مەسەلەی "بیدعە" لە خزمەت فەرموودەیەکی شەریفدا

بیدعە) لای زانایانی ئیسلام کراوەتە پێنج بەشەوە(واجب، مندوب، مباح، مكروه و محرم)، واتە جۆرێکیان واجبە کە لەسەر خەڵکە شوێنی بکەوێت، یان مەندوبە کەشوێت کەوتنی باشە بەڵام واجب نیە، یان مباحە کە ئیشکالی تێدا نیە، یان مکروهە کە شوێن کەوتنی باش نیە، یاخو حەرامە کە بە شوێن کەوتنی تاوانبار ئەبیت.

 زانایانی سەلەفی ئەڵێن کە هەموو بیدعەیەک گومڕاییە، بۆ بۆچوونەکەشیان بەڵگەیان پێیە! بەڵام فەرموودەیەک هەیە کە تێگەیشتنمان بۆ هەموو بەڵگەکانیان ئەگۆڕێت، ئەویش کاتێک پێغەمبەرمان ئەفەرموێت:

مَنْ سَنَّ فِي الإسلام سُنَّةً حَسَنَةً فَعُمِلَ بِها بعْدَهُ كُتِب لَه مثْلُ أَجْر من عَمِلَ بِهَا وَلا يَنْقُصُ مِنْ أُجُورِهِمْ شَيْءٌ، ومَنْ سَنَّ فِي الإسلام سُنَّةً سَيِّئَةً فَعُمِلَ بِهَا بَعْدَهُ كُتِبَ عَلَيْهِ مِثْلُ وزر من عَمِلَ بِهَا ولا يَنْقُصُ من أَوْزَارهِمْ شَيْءٌ» [صحیح مسلم].

واتە: (هەرکەسێک سوننەتێکی باش دابهێنیت لە ئیسلامدا، خێری هەموو ئەوانەی بۆ ئەنووسرێت کە دوای ئەو کاری پێئەکەن، بێ ئەوەی لە خێری خۆیان کەم بکات. هەرکەسێکیش سوننەتێکی خراپ دابهێنێت لە ئیسلامدا، خراپەی هەموو ئەوانەی دوای خۆی بۆ ئەنوسرێت کە کاری پێئەکەن، بێ ئەوەی لە خراپەی خۆیان کەم بکات)!.

جا لێرەدا پارادۆکسێک درووست ئەبێت بۆ ڕای سەلەفیەکان. بەهۆی ئەم فەرموودەیەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە ئەو فەرموودانەی تر کە باسی بیدعە ئەکات مەبەست لێی بیدعەی خراپە کە لە جۆری چوارەم و پپێنجەمن. بن عوسەیمین ئەڵێت: نەخێر! فەرموودەکە ناڵێت سوننەتێک دابهێنێت، بەڵکو ئەڵێت سوننەتێک زیندوو بکاتەوە!.

بە دوو هۆکار تێئەگەین کە ئەم تەئویلەی بن عوسەیمین ئەسڵ و ئەساسی نیە!.

یەکەم: وشەی (سنَّ)، ئەم وشەیە لە قاموسە موعتەبەرەکانی عەرەبیدا وا هاتووه كە (سن) واتە: (وكل من ابتدأَ أَمراً عمل به قوم بعده قيل: هو الذي سَنَّه) واتە: کارێک دەستپێبکەیت و دوای خۆت خەڵک دووبارەی بکەنەوە، ئەبێتە سوننەت)، کەواتە لە ڕووی زمانەوانیەوە وشەی سن واتە شتەکە دابهێنێت نەک زیندووی بکاتەوە!.

دووەم: فەرموودەکە کراوەتەوە دوو بەشەوە، یەکەم ئەڵێت (هەرکەسێک سووننەتێکی چاکە دابهێنێت لە ئیسلامدا(!) ئەگەر وەک بن عوسەیمین ئەڵێت ئەمە بە مانای زیندووکردنەوە دێت و مانای داهێنان نایەت، ئایا لە ئیسلامدا سوننەتی خراپ هەیە کە فەرموودەکە وا تایبەتی کردووە؟! بەشی دووەم ئەمەمان زیاتر بۆ ڕوون ئەکاتەوە، ئەڵێت (هەرکەسێک سوننەتێکی خراپە لە ئیسلامدا دابهێنێت(!) بۆ مەگەر سوننەتی خراپە لە ئیسلامدا هەیە تا زیندووی بکەینەوە! کەواتە فەرموودەکە باس لە داهێنانی سوننەتێک ئەکات کە پێشتر نەبووبێت نەک ئەوەی بن عوسەیمین ئەڵێت زیندووکردنەوەی سوننەتە، چونکە ئێمە سوننەتی خراپ له ئاینی ئیسلامدا یان لە ڕەفتار و گوفتاری پێغەمبەردا نیه وەک فەرموودەکە باسی ئەکات!.

 

لەلایەکی ترەوە کۆمەڵێکی زۆر بیدعە هەیە (کە هەندێکیان خودی سەلەفیەکان دایانهێناوە) من چەند دانەیەکی ئەنووسم بۆتان:

۱-کۆکردنەوەی قورئان لە یەک بەرگدا، بیدعەیە!.

۲-کێشانی زەخرەفە و ڕازاندنەوەی مزگەوتەکان، بیدعەیە!.

۳-کردنی نوێژی هەینی لە زیاد لە مزگەوتێک لەهەرشارێکدا، بیدعەیە!.

۴-کۆکردنەوە و نووسینەوەی فەرموودە، بیدعەیە! (بگرە پێغەمبەر ڕێی لێگرتووە)!.

۵-بانگدان لەڕێی سەماعەوە، بیدعەیە!.

۶-قوببە و گۆمەزی مزگەوتەکان، بیدعەیە!.

۷-نوێژی تەراویح بە جەماعەت، بیدعەیە!.

کەواتە بە تێڕوانین لە فەرمایشتی پێغەمبەر تێئەگەین کە، هەموو بیدعەیەک گومڕایی نیە، بەڵکو هەندێکیان چاکەیە و شوێن کەوتنیشی خێرە! ئێستا هەر خوا بۆخۆی ئەزانێت سوڵتان موزەفەردینی هەولێر چەنده خێری گەشتووە بە هۆی داهێنانی یادکردنەوەی ڕۆژی لە دایکبوونی نازدار(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت)ەوە!.