فیتنەی (هەجر) دەنگ دابڕین و سەلام نەکردن لە موسڵمان فیتنەیەكی نوێی سەلەفیەت

فیتنەی (هەجر) دەنگ دابڕین سەلام نەکردن لە موسڵمان فیتنەیەكی نوێی سەلەفیەت

-  فیتنەی(هەجر)ئەو فیتنەیەی توندڕەوەکانی ناو ڕەوتی سەلەفیەتی ئێستا بەگوێی گەنجە سادەو نەخوێندەوارەکانی دا دەدەن.- ڕووداوەکەی کەعبی کوڕی مالک .

- هەجر: واتە دەنگ دابڕین و سەلام نەکردن و ڕوو وەرگێڕان

ئەو هەجرە لە چەندین فەرموودەی صحیحی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دا نەهی لێکراوە و بەخراپ دانراوە .

لە حەدیسی صحیح دا هاتووە مافی موسلمان لەسەر موسڵمان ئەوەیە سەلامی لێ بكەی و پشتی تێ نەکەی، ئەگەر شتێکیش کەوتە نێوان دوو موسڵمان دروست نیە لە سێ ڕۆژ زیاتر دەنگی لێ ڕابگری (لا یحل لمسلم ان یهجر اخاه فوق ثلاث(.

هەروەها پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرموێ:(مَنْ هَجَرَ أخَاهُ سَنَەً فَهُو كَسَفْكِ دَمِهِ).رواه أَبُو داود بإسناد صحیح .

واتە:هەر کەس ماوەی ساڵێک هەجری براکەی بکات وەک ئەوە وایە خوێنی ڕشتبێت .

کەچی بانگەوازکاران و شێخەکانی سەلەفیەت ئەو هەجرە قەبیحەیان لەهەندێک خەڵک کردۆتە دین و وایان تێگەیاندوون پاداشتی قیامەتی لەسەر وەردەگرن، هەر کەس موخالیفیان بوو مۆری بیدعەچی (مبتدع) ی لێ دەدەن دەڵێن ئەوە دەبێ هەجر بکرێت، ئەوەی سەلامی لێ بکات ئەهلی سوننەت نیە ئەویش دەبێ هەجر بکرێت چونکە سەلەفی ڕاست نیە!.

هەندێک گەنجی بەستەزمان و خۆشباوەڕیان فریوداوە بەوەی گوایە ئەوە ڕێبازی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و سەلەفی صالحە!!

بەڵگە بەوە دێننەوە کەوا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەجری کەعبی کوڕی مالیکی کردووە بۆ ماوەی پەنجا رۆژ .

دەمەوێ لێرەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە بۆ موسڵمانانی بەڕێز کە ئەوەی ئێستا دەکرێ بەناوی هەجری مبتدع بیدعەیەکی زۆر قەبیح و فیتنەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر برایەتی موسڵمانان و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگای موسڵمانە بەگشتی .

ئەوە ڕووداوەی کەعبیش کە لە کتێبەکانی سیرەدا باس کراوە سزایەکی تایبەت بووە لەلایەن پێغەمبەرەوە بۆ ئەو سێ کەسە و هیچ پەیوەندی بەو جۆرە هەجرەوە نیە کە ئێستا لەلایەن بەشێک بانگخوازو شێخە توندڕەوەکانی سەلەفیەتەوە دەکرێت و (قیاس مع الفارق)ە یان وەک کوردەواری دەڵێن: قیاسی کەشکێیە لە سەر مەشکێ!!چونکە:

یەکەم/ کەعب و دوو هاوەڵەکەی بیدعەیان دانەهێنابوو، واتە بیدعەچی نەبوون بەڵکو بێ ئەمری فەرمانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم یان کرد بوو، کە نەچوو بوون بۆ جیهاد لەگەڵی، جا ئەگەر ئەو دەنگ دابڕینەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بکرێتە بەڵگە بۆ دروستی هەجر ئەوا دەبێت وەکو خۆی پەیڕەو بکرێت و هەر کەس لەهەر شتێک دا موخالەفەی فەرمانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ی کرد هەجر بکرێت نەک تایبەت بکرێت بە بیدعەوە، ئەو کاتیش کەس دەرناچێت لەو سەرزەویەدا بە مەشایخی سەلەفیەتیشەوە (الا مارحم ربک).

دووەم/ ئەوانەی ئێستا دەڵێن دەبێ موبتەدیع هەجر بکرێت بۆ ئەوەی واز بێنێ و تەوبە بکات، بەڵام هەجری پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لەگەل ئەو سێ کەسە بە پێچەوانەوە بوو، دوای ئەوە بوو کە تەوبەیان کردبوو، ڕاستیەکەیان گووتوو پەشیمانی خۆیان دەربڕیبوو، جا بزانە ئەو دوو هەجرە چۆن دەگەنەوە یەک !!

سێیەم/ هەجرەکەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆماوەی پەنجا ڕۆژ بوو، تا ئەو کاتەی ئایەتی قورئان دابەزی و فەرمووی تەوبەیان لێ وەرگیراوە، کەواتە دەبێ هەجری ئێوەش لە (٥٠) ڕۆژ کەمترو زیاتر نەبێت!! و ئایەتیش داببەزێت کە هەجرەکە کۆتایی پێ بێنن !!

چوارەم/ پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرمانی کرد هەموو موسڵمانان هەجری ئەو سێ کەسە بکەن و دەیزانی کەس لەفەرمانی دەرناچێت تەنانەت خێزانەکانیشیان بەجێیان هێشتن، ئایا هەجرەکەی ئەوانەی ئێستاش وایە؟ ئەوانە خاوەن بڕیارن و دەتوان وابکەن هەموو موسڵمانان یان زۆرینەیان هەجری ئەوانە بکەن کە دەیانەوێ؟ یان بە پێچەوانەوە ئەوان ژمارەیەکی کەمن و هەجری ژمارەیەکی زۆر لەخۆیان زیاتر دەکەن؟ ئایا ئامانجی هەجرەکە دێتەدی و کەسە هەجرکراوەکە حەصر دەکرێت هەتا زەوی بۆ دەبێتە زیندان (حَتَّى إِذَا ضَاقَتْ عَلَيْهِمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ)  یان بە پێچەوانەوە ئەو برا بەڕێزانە خۆیان حەصر کردووە لەو بازنە بچووکەی خۆیاندا ؟!!

ئەوانەو چەندان جیاوازی تر لەنێوان ڕووداوکەی کەعب و هەجری ئەم سەردەمەدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک دروست نیە ئەو ڕووداوە بکرێتە بەڵگەی شەرعیەتی ئەو فیتنەیەی توندڕەوەکانی ناو ڕەوتی سەلەفیەتی ئێستا بەگوێ ی گەنجە سادەو نەخوێندەوارەکانی دا دەدەن.

هیوادارم بە چاوو گوێی کراوە بەدوای حەق بکەوین نەک بەقسەی ئەوانەی شەخصی خۆیان لێ بۆتە حەق.

 

هــ بالیسانی