بۆچی تا ئێستاش ئیسرائیل ده‌ستووری نییه‌‌؟

بۆچی تا ئێستاش ئیسرائیل ده‌ستووری نییه‌‌؟

جه‌عفه‌ر گوانی

له‌ مێژه‌ زانینی هۆکاره‌کانی به‌هێزی ئیسرائیل له‌ مێشکم ده‌خولێنه‌وه‌، زۆربه‌مان پێمان وابوو هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ بێ سنووره‌ی ئه‌مه‌ریکاو رۆژئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هۆکاری ته‌واو نییه‌، چونکه‌ که‌ به‌خۆت نه‌بیت، ته‌نها به‌ هاوکاری ده‌ره‌وه‌ فه‌شه‌ل ده‌هێنی، ئه‌وه‌ نییه‌ حکومه‌تی عێراقی ئه‌و پشتیوانییه‌ زۆره‌شی لێده‌کرێت که‌چی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دارێکه‌و کرمی له ‌خۆیه‌‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ داڕمانی زیاتر دایه‌.

له‌و رۆژانه‌ له‌ کۆنفرانسێکی کۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌کانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین گوێمان له‌وه‌ بوو، که‌ ئیسرائیل له‌ ساڵی 1948ه‌وه‌ تاکو ئێشتاشی له‌گه‌ڵدا بێت بێ ده‌ستووره‌، دوای ئه‌وه‌ به‌دواداچوونێکی وردمان بۆ هۆکاره‌کانی کرد، له‌وێ به‌ روونی هۆکاره‌کانی دیاری کراون، پوخته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان ده‌ستوورێکیان ناوێت یه‌کریزی و نێوه‌خۆیان لێ تێك بدات، به‌ کورتی له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ بێ ده‌ستوورن:

یه‌که‌م: ئیسرائیل هێشتا خاک و گه‌له‌که‌ی ته‌واو نه‌بوونه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ رۆڵه‌کانی جوله‌که‌ نوێیه‌ ئاواره‌و په‌ڕاگه‌نده‌کان به‌ ده‌ستوورێك نه‌به‌سترێنه‌وه‌ که‌ به‌شداری دانانیان نه‌کردووه‌.

دووه‌م: رێگیریکردنی پیاوانی ئاینی جوله‌که‌و پرت و هێزه‌ ئاینیه‌کان، به‌ پاسوی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێکی یه‌هوودیه‌و، شوێن رێنماییه‌کانی ئاسمان و سرووته‌کانی جوله‌که‌ ده‌که‌وێت، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێکی ره‌سه‌نی وه‌کو به‌ریتانیا، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ بوونی ده‌ستوورێکی نووسراو ده‌وڵه‌ته‌که‌ بکاته‌ عه‌لمانی، به‌مه‌ش له‌ هه‌ندێك تێڕوانیندا دژ بێت له‌گه‌ڵ بناماکانی یه‌هوودی.

سێیه‌م: بوونی ده‌ستوورێکی عه‌لمانی ده‌بێته‌ مایه‌ی درووستبوونی ناکۆکی نه‌رێنی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی دابه‌شکردنی ئوممه‌ت بۆ دوو پارچه‌، پارچه‌یه‌کی دینی و ئه‌وه‌ی تریش عه‌لمانی.

چوواره‌م: نه‌بوونی ده‌ستوورێکی عه‌لمانی نووسراو ئازادی زیاتر ده‌داته‌ حکومه‌ت و کنێست بۆ هه‌نگاونان له‌ به‌رامبه‌ری رووداوه‌ نوێیه‌کانی گۆره‌پانی سیاسی به‌بێ ئه‌وه‌ی هێچ کۆت و به‌ندێکی ده‌ستووری له‌سه‌ر چالاکیه‌کانیان هه‌بێت.

ئه‌گه‌ر هۆکاره‌کان بخوێنیته‌وه‌، جوان به‌هێزی ئیسرائیلت بۆ ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان پێیان وایه‌ هێشتا خاکیان ته‌واو نه‌بووه‌، هێشتا خه‌ڵکیشیان ماوه‌ بێته‌وه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌یان، بۆیه‌ نایانه‌وێت ململانێی سیاسی و دینی وڵاتیان دابه‌ش بکات، چونکه‌ ئازادکردنی خاک و هێنانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ بێ به‌شکراوه‌که‌ له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ داخۆ ده‌ستوور عه‌لمانی بێت یان دینی، یان ململانێی سیاسی وڵات به‌ره‌و دابه‌شبوون ببات، بۆیه‌ بێ ده‌ستووری باشتره‌ له‌ ده‌ستوورێك که‌ ته‌فره‌قه‌و ململانێ بێنێته‌وه‌.

 

له‌ قۆناغی ئێستای هه‌رێمی کوردستانیش، که‌ دنیایه‌ك کێشه‌و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی به‌رۆکی خه‌ڵکی گرتووه‌، هێشتا خاکو خه‌ڵکێکی زۆرمان له‌سه‌ر هه‌رێم نییه‌، بۆیه‌ پاراستنی یه‌كریزی و هێوورکردنه‌وه‌ی ناخی خه‌ڵک له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌یه‌ که‌ نازانین وڵات به‌ره‌و کوێ ده‌بات، له‌ حاڵی ئه‌وهادا بێ ده‌ستوور بین باشتره‌ له‌ ده‌ستوورێك وڵاتمان به‌ره‌و نائارامی ببات، چونکه‌ ده‌ستوور تاکه‌ شتێکه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ری کۆك بێت.