پەیامەکەی گوڵەن چی دەگەیەنێت؟

هەفتەی پێشوو فەتحوڵڵا گولەن لە رێگەی رۆژنامەکانی هەرێمی کوردستانەوە پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و هاوسۆزی خۆی بۆ کورد و پێشمەرگە و بۆ کۆبانی راگەیاند. مەبەستی گولەن دەبێت چی بێت لە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کورد؟ لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.

سەرەتا با بەوە دەستپێبکەین کە گولەن کێیە و ئامانجی چییە؟ پێموایە وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە بەڕاستی و دروستی یاریدەدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی پرسەنامە بۆ پێشمەرگە شەهیدبووەکان دەنێرێت. ئەم پرسیارە گرنگە لەبەرئەوەی هەر کەسە و هەڵدەسێت 4 دێڕ لەسەر گولەن و بزووتنەوەکەی دەنووسێت و دەبێت بە سەرچاوە، جا ئەگەر هەندێکیان زانیاری تەندروست بن، ئەوانی دیکە بە داخەوە مەبەستی دیکەیان لە پشتەوەیە و هەندێکیشیان دەگەنە ئاستی چەواشەکاری.

 

گولەن کێیە؟

فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتییەکی ئاینی جیهانییە کە نوێنەرایەتی میانڕەوترین مۆدێلی ئیسلام دەکات لەم سەدەیەدا. دەڵێم میانڕەوترین، لەبەر ئەوەی بڕۆ بە مێژووی ئەم مۆدێلەدا بچۆوە، تەنانەت یەک نموونەی تێکەڵبوون لەگەڵ توندڕەوی نابینی. بگرە لەوەش زیاتر ئەوە بوو کە گولەن یەکەم کەسایەتی ئیسلامی بوو دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتێمبەر هەڵوێستی بەرامبەر توندڕەوی ئاینی وەرگرت و گوتی "موسوڵمان نابێت بە تیرۆریست و تیرۆریستیش قەت موسوڵمان نابێت".


پەیامەکەی چییە؟

ئەوەندەی من لێی تێگەیشتووم، فەتحوڵڵا گولەن دەیەوێت ریفۆرم لە لێکدانەوەی ئایندا بکات. دەیەوێت نموونەیەکی ئیسلامی ناوەندگیر (معتدل) بخاتە بەردەم جیهان. دەیەوێت خەڵکی تێبگەیەنێت کە مرۆڤ دەکرێت لە هەمان کاتدا هەم باوەڕدار بێت و هەم وەک کەسانی هاوچەرخ بژی. بخوێنێت، بڕوانامە بەدەست بهێنێت، کەلتوورە جیاوازەکانی جیهان بناسێت و رێزیان لێ بگرێت. باوەڕی بە مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو هەبێت. کار بکات، پارە پەیدا بکات و دەوڵەمەند ببێت. خۆی ئەو کەسانەی بەو جۆرە پێدەگەن بە "نەوەی ئاڵتوونی" ناودەبات.

بۆ پێگەیاندنی "نەوەی ئاڵتونی"ش رێگەی کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆ و تەلەڤزیۆن و رۆژنامە و ناوەندی رۆشنبیری گرتووەتە بەر.  لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەکانی گولەن لەو چوارچێوەیەدا، لە سەرتاپای جیهاندا بە دەیان هەزار دامەزراوەی خێرخوازی و بازرگانی دامەزرێنراون. شەخسی گولەن خۆی خاوەنی فەرمی هیچ یەکێک لەم دامەزراوانە نییە و هەر یەکە و خاوەن و سیستمی بەڕێوەبردنی تایبەتی خۆی هەیە. تەنها پەیوەندی ئەم دامەزراوانە لەگەڵ گولەندا ئەوەیە کە کەسانی موتەئەسیر بە بیرەکانی فەتحوڵڵا گوڵەن دایانمەزراندووە و بەڕێوەی دەبەن.


پێکهاتەی بزووتنەوەی گولەن چۆنە؟

ئەو شتەی پێیدەڵێن بزووتنەوەی گولەن، خزمەت یان جەماعەت، بە بۆچوونی من نێتوۆرکێکی پیشەیی – کۆمەڵایەتی – ئابووری – پەروەردەییە. گرووپێکە کە یەکدی تەواو دەکەن. بۆ نموونە چۆن دەتوانیت پشتگیری کۆمەڵایەتی کۆبکەیتەوە هەتا راگەیاندنت نەبێت؟ چۆن کادیر پێدەگەیەنیت ئەگەر خوێندنگەت نەبێت؟ چۆن کاری خێرخوازی دەکەیت ئەگەر پارەت نەبێت؟ بە کورتییەکەی پێکهاتەیەکی فرە رەنگە لە پیشەوەران، مامۆستایان، پیاوانی کار، رۆشنبیران، نووسەران و میدیاکاران و زۆربەی زۆری پیشەکانی دیکە کە هەموو لە جێگەی خۆیانەوە سەربەخۆ کار دەکەن و لە ئەنجامدا خزمەتی ئامانجێکی هاوبەش دەکەن.

پێگەی بزووتنەوەکە لەناو تورکیا

بزووتنەوەی گولەن لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردووەوە لە شارە جیاوازەکانی تورکیا کارایە. لە بنەمادا یەکێکە لە ئیمتیدادەکانی بزووتنەوەی نوور، کە لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە لەلایەن سەعیدی نورسییەوە رابەرایەتی کراوە. کتێبەکانی گولەن بە شێوەیەکی گشتی لێکدانەوەیەکی سەردەمیانەتری پەیامەکانی نوورن. لە ساڵی 1979 بزووتنەوەکە یەکەم بەرهەمی نووسراوی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئەویش گۆڤاری  (Sızıntı)یە. دواتر لە ساڵانی هەشتا و نەوەتەکان رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤزیۆن و خوێندنگە دادەمەزرێنێت. تێچوونی دامەزراندنی ئەم دەزگایانە دەکەونە سەرشانی ئەو بازرگان و پیاوانی کارانەی فەتحوڵڵا گولەن کاریگەری لەسەر بیر و بۆچوونیان کردووە و باوەڕی پێهێناون ماڵ و موڵکیان ببەخشن بۆ پێگەیاندنی ئەو نەوەیەی خۆیان پێیدەڵین "نەوەی ئاڵتوونی".
لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە بەڕووی جیهاندا دەکرێتەوە. سەرەتا لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا خوێندنگە دەکاتەوە، هەتا دواتر دەگاتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەوروپا و ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی جیهان کە ئێستا لە زیاتر لە 135 دەوڵەتی جیهان خوێندنگەی هەیە. لە کاتی دامەزراندنی ئەم خوێندنگانەشدا لە وڵاتان، تورگوت ئۆزاڵی رەحمەتی کە ئەو کاتە سەرۆک کۆماری تورکیا بوو، هاوکاری بزووتنەوەکەی کرد.


گرژیی نێوان گولەن و ئەردۆغان

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە لە سەرەتای گەیشتنی پارتی داد و گەشەپێدان بە دەسەڵات، جۆرێک لە پەیوەندی دۆستانە هەبوو لە نێوان بزووتنەوەی گولەن و ئاک پارتی. بزووتنەوەکە پشتگیری لە حکومەتی ئەردۆغان دەکرد و حکومەتیش رێگەی دەکردەوە بۆ زیاتر فراوانبوونی بزووتنەوەکە. ئەم پەیوەندییە دۆستانەیە هەتا دوایین رۆژەکانی ساڵی رابردوو بەردەوام بوو. بەڵام لەگەڵ ورووژاندنی کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیلخۆری لەلایەن کۆمەڵێک دادوەر و پۆلیسەوە کە بە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکە تۆمەتبار دەکرێن، پەیوەندییەکانی گولەن و ئەردۆغان تێکچوون. کەسانی نزیک لە ئەردۆغان و وەزیرەکانی کابینەکەی بەشێک بوون لەوانەی لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا داوا دەکرا بچنە بەردەم دادگا. دوای ئەم بارگرژییە، هەردوو لا ژمارەیەک تۆمەتیان خستە پاڵ یەک کە زۆربەیان ئێستا لەبەردەم دادگادان و چاوەڕێی ئەنجام دەکەن.


گولەن و کورد

فەتحوڵڵا گولەن لە سەرەتاوە هەوڵی داوە پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ کورد دروست بکات. پشتگیری لە پرۆسەی چارەسەری کرد لە تورکیا و سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان گوتی "لە پێناوی ئاشتیدا دەکرێت نەک هەر دانوستاندن بکرێت، بەڵکو دەست و داوێنیش ماچ بکرێت". دوو هەفتە لەمەوپێشیش دانی بەوەدا نا کە تورکیا هەر لە سەرەتاوە لە کێشەی کورد تێنەگەیشتووە و گوتی "بریا داوا رەواکانی کورد لە چوارچێوەیەکی رەوادا جێبەجێ کرابان".

پرسەنامە بۆ پێشمەرگە

گرنگترین شت کە لێرەدا پێویستە بگوترێت، ئەوەیە کە گولەن تەنیا سەرەخۆشی لە کورد نەکردووە. پێشتریش هاوسۆزی بۆ ئەو ئەمریکی و بەریتانیانە دەربڕیوە کە لەلایەن داعشەوە سەربڕدران. پێشتریش بە دەیان جار هەڵوێستی هەبووە بۆ پشتگیری لەو گەلانەی رووبەڕووی زوڵم دەبنەوە. تەنانەت لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە ساڵی 1989 لە ئیستەنبوڵ هاوسۆزی خۆی بۆ کورد و پێشمەرگە دەربڕی کە تووشی ستەمی بەعس دەبوونەوە. بەڕای من، ئەم هەڵوێستەی ئێستاشی بەشێکە لەو پەیامە گەردوونییەی کە بانگەشەی بۆ دەکات لە بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پشتگیریکردنی ستەمدیدەکان. پێموایە پرسەنامەکەی هەفتەی پێشوویشی، پێویستە وەک بەشێک لەو هەڵوێستە ئەرێنییە جیهانیانە ئەژمار بکرێت کە کورد لە ماوەی رابردوودا دەستیکەوت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

له‌ (رووداو) وه‌رگیراوه‌