به‌رپرسی رێكخراوی تواناسازی ئافره‌تان سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان ده‌كات


ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 25/4/2011 به‌ڕێز خاتو سۆزان محمد به‌رپرسی رێكخراوی تواناسازی ئافره‌تان، سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی كردو، به‌ گه‌رمیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، به‌ڕێزان زانایان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی پێشوازی لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌ دانیشتنێكدا كه‌ نزیكه‌ی كاتژمێرێكی خایاند، به‌ڕێز خاتو سۆزان وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ كارو چاڵاكیه‌كانی یه‌كێتی زانایان، سوپاسی پشتیوانی‌و هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی زانایانی كرد بۆ رێكخراوی تواناسازی ئافره‌تان‌و، رۆڵی زانایانی له‌مه‌ڕ باسكردن‌و گرنگیدان به‌ مافی ئافره‌تان به‌رزنرخاند.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان، وێڕای به‌خێرهێنانی به‌رپرسی رێكخراوی ناوبراو، پاڵپشتی بۆ هه‌ر مافێكی ره‌وای ئافره‌تان‌و، داكۆكیكردن له‌ داخوازی‌و كێشه‌‌و گرفتی ئافره‌تان دوپاتكرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، باس له‌ به‌رده‌وامبوونی خوله‌ رۆشنبیریه‌كانی زانایان كراو، بڕیاردرا كه‌ له‌ داهاتوودا خوله‌كان زۆرینه‌ی زانایانی ئایینی كوردستان بگرێته‌وه‌.