هه‌ناسه‌ی هیجره‌ت

ئه‌مرۆ پێكه‌وه‌.. به‌ هه‌ڵوێستێكی جوامێرانه‌وه‌ له‌ یادێكی گه‌وره‌ ده‌ڕوانین.... ئه‌مرۆ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوێك هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌.. پڕه‌ له‌ ماناكانی ژیان‌و فیداكاری‌و وه‌فاوه‌.. ئه‌مرۆ خورپه‌ی دڵ‌و هه‌ستی ناسكی دیندارانه‌ بۆ داستانێكی گه‌وره‌ی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی یه‌كه‌م شل ده‌كه‌ین‌و.. په‌یامێك له‌ مه‌ككه‌وه‌ وه‌رده‌گرین‌و راده‌گه‌ینین، په‌یامێك له‌مه‌دینه‌وه‌ له‌ مناره‌ باڵابه‌رزه‌كه‌ی مزگه‌وتی ره‌سولی ئه‌كره‌م به‌گوێی دونیا ده‌چرپێنین..

 

هه‌رچی جوانی‌و چاكی هه‌یه‌.. هه‌رچی به‌رزی‌و باشی هه‌یه‌.. هه‌رچی هه‌ڵوێست‌و جورئه‌ت هه‌یه‌.. هه‌رچی ئاشتی‌و ئارامی هه‌یه‌.. هه‌رچی خزمه‌ت‌و خه‌ون هه‌یه‌.. هه‌رچی پاكی‌و راستی‌و دروستی هه‌یه‌.. له‌م سه‌ره‌ ساڵه‌ی كۆچی ده‌كه‌ینه‌وه‌ دیاری‌و پێشكه‌شی مه‌ردووم‌و زه‌مینی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

 

ئا لێره‌وه‌ ده‌بمه‌ قاسیدی مێرگی یاده‌ مه‌زنه‌كانی سه‌ره‌تا‌و به‌نێو داستانه‌كانی مه‌مله‌كه‌تی ئه‌وێ‌ شۆڕده‌بمه‌وه‌... له‌ دامێنی جه‌به‌ل نووره‌وه‌ به‌ دوای سێبه‌رێك ده‌گه‌ڕێم... له‌ پاڵ دیواری كه‌عبه‌وه‌... له‌ ته‌نیشت مه‌قام‌و حیجره‌وه‌ ... به‌ حوزوری یادگاریه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم له‌ به‌یته‌وه‌ ده‌ڕوانم... ده‌ڕۆم تا ده‌گه‌مه‌وه‌ به‌ر ده‌رگای ره‌سولی نازدارو حه‌ره‌می مه‌سجیدولحه‌رام‌و سه‌یری ئایه‌تی (ئیقرا) ده‌كه‌م... به‌ موژده‌ی ئاوی كه‌وسه‌ره‌وه‌ ئاوی زمزم نۆش ده‌كه‌م...

 

ده‌مه‌وێ‌ له‌كاتی شكانی تێنوێتی.. له‌گه‌ڵ داستانی كۆچ ئاوێته‌ بم... تا له‌ گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی هیجره‌ت‌و... پشته‌ماڵه‌ خه‌زره‌میه‌كه‌ی حه‌زره‌ت‌و... گریانی ئه‌بوبه‌كرو پێخه‌فی ئیمام عه‌لیدا هه‌نگاوو بنێم... 

 

ئه‌مه‌وێ‌ داستانی هیجره‌ت بگێڕمه‌وه‌.. ئه‌مه‌وێ‌ له‌ حه‌به‌شه‌‌و تائیف‌و غاری یار.. ده‌ست پێ‌ بكه‌م‌و له‌ رێگه‌ بیابان ئامێزه‌كه‌ی به‌یتولحه‌رام‌و یه‌سریبه‌وه‌ مۆم داگیرسێنم، ئه‌مه‌وێ‌ له‌ژێر سێبه‌ری په‌رده‌ی ته‌عزیب‌و ناڵه‌ی یاسرو قرچه‌ی گه‌رمای ساباته‌ به‌ردینه‌كه‌ی بیلالی حه‌به‌شی‌و یاوه‌ران ده‌ست پێ‌ بكه‌م.. ده‌مه‌وێ‌ به‌ حاڵی غوربه‌تی پڕ له‌نزای دڵه‌ نوورانیه‌كه‌ی حه‌زره‌ته‌وه‌ ئاهێك هه‌ڵكێشم‌و له‌حوزور به‌ره‌كه‌تی گۆڕی نوورینیه‌وه‌ شه‌وقی نوور بكه‌وه‌ په‌یامێك له‌ نوورو.. هه‌موو كونج‌و كه‌له‌به‌ره‌ تاریكه‌كانی پێ‌ رووناك كه‌مه‌وه‌..

 

 

ئه‌مه‌وێ‌ موژده‌ی ئایه‌تی ( إلاّ تنصروه ) بكه‌مه‌ ره‌مزی سه‌ركه‌وتن‌و هێمایه‌ك بۆ پێشكه‌وتن... كه‌ په‌یامی سینه‌ی سه‌فوه‌ی یاوه‌ران‌و حه‌زره‌تی به‌ره‌و عولیا بردو‌و ... خه‌ون‌و خه‌یاڵی دارو لنه‌دوه‌شی به‌ره‌و ئاقاری سوفلاوه‌ پووكانده‌وه‌...

 

چوارده‌ سه‌ده‌و زیاتریش ئه‌م په‌یامه‌ نه‌وه‌ستاوه‌‌و رۆژ له‌دوای رۆژ شوعله‌ی جوان ده‌دره‌وشێته‌وه‌.. چوارده‌ سه‌ده‌و زیاتریش كه‌چی هێشتا هه‌یمه‌نه‌‌و خۆشه‌ویستی‌و گه‌وره‌یی ئه‌و ئازیزه‌ له‌ناو دڵان جێی ده‌بێته‌وه‌.. چوارده‌ سه‌ده‌و زیاتریش ده‌م لۆ ده‌مێ‌ شه‌پۆلی ئه‌م ده‌ریایه‌ گرمه‌ی دێت‌و فێنكی ده‌روون ده‌كاته‌وه‌.. چوارده‌ سه‌ده‌و زیاتریشه‌ هه‌یبه‌تی ئه‌م هیجره‌ته‌ وانه‌ی گه‌وره‌ جێ‌ ده‌هێڵێ‌‌و كاریگه‌ری ده‌نێته‌وه‌.. چوارده‌ سه‌ده‌و زیاتریشه‌ له‌م كوردستانه‌ی من هێشتا په‌یڕه‌وی رێباز‌و په‌یامی ئه‌و ئیسلامه‌ له‌ناو دڵ‌و ماڵان له‌ناو كوچه‌‌و كۆڵان له‌ناو باغ‌و بیستان له‌ناو گوندو شاران له‌ناو سروشتی جوان ده‌ره‌كه‌وێ‌‌و په‌رش‌و بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

 

 

ئه‌مه‌وێ‌ ببمه‌ شارێك وه‌ك مه‌دینه‌، عه‌شق‌و پیرۆزی‌و ئه‌وینی حه‌زره‌ت له‌ناو دڵدا جێكه‌مه‌وه‌.. شارێك وه‌ك مه‌دینه‌ باوه‌شی وه‌فا‌و به‌رائه‌ت واڵا كه‌م.. ده‌مه‌وێ‌ وه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ مه‌یل‌و شه‌یدا‌و ئه‌وینه‌وه‌ به‌ (ته‌له‌عه‌ لبه‌دره‌وه‌) به‌ رۆح‌و گیان له‌ پێشوازی زاته‌ نورینه‌كه‌ی ئۆمه‌ت دابم.. ده‌مه‌وێ‌ به‌ردی بناغه‌م مزگه‌وت‌و.. په‌یامم برایه‌تی‌و.. ئومێدم ژیاندۆستی بێت.. تا نه‌مامی هه‌ستی دیندارانه‌ گه‌شه‌ بكات‌و خشت به‌ خشتی كۆشكی ده‌روون‌و كه‌سایه‌تی به‌جوانیه‌وه‌ تیشكی نووره‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وێ‌ وه‌ربگرێ‌..

 

 

بۆیه‌ ئا لێره‌وه‌ له‌م چاخه‌ خه‌رمان به‌ره‌كه‌ته‌ی كوردستان‌و له‌م سه‌ره‌ ساڵه‌ی نوێدا.. له‌م بۆنه‌ی كۆچ‌و یاده‌وه‌ری هیجره‌تدا.. په‌یمان بێ‌ په‌یمان هۆ رابه‌ری كاروانی هیجره‌تدۆستان، ئه‌ی سه‌رمه‌شقی قافله‌ی په‌یڕه‌وانی شا رێگه‌ی حه‌قیقه‌ت.. ئه‌ی سه‌رداری ئۆمه‌ت‌و ئه‌ی پێشه‌وای هێزو مه‌عنه‌ویه‌ت.. ئه‌ی مامۆستای قوتابخانه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئیسلام..

 

له‌سه‌ر دینت له‌سه‌ر رێگه‌ت له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی‌و رێبازت به‌رده‌وام بین تا بمێنین..