فەیسبوكنامە

" پیاوێك دڵی لەژنەكەی پیس بوو ، شەڕی پێئەفرۆشت ، ئەیووت : تۆ كە ئارد ئەبێژیتەوە خۆو بائەیەی .."

ئێ خۆ خانمترین ژنانی دونیا ، كە ئاردی بێژایەوە ، هەرخۆی با ئەیا ، ئەمە سرووشتی ئیشەكەیە ..

كەواتە خەلەل لە ئیشی خانمە بەڕەوشتە ئیشكەرەكەدا نییە ، خەلەل لە چاو و بینایی بەرانبەرە ، ئەو ئارێلەكەی خراپ سووڕاندووە ، ئاساییە تەشویش چووبێتە سەر دیمەن و وتەكانیش .. ئاساییە ئیشەكان بە شێواوی ببینێت ..

لەسایەی ( بێ ئیش )یی زۆرینەدا ؛ نامانپەرژێتە سەر هەواڵپرسینی یەكتریی ، بۆیە فەیسبووك كە تۆڕی كۆمەڵایەتییە ، كایەیەكی باشه بۆ ئاوێتەبوون و تووند و تۆڵكردنی پەیوەندییەكان .. بۆ دۆزینەوەی هاوڕێ كۆن و دێرینەكان ، بۆ تاوتوێی یاداوەریی ساڵانی گوزەشتە و ساڕێژكردنەوەی برینەكان .. بۆیە ئاساییە له فەیسبووكدا زانیاریی و وێنە و بۆنەكانی خۆمان شەیركەین ، رۆژی لەدایكبوون ، مارەبڕین ، شەكراوخواردنەوە ، پرسە و هاوخەمیی دەربڕین ؛ نەخۆشی و كارەساتی دڵتەزێن و هتد ..نەك فەلسەفاندنی بێبنەما .. نەك دڵ ئێشاندن ، نەك كایەیەك بۆ سووكایەتیی و تەشهیر پێكردن ..

من كۆكم لەسەر ئازادی نووسین و ئازادی ڕا دەربڕین و ئازادی شوكری خوا و ئازادی كوفركردنیش ..چونكە باریی تەعالا ئازادی كردووین ، بەڵكو گەورەیی و بوونی تاكەكان لەئازادبوونیاندایە ، مرۆڤی ئازادی نادان ، لەسایەی ئازادبوونیدا ، لەوانەیە ببێتە "عەرەسوو" ، "عەرەسوو" یش كە كۆت و بەند و كۆیلەكرا ؛ ئیتر گێلێكە لەو گۆڕەی .. ئازادیی كە نیعمەتێكی بێ هاوتایە ، جاری وا هەیە دوو جەمسەرە ، ئەم نیعمەتە هەندێ جار شایستەی هەندێ كەس نییە ، چونكە ئەگەر رەها كرا ، ئەوا ئەو ئازادە بەناوی ئازادییەوە ئازادیی لە هەزارانی تر زەوت ئەكا و ئەشیانخاتە بەر پێكانی و سووكایەتیشیان پێدەكا..

ماوەیەكە فەیسبووك بووەتە شوێنی توانج و شەڕ فرۆشتن بە ئیسلام ، بە خوا ؛ بە قورئان ، بە حەج ، بە كەعبە ، كوره بە بەردە رەشەكە و بە قوربانییش ، تەنانەت قین وبوغزەكەشیان مناڵێكی بێكەس كوژراویی غەززە و كچە شەهیدێكی رابیعەشی گرتۆتەوە .. بۆ ؟ نازانم !!

ئەوان لە ڕێوە لەتایم دەرچوون و ئەیگڵمێنن ، زۆرینەشیان بە حیسابی خۆیان كوردایەتی ئەكەن .. ....

تۆ : پێشمەرگەی فەیسبووك ، قارەمانی پۆستی بێ لەزەت ، كۆمێنت خانی سترێچ لەپێی تۆقیو لە مارمێلكە ، تۆ ئەتەوێ بە كۆمێنتێكی سووك ، خۆت بكەویتە هاوشانی كچە شەڕڤانێكی سەنگین و قورس؟ خەبات و قوربانیدانەكانت بكە لەسەر ستایلە ناوازەكەی خۆت ، پیرۆزیشت بێت ، وەلێ یەك تۆز........ بە سلوكەت ..

ئیمۆی جنێوفرۆشی سێچارەك لە پێ ، كە ئێستاش دایكت ئەتگۆڕێ ، تۆ لەترسی تەقەی خۆشی خۆت ئەشاریتەوە ، وا ئەزانی ئەوانەی دژی داگیركەران سنگیان ناوە بە قەنناسی دوژمنەوە ، بۆیە ئازا و بوێرن چونكە كافرن بە قورئان و تەعالیمەكانی..

ئۆخەی "كوبانی" ، تۆ خەمبخۆ بۆ كۆبانێ.. بچۆ بۆ شەڕ بۆ كۆبانێ ..نەك بەدەم نێرگەلەكێشانەوە ، بڵێیت قیبلەی من كەعبە نییە.. كۆبانێ یە .. نەفرەت لەحەمە و عومەر وقورئانیش ئەكەم .. كوڕی باش دڵنیام تۆ تا ئێستا نازانیت كەعبە چییە ، ناشزانیت قیبلە رووی لە كوێیە ، تۆی خەیاڵ و مەستی بادە : ئەبزڕكێنی ، ئەشیعرێنی بۆ گەلەكەمان ، هەی داماوی بێهۆش ، خوا پۆشتەی كردوویت ، ئیتر بۆ خۆت ئاشكرا ئەكەیت .. ؟ لەفەیسبووكەكەتا پێش هاوپەیمانان بكەوە بۆ رزگاركردنی كۆبانێ ، چی ئەنووسیت بنووسە ، وەلێ یەك تۆز........ بە سلوكەت .. رێگای رزگاركردنی شەنگال و كۆبانێ بە رووخاندنی كەعبەدا ناڕوات .. ( قیبلەنما )كەت ئینحرافی هەیە و زۆریش..

خانمێكی ئاژەڵ..... دۆست ، لەخۆشەویستی حەیوانا رقی لە ئیسلام هەڵساوە و نوسیویەتی : كۆمەڵكوژیی حەیوانات ، قوربانیی كردن به مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ ، كوشتارگەیە ؛ جینۆسایدی گیانلەبەرانە ، بۆ تێركردنی حەز و ورگی موسڵمانانی گۆشت خۆره .. ئەمە تێكچوونی هاوسەنگیی سرووشتە !!!من گرەو ئەكەم لەسەر جەڵەبێك رەشە ووڵاخ كە ئەو زانا ژینگەناسەی گەلەكەمان ناشزانێت ( چۆن هاوسەنگی تێكدەچێت ) ، ئاخر فەقیرە وائەزانێت بەس لە قوربانا كوشتاری حەیوان دەكرێت و دوای ئەوە جیهان هەمووی فێجیتریانە ....

تاك و تەرا ، " پەڕۆ....فسفۆڕی " ترمان تیا هەڵكەوتووە نە خوایان قبوڵە ، نە پێغەمبەر ، نە صەحابە ، نە زانایانی كۆن ؛ نە تازە ، نە ئیسلامیی ، نە توند نە شل ، نە قسەخۆش نە ترش و تاڵ.. خۆیشیان لەهەموو زیاتر بەد فەساڵ .. ئەو بلیمەتانه ئیدیعای ئەوە ئەكەن كە بوونەتە پێغەمبەری هاوچەرخ ، بە قەڵەمە كول و و چاوێلكە تەڵخ و شكاوەكانیان ئیسلامێكمان بۆ دا ئەتاشن ، لەخەیاڵدانی شەیتانیشدا نییە ، جارجارەش كوردایەتیمان بە ( قیست ) پێدەفرۆشن .. بەعزێكیشیان : "بیسمیلا" تازە فێری رەمل لێدانیش بوون ..

هەندێ لەم كوردپەروەرانە بۆیە رقیان لە ئیسلام و قورئان و موسڵمانانە ، لەداخی داعش و شەنگال و كۆبانێ ..جا ئەمە ئاست و تێگەیشتنیان بێت ، ئیتر هەموو قوڕی صناعه بە سەرمان..

ئەگەر ئەوانە ( ئاوا لە ئیسلام و بەرنامەی خوا و رێبازی پیاوانی خوا حاڵیی بوون ، ئەوا یـــا (زۆر ناحاڵیین ..یان زۆر رقاووین..)..

كاكە حەی عەلەصەلات ، چی هەن ، چی ئەبن ، مەقاشی كێن ، حەقمان نییە ، زۆریش نا ئەمما یەك تۆز........ بە سلوكەت ..

خوایە ئێمە تەبەڕا ئەكەین لە داعش و لەوانەش تیجارەتی نەوت ئەكەن لەگەڵیاندا ...

بۆ ئەوانەی تریش حەواڵەی خۆت بن..