شیعەی ئێران ناویان لە وتارو نوێژی هەینی ناوە (نماز عبادی سیاسی جمعه) وتارو نوێژی جومعە لای ئەوان چەندە عیبادەت و واجبێکی دینیە زیاتر لەوە کۆبونەوەیەکی سیاسیە، بۆیە دەبینین لەزۆربەی وتارەکانی هەینیان دا باسی کێشە و ڕوداوە سیاسیەکان دەکەن و هەڵوێستی ڕابەرو مەرجەعەکانیان دەخەنەڕوو لەسەر ئەو مەسەلە سیاسیانەی پەیوەندیان بەوانەوە هەیە . گومانی تێدا نیە ئەو جۆرە لە وتارو نوێژی هەینی لەبەرژەوەندی دەسەڵات و مەرجەعە دینیەکانی ئەو وڵاتانەیە، لەولاشەوە خنکاندن و پەکخستنی ماناو مەبەستە دینیەکانی نوێژی هەینی و بانگەوازە خواییەکەیە. بەڵام لەوە خراپتر ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا وتاری شەخصی پەیدا بووە کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی مامۆستای وتاربێژ باسی (خۆی) دەکات، باسی فەزل و حەسەنات و چاکەکانی خۆی و دەستەو تاقمەکەی دەکات، یان وتارەکەی تەرخان دەکات بۆ ڕەددانەوەی ئەو کەس و لایەن و گۆڤارو ڕۆژنامانەی قسەیان بەجەنابی وتاربێژ یان جەماعەتەکەی گوتوە . ئەوەی جێی داخە ئەو بەشەخصی کردنەی وتاری هەینی کەسانێک دەیکەن کە لای خەڵک ناسراون و کەسایەتی و ناوبانگێکیان لەناو موسڵماناندا بۆخۆیان پەیدا کردووە، هەر لەوانەی بە سەلەفی ناسراون (ئەڵبەت هەندێکیان نەک هەموویان) تا ئەوانەی خۆیان لێبۆتە شێخ کوشک و قاضی قضاةی پایتەخت!! ئەوانە لەجیاتی خەمە گەورەکانی موسڵمانان و وڵات و میللەت بەگشتی، خۆیان بەشتە بچوکەکانەوە خەریک دەکەن و لەخەڵکی گەورە دەکەن، کاتی ئەو هەموو خەڵکە ئامادەبووەی هەینی بەزایە دەدەن و بە قسەکردن لەبارەی خۆیان و پاکانە کردن بۆ هەڵوێست و فەتواو هەڵەو پەڵەکانیان . وتاری وام گوێ لێ بووە لە وشەی یەکەمیەوە تا کۆتایی هەمووی هێرش کردنە سەر خەڵک و دیفاع کردن لە شەخصی خۆی بووە، خەتیبی واش هەیە لێی بۆتە نەخۆشی دەبێ لەهەموو وتارێکی هەینی دا ژەهرێک بڕێژێت و قسە باشەکانیشی بەئاودا بدات بەهۆی توانج و پلار گرتن و جنێوو قسەی ناشیرین بەرامبەر موسڵمانانی تر. گەرچی ئەوە ئەرکی ئەوقاف و یەکێتی زانایانە سنورێک بۆ ئەو جۆرە وتاربێژانە دابنێن بەڵام ئەگەر ئەوانیش ئەو ئەرکەی خۆیان فەرامۆش کردبێت ئەوا جەماوەری موسڵمان و گوێگر دەتوانێت بایکۆتی ئەو جۆرە وتاربێژانە بکات . بۆ ئەوەی ڕوونتر ئەو جۆرە مەلاو مامۆستایانە بناسینەوە کە بەو جۆرەن تەنها دیقەتی ئەوە بدەن: (هەر وتاربێژێک لە وتارەکانی دا زۆر وشەی (من) و (ئێمە) و هاوماناکانی بەکار هێنا بزانن ئەوە خەڵک بۆلای خۆی بانگ دەکات نەک بۆلای خوا) . لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو مامۆستایانی ئاینی و وتاربێژان کە زۆرینەیان کەسانی قورس و سەنگین و بەڕێزن و خۆم بە قوتابی و برا بچووکیان دەزانم . مەلا یاسین وەرتی. هـ بالیسانی |