مه‌لا مه‌سعود كانی كورده‌یی: ئیسلام په‌یك ته‌شهیری به‌ من كردووه‌‌و سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌م

ماڵپه‌ڕی ئیسلام په‌یك هه‌واڵێكی له‌سه‌ر مه‌لا مه‌سعوود كانی كورده‌یی بڵاوكردۆته‌وه‌، گوایه‌ له‌و هه‌فته‌یه‌دا مه‌لا مه‌سعوود كانی كورده‌یی سێ‌ جار سه‌ردانی مه‌سعوود بارزانی كردووه‌‌و، دژی خۆپیشاندان زانیاری داوه‌تێ‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا راگه‌یاندنه‌كانی پارتی دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌لا مه‌سعوود كردووه‌ دژی خۆپیشاندان.



مامۆستا مه‌لا مه‌سعود كانی كورده‌یی وتارخوێنی مزگه‌وتی محه‌مه‌د فه‌وزی له‌ هه‌ولێر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وتارخوێنه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی شاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكی سایتی زانایاندا ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌‌و، ده‌ڵێت: چه‌ندین رۆژه‌ من له‌ ماڵی خۆم نه‌چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌و، له‌ غه‌یری مزگه‌وت‌و ماڵه‌كه‌م شوێنی دیكه‌م نه‌دیتووه‌‌و، ئه‌وانه‌ درۆیان كردووه‌‌و، له‌ په‌نای ئه‌و قسه‌یه‌ ته‌شهیریان به‌ من كردووه‌، بۆیه‌ وێڕای به‌ درۆخستنه‌وه‌، سكاڵاشیان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵك رووی راستی ئه‌وانه‌ بناسێت، پێشیان ده‌ڵێم: بوختانكردن یه‌كێكه‌ له‌ گوناهه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان، پێم سه‌یره‌ چۆن ئه‌وانه‌ كه‌ خۆیان به‌ موسڵمان ده‌زانن، ئاماده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناراست‌و درۆ بوختان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بووایه‌ ده‌بوو له‌ خوا بترسابان.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا كانیكورده‌یی بۆ سایتی زانایان ده‌ڵێت: با ئه‌وانه‌ دڵنیا بن، من ته‌نها پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌به‌ستم‌و، پشتم به‌ ئه‌و به‌ قووه‌ته،‌ بۆیه‌ هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ ناتوانن به‌ درۆ‌و بوختان پێكردن سوكایه‌تیم پێ‌ بكه‌ن، خه‌ڵكی هه‌ولێریش چاك من ده‌ناسن،‌ ئه‌و قسانه‌ ته‌نها ناشیرینیان ده‌كات، من به‌ خۆم‌و خانه‌واده‌كه‌م هه‌میشه‌ قوربانی كوردایه‌تی بووینه‌‌و، رۆژێك له‌ رۆژان نۆكه‌ر‌و خزمه‌تكاری دوژمنانی كورد نه‌بووینه‌، چۆن به‌م‌ بوختانه‌ باسمان ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كردنیشی بۆ راگه‌یاندنی پارتی، كانیكورده‌یی ده‌ڵێت: من قسه‌م بۆ راگه‌یاندنی هیچ حزبێك نه‌كردووه‌، به‌ڵكو قسه‌م بۆ ته‌له‌فزیۆنی (مێدیا لاند) كردووه‌، كه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كی ئه‌هلی كه‌رتی تایبه‌ته‌، دواتر كه‌ناڵه‌‌كانی دیكه‌ له‌وانیان وه‌رگرتووه‌، له‌و قسانه‌ش كه‌ بۆ ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌م كردوون، هیچ په‌شیمان نیم، ئێستاش ده‌ڵێم: هه‌ولێر ئارامه‌‌و، با ره‌وش‌و دۆخی هه‌ولێر نه‌شێوێندرێ‌‌و، گیان‌و ئیسراحه‌تی خه‌ڵك تێك‌ نه‌چێت، به‌ڵام له‌ هه‌قی خۆشم خۆش نابم، كه‌ سایتێكی ئیسلام وه‌ك (ئیسلام په‌یك) بۆ‌ منیان هه‌ڵبه‌ستووه‌.