لە لێکۆڵینەوەیەکدا كە لە قورئاندا كراوە، دەركەوتووە قورئان داوای دەستورێکی مەدەنی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودی حزبی دەکات، هەموو ئەوانەش بە بەدواداوچونی ورد دەسەلمێنێت بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایەتەکانی قورئان . کتێبی (الدین و السلطة) د.محمد شەحرور، خوێندنەویەکی وردە بۆ پەیوەندی نێوان دین و دەسەڵات، لە مێژووی کۆن و نوێدا و بەوردی پەیوەندییەکە دیاری دەکات، خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆر گرنگە بۆ هەرکەسێک بیەوێت لە پەیوەندی نێوان دین و دەسەڵات تێبگات، بەتایبەت گرنگە بۆ ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم. د. محـمد، دەیسەلمێنێت کە دین تەنها پەیوەستە بە دەسەڵاتی زەمیری مرۆڤەوە، (لا اكره فی الدین) و بۆ هیچ حکومەت و حیزب و مەجلیسێکی فتوا نییە، زۆرکاری لە دیندا بکات و ببێتە پۆلیس و چاودێر و شوانی دینی خەڵک، یان بڕگەی دین بسەپێنێت بە سەر خەڵکدا، دەڵێت هەر حیزب و کەس و مەجلیسێکی فتوا و دەوڵەت و دەستورێک، کاری وا بکات، ئەوا دەستی وەرداوەتە وشەی خودا و وشەی خودای پێشێل کردووە، دەڵێت ئازادی وشەی خودایە لە سەر زەویدا، خودا لەسەر مومارەسەی ئازادانەی مرۆڤ لە دوا رۆژدا پاداشت و سزا دەدات. باس لەوە دەکات کە له قورئاندا نوسراوە، خودا پێویستی بهوه نییه بهشێک له بهندهکانی بکات به شوان و چاودێر و پۆلیسی دین بۆ بهشێکی تریان، بهڵگهشی ئهوهیه که له قورئاندا نوسراوە که خودا کهلیمهیهکی وتوه، که به (لولا كلمة سبقت من ربك) ناوی هاتووه، بههۆیهوه رێگهیداوە مرۆڤهکان ئازاد و خاوهن ههڵبژارده بن و جیاوازییهکان بوونیان ههبێت: (وَمَا كَانَ النَّاسُ إِلَّا أُمَّةً وَاحِدَةً فَاخْتَلَفُوا وَلَوْلَا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِنْ رَبِّكَ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ) (19) سورة يونس واتە ئهگهر ئهو کهلیمهیه نهبوایه که خودا پیشتر بڕیاری لێداوه (ولولا كلمة سبقت من ربك)، ئهوا خودا ڕێگای به جیاوازیهکانی نێوان مرۆڤهکان نهدهدا، واتە خودا خۆی بڕیاری لە ئازادی هەڵبژاردن داوە بۆ مرۆڤەکان، ئیتر بۆ هیچ مرۆڤێک نییە زەوتی بکات. بۆیە د. محمد دەلیت لە دەستوردا پێویستە بڕگەیەک هەبێت بە ناوی هیچ زۆر کارییەک لە دیندا نییە و مرۆڤەکان ئازادن لە دین و باوەڕی خۆیان. هەروەها دەلیت ئەو ئیدیعایەی هەندێک لە حیزبەکان بەرزی دەکەنەوە بۆ چەسپاندنی شەریعەت لە دەستوردا، ئەوە مزایەدەی دینە و دەیانەوێت بەو هۆیەوە ستەمکاری ئاینی و ئایدۆلۆجی بسەپێنن و خۆیان بکەنە فەرمانڕەوا بەسەر ملی خەلکەوە، باس لەوەش دەکات کە زۆربەی ولاتانی جیهان دەستور و کاروباری ولاتیان بە پێی ئەو صیراط موستەقیمەیە کە لە قورئاندا هاتووە، دەلیت لە قورئاندا تەنها چواردە حەرامکراو، هەیە، هیچ وڵاتێک یاسای دانەناوە بۆئەوەی دژایەتی ئەو چواردە حەرامکراوە بکات. دەڵێت لە قورئاندا هاتووە کە بنهماکانی صراط مستقیم لە دنیادایە، خۆ دورخستنەوەیە لە چواردە حەرامکراو، کە ئهمانەیە و دەپرسێت چ وڵاتێک بە یاسا داوا دەکراوه لە خەلکی کە ئەم حەرامکراوانە بکەن کە ئەمانەیە: قل تعالوا اتل ما حرم ربكم علیكم: ..... (151) – (153) سورە اڵانعام: ١- الا تشركوا به شیئا دانهنانی هاوبهش بۆ خودا ٢- وبالوالدین احسانا چاکهکاری لهگهل دایکو باوک (واته خراپهکارین لهگهڵ مهکه حهرامه) ٣- ولا تقتلوا اولادكم من املاق نحن نرزقكم وایاهم نهکوشتنی مناڵ ٤- ولا تقربوا الفواحش ما ظهر منها وما بطن ئهنجام نهدانی فاحیشه ٥- ولا تقتلوا النفس التی حرم الله الا بالحق ذلكم وصاكم به لعلكم تعقلون (151) نهکوشتنی ههرنهفسێک که ههناسه بدات، تهنها ئهوانه نهبێت که بهحهق هاتووه له قورئاندا که بریتین لهو نەفسانەی کە مرۆڤ بهکاری دێنێت بۆ خواردن، وەک ماسی و مهرو ماڵات. ٦- ولا تقربوا مال الیتیم الا بالتی هی احسن حتی یبلغ اشده چاکهکاری لهگهڵ بێ باوکان، واتە نزیکنەکەوتنەوە لە مالیان بە خراپە ٧- واوفوا الكیل والمیزان بالقسط لا نكلف نفسا الا وسعها ئەنجامدانی کێشانە و پێوانە و کوالیتی کار و ئهندازهگیری بهباشترین شێوه. ٨- واذا قلتم فاعدلوا ولو كان ذا قربی لهکاتی قسهدا دادپهروهری، واتە ناعەدالەتی حەرامە لە قسەدا ٨- وبعهد الله اوفوا ذلكم وصاكم به لعلكم تذكرون (152) پابهندبوون به ئیتیک و پهیمانهکانی کار، کە بەناوی خودا سوێندی لەسەر دەخورێت، وهک ئهو ئیتیک و پهیمانی کاری توێژە جیاجیاکان: پەرلەمانتاران، بەرپرسان، رۆژنامەنوسان، پزیشکان، توێژەران....ـ که دەیدەن و واژۆی دەکەن و سویندی لەسەر دەخۆن بەوەی کە بەدڵسۆزی کارەکانیان بکەن خیانەت لەکارەکانیاندا نەکەن. ١٠- حەرامکراوەکانی هاوسەرگیری کە لەئایەتی ٢٣ و ٢٤ی سورەتی نیسائدا باسکراوە ١١- حەرامکراوەکانی پەیوەست بە خواردن، کە لە ئایەتی ٣ ی مائیدەدا باسکراوە ١٢- حەرامی ریبا، كە مەرجی ئهزعاف موزاعهفهی بۆ دانراوه ١٣- حەرامکردنی دەستدرێژی ١٤- حەرامکردنی لێداون و قسەکردن بەناوی خوداوە و دین زیادکردن لەسەر خەلک و خۆکردن بە وەکلیلی خودا د،محمد، دەلیت صیراط موستەقیم، پردێک نییە لەو دنیا بەسەر جەهەنمدا بۆ پەڕینەوە بۆ بەهەشت، بەڵکو بریتییە لە پابەندبوون بەو چواردە بنەمایە، کە بریتین لە بەهای مرۆیی، هەروەها دەڵێت ئایا چ وڵاتێک لە جیهاندا بە یاسا پێشێلی ئەو حەرامکراوانەی کردووە؟ هەروەها ئاماژەبەوەدەکات کە ئەگەر ولاتێکی وەک بەریتانیا بەیاسا رێگەیداوە بە هاوسەرگیری نێوان هاورەگەزەکان، کە ئەوە پێشێلی حدودێکی خودایە، ئەوا ولاتانی وەک سعودیە و ئیران و خەلیفەکان لە سەردەمی خۆیاندا بە سەدان و هەزاران پێشێلکارییان کردووە لەسەر مافی خودا و بە سەدان و هەزاران شتیان لەخەلکی حەرامکردووە لەکاتێکدا کە لە قورئاندا حەرامکراوەکان تەنها چواردە دانەیە. دەلێت پابەندبوون بەو چواردە بنەما حەرامکراوە، پێویستی بە دەولەت و پۆلیس و دەزگای تەنفیزی نییە، چونکە هەرکات دەسەلات و دەولەت خەلکی ناچارکرد بە پابەندوون بە دینەوە، ئەوا تایبەتمەندی دین لە دەستدەچێت، کە وابەستەیە بە (لا اکراه) پابەندی ئارەزوومەندانە و دەسەلاتی زەمیر تاکە کەس، نەک دەسەلاتی مرۆڤی تر. هەروەها دەلێت لە هەر وڵاتێکدا ئازادی هەلبژاردن و جۆری ژیان بۆ مرۆڤەکان دەستەبەر کرابێت، ئەوا لەو وڵاتەدا کەلیمەی خودا لەسەرەوەیە، چونکە ئازادی هەڵبژاردن بریتییە لە کەلیمەی خودا، و لە هەر ولاتێکیشدا خەلک بە زۆر حیجابی پێکرا، یان ناچارکرا بەجۆرە باوەڕ و رەفتارێک، ئەوا کەلیمەی خودا لە ژێرەوەیە. (واتە پێویستە حکومەت بەو بڕیارەیدا بچیتەوە کە سالانە لە مانگی رەمەزاندا بڕیاردەدات بە داخستنی چێشتخانەکان، ئەو بڕیارە دژی وشەی خودایە لەسەر زەوەی، واتە دژی ئازادی مرۆڤە، ئازادی مرۆڤ وشە و دروشمی خودایە، بۆ زانیاری من کەسێکی موسوڵمانم و بەڕۆژوو دەبم، بەڵام بۆ دەسەلات نییە تەدەخول لەکاروباری دین و ئازادی مرۆڤەکاندا بکات. هادی ئەمین) د محمد، ئاماژەبەوەدەکات کە پەرلەمانەکانی جیهان کاتێک سزای کوشتن، دەگۆڕن بۆ زیندانی، ئەوا پێشێلی سنوریک لە سنورەکانی خودایان نەکردووە، چونکە ئەو سنور و سزایانەی لە قورئاندا هاتوون، حدودین، نوسراون (تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا) واتە دوا سنوری سزاکەیە، داواکراوە کە تەجاوەزی نەکرێت و زیاتر نەکرێت، واتە دەکرێت لەوسنور و سزایە کەمتر بەکاربهێنرێت، بەلام ناکرێت تەجاوەزبکریت. دەلیت ئەو چواردە حەرامكراوە و بەها باڵاكانی مرۆفایەتی كە دین داوای دەكات، بەشیوەی سروشتی لەناو ژیانی مرۆڤەكان و لە دەوڵتەکاندایە، چونکە دینی فیطرەی مرۆڤە و گونجاوە لەگەلیدا، زۆربەی خەلکی سەرزەوی کێشەیان نییە لەگەل ئەو چواردە حەرامکراوەدا، بۆیە پیویست ناکات لە دەستور و یاسادا بنوسرێت دین پەیڕەوبکەن، لەبەرئەوەی ولاتان کاردەکەن لەسەر: یەکەم، دابینکردنی ئازادی هەلبژاردن، کە ئەوە وشەی خودایە لەسەر زەویدا. دووەم، بەجێهێشتنی پابەندبوون بە دین و حەرامکراوەکان و شەعائیرەکان بۆ دەسەلاتی زەمری تاکەکان خۆیان بە ویستی خۆیان. محمد شەحرور دەڵێت، حەقیقەتە بابەتی و موطلەقەکان لەدەرەوەی مرۆڤن و مرۆڤ تێگەیشتنی نسبی هەیە بۆیان و بەگوێرەی کات و زەمان دەگۆڕێت بەهۆی پێشکەوتنی ئاستی زانیارییەکان. وەک چۆن بوون و مادە و کەون، حەقیقەتی بابەتیین لە دەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئێمە بۆیان نسبییە و دەگۆڕێت بە ئاراستەی کامل بوون بە تێپەڕبوونی کات و گەشەکردنی هۆکارەکانی زانیاری، بەهەمانشیوە قورئانیش حەقیقەتێکی بابەتییە لەدەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئیمە بۆی نسبییە، وەک چۆن مرۆڤایەتی بەردەوام زانیاری خۆی نوێدەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە بوون و پێکهاتەکانی و وابەستەی لێکدانەوەی پێشخۆی نابێت و تەجاوەزی دەکات، بەهەمان شێوە، لێکدانەوەی مرۆڤەکانی پیشوو بۆ قورئان، كتیبەكانی حەدیس و فتوا و فیقه و توراسی ئیسلام، هیجیان مولزەم نییە بۆ مرۆڤی ئیستا و دەبێت تەجاوەز بکریت لەسەر بنەمای زانیاری ئیستا خویندنەوە بۆ قورئان بكریت. هەروەها دەڵیت، هەر لەبەرئەوە پێغەمبەر کتێبی بۆ تەفسیر و حەدیسەکانی نەنوسییوە، چونکە دەیزانی ئەگەر وای بکردایە، ئەوا خەڵکی پابەندی كتێبێكی سنوردار و نسبی دەبوون لە دانراوی بەشەر، لەکاتێکدا کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت وەک خودا کتێبێک دابنێت بۆ هەموو کات و شوێنێک بشێت تا رۆژی قیامەت، چونكە توانا و زانیارییەكانی مرۆڤ وەك خودا بێسنور نییە، بەڵكو نسبیی و سنوردارە و بۆ ئەوە نابێت كتێبی پێ دابنرێت كه بۆ هەموو كات و شوێنێك بشێت تا قیامەت. دەلێت هەموو ئایەتەکانی پەیوەست بە جیهاد و قیتال لە قورئاندا پەیوەستن بەزەمەنی پێغەمبەر وەک نەبی، واتە پێغەمبەر لەکاتی ژیاندا، نەک بۆ ئیمەی مرۆڤی ئیستا، چونکە لە قورئاندا داواکراوە ئیمە شوین ناونیشانی رسولی پێغەمبەر بکەوین نەک ناونیشانی نەبی، دەلێت سەرجەم ئەو ئایەتانە هەمووی لەچوارچیوەی قەصەصی نەبی محمـدە بۆ ئیمە، نەک ریسالەی رەسول و تەشریعی دین بن بۆمان. هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئایەتەکانی قیتال لە قورئاندا بۆ سەپاندنی خوداپەرستی و بڵاوکردنەوەی دین نەبووە، بەڵکو بۆ نههێشتنی ستەمکاری بووە، کە قورەیش ستەمیانکرد لە پێغەمبەر، لە مەککە دەریانکرد لەسەر هەڵبژاردنی ئازادانەی بیروباوەڕ. دەلێت بنەمای ئایەتەکانی قیتال پەیوەست بووە بەم ئایەتەوە: فَإِنِ انْتَهَوْا فَلَا عُدْوَانَ إِلَّا عَلَى الظَّالِمِينَ (193) سورة البقرة واته ئهگهر دهستیان ههڵگرت لهسهر (قیتال، دهرکردن، چهوساندنهوه له سهر باوهڕ) ئهوا ئێوهش وازبهێنن له وهڵامدانهوهیان، وهڵامدانهوهتان نهبێت بۆ سهر کهس، کارتان بهسهر کهس نهبێت، تهنها ئهوانه نهبێت که ستهمکار و زۆردارن. لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دکتۆر محمد بنەماکانی دەستورێک دادەنێت کە بریتی بێت لە: - دەستورێکی مەدەنی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودی و ئازادی بیرورا - هیچ زۆرکاری و تەدەخولی نەبێت بۆ کاروباری شەخسی مرۆڤەکان وەک دین - رێز لەهەموو مرۆڤەکان بگرێت بێ هیچ جیاوازییەک و کاربکات بۆ دابینکردنی ژیان ئازادی هەلبژاردن و ماف بۆ هاولاتییەکانی چ باوەڕداربن یان بێ باوەڕ. - ریگریکردن لە سەرهەلدانی سێ ستەمکاری، کە لە قورئاندا وەک دیاردە ئاماژەیان پێکراوە: یەکەم، ستەمکاری سیاسی، کە بە فیرعەون ئاماژەی پێکراوە، کە کورسی حوکم داگیردەکات و دەلیت مولک و مال و ژیانی خەلکی هی منە و بەویست و ئارەزووی تەحەکومی تیدا دەکات. دووەم، ستەمکاری دینی، کە بە هامان ئاماژەی پێکراوە، کە دین لەسەر خەلک زیاددەکەن و خۆیان دەکەن بە وەکیلی خودا و خەلک دەسەمۆدەکەن بۆ دەسەلاتی سیاسی و هالەی تەقدیس لەدەوری دەسەلاتی سیاسی دروستدەکەن. سێیەم، ستەمکاری ئابوری، کە بە قارون ئاماژەی پێکراوە، کە کاردەکات لەسەر کوشتنی ئابوری خەلکی و ئیحتیکارکردنی . محمد شەحرور جیاوزی نێوان دین و دەسەڵات بەم خالانە دەکات: - پابەندوون بە دین ئارەزومەندانەیە و وابەستەیە بەدەسەلاتی زەمیری تاکەکەس، بەڵام دەسەلات پابەندوون پێوەی ئیلزامییە بۆ ریکخستنی کۆمەلگا. - دین، دەجێتە ناو ژیانی تایبەتی کەسەکەوە، بەلام دەسەلات تەدەخول ناکات لە ژیانی تایبەی کەسەکان. - دین زۆرکاری تیدا نییە و هەلگری ئامرازەکانی زۆر کاری نییە، بەلام دەسەلات پیویستە ئامرازەکانی زۆرکاری هەبیت وەک پۆلیس، ئەمن، یاسا و سزادان بۆ رێکخستن و پارستنی کۆمەڵگا. - دین مەنع ناکات تەنها حەلال و حەرام دەکات و مرۆڤ ئازاد دەکات بەوەی کە پابەند دەبێت یان نا، مەنع وابەستەی دەسەلاتی خاوەن ئیکراهە. بەلام دەسەلات حەرامکردن ناکات، بەلکو ئەمر و نەهی و مەنع دەکات لە پێناو رێکخستنی کۆمەلگا. - دین حەلالکراوەکان کۆت ناکات، بەلام دەسەلات حەلالکراوەکان ریکدەخات بەپیی پێداویستی کۆمەلگا. - دین مرۆڤ دەبات بۆ خۆشبەختی دنیا و دواڕۆژ، بەلام دەسەلات تەنها گرنگی دەدات بە خۆشبەختی و مافی هەلبژاردنی ئازادانە بۆ مرۆڤەکان و ریکخستنی ژیانی دنیا. دەڵیت ئەگەر ئەو دوانە تێکەڵ ببن، ئەوا ژیان تێکدەچێت وستەمکاری سیاسی دینی دروستدەبێت، کە مەترسیدارترین جۆری ستەمکارییەکانە. د.محمد باس لەوەشدەکات کە پەیوەست بەدەسەڵات، دوو جۆر بەکارهێنانی دین هەیە: یەکەم، ئیسلامی سەلەفی و صۆفی، دین دەکەنە ئامراز و بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی دەسەلات و دروستکردنی هالەی تەقدیس بەدەوریدا و کردنی بەوەلی ئەمر و بەمەڕکردنی خەلکی بۆ دەسەڵات، تا دەسەلات بتوانێت بە رۆژی رووناک مال و سامانیان تاڵان بکات و جەلد و فەلاقەیان بکات، خەلکی ئەوەی لەسەریانە سەبرگرتن و سەمع و طاعەیە، و بەدرێژایی دەسەڵاتی خەلیفەکان کۆمەڵێک مەلا و هامان و کاهین ئەمە کاریان بووە. دووەم، ئیسلامی سیاسی کە دین دەکەنە ئامڕاز و بەکاری دەهێنن بۆئەوەی بگەنە کورسی دەسەڵات، تا لەو ڕێیەوە ببن بە ئامر و ناهی بەسەر خەلکەوە بەپاساوی سەوقکردنی خەڵکی بۆ بەهەشت ئەوەی پیان باشە بیکەن و خۆیان لەخەلک بکەن بە وەکیلی خودا. د. محمد، یەکلایی دەکاتەوە، کە دین وابەستەیە بە دەسەڵاتی زمیری تاکەکەس، پەیوەست نییە بە دەسەڵاتی دەوڵەت و جەماعات و مرۆڤەکانی ترەوە، چونکە خودا لە دواڕۆژدا لەسەر پابەندبوونی ئارەزوومەندانەی مرۆڤ پاداشت دەدات. هادی ئەمین ـ توێژەری کۆمەڵایەتی Hadi.ameen@gmail.com هـ.بـ |