داكشانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌نێوان به‌ربه‌سته‌كان‌و چاره‌سه‌ریدا - زانكۆ وه‌ك نمونه‌

ئا: مه‌لا ته‌یب زیاره‌تی
كه‌س نكۆڵی له‌وه‌ ناكات، كه‌ سروشتی مرۆڤ هه‌میشه‌ به‌ گونجان‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن جوانه‌‌و حه‌ز به‌ ته‌نهایی ناكات، به‌هه‌مان شێوه‌ش سروشتی وایه‌ نێرینه‌ دڵی بۆ مێینه‌ ده‌چێت‌و مێینه‌ش بۆ نێرینه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ مرۆڤه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز پێویستیان به‌ یه‌كدی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام هانی هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌دات به‌وه‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی شه‌رعی‌و رێگه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌ز‌و وه‌چه‌‌و مرۆڤ نه‌بڕێته‌وه‌‌و كۆتایی پێنێت.

ئه‌گه‌ر چی زۆرجاران له‌ هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌مه‌ كه‌متر پیاده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ئاستێكی باشی هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر جاران له‌راگه‌یاندنه‌كان گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین گوایه‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری زۆر رووی له‌كه‌می‌و داكشان كردیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریشدا ته‌ڵاق‌و لێك جیا بوونه‌وه‌ رووی له‌زیادی‌و هه‌ڵكشان كردوه‌.

قسه‌ كردنی ئێمه‌ له‌و راپۆرته‌دا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین بۆچی له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام گرنگی به‌م پرۆسه‌یه‌ دراوه‌؟ نه‌مانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌وه‌ چ ئاقارێك ده‌بات؟ بۆچی هه‌ندێ‌ جار رێژه‌كه‌ داده‌به‌زێ‌؟ هۆكاری ئه‌م داكشانه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ كێن ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا؟ ده‌بێت چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ دژواره‌ له‌كوێ بێت؟

دوا به‌دوای راپۆرته‌كه‌مان سه‌ردانی چه‌ند كۆلیژ‌و په‌یمانگه‌یه‌كمان كرد له‌شاری هه‌ولێر كه‌ هه‌واڵی زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تێدابوو له‌وانه‌ قوتابیان‌و خوێنكاران زۆرباسی وشه‌ی ره‌فز‌و قه‌بوڵیان ده‌كرد له‌به‌ینی خۆیان منیش وام زانی رۆژانه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌نێو زانكۆكان به‌رێوه‌ ده‌چێت كه‌چی به‌ بۆچوونی ئه‌وان: ئه‌م پرۆسه‌یه‌ زۆر ده‌گمه‌نه‌‌و سالانه‌ به‌شێكی زۆر كه‌م داخوازیه‌كان رێك ده‌كه‌ون زۆرێك له‌قوتابیانی كوڕ ده‌یان گووت ئێمه‌ چه‌ند جارێك ته‌قدیمی كچانمان كردوه‌ به‌ڵام چیبكه‌ین گشتمان ره‌فزمان بۆ هاتوته‌وه‌ بۆیه‌ ویستمان له‌نزیكه‌وه‌ چه‌ند قوتابیه‌ك له‌م باره‌وه‌ بدوێنین‌و له‌هه‌مان كاتیشدا رای كچان وه‌ر بگرین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین بۆچی ره‌فز به‌كوره‌كان ده‌ده‌ن ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نین ژیان له‌گه‌لیان پێك بهێنن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

هه‌روه‌ك قوتابی (فارس سه‌ربه‌ست) له‌و باره‌وه‌ گووتی: من له‌نزیكه‌وه‌ ئاگادارم كه‌ سالانه‌ زۆربه‌ی كوڕان داخوازی كچانی زانكۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌زۆری وایه‌ ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌‌و رێك ناكه‌وێت ئێمه‌ش ویستمان له‌نزیكه‌وه‌ هۆكاری ئه‌م نهێنیه‌ بزانین‌و كه‌ كچان بۆچی كوڕان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رومان كرده‌ كچێك به‌ناوی (ش _ ف) به‌رێزی نهینی رێك نه‌كه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی بۆ چه‌ند هۆكارێك گێڕایه‌وه‌ له‌وانه‌: كچان پێیان باشه‌ ئه‌وانه‌ی داخوازی ده‌كه‌ن له‌رێگه‌ی كه‌سێكی شاره‌زا‌و به‌ئه‌زموون‌و له‌خۆیان گه‌وره‌تر بێت، یانی كه‌سێك بێت كه‌فاله‌تی ئه‌و كوره‌ بكات‌و حیسابی دوارۆژ ره‌چاو بكات، هه‌ر بۆیه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن له‌رێگه‌ی مامۆستایانی خۆیان پێیان بلێن یان براده‌ری نزیكی كوره‌كه‌ كه‌ بێگومان ئه‌و كات له‌ نێو خانه‌واده‌كه‌شیان كار ئاسانیان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوره‌كه‌ به‌خۆی به‌كچه‌كه‌ بلێت: تۆزه‌ك مه‌ترسیان هه‌یه‌ هه‌م له‌لایه‌نی ماله‌وه‌ كه‌ به‌زه‌حمه‌ت رازی ده‌بن هه‌میش مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كوره‌ نیازێكی خراپی هه‌بێت‌و ئیستیغلالی بكات.

وه‌هه‌روه‌ها زۆربه‌ی كچانیش حه‌ز به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ل كورێك پێك بهینن كه‌ ته‌خه‌سوسیان له‌یه‌كتر جیا بێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی جوگرافی هۆكارێكی دیكه‌یه‌، به‌وه‌ی كورێك له‌ پارێزگایه‌كه‌ ده‌چێته‌ داخوازی كچێك له‌ پارێزگایه‌كی تر، دایك‌و باوك ده‌بنه‌ رێگر‌و ده‌ڵێن شوێنه‌كه‌ دوره‌، به‌ڵام له‌و روه‌وه‌ كچان گله‌یی له‌ خانه‌واده‌كه‌یان ده‌كه‌ن‌و ده‌لێن: مادام ئێمه‌ به‌دڵی یه‌كتر بین حه‌ق وانیه‌ ماڵه‌وه‌ رێگرمان بن، كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا گه‌لێك زۆره‌، ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی گوتی: به‌شێكیش له‌كچان حه‌ز ده‌كه‌ن خوێندنیان ته‌واو بكه‌ن ئینجا شوو بكه‌ن، یان عه‌شیره‌ت گه‌ری، یان ئینتیمای حیزبایه‌تی، به‌شێكن له‌هۆكاره‌كان‌و له‌وه‌ی كچان كوڕان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

قوتابیه‌كی زانكۆ
بێ‌ متمانه‌یی له‌ناو چینی گه‌نجان هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌

هه‌روه‌ها هاوار ئه‌حمه‌دی قوتابی زانكۆ له‌و باره‌وه‌ بۆچوونی خۆی هه‌بوو گوتی: به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كچیش كاتێك كورێكی به‌دڵی خۆ نیشان ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ل كورێك پێك بینیتن، كه‌ ته‌قدیمی كورێك ده‌كات ره‌فزی بۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: له‌وانه‌ به‌شێك له‌كچان تێكه‌ڵاویه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ كوڕان هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌و كوڕه‌ ره‌فز ده‌داته‌ كچه‌كه‌ یان هه‌ڵس‌و كه‌وت‌و لیباسی كچه‌كه‌ی به‌دڵ نیه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كاتێك كورێك ته‌قدیمی كچێك ده‌كات، كوره‌كه‌ یه‌كسه‌ر شتێكی له‌لا دروست ده‌بیت‌و ده‌ڵێت: ده‌بێت شتێكی نهێنی هه‌بێت بۆیه‌ ته‌قدیمی منی كردوه‌!! دیاره‌ كه‌س نایه‌وێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك بێت باری ئه‌وه‌ی تێر كردنی لایه‌نی جنسی به‌شێوه‌یه‌كی نادروست، كه‌ ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ئاین‌و گشت داب‌و نه‌ریتێكی كۆمه‌لایه‌تی.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كچان‌و كوڕانی زانكۆ كه‌م بوونی ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گێرنه‌وه‌، كه‌ هۆكاری جۆراوجۆرن.

كچێك:
داواكاری زۆری ئافره‌تان له‌مپه‌ری سه‌ره‌كیه‌ بۆ كه‌مبوونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌

له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر هۆكاری ئه‌و داكشانه‌ قوتابی (جوانه‌ به‌كر) قوتابی كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان كه‌م بوونی ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی بۆ چه‌ند هۆكارێك گێڕایه‌وه‌ له‌وانه‌: نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی شیاو بۆ بژێوی ژیان‌و كه‌می شوێنی نیشته‌جێ بوون، نایشارمه‌وه‌ داواكاری زۆری ئافره‌تانیش له‌مپه‌ری سه‌ره‌كیه‌ بۆ كه‌مبوونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دواتر فه‌شه‌ڵ هێنان‌و سه‌رنه‌كه‌وتنی زۆربه‌ی پرۆسه‌كانی پێشوتر. داواكاری هه‌ردوو ره‌گه‌ز بۆ بروانامه‌ی به‌هێز‌و ده‌ركه‌وتنی بێ‌ متمانه‌یی له‌چینی گه‌نجان. سه‌ر قاڵ بوون به‌ته‌كنه‌لۆژیا‌و كه‌می پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری دانه‌رشتنی پلانی گونجاو له‌لایه‌ن گه‌نج بۆ نه‌خشه‌كانی ژیانی داهاتووی‌و كاریگه‌ری رۆژ ئاوا به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ له‌سه‌ر گه‌نجانی ولاتانی ئیسلامی، چونكه‌ رۆژ ئاوا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ولاتی موسڵمانان كه‌متر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن سه‌رباری ئه‌وه‌ی تێر كردنی لایه‌نی جنسی به‌شێوه‌یه‌كی نادروست كه‌ ئه‌مه‌ش دووره‌ له‌گشت ئاین‌و داب‌و نه‌ریتێكی كۆ مه‌لگه‌.

مامۆستایه‌كی ئایینی
ئیسلام له‌سه‌ر بنه‌مای داوێن پاكی تاكه‌كان‌و پاراستنی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه‌ بایه‌خی به‌و پرۆسه‌یه‌ داوه‌

بۆ پتر قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌‌و باس كردنی هه‌ڵوێستی ئیسلام له‌و باره‌یه‌وه‌ روومان كرده‌ به‌رێز ( د. جه‌میل عه‌لی سورچی) زانای ئایینی مامۆستای كولێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان‌و ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه‌ هاته‌ دووان: له‌ باره‌ی گرنگی دانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام به‌پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌رێزیان گوتی: له‌ روانگه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌م گرنگیه‌ بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌:

1_ پاراستنی بوونی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بناغه‌ی وه‌چه‌ دیاری‌و پاراستنی رێكخستنی خێزان‌و ئوسره‌.
2_ تێركردنی غه‌ریزه‌ی جنسی به‌رێگه‌ی مه‌شروع‌و ته‌ندروست .
3_ پاراستنی ئه‌خلاق‌و ره‌وشتی تاك‌و كۆمه‌لگه‌.
4_ دابین كردنی عفه‌ت‌وداوێن پاكی له‌نێو كۆمه‌لگه‌.
5_ پاراستنی مافی ئافره‌ت له‌رێگه‌ی گرێبه‌ستی زه‌واجه‌وه‌ كه‌چه‌نده‌ها مافی ده‌خاته‌ سه‌ر پیاوه‌كه‌ی.
6_ دروست كردنی خۆشه‌ویستی‌و متمانه‌ له‌نێوان ژن‌و پیاو هه‌روه‌ك له‌ قوڕئاندا جه‌ختی لێ‌ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئیسلام ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ به‌ په‌یوه‌ندیێكی پیرۆز داده‌نێت نه‌ك ته‌نها له‌روانگه‌ی غه‌ریزه‌ی جینسه‌وه‌ ته‌ماشه‌ی بكات‌و وه‌ك‌و تێكه‌لێكی نه‌فسی ته‌ماشای ده‌كات كه‌ژن‌و پیاو بن پارێزه‌ری یه‌یكتر وه‌ك‌و جل‌و به‌رگ بۆ داپۆشین‌و عه‌یب‌و عار‌و كه‌م‌و كورتیه‌كانی یه‌كتر وه‌كو خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت (هن لباس لكم)
7_ دروست كردنی راحه‌ت‌و خۆشی له‌دڵی ژن‌و مێرد ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسێكی ئیسلامی ژیان به‌سه‌ر به‌رن وه‌كو خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت (لتسكونوا اليها) واته‌ ژن ئه‌بێت وه‌ك سوكنایه‌كی روحی بێت بۆ پیاوه‌كه‌ی وه‌به‌هه‌مان شێوه‌ پیاویش بۆ ژنه‌كه‌ی.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ش تاچه‌ند ئیسلام ئاسانكاری كردوه‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ناوبراو گوتی:
ئیسلام ئاسانكاریه‌كی یه‌كجار زۆری كردوه‌ بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ر له‌هاندانی گه‌نجان له‌سه‌ر ژن هێنان‌و هاندانی كه‌س‌و كاری كچان بۆ به‌مێرد دانیان به‌كه‌سانی شیاو چاك‌و دیندار وه‌هان دانی سه‌ر په‌رشتیاری كچان له‌سه‌ر نه‌هێشتنی كۆشپ‌و ته‌گه‌ره‌ له‌پێش مێردكردنی كچه‌كانیان وه‌هاندانی موسلمانان به‌گشتی له‌سه‌ر یارمه‌تی دانی ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێك بهێنن‌و هه‌روه‌ها هاندانی ئافره‌تان له‌سه‌ر دانانی ماره‌یی كه‌م‌و بار قورسی له‌كردنی باری گه‌نجان بۆ پێك هێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وه‌ له‌ ئاسانكاری ئیسلامه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رمان (د_خ) ده‌فه‌رموێت: (اژا جا‌وكم من ترچون دينه وخلقه فزوجوه الاّ تفعلوا تكن فتنه‌ فی الارض وفساد عريض) واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاته‌ لای ئێوه‌ بۆ داواكردنی كچه‌كانتان كه‌ له‌دین‌و ئه‌خلاقی رازی بوون كچه‌كه‌تانی پێبده‌ن پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست (د-خ) لیًره‌دا پاره‌‌و پول به‌گرنگ دانانێت چونكه‌ ئه‌مه‌ په‌یدا ده‌بێت هه‌روه‌كو له‌ بۆ ئیختیاری ئافره‌ت ده‌فه‌رموێت (فاظفر بذات الدین تربت يداك) واته‌ گرنگی به‌هه‌ڵبژاردنی ئافره‌تی خاوه‌ن دین‌و ئه‌خلاق بده‌ن نه‌ك خاوه‌ن پاره‌‌و پوول وه‌هاندانی زۆری پێغه‌مبه‌ر (د-خ) له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌م ئاسانكاریه‌ كه‌ فه‌رمایشتێك ده‌فه‌رموێت(واتزوج النسا‌و فمن رغب عن سنتی فليس منی) واته‌ پشت كردن له‌زه‌واج پشت كردنه‌ له‌سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر (د-خ).

مامۆستایه‌كی زانكۆ
زۆری ماره‌یی‌و داواكردنی شتی لاوه‌كی وای كردووه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌متر ئه‌نجام بدرێت

ناوبراو گوتیشی: پێم وایه‌ هاوكاری كردنی گه‌نجان بۆ پێك هێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ یه‌كێك له‌هه‌ره‌ خێره‌ گه‌وره‌كان له‌به‌ر ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

1_ خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت (وانكحوا الايامی منكم والصالحين)، انكحو فعلی ئه‌مره‌ موخاته‌به‌كه‌ گشتیه‌ هه‌م كه‌س‌و كاری گه‌نجان ده‌گرێته‌وه‌ هه‌م كار به‌ده‌ستان هه‌میش ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌نێو كۆمه‌لگه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌مینبه‌ری ئێوه‌ روو له‌ ده‌وله‌مه‌نده‌كانی خۆمان ده‌كه‌م با هاوكاری گه‌نجان بن بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌ئه‌م گه‌نجه‌ بتوانی له‌رێگه‌ی كه‌سێك ژن بۆ خۆی بهێنیت خێره‌كی زۆر گرنگ به‌و ده‌وله‌مه‌نده‌ ده‌گات به‌تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا كه‌ كه‌سانێك هه‌ن ده‌یان هه‌وێت به‌ره‌ هه‌لدێریان ببه‌ن .
2_ خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وافعلوا الخير ) دیاره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئیشێكی چاكه‌و وه‌ك خودا دوه‌فه‌رموێت ( وتعاونوا علی البر والتقوی) وه‌ خۆشه‌ویستمان ده‌فه‌رموێت (د-خ) ( والله فی عون العبد مادام العبد فی عون اخيه) كه‌ به‌م یارمه‌تیه‌ زۆر له‌موشكیله‌ی گه‌نجان چاره‌ سه‌ر ده‌بێت.
3_ ئه‌م یار مه‌تیه‌ هۆیه‌كه‌ بۆ پاراستنی گه‌نجانمان له‌خراپه‌‌و داوێن پیسی به‌تایبه‌تیش له‌م سه‌رده‌مه‌ی، كه‌ رێگه‌ی فه‌ساد ئاسانتره‌ له‌جاران له‌به‌ر ئه‌وه‌ یارمه‌تی دانی گه‌نجان بۆ پێك هێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ زۆر خێر تره‌ له‌هه‌ندێك خودا په‌رستی كه‌ته‌نها سوده‌كه‌ی بۆ خۆی ده‌گه‌رێته‌وه‌.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ش كه‌ پیاوان له‌كاتی به‌شودانی كچه‌كانیان حه‌ز ده‌كه‌ن ماره‌یی زۆر بێت به‌لام كه‌ژن بۆ كوڕ ده‌هێنن به‌ پێچه‌وانه‌یه‌ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ماره‌یی كه‌م بكرێته‌وه‌ د. جه‌میل گوتی: راسته‌ به‌داخه‌وه‌ من ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێرمه‌وه‌ كه‌ ئه‌م به‌رێزانه‌ هه‌م له‌دین شاره‌ زانینه‌ هه‌میش ویژدانیان كه‌مه‌ به‌راستی داواكردنی ماره‌ی زۆر مه‌سره‌فی زۆر له‌لایه‌ن ئافره‌تان یه‌كێكه‌ له‌ئاسته‌نگه‌كان له‌پێش گه‌نجان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئافره‌تان زیاتر ته‌ماشه‌ی دین‌و ئه‌خلاق بكه‌ن.

پێویسته‌ ئافره‌ت ره‌چاوی دین‌و ئه‌خلاق بكات نه‌ك پاره‌و ماره‌یی زۆر
نه‌ك پاره‌‌و پوول چونكه‌ به‌خته‌وه‌ری له‌ئه‌خلاق‌و دینه‌ وه‌پێغه‌مبه‌ر (د-خ) ده‌فه‌رموێت له‌هه‌موو ئافره‌تان به‌به‌ره‌كه‌تتر ئه‌وانه‌ن كه‌ ماره‌یی ‌و مه‌سره‌فیان كه‌م بێت، چونكه‌ به‌مه‌یارمه‌تی مێردیان ده‌ده‌ن له‌ معاناتیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوامان له‌ئافره‌تان‌و دایكان‌و باوكان ئه‌وه‌یه‌ كه‌زیاتر ته‌ماشه‌ی دین‌و ئه‌خلاقی گه‌نج بكه‌ن‌و پاره‌‌و پول نه‌كه‌ن به‌ ئاسته‌نگ بۆ پێك هێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌.

له‌ باره‌ی لایه‌نه‌ ئیجابیه‌كانی زه‌واجیش گوتی: زه‌واج پڕه‌ له‌لایه‌نی باشی كه‌ئه‌مانه‌ به‌شێكن:..
1_ جێ‌ به‌جێكردنی سونه‌تێكی پێغه‌مبه‌ر مانه‌(د-خ).
2_ پاراستنی دین‌و ئه‌خلاقی كۆمه‌لگه‌یه‌ له‌ئینحیراف‌و لادان.
3_ پاراستنی مرۆڤایه‌تیه‌ له‌فه‌وتان.
4_ پاراستنی رێكخستنی خێزان‌و خزمایه‌تیه‌ كه‌جوانی ده‌دات به‌ ژیان‌و مرۆڤایه‌تی.
5_ هۆیه‌كه‌ بۆ دروست بوونی خۆشه‌ویستی له‌نێوان كۆمه‌لگه‌‌و دروست بوونی خزمایه‌تی له‌نێوان تاكه‌كان.
6_ زیاد بوونی ئومه‌تی ئیسلامه‌.
7_ زیاد بوونی ده‌ستی كاركردن چونكه‌ هاندانێكه‌ بۆ كار كردن وه‌كو پێغه‌مبه‌ر (د-خ) ( تزوجوا الودود الولود فانی مكاثر بكم الامم)
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌بوونی پرۆسه‌ی هاوسه‌ر گیری له‌نێو هه‌ر كۆمه‌لگه‌یه‌ك ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ره‌و هه‌ره‌س هێنان ده‌چێت له‌لایه‌نی ئه‌خلاق‌و ره‌وشت‌و وه‌كه‌ ئه‌مه‌ بناغه‌ی ئومه‌ته‌ چونكه‌ له‌داوێن پیسی نه‌خۆشی زۆر دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان زیانی زۆری هه‌یه‌ وه‌ده‌ش بێته‌ نه‌مانی خێرو به‌ره‌كه‌ت بۆ ئه‌م میله‌ته‌ وه‌خۆشه‌ویستمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ كردوه‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی‌و سه‌باره‌ت به‌ ئاسه‌واره‌كانی كه‌م بونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌چی ده‌بینیته‌وه‌ ناوبراو گوتی: هه‌ندێك له‌و شوێنه‌وارانه‌ دیارن وه‌كو:
1_ زۆر بوونی قه‌یره‌ كچی قه‌یره‌ كوڕی كه‌ ئه‌مه‌ش له‌كۆتایدا هه‌م ده‌بن به‌غه‌م بۆ خۆیان هه‌م بۆ كه‌س‌و كاریان به‌تایبه‌تی له‌دوا رۆژی خۆیان.
2_ زۆر بوونی به‌دره‌وشتی داوێن پیسی كه‌ زۆر جاران كوشتن‌و فیتنه‌ی لێ‌ دروست ده‌بێت.
3_ لێكه‌وتنه‌وه‌ی زۆر نه‌خۆشی ده‌رونی‌و جه‌سته‌یی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دورن له‌م پرۆسه‌یه‌.


- ئه‌وانه‌ له‌جیاتی خه‌لك هان بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌چی خه‌لك دوور ده‌خه‌ونه‌و ئه‌مانه‌ تاوانیان پێده‌گات
+ به‌راستی ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ خه‌لك هان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌مانه‌ به‌م كاره‌ خراپه‌یان دژی فه‌رمانه‌كانی خوداو پێغه‌مبه‌ر ده‌جولێنه‌وه‌ وه‌ له‌م كاره‌یاندا دژن به‌عه‌قل‌و فیتره‌تی ئینسان‌و عورف‌و عاده‌ت‌و زانست ‌و تبی چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مویان هانده‌رن له‌سه‌ر زه‌واج وه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر سوده‌كانیان ده‌كه‌ن وه‌ دیاره‌ ئه‌م كه‌سانه‌ مه‌به‌ستیان بلاو كردنه‌وه‌ی بێره‌وشتی‌و بردنی بردنی كۆمه‌لگه‌یه‌ به‌ره‌و هه‌ردێرو ئاقارێكی خراپ وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ خودای گه‌وره‌ ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێت: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یان هه‌وێت به‌د ئه‌خلاقی له‌نێو كۆمه‌لگه‌ ی برواداران بلاو بكه‌ونه‌و ئه‌مانه‌ سزای به‌ ئێش‌و ئازاریان بۆ هه‌یه‌ له‌دونیاو له‌ئاخیره‌ت.
بۆیه‌ پێمان وایه‌ مامۆستایانی ئاینی رۆلی به‌ر چاوو ئه‌كتیڤیان هه‌یه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ بۆ پێكهێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ر له‌باس كردنیان بۆ ئه‌م كاره‌ پیرۆزه‌ له‌روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی مینبه‌ره‌و كۆرو كۆ بونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ل خه‌لك وه‌ ئاشنا كردنیان به‌ ئه‌حكام‌و ئادابه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌.
له‌ دوا په‌یڤی خۆیدا مامۆستا جه‌میل وه‌كو مامۆستای ئاینی‌و مامۆستای زانكۆ گوتی: ئامۆژگاریمان ئه‌وه‌یه‌ بۆ گه‌نجان كه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌ نه‌ترسن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بیبَت به‌مایه‌ی دروست كردنی چه‌نده‌ها واجب‌و ئه‌رك له‌سه‌ر شانیان وه‌كو به‌خێو كردنی خێزان‌و منداڵ‌و په‌روه‌رده‌ كردنیان‌و پاراستنیان كه‌ ئه‌مه‌ش پێویست به‌ ماندوو بوون ده‌كات، چونكه‌ له‌ كۆتایدا ئه‌مه‌ به‌رامه‌ت‌و خۆشی‌و سوكنایی روحی مرۆڤ ته‌واو ده‌بێت وه‌ مرۆڤی عاقل له‌زه‌ت ته‌نها له‌ زه‌ته‌ مادی نابێت به‌ڵكو له‌زه‌تی حه‌قیقی‌و له‌زه‌تی‌و روحی‌و نه‌فسیه‌كه‌ ئه‌مه‌ له‌ زه‌واج هه‌یه‌ وه‌كو خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت(لتسكونوا الیها)و له‌زه‌تی به‌ده‌نی‌و دوری له‌ئه‌رك‌و واجب ژیانێكی ئاژه‌ڵیه‌، وه‌مرۆڤی عاقل كاتێك هه‌ست به‌راحه‌ت ده‌كات كه‌ بتوانێت خزمه‌ت بكات وه‌ ئه‌ركه‌كانی جێ‌ به‌جێبكات نه‌ك حه‌ز له‌ راحه‌ت‌و له‌زه‌تی به‌ده‌نی بكات.