‌یه‌كی ئه‌دواند!! من ده‌روێشێكی بێ باكم، به تایبه‌ت نه‌وه‌ی پاكی پێغه‌مبه‌ر و نهنجیه و ئه‌نجامی "عه‌لی" و "فاتیمه"ی زه‌هرام، قسه‌ی حه‌ق هه‌ر ئه‌كه‌م و پهروام له كه‌س نییه و له كه‌س ناترسم ... سوپاس بۆ خوا من قسه‌ی ڕاست و دروست ئه‌كه‌م و كردومه، ئازایانه و دلێرانه دێمه مه‌یدانه‌وه و ڕای به‌جێ ده‌رئه‌بڕم، شه‌رمم له كه‌س نییه و له خوا نه‌بێ بیمی كه‌سم له زاتدا نییه... ئه‌بێ ئێمه له حه‌ق و ده‌ربڕینی ڕاستی لانه‌ده‌ین، وه‌كو پێویست پێویسته ڕوو له مافی ڕه‌وا وه‌رنه‌گێڕین، تا له لایه‌كه‌وه فه‌رموده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر "درودی خوای له‌سه‌ر"، كه ئه‌فه‌رموێ: ((ا‌لدین النصیحه)) به‌سه‌ر خۆماندا دابڕین، وه له لایهكیترهوه بۆ ئه‌وه‌ی گومان نه‌برێت كه له‌ناو كورد و كورده‌واریدا پیاوانی لێهاتو و حه‌قگۆ نییه... ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی "سونه‌تین" و په‌یڕه‌وی ئه‌وانین، پێویسته وه‌كو ئه‌وان ده‌ست و زمان و پێنوسمان به هه‌موو توانایه‌كی گیانی و داراییمانه‌وه به مه‌به‌ستی هاندان بۆ مرۆڤایه‌تی و قه‌ده‌غه‌كردن له خراپه بخه‌ینه كار، هه‌میشه حهقگۆبین، و له كه‌س نه‌ترسین....) . (تاكو ئێره ده‌قی نامه‌كانی "مه‌وله‌وی" بوون). توێژه‌ران و مه‌وله‌وی ناسان به‌م چه‌شنه سه‌باره‌ت به بوێری و دلێری مه‌وله‌وی ده‌دوێن: 1ـ مامۆستای پایه به‌رز (مه‌لا عبدالكریمی موده‌ڕیس) ده‌فه‌رموێت: (باری ژیانی ئابوری مه‌وله‌وی زۆر ناخۆش بووه، به‌ڵام ئه‌و ڕازی بووه به‌و ژیانه، وه زۆربه‌ی وه‌ختی خۆی به شێوه‌ی ده‌روێشی ڕابواردووه... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا "مه‌وله‌وی" هه‌میشه ئه‌و هه‌ژاریه‌ی پێ باشتر بووه له‌وه‌ی كه خزم و كه‌س وكارهكهی به‌جێبێڵێ و بڕواته شوێنی وا كه به خۆشی تیایدا بژی، پیاوی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌ك "فه‌رهاد میرزای قاجاری" كه "مه‌وله‌وی" زۆر خۆشویستووه داوای لێكردووه بچێته "ئێران"، وه له په‌نای ئه‌وا دانیشێ وخزمه‌تێكی زۆری بكا، به‌ڵام "مه‌وله‌وی" به گوێی نه‌كردووه، "مه‌وله‌وی" چاوله‌به‌ری هیچ گه‌وره‌یه‌ك نه‌بووه) . 2ـ مامۆستا (محمدی مه‌لا كه‌ریم) ده‌ڵێت: ( "مه‌وله‌وی" عیزه‌تی نه‌فسیشی ئه‌وه‌نده به‌رز بووه ڕێی نه‌داوه به ده‌نگ ئه‌و تهماعنانهبهره زۆرانه‌وه بچێ كه هه‌ندێ له گه‌وره گه‌ورانی سه‌رده‌م له ئێرانا پیشانیان داوه، نانه‌ڕه‌قه و ئاو ودۆ وخهپلهی ئاردی به‌ڕووی تاوگۆزی له‌ناو ئه‌و هه‌ژارانه‌ی خزمیدا... له ژیانی پڕ خێر وخۆشی نزیكی فه‌رمانڕه‌وایان پێ باشتر بووه) . هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: (كڵۆڵی ژیانی "مه‌وله‌وی" و ده‌س ته‌نگی وقه‌در نه‌زانینی له‌لایه‌ن حوكمڕانییه دهرهبهگیهكانی لای خۆمانه‌وه، له كاتێكا كه فهرمانڕواكانی "ئێران" و "ئه‌رده‌ڵان" هه‌موو هانده‌رێكیان ئه‌خسته پێش تا بچێته ژێر باڵی ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز نه‌یویست له خزمه ڕه‌ش و ڕووته‌كانی تاوگۆزی خۆی دووركه‌وێته‌وه) . دووباره ده‌ڵێت: (له‌گه‌ڵ باری سه‌ختی گوزهرانیشیا هه‌رگیز بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه بگوێزێته‌وه بۆلای یه‌كێ له‌وانه‌ی هه‌میشه پێشنیاریان بۆ ئه‌كرد بچێته لایان وگفتیان ئه‌دایه كه دێهات و زه‌وی و زاری باشی بۆ ته‌رخان بكه‌ن بۆ دابینكردنی ژیانێكی خۆش بۆی، وه‌ك "فه‌رهاد میرزای قاجار" و میرزادهكانی "سنه" و كه‌س و كاره وه‌ك خۆی ههژارهانی به‌جێنه‌هێشتووه) . 3ـ (خهسرهوجاف) له ژێر ناونیشانی (تاوێك له‌گه‌ڵ ستایش و خه‌سڵه‌ته‌كانی مه‌وله‌ویدا) ده‌ڵێ: (شاسوارانه به مه‌ودای حه‌ق و حه‌قیقه‌ت، دڵ و ده‌روونی دوودڵی و گومان توێ توێ ده‌كا و به سه‌ودای عیشقی ئه‌زه‌لی عاشقانه ڕه‌ش وسپی جوێ ده‌كاته‌وه "مه‌وله‌وی" ...) .واته: (مه‌وله‌وی) به خۆشه‌ویستییه‌كی ته‌واوه‌وه عاشقانه حه‌ق و ناحه‌ق لێك جیا ده‌كاته‌وه. 4ـ (د.ئه‌نوه‌ر قادر جاف) ده‌ڵێت: (وه‌ك به‌ڵگه و نامه و گێڕانه‌وه‌ی ده‌می و سه‌رچاوه‌كان باسی ده‌كه‌ن، "بابانی" و "ئه‌رده‌ڵان"ییه‌كان ڕێزێكی زۆریان له "مه‌وله‌وی" گرتووه، پێشنیازی پله و پایه‌یان بۆ كۆدووه، به‌ڵام بۆچی ئه‌م ڕه‌تی كردونه‌ته‌وه و هه‌ر له زێد و ناوچه‌كه‌ی خۆیدا له‌ناو كه‌سوكاره ڕهنگكێشهكهیدا ماوه‌ته‌وه و گوزه‌رانی سه‌ختی خۆی به‌سه‌ر بردووه؟ ...) . 5ـ (د. ئیبراهیم قادر محمد) ده‌ڵێت: (له ژیانی "مه‌وله‌وی"دا خاوه‌ن هه‌ڵوێستبوون و ده‌رباری نه‌بوونی ده‌رده‌خه‌ن و به‌ڵگه‌ی سه‌ربه‌رزی و ئازایه‌تی و له‌خۆ ڕابینینی "مه‌وله‌وی" بوون، ڕیاباز وچاوپلوس نه‌بووه، ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێی بووبێت كردویه‌تی و له هیچ كه‌س ولایهكهوه بیر و بۆچون و هه‌ڵوێستی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنراوه، "مه‌وله‌وی" له هه‌ڵوێسته كتوپڕ و ناكاوه‌كانی ژیانیدا خاوه‌ن بهدیهه و حازر وه‌ڵام بووه. له‌و كاته‌ی كه مه‌وله‌وی له شه‌مێران مه‌لا بووه، "محمد پاشای جاف" سه‌ركاره‌كه‌ی كه ناوی "شێخ عه‌لی عه‌بابه‌یلێ"یی بووه، به "عوسمانی خاڵه" ده‌گۆڕێت، ئه‌میش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ "مه‌وله‌وی" و خزمه‌كانیدا باش نه‌بووه، بۆیه بار ده‌كات ودهچێتهوه بۆ "سه‌رشاته"ی "تاوگۆزی"، دواتر "حه‌مه پاشا" گله‌یی لێده‌كات. مه‌وله‌ویش به‌م چه‌ند دێڕه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: خلافت از علی دانسته بودم به تاپیر محمد میر اكمل خلافت چون به عپمان شد محول دل خویشان مارا پر زخون كرد به خویشاوند خود نعمت فزون كرد. ئه‌م ڕوداوه ملكه‌چ نه‌كردنه بۆ ناخۆشییه‌ك كه توانیبێتی تێیدا نه‌ژی، با به هه‌ژاری بژێت به‌ڵام به خهواسێتی خۆی و بێ زه‌بر وزه‌نگ) . 6ـ (د. محمد صالح ئیبراهیمی ـ تاران) ده‌ڵێت: ("مه‌وله‌وی" هه‌روه‌ك باقی شاعیران و بیروهران و زانایانی دنیا به هه‌ژاری و ده‌سته‌نگی ژیاوه، به‌ڵام زۆر قانع بووه و عیزه‌تی نه‌فسی زۆر بووه و قه‌ت ته‌بعی له‌تیف و هونه‌ری زه‌ریفی خۆی وه‌ك هه‌ندێ له شاعیران بۆ نان و ئاوێك سه‌ری بۆ ئه‌میر و پاشا سته‌مكاره‌كان دانهنهنواندووه و هونه‌ری خۆی به (پمن بخس) نه‌فرۆشتووه، و ئه‌م په‌نده كوردییه‌ی كردۆته سه‌رمه‌شق بۆ خۆی، كه ده‌ڵێت: "به هه‌ڵۆیی مردن، نه‌ك په‌نا به قه‌لی ڕووو ڕه‌ش بردن" ته‌نانه‌ت كاتێ "عه‌نبه‌ر خاتوون"ی خێزانی كه یار و دڵسۆز و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی شیعری بووه وه‌فاتی كردووه، "مه‌وله‌وی" هه‌ر په‌نای بۆ هونه‌ر و سۆزی ده‌روونی خۆی بردووه و به‌س) . 7ـ (عومه‌ر عه‌لی شه‌ریف) سه‌باره‌ت به (مه‌وله‌وی) ده‌ڵێت: (فقد عاش "مولوی" وڕعا، ۆقورا، زاهدا، شجاعا فی قول الحق...) . واته: (مه‌وله‌وی) پیاوێكی واریع و دنیا نه‌ویست و خاوه‌ن ڕێز بووه، له ده‌ربڕینی حه‌قدا بوێر بووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: (راضيا قانعا بحياته البسيطة، و غير يَبه بمغريات الدنيا و أسباب سعادة العيش التي عرّضها عليه الكثيرون) . واته: پیاوێكی به قه‌ناعه‌ت و ڕه‌زا بووه له ژیان، گوێی به خۆشی ژیان و فریوخواردنی فریوده‌ران نه‌داوه، كه زۆر كه‌سێك به پله و پۆست ویستویه‌تی فریوی بدات. دووباره ده‌ڵێت: (فلم تقدر تلك الَاحداث المؤلمة رغم فداحتها و مَرارتها، أن تُزحزح شيخَنا "مولوي" عن إيمانه العميق الراسخ و مبادئه و مثله العليا في الحياة) . واته: ئه‌و هه‌مووه ڕوداو و ناسۆره قورس و تاڵه‌ی ژیانی، مامۆستا (مه‌وله‌وی) دوور نه‌خسته‌وه له ئیمان و باوه‌ڕ و مه‌بده‌ئه قوڵ و دامه‌زراوه‌كانی. له‌م چه‌ند په‌یڤه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه (مه‌وله‌وی) پیاوێكی نه‌گۆڕ بووه، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك له هیچ بوارێك و له به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێكدا نه‌دۆڕاوه، به‌ڵكو له لوتكه‌ی بوێری ودلێریدا ژیانی گوزه‌راندووه و بۆچونه‌كانی ده‌ربڕیوه، و هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانیشی به جوانی و جوامێری و بێ شه‌رمكردن و دوو دڵی خستووه‌ته ڕوو، بۆیه زۆر پێویسته مرۆی خاوه‌ن ویژدان و دڵ زیندوو به مه‌زنییه‌وه له‌م كه‌ڵه پیاوه بڕوانێت، چونكه (مه‌وله‌وی) ئه‌گه‌ر به دووی پاره و پایه و پۆست و پله و ژیانی خۆش و به‌رژه‌وه‌ندی مادی دنیاییدا گه‌ڕابایه، ئه‌وا خۆی له‌و هه‌مووه ده‌رفه‌ته نه ده‌بوارد كه پادشا وكاربه‌ده‌ستانی ڕۆژگاری خۆی ده‌یانخسته پێش چاوی، به‌ڵام ئه‌و هه‌مشیه ژیانێكی هه‌ژارانه و پڕ له ناسۆری سه‌ربه‌رزانه‌ی زۆر به‌لاوه خۆشهویستتربوو له‌وه‌ی له‌ناو خێر و بێری میر و ئاغاكاندا بێت و ببێته پاشكۆی كه‌س و ده‌سته‌كان، كه‌واته هه‌ر ئه‌وه‌نده ماوه بڵێین: (مه‌وله‌وی) پیاوێكی به هه‌ڵوێست بووه، نه‌ك هه‌لویست وهه‌لپه‌رست وههڵپهكار وههڵپهڕكێكار. لیستی سه‌رچاوه‌كان: 1. دیوانی مه‌وله‌وی: مه‌لا عبدالكریمی مدرس، چاپی سێیه‌م 1389/ إنتشارات كردستان ـ إیران. 2. دیوانی مه‌وله‌وی: محمد ئه‌مین ئه‌رده‌ڵانی، چاپی یه‌كه‌م 1991م ـ 1411ك/ چاپخانه‌ی منیر ـ بغداد. 3. میهره‌جانی مه‌وله‌وی، كتێبی ژماره: 1ی ڕۆشنبیری نوێ، چاپخانه‌ی (الزمان) بغداد/ 1989م. 4. میهره‌جانی مه‌وله‌وی/ دیداری مه‌وله‌وی، سلێمانی ـ 2010، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری. 5. أعلام مبدعون في ذاكرة الكورد: عمر علي شريف، الطبعة الَاولي/ كردوك، مطبعة أرابخا. 6. گۆڤاری ته‌ریقه‌ت: ژماره:1، ساڵی یه‌كه‌م: 2008م ـ 1429ك. *پێشنوێژی مزگه‌وتی كانی ئاسكان/ زه‌ڕایه‌ن |