به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنی پرسه‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ لقی زانایان و ئه‌وقافی گه‌رمیاندا كۆده‌بێته‌وه‌


دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین – گه‌رمیان :
ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ به‌رواری 8/5/2011 به‌ڕێز صلاح الدین محمد فرج سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌ دیوانی ئیداره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی گه‌رمیان به‌مه‌به‌ستی تاووتوێ‌ كردنی ڕه‌وشی به‌ڕێوه‌چونی پرسه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.

سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌به‌شێك له‌ چین و توێژه‌كانی سنوری گه‌رمیان تێبینی یان له‌سه‌ر كاتی پرسه‌ هه‌یه‌ له‌ سنوره‌كه‌ و، داواكارن ده‌می به‌یانیانش ده‌رگای هۆڵی پرسه‌كان واڵا بكرێت بۆ خاوه‌ن پرسه‌كان، لای خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و لێپرسراوی لقی گه‌رمیان و ڕێبوار مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی گه‌رمیان پێیان ڕاگه‌یاندن: كه‌ ئه‌وه‌ فه‌رمانێكی گشتی و سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر داواكاری و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌ركراوه‌و ناتوانرێت گه‌رمیان له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان جیابكرێته‌وه‌ .

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری به‌سایتی زانایانی ڕاگه‌یاند " كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ تاوتوێ‌ كردنی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی پرسه‌و كاتی پرسه‌ بوو له‌ سنوری گه‌رمیاندا، كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ هاوڵاتیان داوایان كردبوو به‌یانیانیش پرسه‌ له‌ هۆڵه‌كاندا بگێڕرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانه‌كه‌ گشتگیره‌ ئێمه‌ ناتوانین خۆمان له‌ كوردستان جودا بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڵێنمان به‌ئیداره‌ی گه‌رمیان دا كه‌ له‌ ڕێگه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان و كۆڕوكۆبونه‌وه‌ گشتی یه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هۆشیاری بده‌ینه‌ هاوڵاتیان، كه‌ ئه‌ركی خاوه‌ن پرسه‌ زیاد نه‌كه‌ن و، ده‌می به‌یانیان سه‌ردانی ماڵی خاوه‌ن پرسه‌ نه‌كه‌ن بۆسه‌ره‌خۆشی كردن و، ناچاری بكه‌ن چادر هه‌ڵ بدات ،به‌و هیوایه‌ی بتوانین ڕۆشنبیری یه‌كی گشتی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو بكه‌ینه‌وه‌ ".

شایانی باسه‌ شاندی لقی گه‌رمیان پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری لێپرسراوی لق و به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا محمد مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین و مامۆستا مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یی كارگێڕانی لق و، چه‌ند پێشنوێژو وتارخوێنێك .
جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه‌ پار ساڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی زانایان بڕیارێكیان ده‌ركرد كه‌ پرسه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نها ده‌می ئێواران به‌ڕێوه‌ بچێت .