په‌یكه‌ر شكێندرا‌و خۆشه‌ویستی تیرۆر كرا

هه‌رچه‌نده‌ خوودی په‌یكه‌ره‌كه‌ جێگه‌ی سه‌رنج‌و تێبینی بوو، كه‌ خۆشه‌ویستیان له‌و هێنده‌ ئامانجه‌ بچووك كردبووه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ی كه‌سانێكی دیكه‌یه‌‌و، له‌وانه‌یه‌ به‌ شێوازێكی دیكه‌ ته‌فسیری تایبه‌ت به‌ فیكر‌و بۆچوونی خۆیان هه‌بووبێت، به‌ڵام به‌ بڕوای من سووتاندنی ئه‌م په‌یكه‌ره‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها سووتاندنی دارێك‌و به‌ردێك بووبێت، كه‌ به‌ بۆچوونی كه‌سانێك هێمای خۆشه‌ویستی بووه‌. به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی دژ به‌ سووتاندنه‌كه‌ خۆشه‌ویستیان سووتاند‌و كوشتیان ئه‌گه‌ر تیرۆریان نه‌كردبێت، چونكه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ له‌ ناسنامه‌‌و كه‌سایه‌تی بكه‌ره‌كه‌‌و ئامانجه‌كانی سووتاندنه‌كه‌ بزانن، كه‌سانێك وه‌ك كاردانه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ كارێكی دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كیان كرد، له‌ بری ماچی خۆشه‌ویستی، كه‌ ماچێكی پاكی دوور له‌ هه‌وه‌سی سێكسییه‌، ماچێكی لێوانلێو پێچه‌وانه‌یان كرده‌ به‌رگریكاری خۆشه‌ویستی، به‌ ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان خسته‌ ژێر پێیان‌و، به‌ په‌رچه‌كرداری دژ به‌ كاری كه‌سێك هیچ حسێبێكیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌كرد‌و ده‌یانه‌وێت ته‌واوی هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌نه‌ (تاوانبار!)، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بزانن ده‌رباره‌ی كه‌سه‌كه‌ زمانیان له‌ مامۆستایانی ئایینی كردۆته‌وه‌‌و، زمانی هێڕش و هه‌ڕه‌شه‌‌و گوڕه‌شه‌ له‌ دژیان به‌كار دێنن، ئه‌وی هه‌ر كه‌مه‌ك دیقه‌تی دابیتێ‌ ده‌زانی ئه‌م كاره‌ هه‌ڵقوڵاوی كۆنه‌ قینێكن ده‌رهه‌ق كۆمه‌ڵگه‌‌و ئایین‌و مامۆستایانی ئایینی، چونكه‌ نه‌ ده‌زانن كێ‌ وایكردووه‌؟ بۆچی وایكردووه‌؟ كه‌سێكی دینداره‌ یان نا؟.

بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم: ئه‌و رقبارانه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌ دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌‌و مامۆستایانی ئایینی ده‌یڕێژن، نه‌ك هه‌ر خزمه‌ت ناكات، به‌ڵكو به‌ یه‌كجاری خۆشه‌ویستی ده‌كوژێت. كه‌سێكی (له‌ هه‌موو روێكه‌وه‌) نادیار په‌یكه‌ری شكاند‌و، (به‌ناوی) به‌رگریكارانی خۆشه‌ویستیش خۆشه‌ویستییان تیرۆر كرد.

هیوادارم به‌خۆیان دابچنه‌وه‌‌و، به‌م ره‌شبینی‌و نه‌رێنییه‌ نه‌ڕواننه‌ كاره‌كان‌و، كاری كه‌س به‌ كه‌س نه‌سپێرن، له‌ بری ئه‌وه‌ بیسه‌لمێنن خۆشه‌ویستی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌ك رقباراندن.

 

 

*تێبینی: ئه‌م نووسینه‌ زیاتر بۆ ئه‌وانه‌یه‌ هه‌ڵگری ئه‌م كاردانه‌وه‌ نه‌رێنیانه‌ بوون‌و، له‌ په‌نای په‌یكه‌رێك هێڕش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر مامۆستایانی ئایینی‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ دروست‌و جوانه‌كان. ئامانجیشم وشیاری‌و بێداری هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌، نه‌ رقبوونه‌وه‌ له‌ هیچ كه‌سێك.