کوشتنی ئەو ئافرەتەی لە کەلەکچی کوژرا کارێکی دڕندانە بوو بە هەموو پێوەرێکی شەرعی و یاسایی و ئینسانی، ئەوانەشی کە لەپشتیەوەن پێویستە سزای شایستەی خۆیان وەرگرن، هەروەها دووجار بەشوودانی ئەو ئافرەتە لەو تەمەنە کەمەدا پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە لەسەر وەستان و دۆزینەوەی ئەوانە هەیە کە بەشداربوون لە ڕوودانی دا . بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەر کات ڕووداوێکی فرە ڕەهەندو فرە بکەری لەوجۆرە ڕوودەدات زوومی قسەو لێدوان و تۆمەتبار کردن پێش هەموان ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی دەکرێ بەتایبەت لە مەسەلەی مارەکردن و تەلاق و باری کەسی دا . لێرەدا من نامەوێ پاکانە بۆ مامۆستایانی ئاینی بکەم و کەمتەرخەمی و هەڵەکانیان بپۆشم، بەڵکو دەمەوێ تاوانبارو بەشداربوویەکی باسنەکراوی ئەو تاوانە بۆ دیاری بکەم ئەویش پەرلەمانی کوردستانە! هەموومان دەزانین خەلکی موسڵمانی کوردستان ئامادەنین کچەکانیان بەشوو بدەن بەبێ مارەبڕینی شەرعی لەلای مامۆستای ئاینی ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: یەکەم/ پابەندی بەهێزی خەڵکی کوردستان بە ئیسلامەوە.. دووەم/ پەیڕەونەکردنی مارەبڕینی شەرعی بەهەموو مەرجەکانیەوە لەلایەن دادوەرو دادگاکانی کوردستان. لەولاوە خەڵکێکی زۆر لەوانەی خوێندەواری دینیان هەیە – کە زۆربەشیان مەلای تەواو نین– هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کاری مارەبڕین ئەوەش زۆر جار کێشەی لێ دەکەوێتەوە . بۆ ڕێگرتن لەو بێسەرو بەریەو ڕێکخستنی ئەو بابەتە، یەکێتی زانایان ساڵی ٢٠١١ هەستا بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەک لەژێر ناوی ڕێپێدراوی شەرعی (مەئزونی شەرعی) و پێشکەشی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بەپێی پڕۆژە یاساکە لەهەر شاروشارۆچکەیەک تەنها چەند مامۆستایەک (نەک هەموو مامۆستایان) بۆیان هەبوو لە چوارچێوەی یاسادا ماەربڕین ئەنجام بدەن، ئەویش دوای بینینی خولی تایبەت و ڕەچاوی چەندین مەرجی توند لە کارەکەیان دا . کەچی کاتێک پڕۆژەکە پێشکەشی پەرلەمان کراو خرایە گفتوگۆوە پەرلەمانتارە بەڕێزەکان (جگە لە ژمارەیەکی کەم کە نەدەگەیشتنە ١٠ کەس) هەمویان دژی وەستانەوەو تەنانەت بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین و گاڵتەئامێزەوە کەوتنە پێکەنین و سوکایەتی کردن بە پرۆژە یاساکە . ئەو پێکەنین و دژوەستانەوەیە لەلایەن پەرلەمانتاران و ئەوانەی خۆیان بە پارێزەری مافی ئافرەت دەزانی، لەبەر ئەوەبوو کە بیرۆکەی پڕۆژەکەیان بەلاوە دواکەوتووانەو نەگونجاو بوو لەگەڵ سەدەم دا، بەڵام من دڵنیام زۆرێک لەوانە نەیان توانیوە لە پڕٶژە یاسایەکە تێ بگەن، ئەوەی کردیان تەنها دژایەتیەکی کوێرانە بوو (لەگەل ڕێزم) جگە لەوەی سوکایەتی بوو بە خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەکە، کە یەکێتی زانایانە. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لەو بارەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وتارێکی ئەو کاتی وتەبێژی یەکێتی زانایان بەڕێز مامۆستا مەلا جعفر گوانی لەو لینکەی خوارەوە: http://www.zanayan.org/articles.php?id=841&eid=47 من دڵنیام ئەگەر ئەوکات ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند کرابا زۆر بە ئاسانی مەسەلەی مارەبڕینی ئافرەت لەلایەن مامۆستایانی ئاینیەوە کۆنترۆل دەکراو کەسانی ناشایستەو نەزان نەیان دەتوانی دەست وەربدەنە ئەو کارە، ئەوەش هەم کار ئاسانی دەبوو بۆ هاوڵاتیان هەم دادگاکانیش دەیانزانی لەگەڵ کێ دا هەماهەنگی بکەن، لە ئەنجامیشدا ڕێگری دەکرا لە زۆرێک لەو ڕووداوە کۆمەڵایەتیانەی ڕوویان داوەو ڕوو دەدەن. لەسەر ئەو بنچینەیە بەوپەڕی متمانەوە دەڵێم سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانەی خولی پێشووی پەرلەمان کە پرۆژەکەیان ڕەت کردەوە و کەمتەرخەمییان نواند لە تێگەیشتنی ، پشکی سەرەکی ئەو تاوانەو هەر تاوانێکی تری لەو جۆرەیان (لەدنیاو دواڕۆژدا) دەکەوێتە ئەستۆ ... بەوپەڕی ڕاشکاویەوە بە پەرلەمانی ئێستاش دەڵێم: هیوادارم ئێوە خۆتان ئەمجارە بچن داوای ئەو پڕۆژە یاسایەی یەکێتی زانایان بکەن و لە زووترین کاتدا پەسەندی بکەن ، تا ئەو کات نابێت گلەیی لە هیچ مامۆستایەکی ئایینی بکەن کە بۆچی لەدەرەوەی یاسا ژن مارە دەکات، من یەکێکم لەوانەی کاری مارە بڕینم ئەنجام داوەوبەردەوامیشم لەسەری، هەر موسڵمانێک لە سنورەکەی خۆم پێویستی بە من بێت و مەرجی شەرعی تێدا بێتەدی ئامادەم ژنی لێ مارە بکەم، چونکە ئەگەر وا نەکەین پرۆسەی هاوسەرگیری دەوەستێ . هیودارم بەزووترین کات ئەو یاسایە دەربچێت و مارەبڕینی شەرعی لەچوارچێوەی یاسادا ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی گوێ بیستی کارەساتی لەو جۆرە نە بینەوە. |