به‌رپرسی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتی زانایان گه‌نجانی سنوره‌كه‌ له‌ تونوتیژی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌


راگه‌یاندنی لقی چه‌مچه‌ماڵ:

كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجانی چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ نزیكه‌ی (40) گه‌نجی چالاكوانی چه‌مچه‌ماڵ بوون، كه‌مپینێكیان به‌ ناونیشانی كه‌مپنی هاوینه‌ له‌ باخی گشتی چه‌مچه‌ماڵ ڕێكخست، كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری تێدا ئه‌نجامده‌درێت.

له‌ یه‌كه‌م رۆژی ئه‌و چاولاكیه‌دا، مامۆستا شێخ وه‌هاب سه‌نگاوی به‌رپرسی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، له‌ كۆڕێكدا به‌ ناونیشانی (توندو تیژی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا) بابه‌تێكی پێشكه‌ش كرد‌و، چه‌ندین ده‌قی له‌ روانگه‌ی قورئان‌و سوننه‌ته‌وه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ هێنایه‌وه‌ بۆ دژی توندوتیژی‌و، گووتی: له‌ ئیسلامدا ئاشتی‌و ته‌بایی‌و پێكه‌وه‌ژیان مانای موسڵمان بوونه‌.

ئینجا پتر ماناكانی تووند‌و تیژی له‌ روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ شیكرده‌وه‌‌و، پوخته‌ی بیرۆكه‌كانی مامۆستا ده‌رباره‌ی هاندان بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تووند‌و تیژی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان، ئه‌مه‌ش خودی په‌یامی ئیسلامه‌ بۆ تێكڕای مرۆڤایه‌تی، چونكه‌ ئیسلام هه‌میشه‌ موسڵمانانی له‌سه‌ر لێبوورده‌یی‌و خۆشه‌ویستی‌و نه‌رم‌و نیانی‌و یه‌كتر قبوڵكردن راهێناوه‌.

دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌ چه‌ندین پرسیار‌و تێبینی‌و پێشنیاز كۆڕه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرا‌و، مامۆستاش به‌ گه‌رمی‌و سنگفراوانییه‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌رجه‌م گفتوگۆكانی دایه‌وه‌، گه‌نجانیش داوایان كرد، مامۆستایانی ئایینی پتر به‌شداری له‌و جۆره‌ كۆڕ‌و سمینارانه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجان‌و هاووڵاتیان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پتر لێی سوودمه‌ند ببن.