شاندێكی باڵای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌


به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ئاگادار بوون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی چالاكیه‌كان‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی زانایان‌و لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان له‌و ده‌ڤه‌ره‌، رۆژی 10/5/2011 شاندێكی باڵای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، به‌ یاوه‌ری به‌ڕێزان: مامۆستا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆك‌و، شێخ عه‌بدولباسیت بالیسانی‌و مامۆستا دلشاد گه‌ڵاڵی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی، سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانیان كرد‌، ئه‌مه‌‌و له‌و سه‌ردانه‌دا له‌لایه‌ن زانایان‌و شێخانی ته‌ریقه‌ت‌و كه‌سایه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌، به‌گه‌رمیه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

له‌ دانیشتنێكی به‌رفراواندا، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی كه‌لارو خانه‌قین‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریان، مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باسی له‌ گرنگی‌و هه‌ستیاری ناوچه‌كه‌ كرد‌و، هه‌نگاونانی بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 به‌رز نرخاند، جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ زانایانی ئایینی له‌ وتاره‌كانیان باس له‌ گرنگی‌و پاراستنی مۆركی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ره‌سه‌نایه‌تی‌و كلتوری جوانی كوردی بكه‌ن‌و، بنچینه‌كانی پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌نه‌ هه‌وێنی وتار‌و ئامۆژگاریه‌كانیان، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ دوپاتكرده‌وه‌و، داكۆكی له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێستی‌و یه‌كده‌نگی زانایان كرده‌وه‌، هیواشی خواست كه‌ زانایان بتوانن هه‌مان ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ی خۆیان له‌ خزمه‌تی موسڵمانان‌و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری به‌كار بهێنن‌و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ش دابن، كه‌ به‌رده‌وام یه‌كریزی نێو ماڵی كورد پته‌وتر بكه‌ن‌و هه‌ماهه‌نگی زیاتریش بخه‌نه‌ ناو لایه‌كانی تری كوردستانه‌وه‌، له‌ كۆتایشدا شاندی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی پشتیوانی خۆی بۆ سه‌رجه‌م داواكاری‌و راسپارده‌كانی زانایانی ناوچه‌كه‌ دوپاتكرده‌وه‌، وێڕای چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ ئایینیه‌كانی ناوچه‌ دابرێندراوه‌كانی خانه‌قین‌و ده‌وربه‌ری به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌قفی سوننی پارێزگای دیاله‌و، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم.