شێوازی ژن ماره‌كردن‌و گواستنه‌وه‌ مامۆستایانی ئایینی نیگه‌ران كردووه‌‌و ده‌خوازن ئه‌و شێوازه‌ بگوڕدرێت


ئا: مه‌لا ته‌یب زیاره‌تی
دیاره‌ له‌نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پرۆسه‌ی ژن ماره‌كردن‌و دواتریش گواستنه‌وه‌ی به‌پێی كات‌و شوێن‌و نه‌ریتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌یه‌كتر جیاوازن، له‌هه‌ندێك كۆمه‌لگه‌ به‌یه‌ك رۆژ ئافره‌ته‌كه‌ ماره‌ده‌كرێت‌و هه‌مان رۆژ ده‌گوازرێته‌وه‌، له‌جێگای تر به‌ چه‌ند قۆناغێك كۆتایی پێدێت، جاری یه‌كه‌م داخوازی ده‌كرێت، دواتر ماره‌كردن، پاشان نیشان كردن، له‌ كۆتایدا گواستنه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستانیش ساڵانه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ زیاتر ده‌بێته‌ ئه‌سته‌م له‌به‌رده‌م هاولاتیاندا‌و ئاواته‌ خوازن دیارده‌ی شتی لاوه‌كی كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی بنبڕ بكرێت، مامۆستایانی ئاینیش به‌حوكمی ئه‌وه‌ی زۆر گرێبه‌ستی ماره‌بڕین بۆ خه‌لك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، زۆر لێی نیگه‌رانن‌و به‌شتێكی قورس‌و دوور له‌شه‌رع له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن.

قسه‌ كردنی ئیمه‌ له‌و راپۆرته‌ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین بۆچی خه‌ڵك له‌م شێوازه‌ی ژن ماره‌كردن‌و گواستنه‌وه‌ نیگه‌رانن؟ تاچه‌ند ئه‌م شێوازه‌ له‌گه‌ڵ شه‌رعدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌؟ ده‌بێت چ خه‌رجیه‌كی تێ بچێت تاكۆتایی پێ‌ ده‌ێت؟ ئه‌ی چاره‌ سه‌ری ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌كوێیه‌؟ كه‌ به‌شداربووانی ئه‌م راپۆرته‌ بۆ خوێنه‌ران باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن.

مامۆستایه‌كی ئاینی:
زۆر جاران
له‌ ژن ماره‌كردندا هه‌ل هه‌له‌مان له‌سه‌ر لێده‌ده‌ن


چه‌ند مامۆستایێكی ناودار رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ چیتر ماره‌ بڕین به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجام ناده‌ن، هه‌روه‌ك مامۆستایێك پێی راگه‌یاندین‌و گوتی: ئێمه‌ كه‌ ده‌چینه‌ ماره‌بڕین دلمَان زۆر خۆشه‌ كه‌ ده‌بینین كچێك‌و كوڕێك له‌سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام ژیانی هاوسه‌ری پێك ده‌هێنن، به‌ڵام كه‌ ده‌چین، زۆرجاران په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌‌و هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر خودا، كه‌ ده‌بینین ئه‌و هه‌موو بێ شه‌رعیه‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌و به‌گوێشمان ناكه‌ن، كه‌ پێیان ده‌لێی‌و باسی بێشه‌رعیان بۆ ده‌كه‌یت ده‌ڵێن: ده‌ی مامۆستا قه‌ی چیه‌ هه‌ر رۆژێكه‌‌و ده‌بڕێته‌وه‌، كه‌چی نازانێت خۆشترین‌و ئه‌ساس ترین رۆژ به‌گوێی شه‌یتان ده‌كات‌و خودا له‌خۆی توڕه‌ ده‌كاتن، هه‌ر له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و مامۆستایه‌ ئه‌وه‌شی گوت: جاری وا هه‌یه‌ هێشتا ماره‌ بڕینه‌كه‌مان ته‌واو نه‌كردوه‌ هه‌ندێك له‌ ئافره‌تان هه‌ل هه‌له‌مان له‌سه‌ر لێده‌ده‌ن، هه‌رئه‌وه‌بوو من‌و كۆمه‌لێك مامۆستا بریارمان داوه‌ كه‌ تاكوو ئه‌م بێشه‌رعیانه‌ چاك نه‌كرێن ئێمه‌ ناچینه‌ ئه‌و جۆره‌ ماره‌ بڕینانه‌، هه‌روه‌ك داواشی له‌مامۆستایانی ئاینی كرد كه‌ نه‌چنه‌ ئه‌م شوێنانه‌‌و تێیدا ئاماده‌ نه‌بن، تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆی چاك نه‌كاتن، چونكه‌ سوكایه‌تیه‌كی یه‌كجار زۆری بۆ مامۆستایانی ئاینی تێدایه‌.

مامۆستا مه‌لا یوسف شافیعی پێش نوێژ‌و وتار خوێنی مزگه‌وتی حاجی سه‌نیه‌ له‌شاری هه‌ولێًر سه‌باره‌ت به‌ شه‌رعی‌و بێشه‌رعی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌مان هاته‌ ئاخاوتن‌و گوتی: هاوسه‌رگیری پرۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌و پیرۆزه‌، خودای گه‌وره‌ له‌قورئانی پیرۆز (70) ئایه‌تی بۆ ته‌رخان كردوه‌، كه‌ پێی ده‌گوترێت (أحكام اڵاسره‌) بۆیه‌ ئیسلام هانی خه‌ڵكی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی هاوسه‌ر گیری پێك بهێنن، به‌ڵكوو هاوسه‌رگیری سوننه‌تی هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌، ئه‌وان پێشه‌وای ئێمه‌ن، هه‌روه‌ك خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلًا مِنْ قَبْلِكَ وَجَعَلْنَا لَهُمْ أَزْوَاجًا وَذُرِّيَّةً) وةثيَغةمبةر() فةرمويةتى (أربع من سنن المرسلين الحناء والتعطّر والسواك والنكاح رواه الترمذي) واته‌: چوار شت له‌سونه‌تی پێغه‌مبه‌رانن شه‌رم‌و حه‌یا‌و بۆنی خۆش‌و سیواك‌و هاوسه‌رگیری.

- هاوسه‌رگیری بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاكو خێزانێكی به‌خته‌وه‌ر دروست بكه‌ن، خێزان كۆمه‌ڵگه‌ی بچوكه‌ كۆمه‌لگه‌ی گه‌وره‌ش له‌شار‌و دێهات پێك هاتووه‌، كه‌واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌ بچوكانه‌ پێك هاتووه‌، كه‌ خێزانه‌، خێزانیش له‌ژن‌و مێرد‌و منداڵ پێك هاتووه‌، لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ له‌روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌، وه‌چه‌ند گرنگی پێدراوه‌ خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ)، خۆش گوزه‌رانی خێزان‌و منداڵ په‌یوه‌سته‌ له‌سه‌ر هه‌لبژاردنی هاوسه‌ر پێویسته‌ كوڕ كچێكی باش‌و چاك‌و دیندار هه‌لبژێرێت، وه‌هه‌روه‌ها كچیش پێویسته‌ كوڕێكی چاك‌و دیندار هه‌لبژێرێت له‌سه‌ر ئاره‌زو‌و عاتیفه‌ بازی نه‌بێت، هه‌روه‌ك خۆشه‌ویستمان() ده‌فه‌رموێت: (تنكح المرأة لأربع لمالها ولحسابها ولجمالها ولدينها فاظفر بذات الدين تربت يداك) واته‌ ئافره‌ت خواز بێنی ده‌كرێت بۆ چوار مه‌به‌ست له‌به‌ر خاتری پاره‌‌و پولی یان له‌به‌ر نه‌سه‌بی وه‌یان له‌به‌ر جوانی یان له‌به‌ر دینی، به‌ڵام تۆ خاوه‌ن دین هه‌لبژێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌ت دار بیت.
-
دوای هه‌ڵبژاردن كه‌ كچه‌‌و كوڕه‌ به‌یه‌كتر رازی بوون، ئینجا گرێبه‌ست له‌به‌ینی كچه‌‌و كوڕه‌ پێك ده‌هێندرێت به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی مامۆستایانی ئاینی زۆر گرێبه‌ستی ماره‌برین ده‌كه‌ین، كور‌و كچ لێك ماره‌ ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی ئێمه‌ دلمَان زۆر خۆش ده‌بێت كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ چه‌ندین گرێبه‌ستی زۆر بێ، مانای وایه‌ كێشه‌‌و گرفت كه‌متر ده‌بێت، هه‌ر كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ به‌ربه‌ستی زۆر دروست بوو كچ نه‌یتوانی شووبكات‌و كوڕیش ژنی نه‌هێنا له‌و كاته‌دا كێشه‌ی خێزانی زۆر دروست ده‌بیت، گرێبه‌ستی كچ‌و كوڕ به‌داخه‌وه‌ نارێكی زۆری تێكه‌وتووه‌ خه‌ریكه‌ له‌میساری خۆی ده‌ربچێت، وای لێبێت مامۆستایانی ئاینی رویان نه‌بێت بچنه‌ گرێبه‌ستی ماره‌ بڕین، من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئێستا ژن ماره‌ ناكه‌م‌و وه‌چه‌ندین مامۆستای تریش به‌هه‌مان شێوه‌ وازیان لێهێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو ناڕێكیانه‌ كه‌ ئێستا له‌كاتی ماره‌برین دا هه‌یه‌، ناڕێكیه‌كانی ماره‌بڕین له‌‌و خالانه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌:

1- كچه‌كه‌ ده‌بردرێته‌ ئارایشگا لامان سه‌یره‌ بۆچی له‌كاتی ماره‌ بڕین ئه‌و كچه‌ ده‌بردێته‌وه‌ ئارایشگا‌و ده‌رازێندرێته‌وه‌، چه‌ند جارێك ئێمه‌ له‌ناو مه‌جلیس دانیشتینه‌ پێم گوتونه‌ باشه‌ با ده‌ست پێبكه‌ین، گوتویانه‌: مامۆستا جاره‌ك ئاماده‌نینه‌ هێشتان كچه‌كه‌ له‌ئارایشگا نه‌هاتووته‌وه‌ كه‌چی ده‌یان كه‌س دانیشتونه‌ چاوه‌ڕێی خاتون ده‌كه‌ن.

2- نیشان كردن (ختوبه‌) له‌و شه‌وه‌ی ماره‌ ده‌كرێت هیچ مه‌عقوڵ نییه‌ ماڵی زاوا ته‌سجیله‌كی گه‌وره‌یان ئاماده‌ كردووه‌ هه‌رئه‌و كاته‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ ته‌واو بوو هێشتا مامۆستا نه‌چویته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ست به‌جێ‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌هه‌ڵپه‌ركێ‌‌و چه‌پله‌ لێدان، تاكو نیوه‌ی شه‌و به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی گوێبده‌ن به‌و تاوان‌و گوناهانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن، بێئه‌وه‌ی حیساب بۆ دراوسێ‌و میوان‌و نه‌خۆش بكه‌ن، كه‌ ئیسراحه‌تی هه‌موو دراوسێ‌ تێك ده‌چێت.
3- خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر ده‌عوه‌ت ده‌كرێت، له‌ كه‌س‌و كاری هه‌ردوو لایه‌كان ژن ماره‌ كردن ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی بۆچیه‌ كه‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێل له‌ماڵی زاوا دێن‌و چه‌ندی تریش ماڵی بووك ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ ده‌چیته‌ ئه‌وێ‌ خانوه‌كی 100 مه‌تره‌ وه‌هیچ شوێنێك نییه‌ هه‌مووی پڕ ده‌بیت له‌خه‌ڵك جاده‌‌و غورفه‌‌و سه‌ربان هه‌مووی گیراوه‌.

4- خه‌ڵكی زۆر نارێك‌و نا ئه‌هل بانگهێشت ده‌كرێت، كه‌ هیچ له‌ ئاداب‌و ره‌وشت‌و مه‌جلیسی ژن ماره‌كردن نازانێت، رێزیش له‌ كه‌س ناگریت، به‌س ئاوات‌و ئامانجیان هه‌ڵپه‌ركێ‌و شاییه‌ وه‌زۆریش بێڕێزن به‌رامبه‌ر به‌ مامۆستایانی ئاینی، كه‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر هاتینه‌ ژن ماره‌ بكه‌ن، پێیان ناخۆشه‌ ئه‌و ده‌ ده‌قیقه‌ی مامۆستا وتار ده‌دات گوێی بده‌نێ‌.

نموونه‌ جارێكیان مامۆستایه‌ك له‌پێش عه‌قدی نیكاح گرێبه‌ست قسه‌ی بۆ ده‌كردن، یه‌كێكیان پێی گوت: مامۆستا به‌سه‌ ئه‌وه‌نده‌ درێژه‌ی بۆ ده‌ده‌یتێ‌، جارێكی تر من چوومه‌ گرێبه‌ستێك هێشتا به‌خێرهاتنیان لێنه‌كردبووم یه‌كێك گوتی: زووبه‌ مامۆستا ژنه‌كه‌ ماره‌ بكه‌ منیش گوتم تۆ زاوای؟ گوتی: نه‌خێر تۆ باوكی كچه‌كه‌ی؟ گوتی: نه‌خێر تۆ شاهێدی؟ گوتی: نه‌خێر ئه‌ی تۆ چی؟ له‌و مه‌جلیسه‌!!!

5- كوڕه‌كه‌ یان كچه‌كه‌ نوێژ ناكه‌ن یان پابه‌ند نین به‌ئاینی ئیسلام له‌كاتی گرێبه‌ست له‌كوڕه‌كه‌ ده‌پرسی نوێژ ده‌كه‌ی ده‌ڵێت: نه‌خێر نوێژی چی یان له‌ كچه‌كه‌ ده‌پرسی ئه‌ویش نه‌خۆی داپۆشیوه‌ نه‌نوێژیش ده‌كاتن، هه‌ندێكیان له‌كاتی ماره‌ كردن جلێكی زۆر ڕووت له‌به‌رده‌كات نازانم چۆن شه‌رم له‌باوك‌و ئه‌‌و خه‌ڵكه‌ ناكاتن، ده‌ڵێن فه‌رموو مامۆستا قراری لێوه‌ر بگره‌ مامۆستاش ده‌چێته‌ ژوره‌وه‌ ده‌بینی ژوره‌كه‌ پڕه‌ له‌ ئافره‌تی رووت‌و رازاوه‌ جا مامۆستا قراری چ وه‌ربگرێت له‌و شێوازه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌مووی خراپ بێت.



تێبینی پێشنیار ده‌كه‌م بۆ ژن ماره‌كردن

1- هیچ مامۆستایه‌ك كه‌ بینی ئه‌و نارێكیانه‌ له‌ژن ماره‌ كردندا هه‌یه‌ به‌شداری نه‌كه‌ن، له‌و جۆره‌ مه‌جلیسانه‌، چونكه‌ ئه‌ركێكی ئاینیه‌ به‌ڵام پڕه‌ له‌مونكه‌ر ئێمه‌ ئه‌بێت ئه‌و مونكه‌ره‌ بگۆرین.

2- یه‌كێتی زانایان له‌گه‌ل دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان چه‌ند مامۆستاێكی ئاینی دیار بكه‌ن له‌هه‌ر گه‌ره‌كێك ئیجازه‌ به‌یه‌ك كه‌س بدرێت كه‌ ژن ماره‌ بكاتن، واته‌ (المأژون الشرعی).
3- داوا ده‌كه‌ین هه‌موو مامۆستایانی ئاینی داوا له‌خه‌ڵكی بكه‌ن با خه‌ڵك بێته‌ مزگه‌وت بۆ گرێبه‌ستی ماره‌ كردن نه‌وه‌ك مامۆستا له‌دوای خه‌ڵك بچێت، كه‌ پێم وایه‌ زۆر نارێكه‌ بۆ مامۆستایان به‌م شێوه‌یه‌.



وته‌بێژی یه‌كێتی زانایان:
ئه‌گه‌ر بڕیاری رێگه‌ پێدراوی شه‌رع جێگیر بێت رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و بێ شه‌رعیانه‌ بنبڕ ده‌كرێن


له‌و باره‌وه‌ وته‌بێژی یه‌كێتی زانایان مامۆستا جه‌عفه‌ر گوانی پێی راگه‌یاندین: هه‌ر له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه‌ زۆر به‌گرنگیه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و باسه‌مان كرد، چونكه‌ خزمه‌تێكی ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌منی‌و نیشتمانییه‌، بۆیه‌ دوای چه‌ندین دانیشتن له‌گه‌ڵ لێژنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان، كردمانه‌ پرۆژه‌یه‌ك دامانه‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بۆ پێداچوونه‌وه‌ی لایه‌نی یاسایی، ئێمه‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاریان كردین، ئێستاش پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ ته‌سلیمی په‌رله‌مان كراوه‌، هیوادارین له‌كاتی گفتوگۆكردندا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و راگه‌یاندنه‌كان‌و مامۆستایانی ئاینی هاوكارمان بن.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ جێگیر ببیتن ئه‌وكات چ كاریگه‌رێكی ده‌بێت، به‌ڕێزی گوتی: یه‌كه‌مین شت ئه‌و فه‌وزایه‌ی له‌ ژن ماره‌كردن هه‌یه‌ زۆر كه‌متر ده‌بیتن، چونكه‌ ئێستا ئه‌وه‌ی ژن ماره‌ ده‌كات نازانی شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ بتوانی ماره‌بڕین بكاتن یان نا جاری واهه‌بووه‌ ئافره‌تێكیان ماره‌كردووه‌ هێشتا له‌ژێر نیكاحی كه‌سێكی تر بووه‌ یان عیده‌ی به‌سه‌ر نه‌چووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ ورده‌كاریه‌كانی شه‌رع هه‌ر نه‌زانێت، به‌ڵام ئه‌وكات ئه‌وه‌ی كه‌ ژن ماره‌ده‌كات دیار ده‌بێت‌و لێك جیاده‌كرێته‌وه‌‌و له‌لایه‌نی دادگاش كار ئاسانیان بۆ ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌و بێشه‌رعیانه‌ش كه‌ له‌كاتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌و مامۆستایانی ئاینی نیگه‌ران كردووه‌، گوانی گوتی: پێم وایه‌ ئه‌وكات ئه‌و كێشه‌یه‌ش تارێژه‌یه‌كی به‌رچاو بنبڕ ده‌بێت‌و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وكات له‌جیاتی ئه‌وه‌ی مامۆستا بچێته‌ ماڵه‌كان ئه‌وان دێنه‌ لای مامۆستای ئاینی ئه‌ویش ده‌توانی مه‌رج دابنێتن بۆ ماره‌كردن وه‌ك نه‌بوونی قه‌له‌بالغیه‌كی زۆر‌و تێكه‌لاوی نه‌كردنی هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌ڵكوو ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی پێویستن ته‌نها ئه‌وان ئاماده‌ده‌بن كه‌ خه‌رجیه‌كی زۆریش له‌كۆل ئه‌وماڵه‌ ده‌بێته‌وه‌.



ئافره‌تێك:
خوازیارین رازاندنه‌وه‌ی بوكان وه‌ك كاتی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌

ئه‌م شێوازه‌ ماره‌ كردن‌و گواستنه‌وه‌ نه‌ك به‌ته‌نیا مامۆستا‌و پیاوانی نیگه‌ران كردوه‌ به‌ڵكو ئافره‌تانیش به‌شتێكی زۆرناڕێكی ده‌زانن، (دره‌خشان صالح) قوتابی كۆلیژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان وه‌ك ئافره‌تێك به‌م شێوه‌ باسی له‌ ورده‌كاریه‌كانی ماره‌كردن‌و گواسته‌نه‌وه‌ كرد‌و گوتی: به‌ڕاستی ئه‌و ماره‌ كردنه‌ی ئێستا ده‌كرێت شتی زۆر بێشه‌رعی تێدایه‌، له‌وانه‌ گرتنی هۆل بۆ نیشان كردن (ختوبه‌)‌و كواستنه‌وه‌ یاخود گرتنی باشترین‌و به‌نرخترین ئارایشگا جگه‌ له‌بووك كه‌س‌و كاری بوك‌و زاوا له‌گه‌ل بوك ده‌چن له‌سه‌ر حیسابی زاوا دواتریش وه‌رگرتنه‌وه‌ی جلی ماره‌برین به‌ گرانترین نرخ دواتر وێنه‌ گرتنێكی یه‌كجار زۆر كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ خه‌رجیه‌كی زۆری تێدا ده‌چێت‌و جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌زۆربه‌ی شوێنه‌كان بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌مۆبایل كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی زۆر خراپه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌‌و ده‌وروبه‌ری، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌موو وێنه‌ی بوك ده‌گیرێت، دره‌خشان گوتی:


ئافره‌تی واهه‌یه‌ كه‌وێنه‌ی ده‌چیته‌ شوێنێك كه‌ زۆری پێناخۆشه‌‌و ناشزانێت چۆن چویته‌ ئه‌و شوێنه‌ یه‌كسه‌ر په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌‌و ئاماده‌یه‌ كه‌ چه‌ندین پاره‌ بداتن كه‌ وێنه‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام سودی نییه‌ جا بۆ ئه‌وه‌ی پێشی په‌شیمانی رووی تێدا بكاتن باشتر وایه‌ خۆی له‌و جۆره‌ بێشه‌رعیانه‌ بپارێزێت، بۆیه‌ هیوا خوازم كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ سوپاس بۆ خودا كه‌ موسڵمانه‌‌و ئه‌م كارانه‌ش له‌گه‌ڵ ئیسلام یه‌ك ناگرنه‌وه‌، بۆیه‌ ئاواتی زۆربه‌ی ئافره‌تان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی چۆن ئافره‌تی كورد ده‌رازاوه‌ پێی ده‌گوترا (خه‌نا به‌ندان) كه‌ ئه‌وكات ته‌نها ئافره‌ت تێیدا ئاماده‌ ده‌بوون‌و ئه‌و هه‌مو خه‌رجیی‌و ماندووبوونه‌ی تێدا نه‌بوو هیواخوازن ئه‌و رۆژه‌ بگه‌رێته‌وه‌ نه‌ك ئه‌و هه‌موو بێشه‌رعیانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.


كچێك:
زۆرجاران له‌سه‌ر رێك نه‌كه‌وتنی شێوازی گواستنه‌وه‌‌و شتی لاوه‌كی ئافره‌ته‌كه‌ ته‌لاق دراوه‌

(ش.ف) ئافره‌تێكی تربوو كه‌ ئه‌ویش به‌په‌رۆشه‌وه‌ باسی له‌شێوازی بوك گواسته‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كردوو گوتی: له‌م ژن گواستنه‌وانه‌دا بێشه‌رعیه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه‌، هه‌ر له‌گرتنی هۆل بۆ گواستنه‌وه‌ بانگهێشت كردنی خه‌ڵكێكی زۆر‌و هێنانی گۆرانیبێژ به‌پاره‌یه‌كی زۆر‌و یان گرتنی گروپی شایی كه‌ چه‌ند كه‌سێكن به‌ پاره‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، جاری واش هه‌یه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ له‌به‌ینی خزمانی هه‌ردوولا، كه‌ زۆر جار ئافره‌ته‌كه‌ ته‌ڵاق دراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كان نه‌چونه‌ته‌ شایی یاخود به‌زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێنن، بۆ شایی كردن دواتریش له‌گه‌رانه‌وه‌ خه‌ڵك بێزار ده‌كه‌ن به‌ هۆڕن لێدان‌و گۆرانی‌و... هتد. هه‌ركاتێك ئه‌م دیمه‌نانه‌ ده‌بینی واده‌زانی سه‌رده‌می جه‌هاله‌ت‌و نه‌فامیه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو خه‌رجیه‌ی له‌ ژماره‌كردن تاكو گواستنه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ كۆ بكه‌یته‌وه‌ بده‌ی به‌‌و ژن‌و مێرده‌ كه‌ تازه‌ ژیانی هاوسه‌ریان پێك هێناوه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر قه‌رزاربن ئه‌وا بێگومان بۆوان جێگه‌یه‌كی باش ده‌گرێت‌و كاره‌كانیان ئاسان ترده‌بێت.