سزادانی مامۆستایانی ئاینی له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕا، سزادانی هەمومانه‌


دوای پڕۆتێسته‌کانی ١٧ی شوبات ئه‌مساڵ، مامۆستایانی ئاینیی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیی خۆنیشاندەران و داخوازیه‌کانیان بون. ئەمەش، له‌لایه‌ک، نیشانه‌ی به‌رفراوانی خۆنیشاندانه‌کان و له‌خۆگرتنی داوا ڕه‌واکانیانه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌؛ له‌لایه‌کی تره‌وه‌، نیشانی ده‌دات که‌ مامۆستایانی ئاینیی جێنه‌ماون لە بەشداربون لە پڕۆسەی کرانەوەی کۆمەڵ و پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنی نێوان خۆیان و چین و توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵ.
وەستانی شانبەشانی مامۆستایانی ئاینیی لەگەڵ رۆشنبیران، رۆژنامەنوسان، گەنجان و هاووڵاتیانی تری کوردستان، وێنەیەکی جوانتری بە خۆنیشانده‌ران و داخوازیه‌کانیان دا. ئێمە، ئەو جۆرە پێکەوەژیان و هاڕمۆنیە به‌ ڕویه‌کی گه‌ش و نوێی کۆمه‌ڵی کوردستان ده‌زانین. دڵشادیشین به‌وه‌ی که‌ مامۆستایانی ئاینی ناچنه‌ ژێر رکێڤی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
ئێمە سەرەڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆمان بۆ مامۆستایانی ئاینیی، هاوکات دژایەتیی توندی خۆمان بۆ ئەو هەڕەشە و ئازاردان و گرتن و لەسەرکارلادانانە رادەگەیەنین کە دژی مامۆستایانی ئاینیی لە کوردستاندا ئەنجامدراون و ده‌درێن.
له‌ باوه‌ڕی قوڵمانه‌وه‌ به‌ مافه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی مرۆڤ پێداده‌گرین له‌وه‌ی که‌ نابێت هیچ که‌سێک به‌ هۆکاری بیروباوه‌ڕ یان بۆچونی جودا ده‌ستبه‌سه‌ر بکرێت یان ئازار بدرێت.
گوتاره‌کانی مامۆستایانی ئاینی، هێنده‌ی ئێمه‌ و که‌سانی تریش ئاگادارن، به‌هیچ جۆرێک سنوری ده‌ربڕینی بیروڕایان نه‌به‌زاندوه‌ و هیچ هانده‌رێک نه‌بون بۆ ئاشوبنانه‌وه‌. جا بۆیه‌ هه‌مو ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ی که‌ ده‌ستبه‌سه‌رن، به‌لای ئێمه‌وه‌ به‌ هۆکاری بیروباوه‌ڕ ده‌ستبه‌سه‌رن. ئه‌مه‌ش دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ده‌خاته‌ دوڕیانێکه‌وه‌؛ یان ده‌بێت ببێت به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی هاوچه‌رخ و به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دیموکرات یان ده‌بێت بچێته‌ ڕیزی ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه‌ که‌ له‌ گیانه‌ڵادایه‌ له‌ چه‌شنی قه‌زافی، عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و به‌شار ئه‌سه‌د.
سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ته‌نیا کۆنتراکتێکی قانونی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌یدا، ده‌ستوری ده‌نگپێداروی عێراقه‌. گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردستان مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی خه‌ڵك پێشێل بکات، شه‌رعیه‌تی له‌ده‌ست ده‌دات.
هەر پێشێلکارییەک که‌ بەرامبەر مامۆستایەکی ئاینی بکرێت له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕای جیاواز له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یان حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، پێشێلکارییە بەرامبەر هه‌مو هاوڵاتیه‌ك، پێشێلکاریە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین؛ پێشێلکردنی ده‌ستوری عێراقه‌.
ده‌ستبه‌سه‌رکردنی مامۆستا کامەران و مامۆستا محەمەد نەسڕوڵا، تەقەکردن و هەڕەشەکردن له‌ مامۆستایانی تر، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو هەڕەشە و تیرۆرکردنانەی لە چەند ساڵی رابردودا بەرامبەر رۆشنبیران، رۆژنامەنوسان و خەڵکانی ئازادیخواز ئەنجامدراون.
ئێمە فشارخستنه‌ سه‌ر مامۆستایانی ئاینی و هه‌مو توێژ و بڕگه‌کانی کۆمه‌ڵ بۆ وازهێنان له‌ داواکانی خه‌ڵک، بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕی جیاواز یان ئه‌نجامدانی کۆڕ و کۆبونه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی نه‌زۆک و مه‌ترسیدار ده‌بینین له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی کوردستان، که‌ به‌ره‌و ئاکارێکی نادیار و بگره‌ خوێناویشمان ده‌بات.
1. دکتۆر رێبوار فەتاح، بەڕیتانیا
2. قادر نارد، سوێد
3. مەریوان وریا قانع، هۆڵەندا
4. کەمال چۆمانی، هەرێمی کوردستان
5. مەسعود عەبدولخالق، هەرێمی کوردستان
6. شوان محەمەد، هەرێمی کوردستان
7. ئاسۆس هەردی، هەرێمی کوردستان
8. هەڵگورد سەمەد، فەڕەنسا
9. سارا موکری، بەڕیتانیا
10. سالح میراودەلی، بەڕیتانیا
11. هیوا ئەحمەد، بەڕیتانیا
12. بیلال سەید ئەحمەد، ئەمریکا
13. سیروان رەشید، هەرێمی کوردستان
14. هێمن لهۆنی، هەرێمی کوردستان
15. لوقمان حاجی کەریم، بەڕیتانیا
16. خانزاد رەشید، بەڕیتانیا
17. هەڤاڵ نەژاد، هەرێمی کوردستان
18. کامەران محەمەد، هەرێمی کوردستان
19. شوان رابەر، هەرێمی کوردستان
20. سۆران عومەر، هەرێمی کوردستان
21. نەژاد جەلال، هەرێمی کوردستان
22. گۆران دوکانی، ئەمریکا
23. گۆران عوسمان، هەرێمی کوردستان
24. موئمین زەڵمی، هەرێمی کوردستان
25. محەمەد بەختیار، هەرێمی کوردستان
26. بارام سوبحی، هەرێمی کوردستان
27. دلشاد هەرتەلی، هەرێمی کوردستان
28. ئیحسان مەلا فوئاد، هەرێمی کوردستان