گرێبەستی 201 مامۆستای ئایینی خانەنشین نوێكرایەوە


مەریوان نەقشبەندی ـ ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف
لەسەرداوای وەزارەتی ئەوقاف و بەفەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو مامۆستا ئایینیانە دا كە لە تەمەنی خانەنشینیدان و تەمەنیان لە 70 ساڵ تێپەڕیكردوە و ئەو مامۆستا ئاینیە بەرێزانە جگە لەموچەی گرێبەستەكەیان موچەی خانەنشینیشیان بەردەوام دەبێت.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم كە لە بەرواری 18/4 ئاڕاستەی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم كراوە.هەموو ئەو مامۆستا ئایینیانەی كە تەمەنیان لە 70 ساڵ تێپەڕیكردوەو هەتا ئێستا بە فعلی لەناو مزگەوتەكانیاندا خزمەت دەكەن، گرێبەستەكەیان بۆ ماوەی ساڵێك نوێكرایەوەو لە 1/1/2011 موچەی گرێبەستیان بۆ حساب دەكرێت و جگە لەوەش موچەی خانەنشینی وەردەگرن.

شایانی باسە (201) مامۆستای ئایینی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا لەم بڕیارە سوودمەند دەبێت.