* دیمانه له‌گه‌ڵ به‌رێز م.مه‌لاعبدالله مهلاسعیدگرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان
* سازدانی دیمانه: مه‌لامسلم مه‌لاصالح فریزی
* له به‌رنامه‌ی (دوانگه‌ی زانایان) له TVقه‌ڵات له رێكه‌وتی 5-6/4/2011
- سه‌ره‌تا..له‌به‌رێزتان ده‌پرسم: مه‌وقیفی یه‌كێتی زانایان له‌و روداو‌و پێشهاته نه‌خوازراوانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان چۆن بوو به‌تایبه‌ت له ئاست داكۆكی كردن له زانایان؟
+ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شه‌پۆڵێكی ناڕه‌زایی به‌خۆیه‌وه بینی‌و به‌شێكیش له كوردستان ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌ی گرته‌وه، ئێمه وه‌كو یه‌كێتی زانایان بڕیارماندا رۆڵی داكۆكی كار له‌مافی ره‌وای میللهتمانو هه‌روه‌ها رۆڵی ئیصڵاحی ببینین، داكۆكی كردنیش له مافی زانایان به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین.
- مامۆستایانی ئاینی دهگیرێنو به‌مادده‌ی ترسناك تاوانبار ده‌كرێن هه‌ڵوێستی یه‌كێتی زانایان له‌مه‌ڕ ئه‌مه‌دا چیه؟
+ ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ڕووداوانه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م زانایان بڕیارماندا ڕۆڵێكی ئیسڵاحی خوازی ببینین..، مامۆستایانی ئاینی وه‌كو نمه‌ی باران له كوێ ی زه‌وی ببارێت‌و بكه‌وێته سه‌رزه‌وی ئه‌وه سوودی خۆی ده‌بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و چینه كاریگه‌ره‌ش له‌كوێ ی زه‌وی بن ئه‌وه سوودیان ده‌بێت بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی بێ جیاوازی، چونكه مامۆستایانی ئاینی په‌یامیان پێ یه، په‌یامێك كه‌وا سه‌رجه‌م چین‌و توێژ ده‌گرێته‌وه به‌بێ جیاوازی، مامۆستای ئاینی شۆرشی كوردیان به‌ڕێوه‌برد، مامۆستایانی ئاینی هه‌رده‌م پێشه‌نگ بوینه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان، كه‌وابی هه‌موولا ده‌بێ رۆڵی مامۆستایانی ئاینی به‌رز بنرخێنن، ئێمه ئیدانه‌ی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌و گرتن‌و چاو لێسوركردنهوهیهك له مامۆستایانی ئاینی ده‌كه‌ین، وه وای ده‌زانین كه ئه‌مه خزمه‌ت به دۆزی كورد ناكات، هه‌روه‌ك به كارێكی خراپ‌و مه‌ترسیه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئهزمونو هه‌روه‌ها ناوبانگی كورد ده‌زانم! كه له دێر زه‌مانه‌وه ئێمه شانازیمان كردووه به باب‌و باپیران‌و نه‌ته‌وه‌ی خۆمان كه رێزی تایبه‌تیان بۆ پیاوانی ئاینی داناوه، بۆیه ده‌بێ ئه‌م رێزه به‌رده‌وام بێ له‌ناو میلله‌تی كورد (به ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه) نه‌وه له‌دوای نه‌وه.
- مامۆستایانی ئاینی 2دوو مه‌رجه‌عیان هه‌یه كه بریتین له (وه‌زاره‌تی ئهوقافو یه‌كێتی زانایان) ئایا ناكرێ له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ مه‌لا بكرێت نه‌ك به‌هه‌ڵكوتانه سه‌ر مزگهوتو ماڵی؟
+ ئێمه داوا له‌مامۆستایانی ئاینی ده‌كه‌ین كه هه‌ر شتێك بوو په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه بكه‌ن، نه‌ك له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كان كه ره‌نگه بارودۆخه‌كه له خۆی‌و له ئێمه‌ش ئاڵۆزتر بكات!، تاوه‌كو ئێمه (وه‌كو یه‌كێتی زانایان) كه خۆمان به پارێزهرو داكۆكیكار له مافی مامۆستایانی ئاینی ده‌زانین (بێ جیاوازی) كاری پێویستی بۆ ئه‌نجامبده‌ین، بۆچی له‌رێگای ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه بزانین؟، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاری خۆمان كردووه‌و ده‌یكه‌ین، له‌پاشان داوا له ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌م كه هه‌ڵنه‌كوتنه سه‌ر ماڵی مامۆستایانی ئاینی، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی ئێمه‌وه یان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف داوا پێشكه‌شكه‌ن، یانیش به ڕێگای یاسایی‌و له‌لایه‌نی دادوه‌ره‌وه بێ.
- گرتنی مامۆستایانی ئاینی بۆنمونه وه‌كو: م.محمد نصرالله و مهلاكامهران له سلیمانی ئێوه وه‌كو یه‌كێتی زانایان هه‌ڵوێستان چی بوو؟
+ ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌م كاره‌مان ئیدانه كرد‌و له‌پاشان له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه وه‌كو مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن لقی سلێمانی یهكهیتیهكهمانهوه به‌جددی هه‌وڵی ئازادكردنیانمان دا‌و.. (شوكر بۆ خودا) مامۆستا محمدنصرالله ئازادكرا‌و بۆ به‌یانیش مامۆستا كامه‌ران یش ئازاد ده‌بێت.
- ئێوه وه‌كو یه‌كێتی زانایان هه‌ڵوێستان چۆنه به‌رامبه‌ر خۆپیشاندان‌و داواكاری جه‌ماوه‌ر؟
+ ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه گوتومانه: خۆپیشاندان مافێكی ڕه‌وای هاوڵاتیانه‌و به وتاری نوسراو‌و بیستراو داوامان له جیهه‌تی په‌یوه‌ندیدارو ده‌سه‌ڵات كردووه كه ده‌بێ جوابی جدی خۆپیشانده‌ران بده‌نه‌وه، گوێیان لێڕاگرن، (به‌پێ ی تواناتان) كار له‌سه‌ر داواكاریه ڕه‌واكانیان بكه‌ن.. چونكه ئه‌و جه‌ماوه‌ره میلله‌تی ئێوه‌یه، هه‌روه‌ك داواشمان له میلله‌تی خۆمان كردووه كه لهههڵچونو توند‌و تیژی خۆیان به دوور بگرن.
- ڕۆڵی لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان (به‌تایبه‌تتر) له ده‌ڤه‌ری سلیمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له‌سه‌ره‌تای ئه‌و پێشهاتانه‌وه تاكو ئێستا چۆن بووه؟
+ له‌گه‌ڵ وێڕای دهستخۆشیو ماندونهناسیمان بۆیان.. هه‌موو لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان‌و مامۆستایانی ئاینی به تێكڕا ڕۆڵیكی ئیجابی باشیان بینیوه، مامۆستا له هه‌ڵبجه‌ی شه‌هید برینداركراوه، ده‌توانم به گشتی بڵێم: له‌و كاته‌وه‌ی مامۆستایان خۆیان گه‌یانده نێو شه‌پۆلی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر: بوونه پشتێنێكی ئاشتی‌و دوور خستنه‌وه‌ی خۆپیشاندهرانو ده‌سه‌ڵاتیش له هه‌موو توند‌و تیژی‌و روداوێكی نه‌خوازراو.
- كه‌واته پێویسته مامۆستایانی ئاینی خه‌ڵات بكرێن نه‌ك گرتن‌و دڵ ڕه‌نجاندن؟
+ به‌ڵێ بێگومان، ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتی زانایان جگه له داكۆكیكردنمان له مافی مامۆستایانی ئاینی به نوسراوی فه‌رمی داوامان له حكومه‌ت كردووه كه زه‌وی بدرێت به هه‌موو ئه‌ومامۆستایانه‌ی كه تاوه‌كو ئێستا زه‌ویان وه‌ر نه‌گرتووه، هه‌روه‌ك داواشمان كردووه كه مووچه‌ی مامۆستایانی ئاینی زیاد بكرێت.
- تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی مامۆستایانی ئاینی چۆنه له قورئان‌و فه‌رمووده؟
+ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی زانایان له ناو قورئان‌و فه‌رمووده زۆره، شانازیه بۆ زانایان كه خوای گه‌وره شاهێدی ئه‌وانی داناوه له‌گه‌ڵ شاهێدی خۆی‌و فریشته‌كانی كه له سوڕه‌تی ال عمران له ئایه‌تی (18) ده‌فه‌رموێ: ((شَهِدَ اللّهُ أَنَّهُ لَا إِلَـهَ إِلاَّ هُؤ ؤالْمَلَائِكَةُ ؤأُوْلُواْ الْعِلْمِ قَائِمَاً بِالْقِسْطِ لَا إِلَـهَ إِلاَّ هُؤ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ))، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌وسلم) زانایانی به میراتگری خۆی داناوه‌و ده‌فه‌رموێ: (ألعلماء ورثة الانبياء).
- دواپهیامتان بۆ مامۆستایانی ئاینی‌و میللهتو ده‌سه‌ڵات چیه؟
+ دواپه‌یامم بۆ مامۆستایانی ئاینی ئه‌وه‌یه: كه یه‌ك ریزی خۆیان بپارێزن، هه‌ر شتێك ده‌كه‌ن به‌نیه‌ت پاكی‌و مه‌به‌ستیان پێ خزمه‌تكردن‌و ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌بێ، په‌یامی خوای گه‌وره بگهیهننو خۆیان دووربگرن له ته‌شهیر چونكه ئیسلام ئاینی ته‌شهیر نیه، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌وسلم) ناوی ناگۆت! به‌ڵكو ده‌یفه‌رموو: (ما بال قوم يفعلون..كذا وكذا)، هه‌روه‌ك داواكارم كه مینبه‌ر شوێنی فه‌توا نیه، خه‌ڵكی له ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته ئه‌و نیو كاتژمێره‌یان هه‌یه ئه‌ویش ببه‌ستیته‌وه به‌فه‌توا وابزانم ناكرێت! ئێمه لێژنه‌ی فه‌توامان هه‌یه پێویسته بۆ مه‌سائیلی فه‌توا بۆ لێژنه بگه‌ڕێینه‌وه، مامۆستا (3) په‌یامی گرنگی له‌سه‌ر شانه: په‌یامی (دینی + سیاسی + كۆمه‌ڵایه‌تی).. بۆیه ده‌بێ مامۆستای ئاینی هه‌موو ئه‌وانه به دڵسۆزی ئه‌دای بكاتن.
په‌یامیشم بۆ میلله‌ت ئه‌وه‌یه: كه رێز له مامۆستای ئاینی خۆیان بگرن‌و پاشمله باسی نه‌كه‌ن‌و داكۆكی له مامۆستایانی ئاینی بكهنو هه‌روه‌ها گوێبیستی قسه‌كانی مامۆستایانی ئاینی بن‌و له‌قسه‌یان ده‌رنه‌چن له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه فه‌رمانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌وسلم)تان بۆ روون ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها په‌یامیشم بۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه: كه بێننه پێش چاوی خۆیان شۆرشه‌كانی كوردی هه‌مووی هه‌ر مه‌لاو شێخ سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد.. بۆیه داواده‌كه‌م ئه‌و په‌ڕی رێز دانێن بۆ مامۆستای ئاینی، وه من ئهوانیشو هه‌موولایه‌ك دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه كه مامۆستایانی ئاینی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن له دڵسۆزیانه به‌ڵام (ئصڵوب) شێوازی مامۆستایه‌ك بۆ مامۆستایه‌كی تر جودایه، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی: گوێ له مامۆستایانی ئاینی رابگرن‌و زیاتر ئیحتیڕامی مامۆستایانی ئاینی بگرن، وه هیوادارم جارێكی تر ئه‌وه‌ی روویدا دووباره نه‌بێته‌وه.
|