بۆچی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر [درودی خوای لێ بێت] دەکەینەوە؟

شتێکی ئاشکرایە یادی لە دایک بوونی پێغەمبەر [درودی خوای لێبێ] لە زۆربەی شارو شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستاندا زیندوو دەکرێتەوە و موسلمانان بە شەوق و زەوقێکی بێ وێنەوە بەشداری کۆرو ئاهەنگی مەولود خوێندنەوە دەکەن، بەڵام ئایا تا چەند توانراوە ئەو ئاهەنگ و مەولود خوێندنەوانە بۆ قازانجی ئیسلام و بووژاندنەوەی ریبازو سوننەتەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لی بێ) سودیان لێ وەربگیرێت ؟ ئەوەیان جێی لە سەر وەستانە .

هەروەک رۆژانی هەینی مزگەوتەکانمان پڕن لەخەڵک و جێگا نابێتەوە، بەلام لە هەڵس و کەوتی رۆژانەدا، لە مامەڵەو بازرگانیدا، لە ڕەفتار لەگەڵ دەوروبەردا، هەر هەمان ئەو خەڵکە زۆربەیان پەیڕەوی ڕەوشت و ئاکارە جوانەکانی پێغەمبەر ناکەن و زوڵم و ستەم لە یەک دەکەن، بەزەییان بە یەکتر دا نایەتەوە، ماڵی حەرام دەخۆن و بێ ویژدانن لە مامەڵەو بازرگانیدا، بە هەمان شێوە زۆر لەو موسڵمانە بەڕێزانەی مەولود دەکەن یان بەشداری تێدا دەکەن، بە داخەوە هیچ لە سیرەو ژیانی پێغەمبەر نازانن‌و بەلاشیانەوە گرنگ نیە بیزانن، تەنانەت مەولود خوێنەکانیش ئەوانەی وەکو پیشە ئەو کارە دەکەن جگە لە چەند شیعرو مەدح و پێدا هەڵدانێک کە هەموو جار دووبارە دەکرێنەوە لە گەڵ هەندێک ڕووداوو موعجیزات شتێکی زیاتر نازانن یا نایڵێن، لە گەڵ رێزم بۆیان، بێگومان ئەوەش مانای وانیە بڵێین با ئەو یادە نەکرێتەوە یاخود ئەو خەڵکە واز لە مەولود خوێندنەوە بێنن، نەخێر بە پێچەوانەوە دەبێ گرنگی زیاتری پێ بدرێ بەڵام گۆرانکاری و تازەگەری تێدا پەیڕەو بکرێ، لە هەمان کاتدا ببێتە هۆکارێک بۆ زیندوو کردنەوەی ڕێبازی ئەو خۆشەویستە لە هەموو بوارەکانی ژیانماندا، پێویستە رەفتاری ڕۆژانەمان لە ماڵەوەو لەگەڵ دەوروبەرو لە ناو بازاڕو لە گەڵ دۆست و دوژمن و چاک و خراپ بەو جۆرە بێ کە پیغەمبەری خوا لە رێی فەرموودەکانی‌و لە ژیاننامە پڕ سەروەریەکەیدا بۆی بەجێ هێشتووین .

لە لایەکی ترەوە مەرج نیە دەربڕینی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر تەنها هەر بە شیرینی دابەش کردن و مەولود خوێندنەوە بێ، لە گەڵ خوێندنەوەی مەولوددا زۆر کاری خێری دیکە هەن دەکرێ موسڵمانان ئەنجامی بدەن بەتایبەت ئەوانەی خوا پێیداون، یەک لەو کارە باش‌و بە سوودانە ئەوەیە چەن نوسخەیەک لە کتێبەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر درودی خوای لێبێ بکڕن و بە هەدیە پێشکەشی قوتابی و خوێندەوارانی بکەن‌و بڵاوی بکەنەوە، با لەجیاتی ئەوەی رۆمانی بێ بنەما بخوێننەوە، بە ژیاننامەی پڕ نورو بەرەکەتی پێغەمبەرو یارانی و کەڵە پیاوانی مێژووی ئیسلام گۆش بکرێن، ئەو کات هەم رۆڵەکانمان سودی لێ وەردەگرن و بەپەروەردەیەکی راست‌و دروست پەروەردە دەبن هەم خاوەنی پارەکەش سەدەقەی بەردەوام [جاریە]ی دەست دەکەوێ، چونکە زانستێکی شەرعی و بەسودی بڵاو کردۆتەوە و خزمەتی پێغەمبەری خۆشەویستی کردووە 

بە ڕاستی زۆر نەنگی‌و حەیفە ماڵەکانمان لانی کەم دانەیەک لە ژیانی پێغەمبەری خوای تێدا نەبێ ، لە کاتێکدا ئەو رێبەرو ڕێنیشاندەری دنیاو دواڕۆژمانەو کردارەکانی بۆئێمە دەبنە مایەی سەرمەشقی، ئەگەر ئێمەی موسڵمان نەوەیەکی گۆشکراو بە رێبازی پێغەمبەرمان پەروەردە کرد بەهەموو مانایەکانیەوە ئەو کاتە باشترین وەڵام‌و بەر پەرچدانەوەمان ئاراستەی دوژمنانی ئیسلام‌و پەیامەکەیی‌و ئەوانەی سوکایەتی بە خۆشەویستمان محمد دەکەن(درودی خوای لێبێ)کردووە .

 

هـ بالیسانی.