ئەم ژنەش بێزارە

هەموومان دەزانین ئیسلام ئایینی برایەتی‌و تەبایی‌و خۆشەویستییە، هەموو ساڵێك لە یادی كۆچی پێغەمبەردا ئەوە دووبارە دەكەینەوە، كە یەكەم كاری پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت لە شاری مەدینە دروستكردنی برایەتی بوو لە نێوان موسڵمانان، هەمیشە ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە ئیسلام مافی ناموسڵمانانیشی داوە، بەڵام كە دێیەوە ناو واقیعی ئەمڕۆ هەست بە جیاوازی دەكەیت، بگرە هەندێك جار مرۆڤ هەست بە شەرمەزاری دەكات، بووینەتە چەندان گروپ‌و خەریكە یەكتری دەخۆین‌و خەریكی تانە‌و رەخنەلێكگرتنین، تا ئەوەی مزگەوتەكانیش بەسەر گرووپی جیاواز دابەش بووینە، ئیمامی شافیعی كاتێك چووە مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە نوێژی بەیانی قنوتی نەخوێند هەرچەندە بە سووننەتی دەزانێت، بەڵام وەكو رێزێك بۆ ئیمامی ئەبو حەنیفە، كەچی ئێمە بە دەردی رێز لە یەكنەگرتن‌و دابەش بوون دەچین، ئەگەر وریا نەبینەوە ئەو تەفرەقە‌و جیاوازیانە دەبنە بەشێك لە عەقیدە‌و بیركردنەوەمان.

 

  

ئەو ژنەی لەم وێنەدایە ئافرەتێكی ئەمەریكیە‌و موسڵمان بووە،، دەڵێت: مزگەوتەكانی ئێرە هەموویان لەسەر بنەمای نەژادی دروست كراون، كاتێك تازە موسڵمان دەبین‌و شادە دەهێنین‌و هەمووان پێشوازیمان لێدەكەن، بەڵام دواتر هەر یەكە‌و بە پێی بیركردنەوەی خۆی رەخنە بارانمان دەكەن.

ئەم قسەیە پێمان دەڵێت: پێویستە موسَلمانان وریا بینەوە چیدیكە خەریكی دووبەرەكی‌و پشێوی نانەوە نەبین‌و هەر گرووپە‌و تەنها خۆی پێ راست بێت‌و ئەوەی دیكە بە ناهەق بزانێت، بەتایبەتی هیواخوازم گەنجانمان ئیسلام وەكو خۆی وەربگرن‌و نەكەونە ژێر تەوژمی هیچ بیرۆكەیەك كە بەرەو رق‌و تووندیان ببات، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان با بەرەو ئاقاری خۆشەویستی‌و برایەتی‌و تەبایی بچین.