کورد قەدری داهێنان نازانێت

ئەوڕۆ نییە خەتخۆشانی کورد رۆڵێکی گەورەیان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، چەندین جار یەکەمەکانو دووەمەکانی دونیا هەر کورد بوونە، دواهەمینیان بەرێز عەلی حەسەن زەمانی دانیشتووی رانیە بوو، کە لە ئاشقی خەتخۆشی وازی لە پیشەی زێڕنگری هێناوەو، لە دواهەمین پێشبرکێ پلەی یەکەمی بە دەست هێناو، وەك شانازییەك ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە. لێرەوە دەستخۆشی لەو بەرێزەو خانەوادە پشتیوانەکەی دەکەین.

مەبەستی من لێرەدا دوو سەرنجە: یەکەمیان بەداخەوە ئەم هونەرە لە کوردستان زۆر لە پێشە، تا لە چەندین پێشبرکێ و لە ناو تورکیا وەپێش تورکەکانیش کەوتوونە کە شانازی پێوە دەکەن، بەڵام لە کوردستان هیچ بایەخی پێنادرێت، هەموو ئەوانە دواتر واز لەو پیشەیە دەهێنن، کە دەکرێ لە بری ئەوە خەتخۆشی و دەفژەنی وەك دوو لایەنی دیاری هونەری کوردی بناسرێن.

دووەمیان: هەست دەکرێت ئەونەی شتێکی نوێ دەکەن پشت گوێ دەخرێن، وەك ئەو ئەندازیارەی کاتەکانی بانگی داهێنا، وەی فرۆکەی دروست کرد، ئەو دوو کچانەی دەنگی (قورئان و مۆسیقای ئارام و خێرایان) لەسەر (مشك) تاقیکردەوە، ئەو ئافرەتەی هەموو قورئانی لە بە درومان نووسیەوە. لەگەڵ چەندان نموونەی دیکە کە دەرفەتی باسکردنیان نییە، کەچی هیچ لەوانە گرنگی پێنەدرا، دەکرا ئەم کەسانە هان بدرێن و گرنگیان پێ بدرێت، یان لە بری ئەو هەموو رێکراوە زۆرو بۆرانە کۆمەڵەیەکیان هەبووایەو دوور لە مەحسوبیەت کۆکرابانەوە.

ئەم هەنگاوانە دەبنە سەرەتایەك بۆ گرنگیدان بە پیشەی داهێنان و چەندان قوتابی و کەسانیتر هەولی هەمان شێوە دەدەن.