شکاندنی کەسایەتی

 

بەداخەوە ماوەیەکە لە کوردستان مۆدێلی شکاندنی کەسایەتی بە تەواوی پەرەی سەندووە، کەسێک هەرچەندە کاری باش بکات، بەڵام ئەگەر لە رووی سیاسییەوە وەکو ئەو بیر نەکاتەوە هەوڵ دەدات هەموو شتەکانی پوچەڵ بکاتەوە، بەداخەوە راگەیاندنەکایشی گرتەوە، بۆیە ئەوەندەی کار لەسەر شکاندنی کەسایەتی دەکرێت، بەم شێوە کار لەسەر پڕۆژەو کارو خزمەتگوزاری ناکرێت، هەستێک هەیە تەنها دەیەوێت شتەکان بە رەش ببینیت و کەسێتی مرۆڤەکان بشکێنێت، ئەم حاڵەتەش کوردستان بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات، دەکرێ دوو نموونە بهێنینەوە:

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد وێڕای رابردووی، کە بە چاوی دیندارانە پڕی خزمەت بوو، لەو کاتەی لە پەرلەمانیش بوو، لەوانەیە کەم و کوڕی هەبووبێت وەکو مرۆڤێک، بەڵام من لە نزیکەوە ئاگادار بووم، لە چەندەها یاسا کە بۆنی دژە دینی لێدەهات، پێشوەختە ئێمەی ئاگادار دەکردەوەو، هەوڵمان دەدا پێشی لێ بگرین، واتە هاوکارێکی زۆر باش بوو بۆ ئاگادار بوون لەو شتانەی لە ژوورەکان بۆنی پێچەوانەی ئایینی لێ هاتبا، پاشان دکتۆر بەشیر یەکەمین مەلا نییە چووبێتە پەرلەمان، بگرە لاوانەیە یەکێکیش بووبێت زۆرترین چالاکی هەبووە، کەچی هەوڵێک بە جددی بۆ ئەوە هەبوو ئەو کەسایەتییە بشکێنن، واتە بە ئاشکرا هەوڵێک دیار بوو بۆ لێدانی کەسایەتی ئەو، هەر بۆیە کاتێک گووتی: (٣٠%)ی مووچەکەم دەدەمە هەژاران، دەیان قسەی ناشیرینی لەسەر کرا، کەچی کەسانێکی دیکە کە دەیانگووت دەیبەخشین، بۆ وان وەکو داستان تەماشا دەکراو لە هەموو لایەک پێیان هەڵدەگووتن.

دووەم نموونە مامۆستا هەورامان گەچێنەیی، من پێشتر نەمدەناسی تەنها دوور بە دووری نەبێت، بەڵام ماوەی ساڵێکە لە نزیکەوە بە چاکی دەیناسم، هەستێکی نیشتیمانی هەیەو، یەکێکە لە قوربانییەکانی دەستی بەعس لە هەڵەبجە، لە رووی دینداریشەوە کەسێکی خاوەن عەقیدەیەو، ئەوەندەی لەگەڵی بووم خۆشم ویست و ئومێدی خێری زۆرم پێ هەیە پشت بە خوا، کەچی دوای ئەوەی لەبەر سروودی (ئەی رەقیب) هەڵنەستاوە، کە دیارە ئەویش لێکدانەوەی خۆی بۆ هەبووە، کەسانێک لە جیاتی ئەوەی قسەی زانستی لەسەر قسەکانی بکەن، دەیانوێت لە کەسایەتی بدەن و بیشکێنن، بۆ نموونە رۆژنامەی چاودێر لە ژمارەی (444) پاشکۆی ژمارە (176) یەک لاپەرەی تایبەت کردووە، هەمووی بۆ لێدانی کەسایەتی ئەو مامۆستایە، بە گەندەڵ و تەزویرچی ناوی دەبەن، لە کاتێکدا بڕوانامەکەی لە حکومەتی عێراق و هەرێم دانی پێدا هێندراوە، واتە بە جددی هەوڵ دەدەن ئەم مامۆستایە وەکو شتێکی دێوەزمەو دژە کوردو رابردوو ناتەواو بخەنە بەرچاوی خەڵک.

بە کورتی مەبەستم لەم دوو مامۆستایە تەنها وەکو نموونەهێنانەوە بوون، ئەگەر خەڵکی کوردستان بەتایبەتی گەنجان و خوێندەواران بەم هەستەوە پێ بگەن ئاییندەیەکی پڕ نالێبووردەیی و نازانستی چاوەڕێمانە، پێویستە وریابین خۆمان لە کیس نەچیت.

هیوادارم بە وردی قسەکانم بخوێننەوەو، دوور لە بڕیاری سیاسی تەماشای بکەن.