هه‌ڵبژاردن شتێكه كهخوداو پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمانیان پێكردوه، شوڕاو ڕاوێژ‌و هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و میلله‌تێك پێویسته، له‌پاش مردنی پێشه‌واش بهشوڕاو ڕاوێژ نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژارد, كه ئه‌بوبه‌كری صدیق بوو.( ره‌زای خوای له‌سه‌ر بێت). هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك كه ئه‌هل بێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته برا گه‌وره و بچێته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات, ده‌بێ وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ : [سید القوم خادمهم ]بێ . ده‌بێ برا گه‌وره به‌قسه‌و كرده‌وه له‌خزمه‌تی میلله‌ت و نیشتمانی خۆی دابێ. ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگی ئێمه ده‌بێته برا گه‌وره ده‌بێ جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئێمه بێ. كه‌سێك بێ ڕابردوویه‌كی پاك و خاوێنی ههبوبێ, له‌كه‌دار نه‌بوبێ, شایانی ئه‌وه‌ش بێ كه‌ده‌نگی بۆ بدرێ و ببێته نوێنه‌ری گه‌ل و میلله‌ت و وڵات .. ده‌بێ ئه‌وكه‌سه كه‌سێك بێ كه دین په‌روه‌رو میلله‌ت په‌روه‌رو نیشتمان په‌روه‌ر بێت، كه‌سێك بێ له‌خه‌م خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی ووڵات دابێ. واته كانی و سه‌رچاوه‌یه‌ك بێ, تینویه‌تی خه‌ڵك بشكێنێ. هیواو ئومێدی دوا ڕۆژی میلله‌ت و ڕه‌ش و ڕووت و هه‌ژاران بێ .واته ئاسۆیه‌كی ڕون و گه‌ش بێ. بۆ گه‌ل و وڵات بۆ نیشتمان. نه‌ك كه‌سێك بێ به‌ده‌نگی ئێمه گه‌وره بێ و به‌ڵام ئێمه‌یش نه‌بینێ. كوڕی ئه‌م خاك و وڵاته‌ش بێ, به‌ڵام بۆ ئه‌م خاك و وڵاته‌ش سپڵه‌و بێوه‌فا بێ. خۆ په‌رست بێ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیش وه‌لا بنێ. ده‌نگ دان ئه‌مانه‌تێكی زۆر گه‌وره‌یه, ده‌نگ دان شاهیدی دانه, به‌ڕاست پاداشت و به‌درۆش لێپرسینه‌وه‌ی دوا ڕۆژی خودای له‌سه‌ره، ده‌بێ ده‌نگ بۆ كه‌سێكی زۆر چاك بده‌ی, بۆ ئه‌وه‌ی موحاسه‌به‌ی خودایت نه‌یه‌ته سه‌ر. ده‌بێ له ده‌نگ داندا ته‌نها حیساب بۆ كه‌سی ئه‌هل و به‌دین و خاوه‌ن ڕه‌وشت وخوێنده‌وارو دانا‌و زانا‌و شیاو بكه‌ی. نه‌ك بۆ كه‌سی خزم و دۆست و ناسیا و و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندو و سه‌رمایه‌دار ونه‌فام و نه‌زان. یان كه‌سێك كه ئه‌هلی ئه‌و مه‌قام و ئه‌و شوێنه‌و ئه‌و پۆسته‌و ئه‌و لێپرسراویه‌تییه نه‌بێ. ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ی له‌ئاستی به‌ر پرسیاریه‌تی دابێ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌ر چاو بگرێ و بشزانێ كه ئه‌ركێكی زۆر قورس له‌سه‌ر شانیه‌تی. وه‌ده‌بێ خه‌ڵكانێكیش هه‌ڵبژێرێن كه بتوانن ئه‌ركی خۆیان جێ به‌جێ بكه‌ن.. ئه‌مه‌یه فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه ڕه‌زابونی خودا‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه. ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه كه‌له هه‌موو ڕۆژێك زیاتر پێۆیستیمان به‌وه هه‌یه كه‌ماڵی كورد ببێته‌وه یه‌ك ماڵ. هه‌ر هه‌موومان له‌سه‌ر سفره‌ی برایه‌تی وته‌بایی ویه‌كتر خوێندندنه‌وه, پێكه‌وه دانیشین و به‌هه‌وڵ و هیمه‌تی هه‌موو لایه‌ك و لایه‌نێكیش ڕه‌گ و ڕیشه‌ی دوو به‌ره‌كی و ناكۆكی و ناته‌بایی و ناعه‌داله‌تی, له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ڵ بكهندرێ و تۆوی خۆشه‌ویستی و برایه‌تی و ته‌بایی و گونجان و پێكه‌وه ژیان بچێنرێ.. هه‌ڵبژاردن گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ هه‌موو كۆمهڵگاو گه‌ل و میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك, كه بتوانێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی به‌ره‌و پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی و دیموكراسی به‌رێت . له‌هه‌ڵبژاردندا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه، هه‌ڵبژاردن یان به‌شداری كردن له هه‌ڵبژاردن, ئه‌ویش جۆره خه‌باتێكه بۆ دروست بوونی حكومه‌ت و په‌رله‌مان. وه هه‌ڵبژاردنیش مافی ڕه‌وای هه‌موو هاوڵاتییه‌كه له كوردستان و هه‌موو دونیاش - كه مه‌رجی یاسایی تێدا بێ .. هه‌ڵبژاردن تاكه ڕێگه‌ی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌یه بۆ ئاڵ و گۆر كردن و ده‌ستاو ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان حزب و پارت و لایه‌نه سیاسی و ئیسلامی و علمانی و بیر‌و بۆ چونه جیاوازه‌كان .. وه‌بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیش به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و دیموكراسی به‌ڕێوه بچێ, پێویسته چه‌ند لیست و لایه‌نی جیاواز هه‌تا له خه‌ڵكی بێ لایه‌نیش هه‌بن , تا هاوڵاتیان خه‌ڵك و میلله‌ت, به‌ئازادی و سه‌ربه‌ستی مافی ده‌نگ دان و هه‌ڵبژاردنیان هه‌بێت . ئه‌وه‌ش ڕون و ئاشكرایه لای هه‌موو كه‌سێك, كه‌یاسایی كردنی ده‌سه‌ڵات و شێوه‌ی به‌ڕێوه بردنی ده‌سه‌ڵات, له ڕێگه‌ی متمانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و ئازادی, زۆر باشتره له ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری زۆر باشتره له ده‌سه‌ڵاتی زه‌برو زه‌نگ و ترساندن و تۆقاندن و میلیشیایی. هه‌ر زۆر زۆر باشتره له ده‌سه‌ڵاتی تاك ڕه‌وی و تاك حزبی و خۆ به‌زۆر سه‌پاندن و دیكتاتۆرییه‌ت و حیساب بۆ كه‌س نه‌كردن.. هه‌ڵبژاردن گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته بۆ ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ر ده‌كه‌ون، هه‌ڵبژاردن بریتیه له‌ده‌ستاو ده‌ست پێكردنی ده‌سه‌ڵا ت و حوكمڕانی به شێوازێكی ئاشتیانه‌و دیموكراسیانه و برایانه، هه‌ڵبژاردن شه‌رعییه‌تی جه‌ماوه‌ری ده‌به‌خشێت وه‌ك مه‌دالیایه‌ك به حكومه‌تی تازه‌ی هه‌ڵبژێر راو. چونكه حكومه‌ت به تێپه‌ڕ بوونی كات پێویستی به نوێ كردنه‌وه هه‌یه، له‌هه‌موو دنیادا و به‌كوردستانیشه‌وه. هه‌ڵبژاردن مه‌به‌ستێكی زۆر گرنگی هه‌یه كه بریتیه له لێپێچینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات داران و لێپرسینه‌وه‌یان له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، كهوهلا ده‌نرێن و پشت گوێ ده‌خرێن و مۆری تاوان‌و گه‌نده‌ڵیان لێده‌درێ . مه‌به‌ست و ئامانج له هه‌ڵبژردن بریتیه له‌وه‌ی كه هیچ سه‌ر كرده‌و كار به‌ده‌ستێك, نه‌توانێت ده‌سه‌ڵات داگیر بكات. یان كه‌سێك كه‌نه‌ی توانی بێت له‌ئاستی پێداویستیه‌كانی هاوڵاتیان دابێت. یان له ئاستی داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ر دا بێت, ئه‌وه له‌و كاته‌یدا بۆ هاوڵاتیان [ هه‌بێت] نوێنه‌رێكی تر بۆ خۆیان له دوای ته‌واو بونی ئیشه‌كه‌ی, كه‌سێكی دیكه هه‌ڵبژێرن . كه شایه‌نی ئه‌و شوێنه بێت .. هه‌ڵبژاردن مونافه‌سه‌ی حزب و لایه‌نه سیاسی و ده‌سه‌ڵات داره‌كانه. هه‌تا خزمه‌ت كردن و دڵسۆزی كار بهدهستانیش باشتر بۆ خه‌ڵك ڕون و ئاشكرا بێت و چالاك تریش بن له ئیش و كاره‌كانیان. وه‌هیچ گه‌ل و میلله‌تێكیش به‌بێ هه‌ڵبژاردن ناتوانێ بچێته به‌ر ده‌م گۆران كاری سیاسی و هه‌تا هه‌رێمی و ناو خۆی و ده‌وله‌تیش ...كه‌واته هه‌ڵبژاردن پێویستی ژیان و گه‌ل و نیشتمانه. هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی دیاری كراوه, بۆ هه‌تا هه‌تایه نییه. ئه‌وانه‌ی كه هه‌ڵبژێر راون ناتوانن ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له پۆسته سیادی و سیاسیه‌كان درێژ تر بكه‌نه‌وه. هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی به هێز له نێوان جه‌ماوه‌رو پارت و حزبه ئیسلامی و علمانی و تێكڕای قه‌واره سیاسیه‌كان دروست ده‌كات. هه‌ڵبژاردن واته دروست بونی گۆران له ده‌سه‌ڵات. به‌جێ هێشتنی كورسی ده‌سه‌ڵاته له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر . هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته دیار‌و باشه‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسی. هه‌ڵبژاردن گۆرانێكی گرنگه بۆ چاره نوسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له كوردستان دا هه‌نه, له‌به‌ر ده‌م ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه جه‌ماوه‌ری میلله‌ته‌كه‌یان پێی داون .. له هه‌ڵبژاردندا ئینسان كوێرانه, نه‌زانانه, ده‌نگ به‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادات, به‌ڵكو ده‌نگ به‌وانه ده‌دات, كه‌له خزمه‌ت میلله‌ت دان و خاك و میلله‌ت و وڵات ده‌پارێزن .. ڕابردووی پاكیشیان هه‌یه‌و كه‌سێكن كه شیاوی ئه‌و پۆسته‌و ئه‌و شوێنهشن.. هه‌ڵبژاردن ویستگه‌یه‌كی چاره نوس سازه, تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گرنگه له‌وه‌ی كێ خاوه‌نی جه‌ماوه‌ره‌و له ناو خه‌ڵك و میلله‌تدا قورسایی زۆری هه‌یه‌و, له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع خه‌ڵك له‌ژێر سێبه‌ری ده‌حه‌سێته‌وه. هه‌ڵبژاردن بریتیه له دیاری كردنی نوێنه‌ری هاوڵاتیان و كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له ژێر بڕیاری یه‌ك سه‌ركرده‌و فه‌رمان ڕه‌وادا . له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌مه‌رجی ده‌نگ دانیان تێدایه، هه‌ڵبژاردن ده‌بێ برینه‌كان ساڕ‌ێژ بكات, نه‌ك هێنده‌ی تریش قوڵتریان بكات . ئێمه ده‌بێ وشیا ر بین, به‌چاوی عه‌قڵ نوێنه‌ر سه‌ر كرده برا گه‌وره هه‌ڵبژێرین, نه‌ك به‌چاوی حزبایه‌تی و خزمایه‌تی و لایه‌ن گری و عه‌شیره‌ت و چاو لێكه‌ری . یان ده‌نگ به‌كه‌سی نه‌شیاو بێ‌توانا بده‌ین. هه‌ر چهندئێستاش خه‌ڵكی وڵاتی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌ساسی عه‌شیره‌ت و خێڵ ده‌نگ ده‌دات, نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌ساسی خزمه‌ت كردن و ئاستی هوشیاری و لێهاتوی كه‌سه‌كه, كه‌سه‌كه هه‌ڵبژێرێ به‌ڵكو به‌زۆری عه‌قڵی حزب و ڕه‌ئیس عه‌شیره‌ت سه‌رۆك دائیره‌و فه‌رمانگه حوكم ده‌كات.. ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌رێی سندقی ده‌نگ دانه‌وه چاره نوسی دوا ڕۆژی خۆمان به‌عه‌قڵ و بیر‌و بۆ چونی خۆمان كه‌سه‌كه هه‌ڵبژێرین ودیاری بكه‌ین . وه‌ده‌بێ ده‌نگ بۆ كه‌سانێك بده‌ین و كه‌سانێك هه‌ڵبژێرین كه‌بتوانن ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان بهمهردانهو بهشێرانه و چاو نه‌ترسانه جێ به‌جێ بكه‌ن. هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌توانرێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه , كه نه‌هێڵرێت هیچ حزب و ده‌سه‌ڵاتێك خۆی بكات به گه‌وره‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان . یان ده‌سه‌ڵات تایبه‌ت بكات هه‌ر به‌خۆیه‌وه و بیكاته میرات لهباوكهوه بۆ كوڕ .. كه‌واته هه‌ڵبژاردن تاكه شێوازێكه كه به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می پشتاو پشت ده‌وه‌ستێت. یان ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی زۆرخراپ به‌كار بهێنێت. هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتێكی یاساییه‌و ته‌نها به‌پێی یاسا بڕیار ده‌درێ, كێ یه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌نگ ده‌دات و ؟ كێشه ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی ده‌پاڵێوێ و خۆی كاندید ده‌كات ؟؟ . هه‌ڵبژاردن گۆران كارییه له‌قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی باشتر‌و به‌رنامه‌ی نوێ یه بۆ چاك سازی له وڵات‌دا . له هه‌ڵبژاردن چه‌ند كه‌سێك ده‌ست نیشان ده‌كرێن, كه‌به‌ر پرس و لێپرسراون له به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ردا. ئه‌مڕۆ جه‌ماوه‌ر هاوڵاتی قورسایی خۆی هه‌یه و دونیا‌و ڕای گشتیش چاوه‌رێی ده‌می هاوڵاتین, باوی ئه‌وه نه‌ماوه حزب خۆی بكات به‌دیكتاتۆر . به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌ویش خۆی بگۆری و خۆی بگونجێنێ . له‌گه‌ڵ واقعی گه‌ل و میلله‌ته‌كه‌یدا . گوێ بۆ داوا‌و ئیراده‌ی هاوڵاتیان شل بكات.. جونكه هیچ ده‌سه‌ڵاتێك حزبێك به‌بێ جه‌ماوه‌ر هیچ نییه .هه‌ر بۆیه‌شه هه‌موو حزب و ده‌سه‌ڵاتیكی عاقڵ و ژیر خۆی ده‌گونجێنێ ,له‌گه‌ڵ داوا‌و ئیراده‌ی گه‌ل و میلله‌ت و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆیدا .. ئه‌مڕۆ كوردستان به‌شێكه له‌دونیا . به‌شێكه له‌پێشكه‌وتن به‌شێكه له دیموكراسی. كورد هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه. زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه ڕۆیشتوه, هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندنمان له‌سه‌ر كه‌م بۆته‌وه, ئاسۆیه‌كی ڕوناكتر چاوه ڕێیه, كه به‌ته‌واوی بگه‌ین به‌ئاوات و بحه سێینهوه.. هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌نگمان شایسته‌ی كه‌سێكی كورد په‌روه‌رو دین په‌روه‌رو كه‌سایه‌تی و لێهاتویی بێت. وه‌ژیانی خۆشی پێشكه‌ش به‌خاك و وڵات و میلله‌ت بكات. بۆ ئه‌وه‌ی كورد بگاته ئه‌و ماف و هه‌قه‌ی كه‌خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سه‌ر به‌خۆ بێت. هه‌ڵبژاردن كه‌ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌وه به‌خوێن و خه‌باتێكی زۆر به‌ده‌ست هێنراوه , به‌هایه‌كه‌ی به‌هیچ نرخێك نانرخێنرێت . ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌م حكومه‌ت و په‌رله‌مانه به‌خه‌باتی خوێناوی و به‌جه‌رگ سوتانی هه‌زاران باوك و دایك هاتۆته دی . به‌خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی ئه‌م كوردستانه به‌خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی زیندانیه‌كان و هه‌ڵبجه‌ی شه‌هیدو (24/4 ) شاری قه‌ڵادزه‌و ئه‌نفال و كیمیا باران و كۆره‌و و كاول كردنی كوردستان و ڕاپه‌ڕین وبه‌پشتیوانی خودای گه‌وره‌و دوعای پیاو چاكان و مه‌زڵومان و هه‌ژاران هاتۆته دی . ئه‌م ئازادییه‌ی كه ئێستا هه‌یه مافی یه‌ك حزب و یه‌ك لایه‌ن و یه‌ك سه‌ر كرده‌و ده‌سه‌ڵات دار نییه . به‌ڵك و مافی گه‌ل و میلله‌ته . به‌دڵسۆزی و برایه‌تی و یه‌ك گرتوویی هاتۆته دی .. گرنگی هه‌ڵبژاردن و فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌وه‌یدایه كه خه‌ڵك خۆی هه‌ست ده‌كات خۆی به‌ر پرسیاره . له‌و ئیختیاره‌ی كه كردویه‌تی و ئه‌گه‌ر كه‌سی هه‌ڵبژێ راویش له ئاستی پێویست دا نه‌بوو خۆی گوناهبارو تاوانباره . پێم وایه به هه‌ڵبژاردنیش ئایندهی گه‌شترو باشتر‌و چاكتر روو له‌میلله‌ت و وڵات ده‌كات .چونكه ده‌نگ به دڵسۆزانی خاك و وڵات و نیشتمان ده‌ده‌ین . وه میلله‌تیش ئازاده كێی پێ باش بێ ده‌نگ بۆ ئه‌و كه‌سه باشه بدات . وه‌له هه‌ڵبژاردنیش دا حكومه‌ت ده‌سه‌ڵات پشت ده‌به‌ستێت به‌سه‌ر پشك كردنی گه‌ل . گه‌ل كێی دیاری كرد كێی پێ‌باش بوو ئه‌وه ئه‌و كه‌سه به‌ره‌و هه‌ڵكشان به‌ره‌وسه‌ر به‌ره‌و لوتكه ده‌ڕوات . كه‌واته وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ: [ المستشار مئتمن فازا أستشیر احدكم فلیشر بما هو صانع لنفسه] واته ده‌بێ ڕاوێژ پێكراو جێی متمانه‌ی ڕاوێژ كار بێت, به‌ڕاستی ڕای خۆی ده‌ر ببڕێت و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و له‌به‌ر چاو بگرێ, وه‌ك به‌ر ژه‌وه‌ندی خۆی .. ئیسلام زۆر گرنگی (به شورا‌و ده‌نگ دان ) داوه, قورئانیش ده‌فه‌رموێ : [ وأمرهم شوری بینهم ] شوری 38 . یان [وشاورهم فی الامر ] وه‌پاداشتی خودایش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كهكارو باری خۆیان به‌ڕاوێژ له‌ناو خه‌ڵكدا له‌ناو خۆیاندا به‌ڕێوه ده‌به‌ن . پرس و ڕاو مه‌شوه‌ڕه‌ت به یه‌كتر ده‌كه‌ن . به‌تایبه‌تیش بۆ ده‌نگ دان و هه‌ڵبژاردنی كه‌سی شیاو بۆ به‌ڕێوه بردنی وڵات و لێپرسراویه‌تی وچونه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات. وه ئه‌و ڕۆژانه‌ی كهلهمهودواش دادێن رۆژی ناشیرن كردنی یه‌كترییه, ڕۆژی پرو پاگه‌نده‌و رۆژی به‌شان و باڵ هه‌ڵدان و فریو دانی رهشو ڕوت و گه‌نج ولا و هه‌موو مانه . ده‌بێ زۆر وریا بین و به‌قسه‌ی لوس و بریقه‌دار ههڵنهخهتێین و به‌درۆی زلی ناپاكان بڕوا نه‌كه‌ین و دوا ڕۆژی خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان تاریك نه‌كه‌ین، وه‌با نوێنه‌رانی گه‌ل و میلله‌تیش باش بزانن, به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌چنه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات. كه سه‌ر مایهكهیان له‌پله‌ی به‌رزو داهاتی زۆر دانییه, به‌ڵك و گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی وان له‌وه‌ی دایه, كه‌خه‌ڵك خۆشی بوێن و به‌پێشه‌وای خۆیانی بزانن . ئه‌م ڕێز‌و حوڕمهتهش به‌كرده‌وه‌ی جوان به پێشكه‌ش كردنی خزمه‌ت كوزاری ده‌بێ. ده‌سه‌ڵات داران به‌پێشكه‌ش كردنی ئاسه‌واری چاك و باش له‌پاش خۆیان , ناویان له‌ناو دڵی خه‌ڵكدا هه‌ر ده‌مێنێ. كه‌واته با سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ینه ته‌رازوی لایه‌نه سیاسیه‌كان له ئیسلامی و علمانیه‌كان له بێ لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌كان , بزانین كێ به دڵسۆزی و به‌نیه‌تی پاك, له خزمه‌تی گه‌ل و میلله ت و وڵات دایه . با ئێمه‌یش هه‌ر هه‌موومان ده‌نگ به‌و بده‌ین و هانی خه‌ڵكانیش بده‌ین كه‌ده‌نگی پێبده‌ن و به هه‌موو لایه‌ك له‌خزمه‌تی ئه‌و دابین، چونكه هه‌ر په‌رله‌مان كارێك كه به‌ده‌نگی خه‌ڵك بچێته ئه‌و شوێنه, ده‌بێته به‌دیل و نوێنه‌ری. برا گه‌وره‌ش ده‌بێ خزمه‌ت كار بێ، چونكه ئه‌مه زیاتر ئه‌رك و ته‌كلیفه نه‌ك پله‌و پوست . نوێنه‌رانی گه‌ل و میلله‌ت وریا بن و ئاگادار بن . كه‌قورئان ڕێگری دهكاو هه‌ر بهحهڕامیشی داده‌نێ, كه‌له هه‌چ كۆر‌و مه‌جلیسێكی تۆ داده‌نیشی . جا ئه‌و مه‌جلیسه په‌ر له‌مان بێ, ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێ, سه‌ر كردایه‌تی هه‌چ لایه‌ن و حزبێك بێ, یان كۆبونه‌وه‌ی سیاسی بیتَ , كه‌گاڵته سوكایه‌تی به ئایه‌ته‌كانی خودای گه‌وره‌ی تێدا بكرێ , یان ڕه‌خنه له ئایه‌تی قوڕئانی بگیرێ , یان له‌و شوێنه ئیهانه‌ی خودا‌و پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی تێدا بكرێ . ئه‌وه ئه‌تۆش به‌شداری له‌و گوناهه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌ردانه‌و شێرانه‌و چاو نه‌ترسانه ڕه‌خنه‌ت له بڕیارێكی هه ڵه‌و ناشه‌رعی و ناڕه‌وای په‌رله‌مان یان هه‌ر شوێنێكی ترت گرت, پێی ڕازی نه‌بوی و واژوت له‌سه‌ر نه‌كرد, ئه‌وه [ ان شاالله] له‌م بڕیاره گوناهبار نابی.. چونه په‌ر له‌مان و چونه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات, چه‌ند سودو قازانجی دونیایی و مادی تێدایه, سه‌د هێنده‌و زیاتریش زه‌ره‌دو زیانی دوا ڕۆژی تێدایه. گه‌ر له به‌ڵێنه‌كانت ڕاست گۆ نه‌بی و به‌ر گریش له‌شتی حه‌ڕام ناهه‌ق نه‌كه‌ی و له‌سه‌ر شتی هه‌قیش نه‌یه‌یته قسه.. * سود له‌كۆمه‌ڵێك گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌و نامیلكه وه‌ر گیراوه .. |