شێخ نەجیمی گەزنێ‌ خوا كردبوویە مرۆڤ!!

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكان ماڵمان هاتبووە دیانا، جارێكیان لەگەڵ شێخ نەجیمی گەزنێ‌، كە پیاوێكی نەرم‌و لەسەرخۆ‌و دیندار بوو، بە تاكسی هاتینە هەولێر، لە سەرەتای شەقڵاوە كەمێك دابەزین، دیارە نەرمە بارانێكی لێدەهات، شێخ نەجیمیش لە بیری چوو جامی تاكسیەكە دابخات، بۆیە كە سواری تاكسیەكە بووینەوە، هەندێك كورسیەكەی پێشەوە تەڕ ببوو، شوفێری تاكسیەكە كە تڕومبێلەكەی خۆی زۆر خۆشدەویست –بەتایبەتی لە هەفتاكان سیارە بە قەدر بوو- یەكسەر رووی كردە شێخ نەجیم‌و چاوی سووربوونەوە كە جامی سیارەكەی دانەخستووە‌و هەندێك تەڕ بووە، بە تووڕەییەوە گوتی: ما تۆ بەشەری؟!.

ئەم شێوازی قسەكردنە ئاسان نییە، مرۆڤ ئاسان نییە وەڵامی نەداتەوە، بۆیە دەكرێ‌ بڵێی: (كاكە دادەبەزم، خۆ هەر ئەتوو سیارەت نییە، ما بەخۆت بەشەری، ...) لەوانەیە بە یەكێك لەمانە وەڵام بدەیتەوە، لێ‌ شێخ نەجیم لەسەرەخۆ گووتی: ناوەلا باوە بەشەر نیمە، بەڵام خوا كردوومیە بەشەر، هیچ قسەی دیكەشی نەكرد‌و، لە كابراش تووڕە نەبوو، كەمێك رۆییشتین تا گەیشتینە سەر مەیدانی شەقڵاوە، كە ئەو كاتی چۆڵ بوو، كابرا بەبێ‌ دەنگی سیارەكەی راگرت‌و هاتە خوارەوە، بە شێخ نەجیمی گووت: وەرە خوارەوە، دەبی ئێستا پێت ماچ بكەم، ئەوە چ ئەخلاق‌و رەوشتێكی بەرزت هەیە.

كە مامۆستا جەلال خەیلانی ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە، چاكتر بۆم دەركەوت، كە رەوشتی نەرم‌و وەڵامی هێمنانە چەندە كاریگەری ئەرێنی زیاترە‌و، ئەو فەرموودەیەم بە بیرهاتەوە: (ئەوەی خوا لەسەر نەرم‌و نیانی دەیبەخشێت، لەسەر تووند‌و تیژی نایبەخشێت)، بەڵام هەموو كەسێكیش ناتوانێت ئەم جۆرە هەڵوێستانەی هەبێت، مەگەر خۆی لە ناخەوە خاوێن نەكردبێتەوەو نەفسی خۆی نەكوشتبێت‌و لە خۆشەویستی نەتوابێتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە (95)ی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە.