له‌ سنووری پارێزگای (سلێمانی) دا یه‌ك مزگه‌وت نییه‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو بێت؟! ...

ئاماده‌کردنی: حیكمه‌ت مه‌عروف
hmks7@yahoo.com

له‌وه‌ته‌ی ئایینی ئیسلام هاتۆته‌ كوردستان و كورد بۆته‌ په‌یڕه‌وی ئه‌م ئایینه‌، مزگه‌وت بۆته‌ یه‌كێك له‌ ئایتمه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی شار و لادێكانمان، به‌ شێوه‌یه‌ك گوندێكی ئه‌م كوردستانه‌ نییه‌ به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ مزگه‌وتێكی تێدا نه‌بێت. به‌هۆی پێگه‌ی مزگه‌وت له‌ نێو كورد دا، زۆرجار جگه‌ له‌وه‌ی شوێنێك بووه‌ بۆ خواپه‌رستی، زۆر فه‌رمانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی پێ سپێردراوه‌، مزگه‌وت له‌ شار و گونده‌كانی ئێمه‌دا هێنده‌ چۆته‌ نێومانه‌وه‌، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌موومان جارێك یان چه‌ند جارێك رێمان تێیده‌كه‌وێت. مزگه‌وت جگه‌ له‌ شوێنێك بۆ په‌رستن، شوێنێكیشه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پرسه‌، و هه‌موومان به‌ جیاوازی بیروڕامانه‌وه‌ له‌ كاتی پرسه‌دا سه‌ردانی ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت له‌و پڕۆسه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان پته‌و بكه‌ینه‌وه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تریش خۆمان وه‌ك خاوه‌ن مردوو، له‌و شوێنه‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌سوكار و هاوڕێكانمان بێنه‌ سه‌ردانی پرسه‌كه‌مان و دڵنه‌واییه‌كمان بده‌نه‌وه‌.

مزگه‌وت له‌ نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی شاردا ئایتمێكه‌ دیار و گشتی، نه‌ك ئه‌وه‌، مزگه‌وت بۆته‌ (نوقته‌ی داله‌) بۆ ناسینه‌وه‌ی شوێنه‌كانی تر، به‌ نموونه‌ پرسیاری شوێنێك بكه‌، له‌ وه‌ڵامدا پێت ده‌ڵێن نزیك مزگه‌وتی ....؟! به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی ....؟! كه‌وابوو مزگه‌وت له‌ هه‌ر شوێنێكی تری ئه‌م وڵاته‌ گشتی تره‌ و نابێت كه‌سانێك هه‌بێت نه‌توانن به‌وپه‌ڕی ئاسانی سه‌ردانی بكه‌ن.

له‌و روانگه‌یه‌وه‌ و بۆ زانینی ئاستی گونجاوی مزگه‌وته‌كانی ناوشاری سلێمانی، گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافی سلێمانی كرد.

بینای به‌ڕێوه‌به‌رێتی و كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف:

به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌ بینا هه‌ر نه‌گونجاو و خراپه‌كان بۆ كه‌مئه‌ندامان بینای به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافه‌! له‌ بری ده‌سته‌یه‌ك پلیكانه‌ دوو ده‌سته‌ی هه‌یه‌، بێ ویژدانیم نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێم یه‌كێكه‌ له‌ بینا هه‌ر خراپه‌كان بۆ هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا به‌شێكی زۆر له‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نابینا و جۆره‌كانی تری كه‌مئه‌ندامیان هه‌یه‌؟! سه‌ره‌تا ئه‌ندامانی گروپ، سه‌ردانی به‌شی هونه‌ری ئه‌وقافیان كرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وشیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ری دیداریان كرد، و گفتوگۆیه‌كی زۆر و تا راده‌یه‌ك گرژیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزی كرد. زۆر به‌ داخه‌وه‌ بووین، كه‌ به‌ڕێزی وتی: هیچ مزگه‌وتێكی ئه‌مشاره‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو نییه‌!! ئێمه‌ش وتمان: بۆ؟ كێ له‌مه‌ به‌رپرسیاره‌؟!

به‌دڵنیایی به‌شی هونه‌ری ئه‌وقاف، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌پروڤی دیزاینی مزگه‌وته‌كان ده‌كات، یان سه‌رپه‌رشتی دروستكردن یان نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان ده‌كات، به‌شی هونه‌رییه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كجاریش ئه‌م به‌شه‌ بیریان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ له‌مشاره‌دا ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ كه‌مئه‌ندام هه‌یه‌ و وه‌ك هه‌ر تاكێكی تری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ پێویستیان به‌ مزگه‌وته‌، ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجاریش بێت له‌ هه‌موو ژیانیاندا پێویست ده‌كات سه‌ردانی بكه‌ن؟! ئه‌ندامانی گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، به‌بێ دوودڵی خه‌تای نه‌گونجاوی هه‌موو مزگه‌وته‌كانیان خسته‌ ئه‌ستۆی به‌شی هونه‌ری و به‌ تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ری به‌ڕێز وشیار ئه‌حمه‌د! چونكه‌ نه‌ك هه‌ر مزگه‌وته‌كان، به‌ڵكو بیناكه‌ی خۆشیان بۆ كه‌مئه‌ندامان نه‌گونجاوه‌ و تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نها رامپێك دروست بكه‌ن، كه‌وابوو، هه‌قی خۆمانه‌ بپرسین: ئه‌ی ئیشی به‌شی هونه‌ری چییه‌؟!

به‌شێك، ئه‌ركی ئه‌پروڤكردنی دیزاینی مزگه‌ته‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان بێت، چۆن ده‌بێت هێنده‌ بێئاگا بێت له‌وه‌ی بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ ژماره‌ (13609) ده‌رچووه‌ و داوا ده‌كات هه‌موو فه‌رمانگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو بكرێت؟! له‌ به‌شی هونه‌ری خه‌تابارتر، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌، كه‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ئاماده‌ ده‌بێت، كه‌چی له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ یه‌ك دانه‌ رێنمایش نییه‌ بۆ چۆنێتی گونجاندنی مزگه‌وته‌كان به‌ پێی بڕیاری (13609) بۆ كه‌مئه‌ندامان؟! ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تیش ئه‌سڵه‌ن كۆپی بڕیاره‌كه‌ی له‌ لا بێت؟! لێره‌وه‌ بۆ گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان ده‌ركه‌وت، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف تا چه‌ند توێژی كه‌مئه‌ندامانی په‌راوێز خستوه‌ و ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كردۆته‌وه‌، كه‌مئه‌ندامه‌ موسڵمانه‌كانه‌!؟ ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كردۆته‌وه‌ به‌ گشتیكردنی مزگه‌وته‌!؟ كه‌واته‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ته‌نها ئیشی دروستكردن و رێكخستنی كاروباری مزگه‌وته‌كانه‌ بۆ مرۆڤه‌ ناكه‌مئه‌ندامه‌كان؟! هه‌قی خۆیه‌تی من وه‌ك ئه‌ندامێكی گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان داوا له‌ به‌ڕێز وه‌زیری ئه‌وقاف و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافی سلێمانی بكه‌م به‌ فتوایه‌ك ئه‌ركی فه‌رزی نوێژی هه‌ینی و سوونه‌تی موئه‌ده‌كه‌ی نوێژی جه‌ماعه‌ت و ته‌راویح و ... هتد بۆ كه‌مئه‌ندامان نه‌هێڵن و ئیعفایان بكه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ ئایینیانه‌؟!


هه‌روه‌ها من وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك، روو ده‌كه‌مه‌ به‌ڕێز مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی و وه‌ك دوو هاوپیشه‌ پێیده‌ڵێم: له‌ رێگه‌ی نووسین و رێپۆرتاژه‌كانته‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی سعودی و له‌نده‌ن و به‌شێكی تر له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ پێمده‌زانی كه‌ به‌ڕێزتان سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌تان كردووه‌، من چه‌ند پرسیارێك له‌ به‌ڕێز كاك مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی ده‌كه‌م، له‌و سه‌فه‌رانه‌یدا بۆ سعودیه‌ چه‌ند مزگه‌وتی بینی بۆ كه‌مئه‌ندامان نه‌گونجاو بوون؟ له‌ ئه‌وروپا و له‌نده‌ن چه‌ند كه‌نیسه‌ی بینی كه‌مئه‌ندامان نه‌توانن به‌ ئاسانی بچنه‌ شوێنه‌ سه‌ركییه‌كانییه‌وه‌؟! من سێ ساڵ له‌ ئه‌ڵمانیا ژیام و چه‌ندین كه‌نیسه‌م بینیوه‌، یه‌ك شوێنی په‌رستنم نه‌بینی بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو نه‌بن! نه‌ك ئه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌رێكی كورتمدا بۆ شاری (پاساو) كه‌نیسه‌یه‌كم بینی 200 دووسه‌د ساڵ ته‌مه‌نی بوو، به‌ڵام بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو ئاسان بوو، كه‌چی له‌ سلێمانی و كوردستان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌ ساڵی 2010 دا سه‌رپه‌رشتی دروستكردنی مزگه‌وت یان نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌مترین گرنگی به‌ هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان بده‌ن، مزگه‌وت هه‌یه‌ (15) ته‌والێتی هه‌یه‌، كه‌چی پێیان حه‌رام و گوناه و زیاده‌ مه‌سره‌فی بووه‌، یه‌ك دانه‌ ته‌والێت تایبه‌ت بكه‌ن به‌ كه‌مئه‌ندامان؟! پێیان زیاده‌ مه‌سره‌فی بووه‌ رامپێك بۆ كه‌مئه‌ندامان دروست بكه‌ن، پێیان عه‌جایب بووه‌، كه‌مئه‌ندامێك له‌ خه‌می په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیدا بێت و بچێته‌ پرسه‌ی یه‌كێك له‌ خۆشه‌ویسته‌كانی و وه‌ك هه‌ر تاكێكی تر په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی بدات و نه‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌.

بۆ زانیاری خوێنه‌ران و كه‌مئه‌ندامان، له‌ هیچ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی شاردا، ته‌والێتی تایبه‌ت به‌ كه‌مئه‌ندامان نییه‌؟! هیچ شوێنێكی تایبه‌ت و گونجێنراو بۆ ده‌ستوێژگرتنی كه‌مئه‌ندامان نییه‌؟! هیچ ته‌عزێخانه‌ (پرسه‌خانه‌یه‌ك)ی مزگه‌وته‌كانی ئه‌مشاره‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو نییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن به‌ ئاسانی و به‌ بێ هاوكاری كه‌سانی تر بچنه‌ ناویان؟! به‌ واتایه‌كی تر، كه‌مئه‌ندامان به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافه‌وه‌ مزگه‌تیان لێ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌؟! كاتێك ئه‌ندامانی گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، به‌ به‌ڕێز كاك (وشیار ئه‌حمه‌د) یان وت: ئێوه‌ ناهێڵین كه‌مئه‌ندامان بچنه‌ناو مزگه‌ته‌كانه‌وه‌، و رێگرییان لێ ده‌كه‌ن؟! كه‌مێك تووڕه‌ بوو، وتی: وا نییه‌، خه‌تای ئێمه‌ نییه‌، خه‌تای وه‌زاره‌ته‌، با بودجه‌ دیاری بكه‌ن و ئێمه‌ش جێبه‌جێیان بكه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌مساڵ ته‌نیا(70) ملیۆن دینارمان بۆ دیاریكراوه‌؟! زیاتر له‌ 200 مزگه‌وتمان له‌ سنووری سلێمانیدا هه‌یه‌، به‌و پاره‌ كه‌مه‌ ئێمه‌ ده‌توانین چی بكه‌ین؟! گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، بۆ ئه‌و به‌ڕێزه‌یان روونكرده‌وه‌ كه‌ مزگه‌وت ده‌بێت گونجاو بێت بۆ هه‌مووان، ناكرێت لێره‌ به‌دوواوه‌ مزگه‌وتێك دروست بكرێت، یان نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێوشوێنی ته‌واو و ئاسان بۆ ناو مزگه‌وته‌كه‌ و ناو شوێنی نوێژكردن و ناو ته‌عزێخانه‌ی تێدا نه‌بێت و ناكرێت مزگه‌وتێك هه‌بێت له‌مشاره‌دا ته‌واڵێتی كه‌مئه‌ندامانی تێدا نه‌بێت؟!

به‌شی پڕۆه‌ و وه‌به‌رهێنانی ئه‌وقاف:

به‌شی پڕۆژه‌ و وه‌به‌رهێنان، راسته‌وخۆ چێكی دیزاین و ده‌رخسته‌ی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دروست ده‌كرێن، یان نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام دیسان كارمه‌ندانی ئه‌م به‌شه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداری پێویستی و تایبه‌تمه‌ندی كه‌مئه‌ندامان نین، نه‌ك ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ناو ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌ دیزاینی مزگه‌وتێكدا هه‌بێت، پاشان دروست بكرێت، ئه‌و خاڵه‌ی تێدا نییه‌ كه‌ جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌كه‌ پاپه‌ند بكات ته‌واڵێتی تایبه‌تی كه‌مئه‌ندامان و شوێنی ده‌ستوێژی كه‌مئه‌ندامان و رێوشوێنی هاتوچۆیه‌كی ئاسان بۆ ناو مزگه‌وت و ناو شوێنی نوێژكردن و هۆڵی ته‌عزیخانه‌ دروست بكات؟! ئه‌ندامانی گروپ، ئه‌وه‌یان دۆزییه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كه‌ لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، بۆیه‌ به‌ نووسراوێكی تایبه‌تی داوایان له‌و به‌شه‌ كرد كه‌:

1) رێوشوێنی هاتوچۆی ئاسان بۆ كه‌مئه‌ندامان، له‌ بینای به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافی سلێمانیدا دروست بكه‌ن.
2) ده‌بێت یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ دیاریده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكارانی دروستكردنی مزگه‌وت و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان، ئه‌وه‌ بێت كه‌ به‌ ته‌واوی رێوشوێنی تایبه‌تی بۆ كه‌مئه‌ندامان دروست بكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌مئه‌ندامان بتوانن بچنه‌ هه‌موو شوێنه‌كانی وه‌ك (شوێنی ده‌ستنوێژ و شوێنی نوێژكردن و ته‌عزێخانه‌) جگه‌ له‌وه‌ ده‌بێت به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌موو مزگه‌وتێكدا ته‌والێتێكی تایبه‌ت و گونجاو بۆ كه‌مئه‌ندامان دروست بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی ستاندارد.

كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف:

یه‌كێك له‌ كتێبخانه‌ هه‌ر گرنگ و كاریگه‌ره‌كانی ناوشاری سلێمانی، كتێبخانه‌ی ئه‌وقافه‌، كه‌ ئێستا به‌ زۆر ترنجاندویانه‌ته‌ نێو شوێنێكی بچووك و به‌ قسه‌ی به‌ڕێز جه‌میل محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف، له‌به‌ر نه‌گونجاوی شوێنی كتێبخانه‌كه‌ چه‌ندین كتێب و بگره‌ ده‌ستنووسی گرنگیان له‌ شوێنی نه‌شیاو داناوه‌؟! به‌سه‌ر هه‌موو خراپییه‌كانی شوێنی كتێبخانه‌ی ئه‌وقافه‌وه‌، رێوشوێنێكی هاتوچۆی یه‌كجار خراپی هه‌یه‌ و هه‌ر به‌ قسه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ تا ئێستا چه‌ند كارمه‌ندێكیان له‌ زستاندا كه‌وتوون و ئازاریان پێگه‌یشتووه‌؟! ئه‌گه‌ر رێوشوێنێك بۆ ناكه‌مئه‌ندامه‌كان نه‌گونجاو بێت، ده‌بێت بۆ كه‌مئه‌ندامان چۆن بێت؟َ ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو كتێبخانه‌یه‌ك هه‌بێت، رێوشوێنێكی گونجاوه‌ بۆ هه‌مووان به‌ كه‌مئه‌ندامانیشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆ ناوی كتێبخانه‌یه‌ و بۆ گشتییه‌؟! كتێبخانه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك ئه‌وقاف بۆ كه‌مئه‌ندامان و به‌شێكی تری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نه‌گونجاو بێت، بۆ ناوتان لێناوه‌ كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف و ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه‌ و ده‌ستنووسه‌ گرنگانه‌تان تێترنجاندووه‌؟! مادام ناوی كتێبخانه‌یه‌ و ناشازی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ رووی زۆری سه‌رچاوه‌ و ده‌ستنووسه‌كانییه‌وه‌، ده‌بێت هه‌مووان به‌بێ هیچ رێگرییه‌ك بتوانن سه‌ردانی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر وا نییه‌ ده‌بێت ناوی گشتی لێبسه‌ننه‌وه‌ و ناوی بنێن كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف بۆ ناكه‌مئه‌ندامه‌كان و قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن كه‌مئه‌ندامان سه‌ردانی بكه‌ن؟!

به‌ڕێز كه‌ریم فتاح، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سلێمانی، پشتگیری له‌ داواكانی گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان كرد، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ده‌ستیان كورته‌ و ناتوانن به‌ ئاسانی داواكانی ئێمه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، چونكه‌ ئاسانكردنی مزگه‌وته‌كان و كتێبخانه‌ی ئه‌وقاف، پێویستی به‌ بودجه‌یه‌ و ئه‌وانیش نیانه‌ و ده‌بێت داوا له‌ وه‌زراره‌ت بكه‌ن بودجه‌یان بۆ دیاری بكه‌ن؟!

هه‌تا به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانمان له‌ سه‌رفكردنی پاره‌دا هێنده‌ بێ ده‌سه‌ڵات و ده‌ست كورت بن، ده‌بێ هه‌ر بڵێن ئه‌و نانه‌ به‌و رۆنه‌؟! به‌ڵام گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، هه‌رگیز ده‌ست له‌و مافه‌ هه‌ڵناگرێت، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ رێگه‌ی نووسراو و سه‌ردانیكردن و قه‌ناعه‌ت پێكردنیانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و مافه‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان دابین بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقاف، ئه‌و مافه‌ زۆر ره‌وایه‌ی كه‌مئه‌ندامان به‌دینه‌هێنن و سه‌رجه‌م مزگه‌وت و ته‌عزێخانه‌ و كتێبخانه‌كانی ئه‌وقاف بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو نه‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ كورتترین ماوه‌دا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌وقافی سلێمانی تۆمار ده‌كه‌ن و به‌ یاسا و له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ ئه‌و مافه‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان دابین ده‌كه‌ن، چونكه‌ ناكرێت ئه‌م هه‌موو مزگه‌وت و ته‌عزێخانه‌ و كتێبخانانه‌ له‌ كه‌مئه‌ندامان قه‌ده‌غه‌ بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، به‌ نووسراوێك ته‌نها یه‌ك مانگی داوه‌ به‌ ئه‌وقافی سلێمانی كه‌ رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان له‌ بیناكه‌ی خۆیان و كتێبخانه‌ی ئه‌وقافدا دروست بكه‌ن، ده‌بێت به‌ رێنماییه‌ك هه‌موو ئه‌ندازیارانی ئه‌وقاف ئاگادار بكرێنه‌وه‌ كه‌ هیچ مزگه‌وتێك دروست ناكرێت یان نۆژه‌ن ناكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌والێتی تایبه‌ت و شوێنی ده‌ستوێژ و نوێژكردن و ته‌عزێخانه‌كان به‌ ته‌واوی بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاو و ئاسان نه‌بن.
***