فه‌یسبووك و فه‌توا !!

به‌شێك له‌ په‌یجه‌كانی سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، بونه‌ته‌ خانه‌ی فه‌تواو ڕۆڵی فه‌توادانی هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ ده‌بینن!، هه‌ندێك له‌و په‌یجانه‌ش كه‌ ناوی وه‌همی و هه‌ندێك جاریش ناوی خوازراو هه‌ڵده‌گرن، بونه‌ته‌ دادگای ئاشكراو پشت به‌ستوو به‌ فه‌توای ساخته‌ش، ڕۆڵی دادگاییكردنی كه‌سایه‌تی و لایه‌ن و ده‌سته‌ و ڕێكخراوه‌كان و هتد.. ده‌بینن، ته‌نانه‌ت ده‌ست ناپارێزن له‌ هیچ به‌هایه‌كی به‌رز و بێویژدانانه‌ له‌ شكۆی پیرۆزییه‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌!.

 

ئه‌وجا له‌ كاتێكدا كه‌ ویژدانی (وشه‌) و پیرۆزیی (نووسین) ون ده‌كرێت، ئه‌و دادگایانه‌ به‌ پاڵپشتی فه‌توای میزاجی و گوماناوییانه‌، كه‌ ناڕه‌وایانه‌ به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، ده‌بنه‌ ژووری عه‌مه‌لیاتی درماوی، دادگاییكردنه‌كانیش ده‌بنه‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ نمایشكردنی هونه‌ره‌كانی برینداركردن و هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌ت و بوختان و ناوزڕاندن و هتد..، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ نرخێك بۆ به‌ڵگه‌و به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان و ڕێزگرتنی یه‌كتر (له‌ ڕیزكردنی وشه‌ بۆ دروستكردنی ڕسته‌) دابنرێت!.

 

ئا ئه‌وه‌یه‌ دیوه‌ دێوه‌زمه‌ییه‌كه‌ی به‌رهه‌می ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، كه‌ هه‌ر یه‌كێك كۆمپیۆته‌رو هێڵێكی ئینته‌رنێتی ده‌ستكه‌وت، له‌وێوه‌و له‌ ده‌روازه‌ی فه‌توا بازاڕییه‌كانی فه‌یسبووكه‌وه‌، ئازادی ڕه‌های ئه‌لیكترۆنی ده‌ستده‌كه‌وێت و، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕێكاره‌ ئه‌خلاقییه‌كان، موماره‌سه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی ده‌كات!، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ كه‌سێكی تا ئه‌وپه‌ڕی ساویلكه‌ ده‌توانێت زانایه‌كی ئایینی گه‌وره‌ كافر بكات كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌ نێو په‌رتووكه‌ فیقهییه‌كان و زانسته‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌و هتد .. به‌سه‌ربردووه‌!، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ هه‌ر ئاستێكدا بێت ده‌توانێت گاڵته‌ به‌ هه‌ر توێژه‌رو پسپۆڕو به‌هره‌مه‌ندێك بكات كه‌ له‌ هه‌ر بوارێكی زانستی و مه‌عریفییدا ده‌ستباڵاو ده‌ستڕه‌نگین بێت، هه‌ر كه‌سێكیش هه‌رچه‌ند ناشاره‌زاش بێت ده‌توانێت به‌ قامچی وشه‌ به‌رببێته‌ گیانی ئه‌وانه‌ی قاڵبووی كارامه‌یی و لێهاتوویی و ئه‌زمووندیده‌یین!.

 

لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین، چ شتێك ڕوویده‌دا، ئه‌گه‌ر ئازادی سروشتی له‌ ئاست مواسه‌فاتی ئازادی فه‌یسبووكه‌وه‌ بووایه‌؟!، تۆ بڵێی كورده‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، ئه‌گه‌ر ئازادییه‌كی سروشتییانه‌ی له‌ شێوه‌ی ئازادی فه‌یسبووكی ده‌ستبكه‌وتایه‌و به‌ فه‌توای قه‌ڵبیش ڕه‌واییه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وه‌ربگرتبایه‌، چ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وته‌وه‌؟!، ئه‌مه‌یان ته‌نها پرسیارێكه‌و به‌س، به‌و هیوایه‌ی له‌ واقیعدا به‌رجه‌سته‌ نه‌بێت، چونكه‌ ژیانمان بێسنوور تراژیدیایی ده‌بوو!.